پرۆفیسۆرێکی چینی: بەبێ پرسی کورد ناتوانین لەوە تێبگەین لە سیاسەتی عێراقدا چی روودەدات
رووداو دیجیتاڵ
پرۆفیسۆرێکی چینی لە زانکۆی پەکین، کتێبێکی لەسەر مێژووی کورد و سیاسەتی ناسنامە لە عێراقدا نووسیوە. ئەو دەڵێت، بەبێ پرسی کورد "ناتوانین لەوە تێبگەین لە سیاسەتی عێراقدا چی روودەدات".
پرۆفیسۆر لی ریهن، مامۆستای پسپۆڕ لە زانکۆی پەکین، یەکێکە لەو توێژەرانەی لە رێگەی لێکۆڵینەوەیەکی وردەوە هەوڵدەدات تێڕوانینی باو بۆ کورد وەک "کەمینە" تێپەڕێنێت. ئەو لە توێژینەوەکەیدا، پشتی بە ئەرشیڤە نهێنییەکانی حیزبی بەعس بەستووە، سیاسەتی ناسنامە لە عێراقدا شیدەکاتەوە و دەریدەخات چۆن سیاسەتەکانی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق بوونەتە هۆی داڕشتنی ناسیۆنالیزمی کوردی.
لە کتێبە نوێیەکەیدا و لەم هەڤپەیڤینە تایبەتەدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، پرۆفیسۆر لی ریهن ئەو دیدگایە دەخاتەڕوو کە کورد هێزێکی مێژوویی دێرین و کاریگەرە و رۆڵی لە داڕشتنی مێژووی ناوچەکەدا، لە سەردەمی سەڵاحەدینی ئەیووبییەوە تاوەکو ئەمڕۆ، فەرامۆش ناکرێت. ئەو باس لە هۆکارەکانی بایەخدانی بە دۆزی کورد و پلانەکانی بۆ پەرەپێدانی کوردناسی لە چین دەکات.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: پرۆفیسۆری بەڕێز، زۆر سوپاس
پرۆفیسۆر لی ریهن: زۆر خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ ئەم چەشنە دیمانەیەم لەگەڵ ئێوە هەیە و راستییەکەی ئەمە مایەی شانازیی منە کە ئەم جۆرە گوتووبێژەم بۆ بینەران و بیسەرانی کوردم هەبێت، زۆر سوپاس.
رووداو: وەک نووسەرێکی چینی، چی پاڵنەر و هاندەری ئێوە بوو بۆ نووسین و بیرکردنەوە لە مێژووی کورد و پرسی کورد؟
پرۆفیسۆر لی ریهن: بەڵێ، راستییەکەی من زۆر درەنگ لە کاروانی توێژینەوەمدا دەستم بەم جۆرە لێکۆڵینەوەیە کرد، لە کاتی خوێندنی دکتۆراکەمەوە لە ساڵی 2017 دەستم پێکرد، دەزانن، لەو کاتەدا ئێمە شایەتحاڵی بزووتنەوەی کورد بووین لە ناوچەکە و تەنانەت لە جیهانیشدا، بینیمان کورد شەڕی داعشی دەکرد و بینیمان رۆڵێکی زۆر چارەنووسساز و بەرچاویان دەگێڕا لە داڕشتن و دیاریکردنی نەخشەی جیۆپۆلەتیکی ناوچەکە و جیهاندا، بۆیە ویستم لەو روانگە زۆرینەتەوەرە باوە دەربچم کاتێک باس لە رووداوەکانی ناوچەکە دەکەین، هەر لەبەر ئەمەش هەوڵمدا روانگەی خۆم، لێکۆڵینەوەکەم لە روانگەیەکی عەرەب-زاڵەوە بگۆڕم بۆ روانگەیەکی زیاتر کەمینەتەوەر، بۆ ئەوەی تێگەیشتنمان لەبارەی ئەوەی لە ناوچەکەدا روودەدات، لە جێگەیەکی نوێدا دابنێینەوە و هاوسەنگی بکەینەوە، هەر بۆیەش کورد و کوردستانم وەک ئامانج و بابەتی لێکۆڵینەوەکەم هەڵبژارد.
رووداو: وەک نووسەرێکی چینی، سەرەکیترین ئەو کۆسپ و ئاستەنگانە چی بوون کە لە کاتی نووسینی ئەم کتێبەدا رووبەڕووتان بوونەوە؟
پرۆفیسۆر لی ریهن: راستییەکەی، پێموایە یەکەم ئاستەنگ پەیوەست بوو بە زمانەوە، چونکە دەزانن، پسپۆڕیی سەرەکیم زمانی عەرەبییە، بۆیە پێموایە زۆربەی ئەو سەرچاوانەی لە لێکۆڵینەوەکەمدا پشتم پێ بەستوون، عەرەبی و ئینگلیزی بوون، بەڵام راستییەکەی، ئێمە دەمانەوێت روانگەی زیاتر لە ناوەوەی کوردستانەوە بهێنینە ئاراوە، بۆیە هەوڵم دا باشترین کەڵک لە پسپۆڕییەکەم وەربگرم، چوومە زانکۆی ستانفۆرد بۆ خوێندنەوەی ئەرشیڤەکانی حیزبی بەعس کە لەوێ هەڵگیرابوون، تاوەکو زانیاریی زیاترم لەسەر بنەمای زمانی عەرەبی دەست بکەوێت بۆ تێگەیشتن لەم پرسە.
رووداو: بەپێی زانیاریی من، سەرچاوە و گێڕانەوە و نووسراوی کوردی لەبارەی کوردەوە کەمە، ئێوە چۆن ئەم کێشەیەتان چارەسەرکرد؟
پرۆفیسۆر لی ریهن: راستییەکەی، یەکەم شت، بەشەکەمان (لە زانکۆی پەکین) هەوڵدەدات پۆلی زیاتر، پۆلی لاوەکی و وانەی گشتی بۆ خوێندکاران دیزاین بکات بۆ ئەوەی بە زمانی کوردی بخوێنن، بۆ نموونە، نزیکەی چوار یان پێنج ساڵ لەمەوبەر، مامۆستایەکی کوردیمان لە زانکۆی سەڵاحەدینەوە هەبوو کە هاتبووە زانکۆی پەکین بۆ گوتنەوەی هەندێک وانەی لاوەکی، هەروەها دەمانەوێت پەیوەندی و پێکەوەبەستنە دوولایەنەکان لەنێوان زانکۆکەمان و کوردستاندا پتەوتر بکەین، بۆیە چەندین سەردانمان بۆ ئەوێ سازداوە و چەندین یاداشتی لێکتێگەیشتنمان لەگەڵ زانکۆ هەرە پێشکەوتووەکانی کوردستان واژۆ کردووە.
رووداو: لە نووسینەکانتاندا، زیاتر پشتتان بە چ جۆرە سەرچاوەیەک بەستووە؟ بۆ نموونە: ئەکادیمی، لێکۆڵینەوە، رۆژنامەڤانی یان ئەرشیڤی مێژوویی؟
پرۆفیسۆر لی ریهن: بەڵێ، راستییەکەی، لە سەرەتادا، با بڵێین لە دوو ساڵی یەکەمی خوێندنی دکتۆراکەمدا، تەنیا پشتم بە سەرچاوە لاوەکییەکان دەبەست یان سەرنجم لەسەریان بوو، چ لە زمانی ئینگلیزی یان عەرەبییەوە، بەڵام کە چوومە ساڵی سێیەمی دکتۆراکەمەوە، وەک توێژەرێکی میوان چوومە زانکۆی ستانفۆرد، بۆ پڕۆگرامی عەباسی بۆ خوێندنە ئیسلامییەکان، دەزانن، هەموو ئەرشیڤەکانی حیزبی بەعس دوای شەڕ لەلایەن سوپای ئەمریکاوە گوازرانەوە بۆ ئەمریکا، بۆ ستانفۆرد، منیش چوومە ئەوێ بۆ خوێندنەوەی ئەرشیڤەکانی حیزبی بەعس کە لە ستانفۆرد هەڵگیرابوون، هەوڵم دا روانگەی ناوخۆیی زیاتری رژێمی بەعس بخەمە روو، بۆ نموونە چۆنێتیی "ئارامکردنەوەی" کوردستان لە ساڵانی 1970 و 1980کاندا، بۆیە هەوڵمدا روانگەیەکی هاوسەنگتر لە نێوان کورد و عەرەبدا بخەمە روو.
