ئەبو عومەر ئیدلبی: ئەو کەسانەی فەرمانیان دا داعش هێرش بکاتە سەر کۆبانی فەرمانی هێرشەکەی حەلەبیشیان دا

رووداو دیجیتاڵ

ئەبو عومەر ئیدلبی، فەرماندەی هێزەکانی باکووری دیموکرات لە چوارچێوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند: "ئەوانەی فەرمانیان بە داعش دا هێرش بکاتە سەر کۆبانی، هەمان ئەو کەسانەن کە فەرمانی هێرشکردنە سەر شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەیان داوە."
 
ئەبو عومەر ئیدلبی، لە لێدوانێکیدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو ئاماژەی بەوە کرد کە تورکیا "دەیەوێت جەنگێکی گشتگیر بەرپا بکات بۆ ئەوەی ناوچەکە بخاتە ژێر رکێفی خۆی و رێگری لە سەرکەوتنی رێککەوتنی 10ی ئازار بکات."
 
فەرماندەی هێزەکانی باکووری دیموکرات، هەڵسەنگاندنی بۆ دوایین دۆخی حەلەب و هێرشەکان بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکان کرد. ئیدلبی رایگەیاند، ئامانجی تورکیا هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی 10ی ئازارە و گوتی: "دەیانەوێت ئەم هێرشانە بکەنە پریشکی جەنگێکی زۆر گەورەتر."
 
رێککەوتنی 10ی ئازار
 
لە 10ی ئازاری 2025 لەلایەن "بەڕێوبەرایەتیی خۆسەر لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا" (AANES) راگەیێندرا بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا.
 
ئەم رێککەوتنە یان دەستپێشخەرییە لە چەند خاڵێکی سەرەکی پێکدێت کە ئامانجیان کۆتاییهێنانە بە شەڕ و دابینکردنی سەقامگیری، گرنگترین خاڵەکانی ئەمانەن:
 
پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا: جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە سووریا نابێت دابەش بکرێت و دەبێت سنوورە نێودەوڵەتییەکانی بپارێزرێت.
 
چارەسەری سیاسی لە رێگەی گفتوگۆوە: داواکاری بۆ دانیشتنی هەموو لایەنە ناکۆکەکانی سووریا (حکومەتی دیمەشق، ئۆپۆزیسیۆن، و بەڕێوبەرایەتیی خۆسەر) لەسەر مێزی گفتوگۆ بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی نیشتمانی.
 
سیستمی ناناوەندی: پێشنیازکردنی سیستمێکی سیاسی کە تێیدا ناوچە جیاوازەکان بتوانن کاروباری خۆیان بەڕێوەبەرن (وەک شێوازی خودموختاری یان فیدراڵی) لە چوارچێوەی سووریایەکدا کە هەمووان تێیدا یەکسان بن.
 
دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامانەکان: سوودوەرگرتن لە نەوت، گاز و سەرچاوە سرووشتییەکان بۆ هەموو خەڵکی سووریا بەبێ جیاوازی، نەک تەنیا بۆ گرووپێکی دیاریکراو.
 
گەڕانەوەی ئاوارەکان: زەمینەخۆشکردن بۆ گەڕانەوەی ئاوارە و پەنابەرانی سووریا بۆ سەر زێدی خۆیان بە شێوەیەکی ئارام.
 
تێکەڵبوونی هێزە سەربازییەکان: ئامادەیی هەسەدە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ببێتە بەشێک لە سوپای نیشتمانیی سووریا، ئەگەر رێککەوتنێکی سیاسی گشتگیر بێتە کایەوە.
 
ئەبو عومەر ئیدلبی تیشکی خستە سەر ئەو گوشارانەی دەخرێنە سەر کورد و گوتی: "ئەوەی لە حەلەب روودەدات وەسف ناکرێت. دەوڵەتێک هەیە کە هەمیشە ئامانجەکەی کوردە. تەنانەت بەرگریکردنیش لە کورد قەدەخە دەکرێت. کاتێک کورد دەست دەداتە چەک، دەوڵەت دەیەوێت هەموو کوردەکان بکوژێت."
 
"دەیانەوێت ئاژاوە لە نێوان کورد و عەرەبدا بنێنەوە"
 
ئیدلبی هێرشەکانی سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی بە هێرشەکانی داعش بۆ سەر کۆبانی چواند و گوتی: "ئەوانەی فەرمانیان بە داعش دا هێرش بکاتە سەر کۆبانی، هەمان ئەو کەسانەن کە فەرمانی هێرشکردنە سەر شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەیان داوە. ئێمە بەردەوامین لە پاراستنی ئاگربەست، بەڵام ئەوان هەمیشە دەیانەوێت دووبەرەکی و ئاژاوە لە نێوان کورد و عەرەبدا بنێنەوە."
 
"کورد بچێتە سۆماڵیش هێرش دەکرێتە سەری"
 
ئەبوو عومەر دەڵێت: "ئەمەی روودەدات نیشاندانی وەک شەڕێکی نەتەوەیی یان رەگەزی، نادروست و چەواشەکارانەیە. دەوڵەتێک هەیە کە ئامانجی هەمیشەیی کوردە. کورد تەنانەت ئەگەر بچێتە سۆماڵیش هەر هێرشی دەکرێتە سەر."
 
ئاماژەی بەوەشکرد، "بە درێژایی مێژوو ئەوانەی سەرکردایەتیی عەرەبیان کردووە، کورد بوون. وەک سەڵاحەدینی ئەیوبی و نورەدین زەنگی. لە نێوان عەرەب و کورددا جگە لە برایەتی هیچی دیکە نەبووە. ئێمە سەدان ساڵە پێکەوە دەژین، لە هەمان قوتابخانە و هەمان ماڵدا بووین و ژن و ژنخوازیمان لەگەڵ یەکدی کردووە و هیچ کێشەیەک لە نێوانماندا نەبووە. کێشەکە کاتێک دروست دەبێت کە کورد چەک هەڵدەگرێت، ئەوکات دەوڵەتێک دەبینیت کە دەوێت هەموو ئەو کوردانە لەناو ببات کە چەکیان پێیە."
 
"ئەم هێرشانە تەڵەن بۆ پەلکێشکردنی ناوچەکە بۆ شەڕێکی گەورەتر"
 
فەرماندەی هێزەکانی باکووری دیموکرات هۆشداری لەبارەی ئەم شەڕەوە دەدات و دەڵێ: "ئەم هێرشانە بۆ نانەوەی ئاژاوەیە و دروستکردنی تەڵەیەکە بۆ پەلکێشکردنی ناوچەکە بۆ ناو شەڕێکی گشتگیر. بەڵام سەرکردایەتی سیاسی ئێمە تێدەگات کە ئەوان چۆن بیر دەکەنەوە و چی روودەدات، دانبەخۆداگرتنمان هەیە. تورکیا دەوێت شەڕێکی گشتگیر هەبێت بۆ شکستهپێنانی رێککەوتنی 10ی ئازار."
 
ئیدلبی دەڵێت: "ئێمە گەرەنتی نێودەوڵەتیمان دەوێت. هیوادارین جیدییەت لە بڕیارەکان هەبێت، بەتایبەت لەلایەن ئەمریکاوە، هەروەها وڵاتانی عەرەبیش وەک لایەنی گەرەنتیکار لەم رێککەوتنەدا بن. ئێمە هیچ کێشەیەکمان نییە و سوورین لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئازار."