راوێژکارێکی پێشووی دۆناڵد ترەمپ: لە جەنگی دژە تیرۆردا خوێنی کورد و ئەمریکییەکان تێکەڵی یەکدی بوون

رووداو دیجیتاڵ

راوێژکارێکی پێشووی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند، کورد و ئەمریکا مێژوویەکی پڕ لە شکۆیان هەیە. لە جەنگی دژە تیرۆردا خوێنی کورد و ئەمریکییەکان تێکەڵی یەکدی بوون. گەلی ئەمریکاش پشتیوانی کوردە. 
 
رۆژی شەممە 12ـی تەممووزی 2025، وەلید فارس، راوێژکاری پێشووی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، میوانی بوڵتەنی کاژێر 19:00ـی رووداو بوو. لەگەڵ دڵبخوین دارا، گفتوگۆیان لەبارەی گوتەکانی نێردەی سەرۆکی ئەمریکا لە سووریا و هەڵسەنگاندنیان بۆ چەندین پرسی پەیوەندیدار بە کورد کرد. 
 
راوێژکارەکەی سەرۆکی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، "مێژوویەکی درێژ لەنێوان گەلی ئەمریکا و پێکهاتەکانی سووریادا هەیە. گرنگترین پێکهاتەیان، کە هاوبەشییەکی مێژووییمان لەگەڵیدا هەیە لە پرسی دژی تیرۆردا ئەویش کوردە. لە جەنگی دژە تیرۆردا خوێنی ئەمریکی تێکەڵ بە خوێنی کوردی بووە."
 
وەلید فارس رایگەیاند، "ژمارەیەکی زۆری ئەمریکییەکان نایانەوێت هێزەکانی هەسەدە چەک دابنێن و تێکەڵی سوپای سووریا بن." ئەوەشی خستەڕوو گەلی ئەمریکا هەمیشە پشتیوانی لە کورد کردووە. 
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ وەلید فارس، راوێژکاری پێشووی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا
 
رووداو: ئایا ئەمریکا بریاریداوە هەسەدە چەک دابنێت و بچێتە ناو سوپای سووریاوە، واتە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بریارێکی لەو شێوەیەی دەرکردووە؟
 
وەلید فارس: "با لێرە لە واشنتۆن، لە روانگەی چاودێرییەوە، کەمێک شیکردنەوە بۆ رووداوەکان بکەین، چونکە ناوچەکە پرسیار دەکات، هاوپەیمانانی ئەمریکاش پرسیار دەکەن، و دژبەرەکانی ئەمریکاش پرسیار دەکەن، کە چی روودەدات؟ سیاسەتی ئێستای ئەمریکا چییە؟ ئەگەر ئەم سیاسەتە کە لە ژمارەیەک بریار پێکدێت، بخەینە بەرچاو، دەبینین کە بریاری یەکەم ئەوە بوو، کاتێک سەرۆک ترەمپ سەردانی کەنداوی کرد، و لە شانشینی عەرەبیی سعودیە پێشوازی لە سەرۆکی دەسەڵاتی ئێستا کرد، ئەمە دانپێدانانێک بوو بە دۆخی دیفاکتۆ، کە دەسەڵاتی ئێستای دیمەشق، دوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد، ئەو بریارە پەیوەست بوو بە دۆخی دیفاکتۆوە، چونکە نە هەڵبژاردن هەبوو، نە ریفراندۆم، بەڵکو تەنیا بیانووی ئەمە ئەوە بوو کە دەسەڵاتێکی دیفاکتۆیە و پێویستە پابەندی یاسای نێودەوڵەتی بێت. سەرۆک ترەمپ ستایشی ئەو هیوایانەی خۆی کرد، کە ئەم دەسەڵاتە وەڵامدانەوەی بۆ یاسا نێودەوڵەتییەکان هەبێت، ئینجا مامەڵەی لەگەڵدا دەکات. ئەمە یەکەم. دووەم، دواتر ئەو سزایانە هەڵگیران کە ئەم ئیدارەیە و ئیدارەکانی دیکە خستبوویانە سەر دەوڵەتی سووریا، واتە لەسەر رژێمی پێشووی سووریا. ئەم سزایانە دوای کانوونی یەکەم دانەنران، بەڵکو چەندین ساڵ بوو هەبوون. ئەم سزایانە هەڵگیران بۆ ئەوەی رێگە بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمریکییەکان و ئیدارە و رەنگە بە کۆمپانیا تایبەتەکانیشی بدرێت، تاوەکو مامەڵە لەگەڵ دۆخی ئێستای سووریادا بکەن، ئەمە بەو مانایە نەبوو کە پرۆژەیەکی دارێژراوی ئەمریکی هەبێت سەبارەت بە رژێمی داهاتووی سووریا، هەروەها سەبارەت بەوەی چ بژاردەیەکی گەورە هەیە. تاوەکو ئێستا دۆخەکە بەم شێوەیەیە."
 
رووداو: هەڵوێستی خەڵکی ئەمریکا چییە، سەبارەت بە داواکارییەکەی تۆم باراک بۆ ئەوەی هەسەدە چەک دابنێت و بچێتە ناو دەسەڵاتدارێتی سووریاوە؟
 
وەلید فارس: "با زۆر روون بین، مێژوویەکی درێژ هەیە لەنێوان گەلی ئەمریکا و پێکهاتەکانی سووریادا، و گرنگترین پێکهاتەیان، کە هاوبەشییەکی مێژووییمان لەگەڵیدا هەیە لە دژی تیرۆر، و خوێنی ئەمریکی تێکەڵ بە خوێنی کوردی و گرووپ و لایەنەکانی دیکە بوو، گەلی کوردە. هەر خێزانێک کە منداڵەکانیان لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان کاریان کردووە، ئەم دۆخە باش دەزانن، بۆیە ئەستەمە ئەم مێژووە لە شەو و رۆژێکدا بگۆردرێت، سەرەرای ئەوەی کە هاورێیان هەن و رای گشتیی بەرفراوانیش لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەیە، کە پشتگیریی هەسەدە دەکات. نەک تەنیا پشتگیری هەسەدە، بەڵکو پشتگیریی هەموو دۆستانی ئەمریکا و ئازادی و دیموکراسی دەکات لە رووبەرووبوونەوەی هێزە جیهادییەکاندا، و ئەمەش سیاسەتێکی جێگیرە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەتایبەتی دژی داعش. کەواتە، ئەگەر ئەم بابەتە لە ناوخۆی ئەمریکادا بخرێتەروو، کە ئایا ئێوە پشتگیریی چەکدانانی هەسەدە دەکەن، پێش ئەوەی دڵنیا بین کە مەترسییەکی جیهادی یان تیرۆر لەسەر ئەم ناوچانە نەماوە؟ پێموایە ژمارەیەکی زۆری ئەمریکییەکان ئەمەیان ناوێت، مەگەر بۆیان بسەلمێنرێت کە رژێمێکی فرەرەنگ و سەقامگیر هەیە و هەمووان لەخۆبگرێت، و ئەمەش شتێکە کە هێشتا لای رای گشتیی ئەمریکا یەکلایی نەبووەتەوە. هەروەها دەڵێم، بەشێک لە رای گشتیی ئەمریکا هەیە، چ رەوەندەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست بن، چ رەوەندی جوو، و گرنگتر لەوانە، تایفە گەورەکەی مەسیحییەکان کە ترسیان لەسەر کەمینەکان هەیە. هەموو ئەم را گشتییە، هەسەدە بە هاوپەیمان و هاوبەشی خۆی دەبینێت. ئەگەر گۆرانکاری هەبێت بۆ ئەوەی لە دەوڵەتێکی نوێی سووریادا رووبدات، ئەوکاتە سەیری ئەم بابەتە دەکرێت، بەڵام من ئەم گفتوگۆیەم نەبیستووە، نە لە راگەیاندنەکان و نە لە کۆنگرێسیشەوە. کەواتە پێویستە گفتوگۆیەکی گەورەی ئەمریکی هەبێت، پێش ئەوەی بوترێت ئەمریکا ئەم پرۆژەیە یان ئەو پرۆژەیەی هەڵبژاردووە."
 
رووداو: ئەگەر هێزەکانی سوپای سووریا هەرەشەیان لە هەسەدە کرد یان هێرشیان کردە سەریان، هەڵوێستی هێزەکانی ئەمریکا و رای گشتیی ئەمریکا بەرامبەر ئەو هێرشانەی حکومەتی سووریا و سوپای سووریا چی دەبێت؟
 
وەلید فارس: "هێزەکانی ئەمریکا، بێگومان، فەرمان لە ئیدارەکەیان و لە سەرۆکی وڵات، سەرۆک ترەمپ، وەردەگرن. لە کۆتاییدا، سەرۆک بریار دەدات و ئەو کەسەش رادەسپێرێت کە بیەوێت، لە نوێنەران، لە وەزارەتی دەرەوە، لە باڵیۆزەکان، لە فەرماندەیی سێنتکۆم، سەرۆک ئەم بریارە دەدات و هەمووان جێبەجێی دەکەن، نەک تیمێک جیاواز لە تیمێکی تر. تا ئێستا، تا ئەم ساتە، سێنتکۆم و هێزەکانی ئەمریکا و وەزارەتی بەرگری کە ئەمساڵ، پشتیوانییەکی گەورەیان بۆ هێزەکانی هەسەدە تەرخان کرد، تا ئێستا ئەوان هەسەدە بە هاوپەیمانی خۆیان دەزانن. من نابینم هیچ هاوپەیمانییەک لەگەڵ هیچ لایەنێکی تری سەربازیدا کرابێت، تەنانەت لەگەڵ رژێمیشدا، سەرەرای ئەوەی کرانەوەیەکی سیاسی بەرامبەری هەیە. کەواتە، ئەگەر شتێکی وا رووبدات، بەبێ گەڕانەوە بۆ واشنتن، بەبێ گەرانەوە بۆ تیمی سەرۆک ترەمپ، بێگومان، هێزەکانی ئەمریکا بەرگری لەو شوێنە دەکەن کە لێی نیشتەجێن، ئەویش ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدەیە. بەڵام ئەگەر میکانیزمێکی تر دروست بوو، و سەرۆک خۆی وتی، دەبێت هەموو میلیشیاکان لە سووریا خۆیان هەڵبوەشێننەوە و یەکبگرن، ئەوە قسەیەکی ترە، بەڵام ئەم قسەیە هێشتا دەرنەچووە، ئێمە لێرە لە واشنتۆن نەمابیستووە، تەنها لە رێگەی ئەو دەزگا راگەیاندنانەوە دەیبیستین کە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و هەندێک بەرپرسەوە دێن، بەڵام لەسەر ئاستی نیشتمانیی ئەمریکا نەمابیستووە."
 
رووداو: هۆکار چییە ئەمریکا سیستمی فیدراڵی قبوڵ ناکات، بۆ نموونە، تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا بە ئاشکرا گوتی، فیدراڵی بۆ سووریا نابێت، و گونجاو نییە، واتە دژی فیدراڵییە. ئەو قبوڵی ناکات کورد لە سووریا ببێتە خاوەنی سیستمێکی فیدراڵی، سەرەرای ئەوەی لە عێراقدا، تۆ دەزانیت، نەک تەنها لە عێراق، بەڵکو لە زۆر وڵاتی تریشدا، سیستمی فیدراڵی هەیە و زیانی نە بە کورد گەیاند و نە بە عێراقییەکانیش؟ بۆچی ئەمریکییەکان دژی فیدراڵین؟
 
وەلید فارس: "بێگومان، من وەک هاوڵاتییەکی ئەمریکی، وەڵامی باڵیۆزی وڵاتەکەم لە وڵاتێکی دیکەدا نادەمەوە. شوێنێک بۆ پرسیار و وەڵام هەیە، ناوی کۆنگرێسی ئەمریکییە، و ئەو هەر باڵیۆزێک، هەر بەرپرسێک بانگهێشت دەکات و پرسیاری لێ دەکات، و وەڵامیش دەبێت، و شارەزاش دەبن، و بۆچوونیش دەبێت، بەڵام ئەمە هێشتا رووینەداوە. بەڵام لەسەر ئاستی کەسی و ئەکادیمیی خۆم، دەڵێم، بۆچی مەحاڵە فیدراڵی لە سووریادا هەبێت؟! ئێوەش نموونەیەکی نزیکتان هێنایەوە، لەسەر سنوورە، لە عێراق. دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر چین؟ ئایا ئەوانە فیدراڵین، یان نامەرکەزین؟ من لەوە زیاتر دەڵێم، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتگیریی -بۆ نموونە- کۆسۆڤۆی کرد، پشتگیریی بۆسنەی کرد، پشتگیریی تیمۆری رۆژهەڵاتی کرد، پشتگیریی باشووری سودانی کرد، کەواتە سیاسەتێکی ئەمریکی و لێهاتوویییەکی یاسایی ئەمریکی هەیە، کە قبوڵی دەکات هەندێک گرووپ هەبن، داوای مافی چارەی خۆنووسین بکەن، و بۆ ئەوەی دوور نەرۆم، دەڵێم، سیستمی ئەمریکا فیدراڵییە، کەواتە چی بیانوویەک، چی هۆکارێک هەیە کە مەحاڵ بێت لە سووریادا هەبێت. ئەگەر شوێنێک لە رۆژهەڵاتی ناوەراست هەبێت، کە فیدراڵی پێویست و گرنگە، و بەپێی دۆخەکە گونجاو بێت، سووریایە، عێراقە، لوبنانە، سودان و هەندێک ناوچەی دیکەن. سەختە فیدراڵی لە هەندێک دەوڵەتدا دابنرێت، کە لە رووی دیمۆگرافییەوە تێکەڵ بن، چونکە ئەمە زۆر زەحمەتە. بەڵام لە هەندێک دەوڵەتی وەک سویسرا، بەلجیکا و کەنەدا، فیدراڵی تاکە چارەسەرە. کەواتە ئەمە پێویستی بەوەیە گفتوگۆیەکی ئەکادیمیی واقیعی و هاوسەنگ هەبێت، نەک لێدوانی ئاگرین سەبارەت بەم بابەتە."
 
رووداو: ئەمریکییەکان چۆن تەماشای کورد و مافەکانی کورد لە سووریا دەکەن؟
 
وەلید فارس: "بێگومان، چەندین جۆری هەیە، لە هەر دەوڵەتێکدا. فیدراڵی قاڵبێک نییە کە لە هەموو شوێنێک پەیرەو بکرێت، وەک قاڵبێکی شوکولاتە یان سەهۆڵ، بەڵکو پلاتفۆرمێکە بۆ لێکتێگەیشتن. ئەوەی لە سیستمی فیدراڵی کە پەیرەو دەکرێت گرنگترە، قبوڵکردنی پرەنسیپی دانپێدانانی یەکدییە. بەو مانایەی کە دەسەڵاتی ناوەندی، بە شێوەیەک لە شێوەکان، دان بە بوونی ئەم گرووپانەدا بنێت. جیاوازییەکان هەرچییەک بن، زمانەوانی بن، ئایینی بن، تایفی بن، نەتەوەیی بن یان هەرێمی بن. ئەم جیاوازییانە، دەکرێت گفتوگۆیان لەسەر بکرێت، چونکە هەندێک ناوچە قوتابخانە و زمانیان دەوێت، و هەندێک ناوچە ناسنامەی ئایینی و مێژووییان بۆ گرنگە، و هەندێک ناوچەی تریش دۆخی ئەمنییان بۆ گرنگە. هەموو ئەمانە، رێککەوتنیان لەسەر دەکرێت، بەڵام ئەو پرەنسیپەی کە ناکرێت لاببرێت، چونکە پەیوەستە بە یاسای نێودەوڵەتییەوە، بەندی دووەم، مافی گەلان لە چارەی خۆنووسیندا، گەلیش دەکرێت لە هەموو ناوچەیەکدا بڵاوبووبنەوە، یان لەناو دەوڵەتێکدا بن، کەواتە گفتوگۆ لەسەر ئەم بنەمایە دەکرێت. سەدان ساڵ لە رۆژئاوا تێپەریوە، ئەم ماددەیە وەک وانە دەوترێتەوە. بۆ نموونە، لە کەنەدا فرانکۆفۆنەکان هەن، و ئەنگلۆفۆنەکانیش هەن، و هەموو دامەزراوەکان هەردوو زمان بەکاردەهێنن. کەواتە رۆژئاوا، فیدراڵیی وەک پێشکەوتووترین شێواز بەکارهێناوە، ئیتر بۆچی ئێمە بە رۆژهەڵات دەڵێین، ناکرێت لای ئێوە جێبەجێ بکرێت؟! ئەمە، تا رادەیەک، جۆرێک لە رەگەزپەرستیی تێدایە، کە گەلانی رۆژهەڵات ناتوانن و گەلانی رۆژئاوا دەتوانن! ئەمە نابێت."
 
رووداو: کوردانی رۆژئاوای کوردستان، کوردانی سووریا، چ گەرەنتییەک دەتوانن لە ئەمریکا وەربگرن، بۆ ئەوەی مافی خۆیان لە سووریا گەرەنتی بکەن، مسۆگەری بکەن و بوونی خۆیان لەوێ بپارێزن؟ تۆ دەزانیت، کورد بە ساڵانە لە هەموو مافەکانی خۆی لەوێ بێبەش کراوە. کورد لە سووریا وەک کورد، قبوڵ نەکراوە، نە لە دەستووردا، نە لەسەر زەوی. ئەمریکییەکان چ گەرەنتییەک دەدەنە کورد؟ لە لایەکەوە ئەمریکییەکان دەڵێن بچنە ناو سوپاوە و بچنە ناو سیستمی سووریاوە. گەرەنتی چییە؟
 
وەلید فارس: "بە بروای من، ئێستا ئەو شتەی کەمە و نییە، ئیرادەیە، ئیرادەیەکی هەرێمی یان ئیرادەیەکی نێودەوڵەتی، یان ئیرادەیەکی هەرێمی-نێودەوڵەتی، کە بە هەموو پێکهاتەکانی ناوخۆی سووریا بڵێت، یان ئێوە لەناو خۆتاندا دەگەنە لێکتێگەیشتن، و وا دیارە تا ئێستا لێکتێگەیشتن لەسەر ئەم بابەتە نەکراوە. هەندێک لایەن هەن، دەسەڵاتی ناوەندی، دەیەوێت دەوڵەتێکی یەکگرتووی خاوەن بیروباوەرێکی دیاریکراو بێت. بەڵام لە دەوڵەتە فرەرەنگەکاندا، ئەمە ناکرێت، ئەمە، بە دەیان ساڵ لە سودان روویدا، و شەری ناوخۆیی دروست بوو، لە ئەنجامدا، مافی چارەی خۆنووسین درا بە باشووری سودان، و بوو بە دەوڵەت. ئێستاش هەردوو دەوڵەت، لە بوارەکانی ئابووری و سیاسیدا، بە شێوەیەکی ئاسایی، مامەڵە لەگەڵ یەکتردا دەکەن. لە چیکۆسلۆڤاکیاش، هەردوو لا گەیشتنە رێککەوتن کە دوو کۆماری جیاواز دابمەزرێنن. لە بەلجیکاش، گەیشتنە رێککەوتن کە یەک کۆمار بن، بەڵام هەرێمی جیاواز. ئەم بابەتە، ناکرێت چارەسەر بکرێت، ئەگەر دەستێوەردانێکی نێودەوڵەتی نەبێت، و یارمەتی بدات و نەسەپێنێت، نەسەپێنێت، بەڵکو یارمەتیی ئەم لایەنانە بدات، بۆ ئەوەی دیالۆگ بکەن. بەلای منەوە، گەرەنتی، لە دەرووندایە، پێش ئەوەی لە دەقەکاندا بێت، یەکەم شت، نیازە، ئەگەر نیاز هەبێت، بە بوونی فرەیی و دانپێدانان بە یەکتردا، رەنگە هەسەدە رۆژێک لە رۆژان، لە رووی سەربازییەوە، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و پاسەوانی نیشتمانی لەو ناوچەیەدا هەبێت، هەروەک چۆن پاسەوانی نیشتمانی لە هەموو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا هەیە. بە هەمان شێوە ناوچەکانی تریش دەتوانن، درووزەکان دەتوانن، عەلەوییەکان، مەسیحییەکان دەتوانن. هەموو پرۆسەکە بریتییە لە نیازی مێژوویی و ستراتیژی لە دەرووندا، پێش ئەوەی لە دەقەکاندا بێت."