وەزیری پیشەسازیی عێراق: پێکەوەکارکردنی ئەڵمانیا و عێراق لەبواری پیشەسازییدا هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری پیشەسازیی عێراق بە رووداوی گوت، لە سەردانەکەیاندا بۆ ئەڵمانیا مەبەستیان راکێشانی زۆرترین وەبەرهێنەرە لە بوارەکانی پیترۆ کیمیاییەکان، پەیین، ئاسن و کانزاکان. دەشڵێت، لەوبارەوە ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی ئەڵمانی هەبووە ئەو پێکەوەکارکردنە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
خالید بەتاڵ، وەزیری پیشەسازیی عێراق لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو لەگەڵی ئەنجامی دا، رایگەیاند، بەهۆی شەڕی رووسیا-ئۆکراینا، بەشێک لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا تووشی قەیرانی گاز بوون کە ئەڵمانیا یەکێکە لەو وڵاتانە و بەدوای سەرچاوەی هەمەچەشن و جیاوازی وزەدا دەگەڕێت، "بۆیە هەوڵدەدەین لە ئاییندەدا ببینە یەکێک لە سەرچاوەکانی وزە بۆ ئەڵمانیا."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ خالید بەتاڵ، وەزیری پیشەسازیی عێراق:
رووداو: دەمەوێ بزانم ئەو بوارانە چین عێراق و ئەڵمانیا دەیانەوێت لە بواری پیشەسازی بەهێزی بکەن؟
خالید بەتاڵ: بەناوی خوای گەورە و میهرەبان، سوپاس بۆ کەناڵە بەڕێزەکەتان. لە راستیدا ئەم سەردانە بۆ تەواوکردنی زنجیرە گفتوگۆکانی پێشوو و پەیوەندییە ئابووری و بازرگانی و سیاسیی درێژخایەن لەگەڵ ئەڵمانیا دەگەڕێتەوە. لەم سەردانەماندا پرس و بابەتە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی پیشەسازیی گفتوگۆ دەکەین. مەبەستمان راکێشانی زۆرترین وەبەرهێنەرە لە بوارەکانی پیترۆ کیمیاییەکان، پەیین، ئاسن و کانزاکان. لەمبارەیەوە ژمارەیەک کۆبوونەوە و دیدارمان لەگەڵ کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی ئەم وڵاتە هەبووە و دەبێت. ئێمەش لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا ئامادەسازیی بۆ سازکردنی کۆنگرەیەک دەکەین. لێرەوە داوا لە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان دەکەین لە سەرجەم وڵاتەکان دەستپێشخەربن بۆ وەبەرهێنان و قۆستنەوەی هەلەکانی وەبەرهێنانی پەیوەندیدار لە وەزارەتی پیشەسازی.
رووداو: ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەدا کارئاسانی بۆ کۆمپانیاکانی ئەڵمانی دەکەن بۆ ئەوەی لە عێراق وەبەرهێنان بکەن، ئەو بوارە پیشەسازییانە چین کە ئەڵمانیا هاوکاری عێراقی پێ بکات؟
خالید بەتاڵ: بەدڵنیاییەوە هەل و دەرفەتی وەبەرهێنانی مەزن دەبێت. لە چوارچێوەی کارئاسانییەکان پێدانی ڤیزا دەبێت بۆ وەبەرهێنەرانی چەندین وڵات و هەڵبەت ئەڵمانییەکانیش لەنێویاندان بۆ ئەوەی لە دەروازە ئاسمانی و دەریایی و وشکانییەکان بێنە عێراق. لەم سەردانەماندا سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانیش هاوەڵی کردین بۆ ئەوەی یاسای وەبەرهێنانی عێراقی ژمارە 18ی ساڵی 2006یان بۆ روون بکاتەوە، بەتایبەتی ئەو تایبەتمەندییەی یاساکە، کە ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنەران دەکات لەنێویاندا بەخشینی گومرگی و ئاسانکاری دارایی کاری بانکی و لێخۆشبوون لە باجەکان و سەرجەم ئاسانکارییەکانی دیکەش. بێگومان ئەم بابەتە سەرجەم کەرتەکان لەخۆدەگرێت، بەتایبەتیش کەرتەکانی پیشەسازی، نیشتەجێبوون و کشتوکاڵی. هەروەها خاڵی وەرچەرخان لە سیاسەتی ئەڵمانیا بەدی دەکرێت دوای جەنگی رووسیا-ئۆکراینا، ئەویش بەدوای سەرچاوەی هەمەچەشن و جیاوازی وزەدا دەگەڕێت. هەوڵ دەدەین لە چوارچێوەی بایەخی ئەڵمانیا بمێنینەوە و لە ئاییندەدا ببینە یەکێک لە سەرچاوەکانی وزە بۆ ئەڵمانیا.
رووداو: ئەو پێشکەوتنانەی لە بواری پیشەسازیی لە عێراق روودەدات لەگەڵ ئەڵمانیا، ئایا هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە؟
خالید بەتاڵ: بێگومان، نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستانیشمان لەگەڵە لە رێگەی سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازییەوە و هەروەها نوێنەریان هەیە لە کۆمەڵەی بازرگانانی هەرێمی کوردستان و تەنیا لەبارەی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان قسە ناکەین، بەڵکو مەبەستمان هەموو عێراقە.