رووداو: وەک بەشێک لە توێژینەوەکەت سەردانی کوردستانت کرد، هەستت چۆن بوو کاتێک یەکەم جار سەردانی کوردستانت کرد؟ ئایا چاوت بە هەندێک لە سەرکردەکان کەوت؟
پرۆفیسۆر لی ریهن: بەڵێ، بێگومان، راستییەکەی، یەکەم سەردانی من بۆ کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ دوو ساڵ لەمەوبەر، لە تشرینی یەکەمی 2023دا بوو، یەکەم جارم بوو، دەزانن، هەرچەندە تەنیا چوار یان پێنج رۆژ لەوێ ماینەوە، بەڵام سەردانی هەموو پارێزگاکانمان کرد، چوار پارێزگاکە، سەرەتا دهۆک، پاشان هەولێر، ئینجا سلێمانی، دواجاریش هەڵەبجە، راستییەکەی، لەو کاتەدا، شانازیی ئەوەمان پێ بڕا کە چاومان بە بەڕێز هۆشیار زێباری بکەوێت و، گفتوگۆیەکی زۆر دۆستانەمان لەگەڵیدا هەبوو لەبارەی پەیوەندییەکانی چین-عێراق و چین-کوردەوە، شایەنی باسە کە تەنیا سێ مانگ لەمەوبەر، شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی زانکۆی پەکینی کرد و لە کۆلێژی زانکۆی پەکین چاومان بە دکتۆر هێمن هەورامی کەوت، بەڵێ، هەروەها بە سوودوەرگرتن لە هەموو ئەم سەردانانە، کارێکی زۆر باشیشمان کرد لەبارەی توێژینەوەی مەیدانییەوە پەیوەست بە بابەتی لێکۆڵینەوەکەمان لە زانکۆی پەکین، بۆ نموونە، هەندێک خوێندکارمان هەن کە سەرنجیان لەسەر پڕۆژەکانی پێکەوەبەستنە لە عێراق و هەروەها لەبارەی داڕشتنی بنیادی ئاسایشەوە لە عێراق، بۆیە شانازیی ئەوەشمان پێ بڕا چاومان بە هەندێک بەرپرسی پەیوەندیدار بکەوێت لە بوارەکاندا بۆ سازدانی هەندێک چاوپێکەوتن یان سازدانی هەندێک توێژینەوەی مەیدانی لە بەرژەوەندیی بابەتەکانی لێکۆڵینەوەکەمان.
رووداو: لەنێو هەموو ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە پرسی کوردەوە، ئێوە زیاتر سەرنجتان لەسەر چ بابەتێک بووە؟ بۆ نموونە ناسنامەی کوردی؟ کەلەپووری فەرهەنگی؟ خەباتی سیاسی؟ یان چی دیکە بە دیاریکراوی؟
پرۆفیسۆر لی ریهن: راستییەکەی، من بە شێوەیەکی بنەڕەتی سەرنجم لەسەر سیاسەتی ناسنامە بووە، بۆ نموونە، ئێمە هەمیشە مشتومڕ لەسەر ئەوە دەکەین رەنگە ناسیۆنالیزمی کوردی ئێستا لە ناوچەکەدا، یان بەتایبەتی لە کوردستاندا زۆر زاڵ بێت، وەک لە نەخشەکەوە دەیبینین، بەڵام راستییەکەی، من دەمەوێت ئەو پرۆسەیە کە دەبێتە هۆی ئەم جۆرە دەرئەنجامانە، دووبارە دابڕێژمەوە یان پێناسەی بکەمەوە، چونکە نامەوێت بڵێم ناسیۆنالیزم ئەنجامێکی پێشوەختە دیاریکراوە، دەمەوێت بڵێم دەرئەنجام یان بەرهەمی ئەو سیاسەتانەیە کە لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە سەپێنراون، هەر بۆیەش چووم ئەرشیڤەکانی حیزبی بەعسم خوێندەوە، چونکە دەمویست ببینم کە ئەو ناسیۆنالیزمە کوردییە زاڵەی لە خوارەوەی کۆمەڵگەوە تاوەکو سەرەوەی بژاردەکان هەبوو، راستییەکەی دەرئەنجامی ئەو سیاسەتانە بوو کە لەلایەن رژێمی بەعس و سەدام حسێنەوە سەپێنرابوون، بۆیە دەمەوێت بڵێم، رژێمی بەعس لە سەرەتادا هەوڵیدا جۆرێک لە ناسنامەی نیشتمانیی عێراقی بهێنێتە کوردستان، بەڵام شکستی هێنا، پێموایە ئەمە مشتومڕە سەرەکییەکەی منە، دوای ئەوەش، هەوڵدەدەم روانگەی زیاتر لەلایەنی کوردییەوە بخەمە روو، نەک تەنیا لەلایەنی حکومەتی ناوەندییەوە، بۆ ئەوەی تێگەیشتن و روانگەیەکی هاوسەنگترمان هەبێت لەبارەی ئەوەی لە عێراق و کوردستاندا پێش شەڕی عێراق روویدەدا.
