پەرلەمانتارێکی کورد لە پەرلەمانی ئەورووپا: بڕوا ناکەم دیمەشق رێز لە رێککەوتن و ئاگربەست بگرێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەڤین ئینجیر پەرلەمانتارێکی کوردە لە پەرلەمانی ئەورووپا و باوەڕی وانییە دیمەشق رێز لە رێککەوتن و ئاگربەست بگرێت؛ داواش دەکات، ئەورووپا راستەوخۆ یارمەتیی کورد بدات.
لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ هێمن عەبدوڵڵا، پێشکێشکاری بەرنامەی دیاسپۆرای تۆڕی میدیایی رووداو؛ ئەڤین ئینجیر، پەرلەمانتاری ئەورووپا باسی پرسی سووریا و رۆژئاوای کوردستانی کرد و گوتی، "تاوەکو مافەکانی کورد لە دەستووردا نەچەسپێن، بڕوا بە دیمەشق ناکەم."
ئەڤین ئینجیر ساڵانی زۆرە وەک پەرلەمانتار لەنێو پەرلەمانی ئەورووپا دەنگی هەموو بەشەکانی کوردستانە. لە کام بەشە تەنگانە دروست ببێت، ئەڤین لە برۆکسل و شتراسبورگ هۆڵەکانی پەرلەمان دەزرنگێنێتەوە. لە پەیامێکیشدا بۆ گەنجانی کوردستان، ئینجیر گوتی، "جیهان نەشیەوێت گوێتان لێبگرێت، وایان لێدەکەین گوێ بگرن."
ئەو پەرلەمانتارە کوردە لە پەرلەمانی ئەورووپا بە جلوبەرگی کوردی و ئاڵای کوردستانەوە باسی ئێش و پەرۆشییەکانی رۆژئاوای کوردستانی کرد، لەگەڵ هاوکارە پەرلەمانتارەکانی دیکەشی وایانکرد بڕیارێک بۆ پشتیوانی لە مانەوەی رۆژئاوای کوردستان، بەردەوامبوونی ئاگربەست و گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان دەربچێت.
ئەڤین لەدایکبووی ئامەدی باکووری کوردستانە، لە منداڵییەوە لە سوێد دەژی و سەرکردەیەکی دیاری سۆسیال دێموکراتەکانە. لەوەتەی پەرلەمانتاریشە زۆربەی ساڵان خەڵاتی ساڵانەی چالاکترین پەرلەمانتاری لە بواری جیاجیادا لە گۆڤاری پەرلەمانی ئەورووپا وەرگرتووە.
ئینجیر باسی ئێشی سەرکوتکردن لەنێو دڵی دیاسپۆرانشینانی کورد دەکات و دەڵێت، "ئەوەی هەریەکەمان لە وڵاتێکی ئەورووپاین لەبەر ئەوە نییە کە دایک و باوکمان بەیانییەک لە خەو هەڵساون و بڕیاریان داوە کوردستان بەجێبهێڵن، بەڵکو لەبەر سەرکوتکردنمان بووە."
لەبارەی خۆپێشاندان و ناڕەزاییەکانی کورد لە وڵاتانی جیهان دژی هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان، ئینجیر باسی لەوە کرد، "لەو 42 ساڵەی ژیانم دا یەکەمجارە ئەو یەکێتییەی نێو کورد دەبینم. ئەوە زۆر زۆر گرنگە کە پیشاندرا کورد 4 پارچە نین، بەڵکو یەکن. لە باکوورەوە تاوەکو باشوور و رۆژهەڵات و رۆژئاوا هەموومان پێکەوە لەسەرپێین بۆ مافەکانمان."
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: خانم ئەڤین ئینجیر، دەزانم کورمانجییەکەت باشە..
ئەڤین ئینجیر: زۆر سوپاس..
رووداو: بەڵام بەڵێنمان داوە هەڤپەڤینەکەمان لەسەر مژارە سیاسییەکان بە ئینگلیزی بکەین، بەڵام پێش ئەوە، ڤیدیۆیەکی تۆ لەم رۆژانەدا زۆر بڵاوبووەتەوە. لەنێو پەرلەمان جلوبەرگی جوانی کوردیت لەبەرکردووە، کە گوڵی زۆر جوانیشی پێوەن. هەروەها ئاڵای کوردستانیش بەرزدەکەیتەوە. ئەو پەیامەی دەتویست بەوە بیگەیێنیت، بۆ ئەوە بوو کە کورد بتبینن و بزانن پشتیوانییان دەکەیت یان دەتویست ئەورووپی و هاوکارەکانت ئەوە ببینن؟
ئەڤین ئینجیر: راستە، بۆ من بە ئینگلیزی ئاسانتر و روونتر دەتوانم لەسەر هەندێک مژار قسە بکەم. ئەوەی جلوبەرگی کوردیم لەبەرکرد لە دیبەیتەکەی پەرلەمان دا و ئاڵای کوردستانیشم پیشاندا، هەم بۆ کورد بوو و هەم بۆ ئەورووپییەکانیش بوو، چونکە جلوبەرگی کوردی و ئاڵای کوردستان سیمبولی یەکجار زۆر گرنگن. سیمبولی ئەوانەیە کە بندەستییان بینیوە و ساڵەهایە کورد ئازادییان ویستووە. ئەوەی کورد داوایدەکەن هەمان ئەو مافانەیە کە هەموو خەڵکی دیکە هەیانە. دەبێت مافی مرۆڤ بۆ کوردیش قبووڵ بکرێت. کاتێک تەماشای هەر چوار پارچەی کوردستان دەکەیت، لە باشوور ئێستا دۆخی کورد باشە، بەڵام لە رۆژهەڵات و رۆژئاوا و باکوور دۆخەکە یەکجار زۆر خراپە. زۆرتر لە 30 ملیۆن کورد ئێستا بندەستن. ئەمەش نابێت قبووڵ بکرێت. ئەگەر خەڵکی دیکە وایانلێهاتبا، لە دنیادا دەکەوتنە سەرپێیان و دەیانگوت: بەسە، ئیدی بەسە.
رووداو: دیاسپۆرای کوردیت بینی لەمڕۆژانەدا چۆن پشتیوانییان لە رۆژئاوا کرد؟
ئەڤین ئینجیر: بەڵێ، بینیم، راستە.
رووداو: تۆ ساڵانی زۆرە پەرلەمانتاری ئەورووپای، قەت ئەو پشتیوانییە گەورە کوردییەت دیتوە کە لەنێو دیاسپۆرای کوردیدا بۆ تەنگانەیەکی سەر کوردستان دروست ببێت؟
ئەڤین ئینجیر: لەو 42 ساڵەی ژیانم دا یەکەمجارە ئەو یەکێتییەی نێو کورد دەبینم. ئەوە زۆر زۆر گرنگە کە پیشاندرا کورد 4 پارچە نین، بەڵکو یەکن. لە باکوورەوە تاوەکو باشوور و رۆژهەڵات و رۆژئاوا هەموومان پێکەوە لەسەرپێین بۆ مافەکانمان.
رووداو: با باسی ئاگربەست لە رۆژئاوای کوردستان بکەین. رای تۆ لەسەر ئەوەی ئێستا هەیە چییە؟ پێتوایە ئەو ئاگربەستە بەردەوام بێت؟
ئەڤین ئینجیر: ئاگربەست بۆ ئەوە گرنگە تا دڵنیابین خەڵکی مەدەنی ناکوژرێن، بەڵام ئاگربەست ئەوکاتە گرنگە کە هەموو لایەنەکان و بەتایبەتیش رژێم (حکومەتی سووریا) رێز لە رێککەوتن بگرێت. ئەوەی کە دەڵێن، گونجاندن هەبێت، تەواوە و زۆر رێزمان هەیە؛ بەڵام ئاگربەست و گونجاندن وەکو ئەوە گرنگن کە دەبێت کورد مافەکانیان هەبن. ئەوەی ئەو رژێمە وەک بەڵێن داویەتیە کورد، شتی گەورە نییە. ئەوان بەڵێنی پێدانی مافە هەرە سەرەتاییەکان دەدەن. کەچی ئەمەش پێویستی بە دانوستاندن بوو بۆئەوەی بڵێن، ئێمە رێز لەو مافانەی کورد دەگرین. دەیخەینە نێو دەستووریش کە کورد مافی ئەوەیان هەیە زمانی خۆیان بەکاربهێنن. پێموایە دەبووایە ئەو جۆرە مافانە دەمێک بووایە هەبان و شتی ئاسایی بان. هیوادارم ئەوان رێز لە ئاگربەست بگرن، بەڵام زۆر گرنگیشە کە کاردانەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر ئەمە چی دەبێت. لێرەش یەکێتیی ئەورووپا و پەرلەمانی ئەورووپا رۆڵیان لەمەدا هەیە.
رووداو: کەواتە هەر هیواداری و هێشتا دڵنیایی پێویست نییە؟
ئەڤین ئینجیر: بێگومان دڵنیایی پێویست نییە، چونکە پێشتریش رێککەوتن هەبوون و رژێمی دیمەشق رێزی لێ نەگرتوون. یەکێک پێشتر لە مانگی یەکی ئەم ساڵ کرا. یەکێک ساڵی 2024 کرا. مێژوو دەڵێت، هیچ شتێکیان لەکاتی خۆیدا نەکردووە و بە کردەوە هیچ پیشان نەدراوە.
رووداو: ئەمریکا و فەرەنسا گەرەنتیکاری سیاسیی ئاگربەستەکە و قۆناخی راگوزەر و ئەوەشن کە پێی دەڵێن، گونجاندن. هەروەها ئەم هەفتەیە لە ئەمریکا گەنگەشە کرا لەسەر رۆژئاوای کوردستان. لێرەش ئێوە لە پەرلەمان دەنگ لەسەر بڕیارێک دەدەن. تەنانەت دوای ئەمانەش، هەر دەڵێی هێشتا دڵنیایی نییە؟
ئەڤین ئینجیر: بۆ من ئەوکات دڵنیایی هەیە کە بیبینم رێککەوتنەکە بە کردەوە رێزی لێگیراوە. ئەگەر ببینم لە دەستووردا نووسراوە زمانی کوردی زمانی دانپێدانراوی وڵاتەکەیە، کە کولتووری کوردی دانی پێدانراوە؛ ئەوکات دەڵێم، متمانەم بە رژێمی سووریا هەیە. تاوەکو ئەوکاتە دەبێت ئێمە لە یەکێتیی ئەورووپا و هاوپەیمانەکانمان و ئەمریکا گوشار بخەینە سەر رژێمی سووریا، بۆئەوەی رێز لە رێککەوتنەکان بگرن.
رووداو: لەگەڵ هەندێک پەرلەمانتاری دیکەی ئەورووپاش قسەم کردووە. هەروەها دیبەیتەکەشم شۆپاندووە. گوێم لە هەندێک لەو پەرلەمانتارانە بوو دەیانگوت، با چانسێک بدەینە ئەم حکومەتە، واتە حکومەتی نوێی سووریا، بۆئەوەی خۆی بسەلمێنێت و پیشانی بدات ئەوەندەش خراپ نییە کە بیری لێدەکرێتەوە. بۆچی هێندە بە گومانی لە حکومەتی ئێستای سووریا؟
ئەڤین ئینجیر: ئێمە چانسمان داونەتێت. تەنانەت بەوەشەوە کە پێشوازیمان لەو رێککەوتنەی ئێستا کردووە؛ بەڵام مێژوو پیشانیداوین کە نابێت خۆشباوەڕ بین. قەیدی ناکات چانس دەدەین، بەڵام خۆشباوەڕ نابین. دەبێت ئەوەی چانسی دەدەینێ، بە کردەوەکانی پیشانمان بدات کە دەیکات. واتە دەبێت رێککەوتنەکان بکرێنە کردەوە. وەکو گوتم، پێشتریش رێککەوتن هەبوون و رژێم رێزی لێنەگرتوون، چونکە ئەگەر رێزیان لێ گرتبووایە، قەتڵوعامی کورد و پێکهاتەکانی دیکەمان تەنانەت لە چەند هەفتەی رابردوودا نەدەدی. ئەمە رووینەدەدا. بۆیە من پێشوازی لە بڕیاری رێککەوتن دەکەم. هیوادارم ئەمە زۆر بەڕاستی کۆتاییهێنان بێت بە سەرکوتکاری؛ بەڵام ئەوکاتە بڕوایان پێدەکەم کە بە کردەوە بیکەن.
