بەرپرسێکی حیزبوڵڵا بۆ رووداو: پاشەکشە ناکەین و جەنگ بەردەوام دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی سیاسی حیزبوڵڵای لوبنان لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی هەواڵەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی تۆڕی میدیایی رووداودا دوایین گۆڕانکارییەکانی بەرەی جەنگی لە لوبنان باسکرد و رایگەیاند، حیزبوڵڵا توانیویەتی بە گۆڕینی ئامرازەکانی جەنگ، دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل "کوێر" بکات.
مەحموود قەماتی گوتی، ئیسرائیل لە رووبەڕووبوونەوەی سەربازیی راستەوخۆدا "بەرامبەر حیزبوڵڵا شکستی هێناوە و ئێستا تەنیا پەنا دەباتە بەر ئاوارەکردنی مەدەنییەکان و وێرانکردنی ماڵەکان وەک کارتێکی گوشار."
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی سیاسی حیزبوڵڵای لوبنان گوتیشی: "ئێمە هەموو ئەو ئامرازانەمان تێکشکاندوون کە دووژمن بۆ دزەکردنە ناو داتا و زانیارییەکان سوودیان لێ دەبینین؛ مۆبایلی زیرەک و ئینتەرنێتمان وەلاناوە و گەڕاوینەتەوە بۆ شێوازە وردەکان، ئەمەش وایکردووە ئیسرائیل لە ئاستماندا کوێر بێت و تەنیا لە خەڵکی مەدەنی بدات."
سەبارەت بە پەیوەندییان لەگەڵ تاران و پرسی ئاگربەست، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی سیاسی حیزبوڵڵا گوتی، ئێران داوای لێنەکردوون هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل، بەڵکو ئەوان وەک بەرگریی لوبنان بۆ بەدیهێنانی ''ئامانجە نیشتمانییەکان و پاراستنی سەروەریی'' وڵاتەکەیان ئەو بڕیارەیان داوە.
بەرپرسەکەی حیزبوڵڵا ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ ئاگربەستێک لەسەر بنەمای رێککەوتنێکی "لاواز" قبووڵ ناکەن و جەنگ بەردەوام دەبێت.
لەبارەی هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان، مەحموود قەماتی دەڵێ، بەپێی ئەوەی لە میدیاکان بڵاودەبێتەوە "ئامانجی ئەو گرووپانە تەنیا بنکە ئەمریکییەکانە" و مەبەستیان نییە زیان بە هاووڵاتییان یان سەروەریی دراوسێکانیان بگەیێنن.
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو و جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی سیاسی حیزبوڵڵای لوبنان:
رووداو: ئێستا دۆخی مەیدانی لە باشووری لوبنان چۆنە؟
مەحموود قەماتی: سڵاو و رێز بۆ جەنابت و بۆ هەموو بینەرە بەڕێزەکان، دۆخی ئەمڕۆی باشوور لە نێوان دوو بەرەیەدایە. یەکەم بەرە ئەوانەن کە دەیانەوێ بەرگری بکەن و رووبەڕووی دەستدرێژییە سەربازییەکان ببنەوە، کە ئەوەش مقاوەمەی ئیسلامییە لە لوبنان. بەرەکەی دیکە دووژمنێکە کە نەیتوانیوە لە رووی سەربازییەوە هیچ دەستکەوتێکی هەبێت و نەیتوانیوە بەسەر ویست و پاڵەوانێتی موجاهیدەکان و بەرگریکاراندا سەربکەوێ. بۆیە ئێستا پەنای بردووە بۆ گوشارخستنە سەر بەرگری و گەل و دەوڵەت لە رێگەی ئاوارەکردنی خەڵکەوە. ئەمڕۆ ئیسرائیل بە شێوەیەکی روون ماڵەکان وێران دەکات و خەڵک ئاوارە دەکات، تەنانەت ئەو ناوچانەشی کە خەڵکەکە بۆیان رادەکەن، جارێکی دیکە هۆشدارییان پێ دەدات کە چۆڵی بکەن. ئەمە پرۆسەیەکی گوشار و ئاوارەکردنە لە دوای ئاوارەکردن بۆ ئەوەی گوشار بخاتە سەر موقاوەمە، چونکە لە رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆدا بەرامبەر موقاوەمە شکستی هێناوە و هیچ ئامانجێکی نەپێکاوە.
رووداو: ژمارەی هێرشەکانتان بۆ سەر ئیسرائیل لەم جەنگە نوێیەدا تاوەکو ئێستا چەند بووە؟
مەحموود قەماتی: ئەمڕۆ دۆخەکە جیاوازە لە شەڕی رابردوو. ئێمە ئەمڕۆ دەستپێشخەریمان لەدەستە و ئامانجەکانی دووژمن دەپێکین. لای ئەوانیش ئاوارەبوون دروست بووە لە نیشتەجێبووەکانی باکووری فەلەستینی داگیرکراو. ئێستا کۆمەڵگە نیشتەجێبووەکان لە دانیشتووانەکەیان چۆڵ بوون و ئەوانیش وەک ئێمە بەدەست ئاوارەییەوە دەناڵێنن. سەبارەت بە ژمارە، ژمارەیەکی وردم لەلا نییە، بەڵام بە سەدان ئامانج لە باکوور و لە حەیفا و لە تەلئەبیب پێکراون. دووژمنی ئیسرائیلیش دانی بەوەدا ناوە کە حیزبوڵا و بەرگری، زۆر بە وردی ئامانجەکان دەپێکن و زیانیان پێ دەگەیەنن.