رووداو: ئەمە یەکەم کتێبی ئێوەیە لەبارەی پرسی کوردەوە، ئایا لە کتێبەکەتاندا چوارچێوەیەک، چارەسەرێک، یان ئاماژەیەک بۆ خوێنەر و توێژەری چینی دەخەنەڕوو تاوەکو باشتر و روونتر لە پرسی کورد تێبگەن؟
پرۆفیسۆر لی ریهن: راستییەکەی، پێش کتێبەکەی من، نزیکەی چوار کتێبی دیکە لە ئەکادیمیای چینیدا لەبارەی کوردناسییەوە هەبوون، بەڵام ئەوان تەنیا زانیارییەکی زۆر گشتییان لەسەر چوار دۆخی پرسی کورد لە ناوچەکەدا خستووەتە روو، بەڵام لە کتێبەکەی مندا، هەوڵمداوە تێگەیشتنێکی وردتر و تایبەتتر بخەمە روو لەبارەی ئەوەی لە کوردستانی عێراقدا روودەدات، چونکە وەک دەزانین، لەوەتەی کوردستان دوای جەنگی یەکەمی جیهانی لەلایەن زلهێزەکانەوە دابەشکراوە بەسەر ئەو چوار وڵاتەی ئێستا تێیدا دەژین، راستییەکەی رێڕەوی زۆر جیاوازیان گرتووەتە بەر بۆ بونیاتنانی نەتەوەیی یان بۆ پێکهێنانی ناسنامەیان، بۆیە پێموایە رەنگە پێویست بکات بە شێوەی دەوڵەت بە دەوڵەت لێی بکۆڵینەوە بۆ ئەوەی بزانین چی لەبارەی چوار بەشە جیاوازەکەی کوردستانەوە دەگوزەرێت، هەر بۆیەش من تەنیا سەرنجم لەسەر عێراق بووە و تەنیا ئەم قۆناغە مێژووییە زۆر تایبەتەم هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەکەم بکەم، دەمەوێت لێکۆڵینەوەکانمان لە ئەکادیمیای چینیدا وردتر و تایبەتتر بن لەبارەی نەخشە و وێنەیەکی هەمەچەشنی کوردستانەوە، نەک لە روانگەیەکی زۆر گشتی و زۆر جەوهەرییەوە بن.
رووداو: سەرنجتان لەسەر ماوەی نێوان ساڵانی 1958 بۆ 2003 بووە بۆ ئەم پرسە لە عێراقدا، بۆچی؟
پرۆفیسۆر لی ریهن: چونکە پێموایە، لە ساڵی 1958دا پاشایەتیی هاشمیی عێراق لەلایەن ئەفسەرە ئازادەکانەوە بە سەرکردایەتی عەبدولکەریم قاسم رووخێنرا، بۆیە پێموایە تەواوی پێکهاتەکە لە رووی پرسی کوردەوە بە تەواوی گۆڕا، مەلا مستەفا بارزانی لە یەکێتیی سۆڤیێتەوە گەڕایەوە بۆ عێراق، هەروەها پارتی دیموکراتی کوردستان لەلایەن عەبدولکەریم قاسمەوە بە فەرمی ناسرا، کەواتە، تەواوی ژینگە و هەلومەرجەکان لەو کاتەدا بۆ گەلی کورد کراوە بوون بۆ بەشداریکردن لە سیاسەتدا، بۆیە پێموایە ئەم ساڵە دەبێت ساڵێکی زۆر گرنگ بێت بۆ دووبارە بیرکردنەوە لە پرسی کورد لە عێراقدا، پاشان تاوەکو دەگاتە شەڕی عێراق لە ساڵی 2003، جا پێموایە شتەکان بەهۆی شەڕەوە بە تەواوی گۆڕان، چونکە کورد مافە رەواکانی خۆی لە حکومڕانی و وەک لە پەرلەماندا بەدەستهێنا، ئێستاش هەرێمێکی تایبەتی ئۆتۆنۆمیتان هەیە، هەر بۆیەش هەوڵمداوە لێکۆڵینەوەکەم لەم قۆناغە تایبەتەدا چڕ بکەمەوە، پێموایە ئەمە بەشێکی زۆر چارەنووسسازە بۆ ئێمە تاوەکو لەوە تێبگەین چی پێش ئەوە بووە و چی دوای ئەوە هاتووە، بۆیە رەنگە لە قۆناغی داهاتوومدا زیاتر بایەخ بەوە بدەم کە دوای شەڕ چی روویداوە، وەک شەڕی داعش یان ریفراندۆمی سەربەخۆیی.