رووداو: تۆ کوردیت و لەم پەرلەمانە و لە دەرەوەش ساڵەهایە داکۆکی لە مافەکانی کورد دەکەیت. دەزانم زۆر جار هەستت کردووە تەنیای لەوەدا. دوای دیبەیتی ئەم هەفتەیە و بڕیاری پەرلەمان لەسەر رۆژئاوا، هەستدەکەیت چیدیکە تەنیا نیت و زۆر هاوڕێمان هەن؟
ئەڤین ئینجیر: من کوردم، سوێدیشم. هەروەها سۆسیال دیموکراتم؛ بەڵام وەکو کوردێک بێگومان ئەو ئەزموون و ئازارەم لەگەڵ خۆم هەڵگرتووە کە زۆربەی کورد لەگەڵ خۆیان هەڵیانگرتووە. ئەزموونی سەرکوتکران. زۆربەمان کە لە وڵاتانی جیاوازی ئەورووپا دەژین، لەبەر ئەوە لەو وڵاتە جیاوازانە ناژین، چونکە دایک و باوکمان رۆژێک لە خەو هەستان و گوتیان با کوردستان جێبهێڵین، بەڵکو لەدەست سەرکوتکاری لە کوردستان دەرچووین، کە هەبووە و ئێستاش بەردەوامە. هەندێکجار هەستم کردووە ئەوە ئاڵنگارییە کە ئەوانەی باکگراوندی کوردییان نییە و رەگی کوردییان نییە، تێیان بگەیەنم کە کێشەی کورد چەند جیددییە. ئەوە دڵتەزێنە کە پێویستە کارەسات لەدوای کارەسات رووبدات تاوەکو تێبگەن. پێموابوو دوای ئەوەی کورد بەهێزیی خۆیان پیشاندا، کاتێک تەنیا خۆی نا، بەڵکو یەکێتیی ئەورووپا و هەموومانی لە جیهاندا بە شەڕ لەدژی داعش پاراست، ئەوکات پێموابوو ئیدی دنیا دەزانێت، دنیا چیدیکە چاوی بەرامبەر کورد داناخات؛ بەڵام من هەڵە بووم. بۆیە ئەمە خەباتێکی بەردەوامە و دەبێت درێژەی پێبدەین. دەبێت تیشک بخەینە سەر دۆخی کوردستان، تاوەکو هەموو بەشەکانی دانیان پێدا دەنرێت.
رووداو: با بگەڕێینەوە بۆ بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان لەنێو پەرلەمان. کاردانەوەی هاوکارەکانت دوای ئەوە چی بوو؟
ئەڤین ئینجیر: کاتێک دەچوومە هۆڵی کۆبوونەوە و جلوبەرگی کوردیم لەبەر بوو، زۆر لە پەرلەمانتاران و خەڵکی دیکەش لێرە کاردانەوەیان هەبوو. دەیانگوت، جلێکی زۆر جوانە. بێگومان منیش بۆم باسدەکردن کە ئەمە جلوبەرگی کوردییە،چونکە زۆر کەس لێرە لە پەرلەمان، هەم ئەندامان و هەم ئەوانی دیکەش، هەرگیز جلوبەرگی کوردییان نەبینیوە. بۆیە پەیامێکی گرنگ بوو بۆئەوەی بڵێم کورد زمانی خۆی و کولتووری خۆی و ئاڵای خۆی هەیە.
رووداو: دوای بڕیارەکەی پەرلەمان، دەبێت کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی پەرلەمان چی دیکە بکات؟
ئەڤین ئینجیر: دەبێت وا بکەین هەر وڵاتێکی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا و کۆمیسیۆنی ئەورووپاش هەر سەنتێک کە دەینێرێت بۆ حکومەتی راگوزەری سووریا، دەبێت مەرجدار بێت. دەبێت بگوترێت، بۆیان هەیە ئەو پارەیە چۆن خەرج بکەن. ئەگەر ئەوەیان نەکرد، دەبێت یەکسەر پارەکەیان لێ بسەندرێتەوە. ئەمە لەڕووی پشتیوانیی داراییەوە. هەروەها دەبێت ئێمە پشتیوانی لە کورد بکەین لە هەرێمی رۆژئاوای کوردستان. بەتایبەتییش کە ئێستا قەیرانێکی مرۆیی هەیە. ئەوە تەنیا لە کۆبانێ نییە، کە هێشتاش لەژێر گەمارۆدایە.
رووداو: ئەوەی وادەکات پەرۆشی هەبێت، بۆ نموونە لە سوێد، کە ئێستا وڵاتی یەکەمی تۆیە، ئێوە ساڵەها بوو زۆر پشتیوانیی ئەزموونی رۆژئاوای کوردستانتان دەکرد، بەڵام دوای مەسەلەی ئەندامبوونتان لە ناتۆ، هەموو شتێک گۆڕدرا. سوێد بووە سوێدێکی زۆر جیاواز بۆ رۆژئاوای کوردستان. زۆر کوردی دیکەش وەکو من پەرۆشن کە رەنگە لەپڕ لێرەش فۆکەس بگۆڕدرێت و چیدیکە کورد پشتیان نەگیرێت. تۆش نیگەرانیت بۆ ئەمە؟
ئەڤین ئینجیر: خۆ نەرویجیش ئەندامی ناتۆیە، بەڵام وڵاتێکی پێشکەوتنخوازە و رۆڵی سەرکردانەی هەیە لە رێزگرتن لە یاسای نێودەوڵەتی، بە مافەکانی کوردیشەوە. وردە وردەش وایلێهاتووە ئەوان رۆڵی سەرکردایەتی لە پشتیوانیی کورد دەگێڕن. بۆیە ئەو مەسەلەیە مەرج نییە پەیوەندیی بە ئەندامێتی لە ناتۆدا هەبێت، بەڵام ئەندامێتی لە ناتۆ نابێت بە هیچ شێوەیەک لەمپەر بێ لەبەردەم هیچ وڵاتێک، بۆئەوەی بۆ مافەکانی هەر گەلێک دەنگیان بەرزبکەنەوە و ببیسترێت. بە گەلی کوردیشەوە. هەروەها ئێمە ئەندامی یەکێتیی ئەورووپاین. ئێرەش پلاتفۆرمێکە بۆ بەرزکردنەوەی دەنگمان بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی کورد. پێموایە یەکێتیی ئەورووپاش ئەوە ناکات کە پێویستە بیکات. بۆیە مەسەلە ئەوە نییە کە لە ناتۆی یان لە یەکێتیی ئەورووپا، بەڵکو ئەوەیە کە چەندە ئەو مژارە بە گرنگ دەزاندرێت.
