کۆنگرێسمانێکی ئەمریکا لەبارەی مووچە بۆ رووداو: هەموو هەوڵێک دەدرێت بۆ رازیکردنی بەغدا
رووداو دیجیتاڵ
جۆ ویڵسن، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا لە پارتی کۆماری، بە رووداوی گوت، حکومەتی عێراق لەژێر "کاریگەریی ناڕەوای تاران"دایە و رەخنە لە بڕینی مووچەی هەرێمی کوردستان دەگرێت. دەشڵێت، بۆ گەڕاندنەوەی "مەزنیی عێراق"، پێویستیان بە "تاوەرێکی ترەمپە لەسەر دیجلە".
رۆژی دووشەممە، 09-06-2025، لە وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن، سەبارەت بە بڕینی مووچەی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە، جۆ ویڵسن رایگەیاند: "من زۆر رێز لە هەرێمی کوردستان دەگرم کە نموونەی سەرکەوتنی ئابووری و سیاسییە، بۆیە من زۆر دڵنیام هەموو هەوڵێک دەدرێت بۆ رازیکردنی حکومەتی بەغدا، کە لەژێر کاریگەریی ناڕەوای تاراندایە."
ویڵسن، کە دوو کوڕی لە عێراق خزمەتیان کردووە، ئاماژەی بەوەشکرد، دڵنیایە "سەرۆک ترەمپ رابەرایەتیی ئەو هەوڵە دەکات و ئێران لە توانای دەستوەردان لە حکومڕانیی خەڵکی عێراقدا سنووردار دەکات."
ئەو ئەندامەی کۆنگرێس هەروەها باسی ئەو نووسراوەی کرد کە ئاراستەی مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکای کردووە سەبارەت بە سەپاندنی سزا بەسەر عێراقدا و گوتی: "من بەڕاستی رێزێکی زۆرم بۆ مارکۆ روبیۆ هەیە، ئەو تێدەگات ستەمکاری واتای چییە."
جۆ ویڵسن پێیوایە کارکردن لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ و حکومەتە نوێیەکەی سووریا دەکرێت پەیامێک بێت بۆ خەڵکی ئێران "کە دەبێت گۆڕانکاری رووبدات، ئەوکات کاریگەرییە گشتییەکەی بۆ خەڵکی عێراق ئەرێنی دەبێت."
سەبارەت بەوەی چۆن "عێراق مەزن دەکەنەوە"، وەک لە درووشمەکانی خۆیدا ئاماژەی پێدەکات، جۆ ویڵسن گوتی: "من دەمەوێت عێراق مەزن بکەمەوە. ئێمە پێویستمان بە تاوەرێکی ترەمپە لەسەر دیجلە. پێموایە ئەوە باش دەبێت."
لەسەر دۆخی سووریا و چارەنووسی کورد، ویڵسن پشتیوانیی خۆی بۆ حکومەتە نوێیەکەی سووریا دەربڕی و رایگەیاند، "ئەمە دەرفەتێکی گەورە بۆ هەموو ناوچەکە دەڕەخسێنێت." گوتیشی، گۆڕانکاری لە سووریا "کاریگەرییەکی گەورە و شەپۆلاوی" دەبێت و لە کۆتاییدا "خەڵکی ئێران دەتوانن لەسەر پێی خۆیان بوەستن" و ئازادی بەدەستبهێنن.
دەقی پرسیارەکانی رووداو و وەڵامەکانی جۆ ویڵسن:
رووداو: پرسیارێک لەبارەی عێراق؟
جۆ ویڵسن، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا (پارتی کۆماری - کارۆلاینای باشوور): بەڵێ.
رووداو: ئێمە دەبینین زۆر پۆست لەسەر عێراق دەکەیت، ئێستاش حکومەتی عێراق مووچەی هەرێمی کوردستانی بڕیوە، کاردانەوەی ئێوە بۆ ئەم هەنگاوەی عێراق لە دژی کورد چییە؟
جۆ ویڵسن: من زۆر رێز لە هەرێمی کوردستان دەگرم کە نموونەی سەرکەوتنی ئابووری و سیاسییە، بۆیە من زۆر دڵنیام هەموو هەوڵێک دەدرێت بۆ رازیکردنی حکومەتی بەغدا، کە لەژێر کاریگەریی ناڕەوای تاراندایە. من دوو کوڕم لە عێراق خزمەتیان کردووە، ئەوان خەڵکی عێراقیان خۆشدەویست و دەیانویست لە ئازادیدا بژین، بەڵام ئەوەی روودەدات وانییە، بۆیە پێویستە جارێکی دیکە هانی بووژانەوەی وڵاتەکە بدەین، من دڵنیام سەرۆک ترەمپ رابەرایەتیی ئەو هەوڵە دەکات و ئێران لە توانای دەستوەردان لە حکومڕانیی خەڵکی عێراقدا سنووردار دەکات.