رووداو: کورد چۆن دەتوانێت زۆرینە بێت؟ ئایا ئەمە تەنیا لە روانگەی ئێوەوەیە یان رەنگە نووسەرانی دیکەی چینییش هەمان بۆچوونیان هەبێت؟
پرۆفیسۆر لی ریهن: پێموایە ئێمە هەوڵدەدەین ئەم جۆرە تێگەیشتنە لە جێگەیەکی نوێدا دابنێینەوە، چونکە ئێستا دەبینن کورد رۆژ لە دوای رۆژ رۆڵی گرنگتر دەگێڕێت لە جیۆپۆلەتیک و سیاسەتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، بەتایبەتی لە ساڵی 2014وە کاتێک شەڕی داعشیان دەکرد و کەمینە نەژادی و مەزهەبییەکانی ناوچەکەیان دەپاراست، بۆیە دەبینین ئەوان وەک ئەوە نەبوون کە پێی دەڵێین سەرچاوەی نائارامی لە ناوچەکەدا، بەڵکو بوونە جۆرێک لە سەرچاوەی سەقامگیری، بارگرانی نەبوون، بەڵکو سەرمایەیەک بوون بۆ بونیاتنانی ئاسایش و گەشەپێدان لە ناوچەکەدا.
رووداو: پەیامی ئێوە لەڕێگەی ئەم کتێبەوە بۆ خوێنەرانی چینی چییە؟ دەتانەوێت چییان پێ بڵێن؟
پرۆفیسۆر لی ریهن: دەمەوێت پێیان بڵێم، نابێت بیر لە کورد بکەینەوە تەنیا وەک کەمینەیەک، رەنگە ئەگەر تەنیا چوارچێوەی بینینمان بۆ ئەو چوار وڵاتە سنووردار بکەین، ئەوا راستییەکەی ئەوان کەمینەن، بەڵام کاتێک دەچینە ناو کوردستان و کاتێک تەنیا سەیری ئەم کەمینە نەتەوەییە دەکەین، راستییەکەی ئەوان زۆرینەن و رۆڵێکی گەورەتر و دێرینتریان لە ناوچەکەدا گێڕاوە و دەیگێڕن، وەک لە مێژوویەکی زۆر دوور و درێژەوە دەتوانین بیبینین، بۆ نموونە سەڵاحەدینی ئەیووبی کورد بوو و، رۆڵێکی زۆر بنەڕەتیی لە مێژووی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا گێڕا، ئەمە پێمان دەڵێت کە وەک چوارەم گەورەترین نەتەوە لە ناوچەکەدا، هەرگیز ناتوانین فەرامۆشیان بکەین و پێویستە تێگەیشتنمان لەبارەی گرنگی و بایەخیانەوە لە ناوچەکە و تەنانەت لە جیهانیشدا لە جێگەیەکی نوێدا دابنێینەوە.
رووداو: کۆماری گەلی چین پشتیوانیی خۆی بۆ پرسی فەلەستین لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا نیشان داوە، بۆچی بەرامبەر بە پرسی کورد بێدەنگە؟ روانگەی کەسیی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟
پرۆفیسۆر لی ریهن: پێموایە رەنگە یەکەم هۆکار بگەڕێتەوە بۆ کەمیی زانیاری لەبارەی ئەم پرسەوە، هەر بۆیەش دەڵێم پێویستە لە روانگەی جیاواز و لە رەهەندی جیاوازەوە شوێنی تێگەیشتنمان بگۆڕین، هۆکارێکی دیکەش ئەوەیە کە وەک دەزانین، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەمیشە رووبەڕووی ئاڵۆزی و داینامیکی زۆر ئاڵۆز دەبێتەوە، بۆیە پێموایە رەنگە پێش ئەوەی بچینە سەر ئەو خاڵە هەستیارانەی ناوچەکە، پێویستە سەرەتا کێشە بنەڕەتییەکانی ناوچەکە چارەسەر بکەین، هەروەها زۆر گرنگە ئاماژە بەوە بکەین کە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست یەکەم ناوچەیە لە دیپلۆماسیی چینییدا کە جۆرێک لە پرۆژەی داڕشتنی بونیادی ئاسایشی هاوبەشی تێدا بخاتە گەڕ، بۆیە پێموایە رەنگە دوای ئەم پرۆسە زۆر پێویستەی گۆڕینی تێگەیشتن لە پرسی کورد، پێویستە بیرکردنەوەی زیاترمان هەبێت لەبارەی رۆڵی خۆمان یان بەشداریکردنمان لە بونیاتنانی ئاسایش یان گەشەپێدان و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
رووداو: وەک پسپۆڕێک، ئایا پێتان وایە بەبێ چارەسەرێکی دادپەروەرانە بۆ پرسی کورد، سەقامگیریی درێژخایەن لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بەدی دێت؟
پرۆفیسۆر لی ریهن: پێموایە لە ماوەی درێژخایەندا، بەڵێ، چارەسەری ئەم پرسانە زۆر گرنگ دەبێت بۆ ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا، بەڵام راستییەکەی، دەمانەوێت بڵێین، چ جۆرە پارادایمێک یان رێبازێک پێویستە پەیڕەوی بکەین؟ جا پێموایە دەمانەوێت جەخت لەسەر ئەوە بکەینەوە، پێویستە پێش ئەوەی سەقامگیری بهێنینە ناوچەکەوە، سەقامگیری هەبێت نەک ئاڵۆزی.
رووداو: بەپێی زانیاریی من، ئێستا هەندێک قوتابیتان هەن کە لەسەر پرسی کورد کاردەکەن و توێژینەوەی پەیوەست بە کورد دەکەن، وەک باسمان کرد، سەرچاوەکان لە کتێبخانەکەتاندا کەمن، ئەوان چی دەکەن و روو لە کوێ دەکەن؟
پرۆفیسۆر لی ریهن: راستییەکەی، پێشتر هەوڵمانداوە پۆلی زمانی کوردییان بۆ دیزاین بکەین بۆ ئەوەی بتوانن هەندێک کوردی فێرببن، تاوەکو بتوانن هەندێک نووسراو یان ئەدەبیات بە زمانی کوردی بخوێننەوە، دوای ئەوەش هەوڵدەدەین هەندێک هەلی زۆر بەنرخیان بۆ بڕەخسێنین بۆ سازدانی چاوپێکەوتن و توێژینەوەی مەیدانی، بۆ نموونە، دەزانن، کاتێک چاومان بە دکتۆر هێمن هەورامی کەوت، دوو خوێندکارمان راسپارد بە کورتی کارەکانیان لەسەر پرسەکانی کورد پێشکەش بکەن و پێموایە هاوڕێ کوردەکانمان زۆر دڵخۆش بوون بەو بایەخە روو لە هەڵکشانە یان تازە سەرهەڵداوەی ئەکادیمیای چینی، بەتایبەتی لە زانکۆی پەکینەوە، بۆ پرسەکانیان، هەروەها مانگێک لەمەوبەر، شاندێکمان بە سەرۆکایەتیی بەشەکەمان هەبوو کە سەردانی کوردستانی کرد بۆ سازدانی هەندێک توێژینەوەی مەیدانی و دوو لە خوێندکارەکانی منیش لەناو شاندەکەدا بوون، بۆیە هەوڵدەدەین هەلی زیاتر و زیاتر بڕەخسێنین بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمیی سەرچاوە و نووسراو لە بواری کوردناسیدا لە چین، هەروەها زۆر جێی خۆشحاڵییە کە رەنگە ساڵی داهاتوو مامۆستایەکی دیکەی کورد بێتە زانکۆی پەکین بۆ بەردەوامیدان بە پۆلە لاوەکییەکانی زمانی کوردی.