رووداو: کەواتە تۆش پێتوایە دەکرێ لە ئاییندەدا گرنگیی مژاری کورد بگۆڕدرێت و دیسان کورد لەبیر بکرێتەوە؟
ئەڤین ئینجیر: گرنگیپێدان دەکرێت بۆ هەر مژارێک یان هەر گەلێک بگۆڕدرێت، بەڵام ئەرکی ئێمە وەکو پەرلەمانتاران ئەوەیە، بەردەوام بین لەسەر فۆکەس خستنە سەر کورد. تاوەکو ئەو رۆژەی هەموو کورد دەتوانن لە سایەی ئاشتی و ئازادی و بە سەربڵندی و دیموکراسییانە بژین.
رووداو: کەواتە پێتوایە پشتیوانییەکی بەردەوام لەنێو پەرلەمانی ئەورووپا بۆ دۆزی کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەمێنێت؟
ئەڤین ئینجیر: بڕیارەکەی پەرلەمان خاڵی زۆر گرنگی تێدان. یەکێکیان پشتیوانییە لە خۆبەڕێوەبەریی رۆژئاوا، یەکێکی دیکە مەرجدارکردنی هاوکارییەکانە، هەروەها گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکانە، زۆر خاڵی دیکەشی تێدان کە من و زۆر کوردی دیکە و رێکخراوەکانی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ داوایان دەکرد.
رووداو: مەرجدارکردن قسەی جوانە، لەسەر کاخەزێکە و یاسایەکە، بەڵام چ میکانیزمێک هەیە بۆ چاودێریکردنی ئەوەی لەوێ روودەدات؟
ئەڤین ئینجیر: مەرجدارکردن هەر قسەی جوان نییە، بەڵکو ئەوەشە کە ئێمە هیچ پارەیەکی هاووڵاتییە باجدەرەکانمان لەوەدا خەرج ناکەین کە رژێمێک بەهێز بکەین لە دژی یەکێکی دیکە. ئەگەر ئێمە پارەیەکی زۆر بدەینە دەوڵەتێک یان حکومەتێک یان هەر رۆڵگێڕێکی دیکە، دوای ئەوەش ئاگامان لێنەبێت کە ئەو پارەیە چۆن بەکاردێت، یان بەکاربێت بۆ بەهێزکردنی خۆیان، لە کاتێکدا خەڵکی دیکە دەچەوسێننەوە، ئەوە بەو مانایەیە ئێمە بە شێوەی ئۆتۆماتیکی بەشداری دەکەین لە چەوساندنەوەدا. بۆیە مەرجدارکردن گرنگە، چونکە پێیان دەڵێیت ئێمە یارمەتیت دەدەین، بەڵام ئەو شتانەمان دەوێت. بەڵام جگە لەو مەرجدارکردنە، ئێمەی ئەورووپی پێویستە بە شێوەی راستەوخۆش یارمەتیدەری کورد بدەین.
رووداو: ئەگەر پەیامێک بنێریت بۆ گەنجانی کورد، یەکەمجار بۆ کچان و دوای ئەوە بۆ کوڕانمان، دەتەوێت چییان پێ بڵێی؟
ئەڤین ئینجیر: دەڵێم ئێوە ئازان. بەردەوام بن لە رابوون. بزانن دەنگی ئێوە لەنێو ئەم پەرلەمانەدا دەبیسترێت. ئەوانەیش کە رەتیبکەنەوە بیبیستن، ئێمە کە دەیبیستین و هەموو هاوکارانی دیکەم کە دەیبیستن، وادەکەین دەنگ بداتەوە. تاوەکو ئەوکاتەی هەموو ئەندامێکی پەرلەمانی ئەورووپا و ئەودیوی ئەورووپاش دەیبیستن.