رووداو: ئایا کۆماری ئیسلامی بە فەرمی داوای لە حیزبوڵڵا کردووە هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل؟
مەحموود قەماتی: نەخێر، هەرگیز. ئێران داوای لە لوبنان یان لە هیچ لایەنێکی دیکەی بەرگری لە ناوچەکە نەکردووە کە پشتیوانی بکەن. وەزیری دەرەوەی ئێران بە روونی رایگەیاند کە ئێمە پێویستمان بە پشتیوانی هیچ کەسێک نییە لە دەرەوەی ئێران و ئێران خۆی بەرگری لە خۆی دەکات. بەڵام من شتێکت پێ دەڵێم، ئێمە لە موقاوەمەی ئیسلامی لە لوبنان 15 مانگ بوو دانمان بەخۆماندا گرتبوو بەرامبەر دەستدرێژییەکانی دووژمن، هۆشداریمان دابوو کە لەو دانبەخۆداگرتنە دێینە دەرەوە و بەرگری دەکەین.
بێگومان ئێمە وەک موقاوەمە سوودمان لەوە بینی کە دووژمنی ئیسرائیلی گورزی لە لایەن ئێرانەوە بەرکەوت؛ ئەو ئێرانەی کە تەنیا بەرگری لە خۆی دەکرد بەرامبەر دەستدرێژییە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان. ئیسرائیل زۆر ئازاری چەشت لەو گورزانە، ئەوەش دەرفەتێک بوو بۆ ئێمە وەک بەرگری لە لوبنان کە بۆ ئامانجە نیشتمانییەکانی لوبنان و ئازادکردنی خاکەکەمان و ئازادکردنی دیلەکانمان، بچینە ناو شەڕەکەوە، لە کاتێکدا دووژمن سەرقاڵی گورزەکانی ئێران بوو.
ئێمە سوودمان لە ئێران وەرگرت، نەک ئێران سوودی لە ئێمە بینیبێت. گوتارەکەی سەید موجتەبا جەخت لەسەر مافی ئێران دەکاتەوە لە رووبەڕووبوونەوەی دەستدرێژی ئەمریکی و ئیسرائیلی؛ گوتارێکە کە دەریدەخات ئێران بە هەموو دامەزراوەکانییەوە بەهێز و یەکگرتووە و خۆی بەدەست دەستدرێژییەکانی ئەمریکاوە نەداوە. هەموو جیهان لە هەڕەشەکانی ئەمریکا دەترسن، بەڵام ئێران رووبەڕووی بووەوە و بنکەکانی لە ناوچەکەدا پێکا، هەروەها رووبەڕووی ئیسرائیل بووەوە و لە تەلئەڤیڤ و هەموو جوگرافیای فەلەستین لێی دا. بۆیە گوتارەکەی سەید موجتەبا خامنەیی ورد بوو، پارێزگاری لەو بنەما نەگۆڕانە دەکات کە باوکی چەسپاندنی. ئەو لەسەر هەمان رێباز دەڕوات و جەخت دەکاتەوە ئێران بەهێزە، دامەزراوەکانی بەهێزن، گەلیش ئامادەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی پیلانگێڕی و دەستدرێژییەکان.
رووداو: ژمارەی قوربانییان و ئاوارەکان لە لوبنان زۆر زۆرە. ئایا پێویست بوو ئێوە بچنە ناو ئەم جەنگەوە؟
مەحموود قەماتی: دەستدرێژییەکان نەوەستاون. ئاوارەبوون پێشتریش روویدابوو. لەگەڵ کاتی راگەیاندنی ئاگربەست، ژمارەیەک لە خەڵک گەڕانەوە بۆ گوندەکانیان، بەڵام ژمارەیەکی دیکەش بە ئاوارەیی مانەوە، چونکە دووژمن گوندەکانی وێران کردوون، بەتایبەت گوندەکانی سنوور، کە دووژمن ژیانی تێدا نەهێشتوون. بۆیە دەستدرێژییەکان بەردەوامن. ئێمە 15 مانگ دانمان بەخۆماندا گرت، چونکە هیچ ئازادی و سەربەخۆییەک بێ باجدان بەدەست نایەت. خەڵکەکە خۆیان هێزی بەرگرین، ئەو ئاوارەبووانە هێزی بەرگرییە. ئەوان بوون سنگیان دایە بەر دەبابەکانی دووژمن و گەڕانەوە بۆ گوندەکانیان.
رووداو: چۆن دەرواننە هێرشەکانی گرووپەکانی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بۆ سەر شارەکانی هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا زیانەکان بۆ خەڵکی سڤیل بووە؟
مەحموود قەماتی: بەپێی ئەوەی لە میدیاکاندا بڵاوکراوەتەوە، من زانیاری وردی تایبەتم نییە، بەڵام ئەوەی دەگوترێ ئەوەیە کە ئامانجەکان هێزە ئەمریکییەکانن، چ لە وڵاتانی کەنداو یان وڵاتانی عەرەبی یان تەنانەت لە کوردستانی عێراق. واتە وەک دەبیسترێت، ئامانجەکان هەرگیز وڵاتانی دراوسێ و دۆست و سەروەریی وڵاتانی دراوسێ نین، بەڵکو تەنیا ئەو بنکە و شوێنە ئەمریکییانەن کە لەو جوگرافیایەدا هەن.
رووداو: ئەگەر ئاگربەست لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران بکرێت، ئایا ئێوەش ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل رادەگەیەنن؟
مەحموود قەماتی: ئێمە بەردەوام دەبین لە بەرگری، پاشەکشەمان بۆ نییە. نامانەوێ چەندین جار باجی شکست بدەین. باجی گەورەمان داوە لە 23 و 24 و 25ی مانگدا، خەڵکی ئێمە ئاوارە بوون، بەڵام ئەمجارە نەیانتوانیوە هیچ سەرکردەیەکی موقاوەمە یان حیزبوڵڵا بپێکن، بە پێچەوانەی جاری پێشوو. بۆیە بەرخودان ناوەستێنین لەسەر بنەمای رێککەوتنێکی لاواز. بەرگری بەردەوام دەبێت تا ئازادکردنی تەواوی خاکەکەمان و پاراستنی سەروەریمان.
رووداو: ئەگەر جەنگەکە لەمەی ئێستا هەیە چڕتر بێتەوە، پلانی حیزبوڵڵا بەرامبەر ئیسرائیل چی دەبێت؟
مەحموود قەماتی: بەڵێ، پێش ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارەت بدەمەوە، ئەمە تەواو دەکەم، ئێمە بەردەوامین لە بەرگری تاوەکو ئازادکردنی خاکی لوبنان و راگرتنی ئەو دەستدرێژیانەی کە هەبوون. موقاوەمە ناوەستێت تاوەکو ئەو کاتەی ئامانجەکانمان دەپێکین. سەبارەت بە پرسیارەکەت، ئەمجارە چونکە موقاوەمە رێوشوێنی ئەمنی زۆر تووندی گرتووەتەبەر، گەڕاوەتەوە بۆ شێوازە وردەکان کە دوورن لە ژیریی دەستکرد و دوورن لە مۆبایلە زیرەکەکان و ئینتەرنێت. هەموو ئەو هۆکارانەی کە
جاری پێشوو دووژمن سوودی لێ بینیبوون بۆ دزەکردنە ناو داتا و زانیارییەکان و پێکانی سەرکردەکانمان، تێکمان شکاندوون. ئێستا دووژمن کوێرە، تەنیا لە خەڵکی مەدەنی دەدات. ئەمینداری گشتی سەرکردایەتی ئەم شەڕە دەکات بە باشترین شێوە و لە باشترین کات و شوێندا.
رووداو: ژمارەی دیلەکانی ئێوە لای ئیسرائیل چەندە؟
مەحموود قەماتی: دیلی نوێمان نییە لەم شەڕەدا. ئەو دیلانەی کە هەمانە هی شەڕی پێشوون کە 22 دیلن و لای دووژمنن، هەندێکیان لە کاتی شەڕدا و هەندێکیان دوای ئاگربەست دەستگیرکران.
رووداو: ئێوە چۆن دەڕواننە کوردستان و مافی چارەی خۆنووسینی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا؟
مەحموود قەماتی: ئێمە بە رێزەوە سەیری گەلی کورد دەکەین، بە هەموو جیاوازییە ئایینی و مەزهەبییەکانیانەوە. پەیوەندییەکی تووندوتۆڵمان لەگەڵیان هەیە. کوردەکانی ناو لوبنانیش ئەوە دەزانن کە پەیوەندییەکی پڕ لە خۆشەویستی و برایەتی و تەنانەت ژن و ژنخوازییش لە نێوانماندا هەیە. ئێمە دەبینین کورد لە هەندێک وڵاتدا تایبەتمەندییان پێدراوە و لە هەندێک شوێنیش لێیان زەوت کراوە. ئێمە گەلی کورد بە گەلێکی دۆست دەزانین، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبینین کە سیاسەتی ئەمریکا بەداخەوە خەڵەتاندوونی و رای کێشاون بۆ ناو شەڕگەلێک کە تەنیا ئەمریکییەکان سوودیان لێ بینیوە و دواتر کوردەکانیان بە تەنیا لە مەیدانەکەدا جێهێشتووە. بۆیە دەبێت وریای ئەو بەکارهێنانە بین لە لایەن رۆژئاوا و ئەمریکاوە.