رووداو: چۆن هەڵسەنگاندن بۆ ئەدەبیات و گێڕانەوە یان توێژینەوەی کوردی لە ئەکادیمیا و زانکۆ و پەیمانگەکانی چیندا دەکەن؟ ئایا گرنگیی زیاتر بەم بابەتە دەدرێت؟
پرۆفیسۆر لی ریهن: بەڵێ، پێموایە، چونکە، دەزانن، بەر لە هەر شتێک، لەڕووی پڕۆگرامی خوێندنەوە، مامۆستای کوردیمان هەیە و پۆلی تایبەتمان بۆ زمانی کوردی هەیە، هەروەها خوێندکارمان هەن کە کار لەسەر ئەم پرسانە دەکەن و پێموایە رەنگە لە ماوەی درێژخایەندا بتوانین سەرنجمان فراوانتر بکەین، نەک تەنیا لە عێراق، بەڵکو بۆ بەشەکانی دیکەی کوردستانیش، هەروەها وەک دەبینن، پەیوەندییەکی دوولایەنەی زۆر بەهێز یان تەنانەت بەهێزتریشمان هەیە لە نێوان زانکۆی پەکین و زانکۆ جیاوازەکانی کوردستاندا، بۆیە پێموایە لە ماوەی درێژخایەندا، زیاتر بونیات دەنێین و دەمانەوێت بەرهەمی گشتیی زیاتر بۆ ئەکادیمیای چینیمان دابین بکەین.
رووداو: پرسیاری کۆتاییم ئەوەیە پلانی ئێوە و ئەو بابەتانەی توێژینەوە چین لەبارەی کوردەوە کە پلانتان هەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا لێیان بکۆڵنەوە؟
پرۆفیسۆر لی ریهن: زۆر سوپاس بۆ ئەم پرسیارە، چونکە هەمیشە بیری لێدەکەمەوە، ئەمە پەیوەستە بە پلانی داهاتووم بۆ لێکۆڵینەوە و تەنانەت ئاراستەی من بۆ سەرپەرشتیکردنی قوتابییەکانم، راستییەکەی، لەسەر بنەمای ئەوە، پێموایە لەسەر بنەمای پرسی کوردی عێراق، دوو ئاراستەی سەرەکی هەن بۆ فراوانکردنی لێکۆڵینەوەکانم، پێموایە یەکەمیان چوون بەرەو باشوورە، بۆ بەشی عێراقی، چونکە وەک دەزانین، کاتێک عێراق شی دەکەینەوە، پێویستە بیر لە سیاسەتی تائیفی یان نەژادی بکەینەوە، کەواتە بەبێ پرسی کورد، بەڕاستی ناتوانین لەوە تێبگەین کە لە سیاسەتی عێراقدا چی روودەدات، ئاراستەیەکی دیکەش چوون بەرەو کوردستانی گەورەیە، چونکە پێموایە لە ناوخۆدا، چوار بەشەکەی کوردستان زیاتر و زیاتر پێکەوە گرێ دەدرێن و هەروەها هەندێک جۆر لە کێشەی "مۆدێل" لە نێوان گرووپە سیاسییە جیاوازەکانی ناو کوردستاندا سەرهەڵدەدەن، کەواتە دوو رێگە هەن: یەکێکیان چوونە ناو لێکۆڵینەوەکانی عێراقە، ئەوی دیکەیان بۆ خوێندنەوەی گشتیترە لەسەر تەواوی کوردستان، جگە لەوەش، پێموایە دینامیکی زیاتر لە ناوەوەی ناوچەکان و لە دەرەوەی ناوچەکان دەخەمە روو بۆ ئەوەی کارلێکە راستەقینەکانی نێوان ناوچە جیاوازەکان و یاریزانە جیاوازەکان بزانین.
رووداو: هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین، زۆر سوپاس بۆ کاتەکەتان، بەڕێز لی ریهن، زۆر سوپاس.
پرۆفیسۆر لی ریهن: زۆر سوپاس، مایەی شانازیمە، سوپاس.