رووداو: ماوەیەک بەر لە ئێستا، نامەیەکت بۆ وەزیری دەرەوە روبیۆ نارد سەبارەت بە سزادانی عێراق و دانانی ئەوپەڕی گوشار لەسەریان.
جۆ ویڵسن: بەڵێ.
رووداو: ئایا هیچ وەڵامێکت لە وەزیری دەرەوە وەرگرتەوە سەبارەت بەو نامەیە، کاردانەوەی ئیدارەی ترەمپ سەبارەت بە بڕیارەکانی بەغدا لە دژی کوردستان چییە؟
جۆ ویڵسن: باشە، من بەڕاستی رێزێکی زۆرم بۆ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە هەیە. ئەو نایابە. لە راستیدا، بۆ روونکردنەوە خێزانەکەی لە ئەمریکان, چونکە ناچاربوون لە ستەمکاری و کۆمۆنیزم لە کوبا هەڵبێن, بۆیە ئەو تێدەگات ستەمکاری واتای چییە. من دڵنیام کە بە کارکردن لەگەڵ ئەو و پێکەوە کارکردن لەسەر پەرەپێدانی حکومەتێکی نوێی ئەرێنی لە سووریا، دەکرێت پەیامێک بێت بۆ خەڵکی ئێران کە دەبێت گۆڕانکاری رووبدات و ئەوکات کاریگەرییە گشتییەکەی بۆ خەڵکی عێراق ئەرێنی دەبێت.
رووداو: زۆرجار دەبینم لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس دەنووسی عێراق مەزن دەکەینەوە، چۆن ئەم کارە دەکەن؟
جۆ ویڵسن: من دەمەوێت عێراق مەزن بکەمەوە. من بەڕاستی سوپاسگوزارم کە ئەمە بە جیدی لەلایەن وەبەرهێنەرێکی ئیماراتەوە وەرگیراوە بۆ دروستکردنی تاوەرێکی ترەمپ لە دیمەشق، کە باڵەخانەیەکی 40 نهۆمییە. هەربۆیە ئێمە پێویستمان بە تاوەرێکی ترەمپە لەسەر دیجلە. پێموایە ئەوە باش دەبێت.
رووداو: باست لە دیمەشق کرد، دانوستاندنەکانی ئەم دواییەی نێوان کورد و حکومەتی کاتیی سووریا چۆن دەبینی، پشتیوانی لەوە دەکەن کە کورد ئۆتۆنۆمیی خۆیان بپارێزن لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا؟
جۆ ویڵسن: من ئەوە دەبینم کە باشە، ئەویش ئەوەیە حکومەتە نوێیەکەی سووریا تەواو جیاوازە لە دیکتاتۆرییەتی ئەسەد. بۆیە ئەمە دەرفەتێکی گەورە بۆ هەموو ناوچەکە دەڕەخسێنێت، من دڵنیام کارکردن لەگەڵ حکومەتی نوێی سووریا، کاریگەرییەکی گەورە و شەپۆلاوی دەبێت. یەکێک لە شەپۆلەکان ئەوەیە، لە کۆتاییدا، خەڵکی ئێران دەتوانن لەسەر پێی خۆیان بوەستن. ئەمە ئێرانی دێرینە. دەبێت چاوەڕوانییەکی زۆر لە شارستانییەتێکی ئەفسانەیی و مێژوویی جیهانیی وا بکرێت. بۆیە من رۆژێک لە رۆژان چاوەڕێی هاتنی ئازادی بۆ خەڵکی تاران و ئێران دەکەم، دواتر چاوەڕێی کاریگەرییەکەی بۆ دراوسێکانیش دەکەم، ئێمە پێشوەختە گۆڕانکارییەکی ئەرێنیمان لە لوبنانیش بینیوە.
رووداو: سوپاس بەڕێز کۆنگرێسمان، رۆژێکی خۆش.
جۆ ویڵسن: سوپاس.