نادین ماینزا بۆ رووداو: دەبێت ئەمریکا گوشارێکی راستەقینە بخاتە سەر ئەحمەد شەرع بۆ پاراستنی کورد
رووداو دیجیتاڵ
نادین ماینزا، سەرۆکی پێشووی کۆمیسیۆنی ئەمریکا بۆ ئازادیی ئایینی نێودەوڵەتی، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن رایگەیاند، پێویستە ئیدارەی ترەمپ "واز لە هەنگاوی بچووک" بهێنێت و گوشارێکی "بوێرانە" بخاتە سەر حکومەتی ئەحمەد شەرع بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی 30ی کانوونی دووەم.
ماینزا ئاماژەی بەوە کرد، کۆنگرێس بە وردی چاودێریی دۆخەکە دەکات و رایگەیاند، "دەبێت رێگری بکرێ لەوەی هێزە ئەمنییەکانی دیمەشق بچنە نێو گوندە کوردی، ئاشووری و ئێزدینشینەکان."
ماینزا گوتی، تاکە رێگە بۆ سەرکەوتنی سووریا ئەوەیە پێکهاتەکان لەنێو حکومەتدا بن، هەروەها جەختی لە پاراستنی سیستمی بەڕێوەبردنی رۆژئاوای کوردستان کردەوە کە تێیدا 50%ی سەرکردەکان ژنن.
نادین ماینزا هۆشداری دا، ئەگەر ئەمریکا گوشار نەکات و تەنیا بینەر بێت، ئەوا تووندوتیژی دژی پێکهاتەکان زیاتر دەبێت.
رووداو: زۆر سوپاس نادین. ئێمە گوێمان لەوە بوو چیت لە هۆڵەکە گوت. هەستت چۆن بوو؟ هەستت کرد ئەندامانی لیژنەکە، سەرۆک، ئەندامی پلەباڵا و ئەندامانی دیکە، بە باشی لە دۆخی ئەوێ تێگەیشتن؟ ئەنجامی تۆ لەم دانیشتنەدا چی بوو؟
نادین ماینزا: پێم وانییە گوێم لە یەک ئەندامی کۆنگرێس بووبێت کە دژی دۆسیەکەی ئێمە بووبێت یان دژی ئەوە بووبێت کە چەند گرنگە رێککەوتنی 30ی کانوونی دووەمی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکومەتی سووریا بە دادپەروەری جێبەجێ بکرێ و دادپەروەرانەش مامەڵە لەگەڵ کەمینە ئایینییەکان بکرێ و رۆڵیان لە حکومەتدا هەبێت لە داهاتوودا، هەروەها هەموو تووندوتیژییەکان بەرامبەر هەموو پێکهاتەکان رابگیرێن. پێم وایە هەستێکی وەها لەوێدا هەبوو کە تاکە رێگە بۆ حکومەتی سووریا بەرەو پێشەوە، کۆتاییهێنانە بە تووندوتیژی و بەشداری ئەو پێکهاتە و کەمینانەیە لەنێو حکومەت و پێدانی رۆڵ پێیان، لەبری ئەوەی وەک کەسانی دەرەکی بمێننەوە.
رووداو: لە دوایین پرسیاریدا سەرۆک (برایان) ماست لە هەمووتانی پرسی، لە تۆش، سووریا دوای یەک ساڵی دیکە چۆن دەبینن؟ گوتیشی تەنیا دوو رێگە هەن. ئایا هیچ بژاردەیەکی سێیەم هەیە یان تەنیا ئەو دوو بژاردەیەیە؟ بۆچی پێت وایە ئەم حکومەتە یان دەبێتە "باش" یان "خراپ"؟
نادین ماینزا: پێم وایە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێویستە دەست هەڵگرێ لەوەی تەنیا کەمێک کار بکات، چونکە پێم وایە ئەوەی ئەوان دەیکەن وەک ئەوە وایە بڵێن "ئێمە تەنیا هاوکاری دەکەین بۆ ئەوەی ساڵی داهاتوو کەمێک باشتر بێت." ئەوەی من پێم وایە دەبێت بیکەین، گوشارکردنێکی راستەقینەیە لەسەر ئەم حکومەتە بۆ ئەوەی بڕیاری بەهێز بدات کە یارمەتیدەر بێت بۆ بونیادنانەوەی ئەو دابەشبوونە تائیفییەی هەیە تاوەکو بتوانن سەرکەوتوو بن. پێم وایە هەبوونی سیاسەتێک کە تەنیا بڵێین "ئێمە چاودێرییان دەکەین کاتێک بە رژدی هەنگاو دەنێن"، تەنیا بە واتای تووندوتیژی زیاتر دێت دژی کەمینەکان، بە واتای کێشەی ئابووری زیاتر دێت بۆ هەموو ئەو کەسانەی لە هەژاریدا دەژین. بۆیە پێم وایە ئەمریکا پێویستی بە هەڵوێستێکی بوێرانەیە و دەبێ هانی ئەحمەد شەرع بدات بۆ گۆڕانکاری لە حکومەتدا کە ببێتە هۆی ئەوەی زووتر سەرکەوتوو بن. پێم وایە بیرۆکەی مانەوە لەسەر دۆخی ئێستا و رێگەدان بەوەی حکومەتەکە تەنیا شەلە شەل بڕوات، تەنیا بە واتای تووندوتیژی زیاتر و لەدەستدانی رەوایەتی بۆ شەرع و حکومەتەکەی دێت، کە ئەوەش رەنگە ببێتە هۆی تووندوتیژی زۆر زیاتر.
رووداو: دواین پرسیار؛ چاوەڕوانیت چییە لەم لیژنەیە؟ سەرۆک، ئەندامی پلەباڵا، ئەندامانی دیکە و تەنانەت کۆنگرێس بە گشتی، دوای ئەم دانیشتنە چاوەڕوانی چیت لێیان هەیە؟
نادین ماینزا: پێم وایە گرنگترین شت ئەوەیە کە چاودێریی رێککەوتنی 30ی کانوونی دووەم بکەن، چاودێری ئەوە بکەن کە لە باکووری رۆژهەڵاتدا روودەدات. ئایا حکومەتی سووریا هێزەکانی دەکێشێتەوە؟ ئایا حکومەتی سووریا پابەندی بەڵێنەکانی دەبێت بۆ ئەوەی دڵنیایی بدات کە هیچ کام لەم هێزە ئەمنییانەی سووریا رێگەیان پێنەدرێ بچنە نێو گوندە کوردی، ئاشووری، ئێزدی نشینەکان یان هەر پێکهاتەیەکی دیکەی کەمینە. ئەوان پێشتر رێککەوتبوون لەسەر ئەوەی کە ئاسایشی خۆجێییان هەبێت و ئەو حکومەتە گشتگیرەی کە پێشتر بنیاتیان ناوە، ئەو حکومەتە خۆجێییانەی کە هەموو پێکهاتە کەمینەکان دەگرێتەوە کە لەوێ دەژین، ببنە بەشێک لەو کۆمەڵگەیە، بێگومان بەوەی کە نیوەی سەرکردەکان ژن بن. بۆیە ئەوە رێککەوتنەکەیە لە باکووری رۆژهەڵات و ئەمریکا و بەتایبەتی کۆنگرێس پێویستە بە وردی چاودێری بکەن بۆ ئەوەی دڵنیابن کە بە دادپەروەری تێکەڵ دەکرێن.
رووداو: زۆر سوپاس بۆ هێنانی زانیاریی باوەڕپێکراو و نوێ لەوێوە بۆ ناو کۆنگرێس. زۆر سوپاس.
نادین ماینزا: زۆر سوپاس.