رابەر سدیق: باری دارایی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2017 باشتر دەبێ

رووداو- هەولێر

پێش ئەوەی پۆستی وەزارەتی دارایی و ئابووری بە "وەكالەت" وەربگرێ‌، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێركاری بوو، ئێستا لە یەك كاتدا هەردوو پۆستەكە بەڕێوەدەبات، بۆیە دەڵێت كەمتر دەرفەتی دەركەوتن و قسەكردنی بۆ میدیا هەیە.

رابەر سدیق، بریكاری وەزارەتی دارایی و ئابووری لە هەرێمی كوردستان، لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ هەفتەنامەی (رووداو) موژدەی خۆش دەداتە فەرمانبەران و مووچەخۆران. ئەو دەڵێت ئەگەر نرخی نەوت بەم شێوەیەی ئێستای بەردەوام بێ لە بەرزبوونەوە، ئەوا پێشبینی دەكات لە دوای نەورۆزی ئەمساڵەوە دەستكاریی سیستمی پاشكەوتكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بكرێ‌. هەروەها دەڵێت كە پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سیستەمێكی نوێ‌ مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان بدات و جیاواز بێ‌ لەو سیستەمەی بەغدا بۆی داناوە.

رابەر سدیق هەر لەم هەڤپەیڤینەدا بڕی ئەو شایستە داراییانەش ئاشكرا دەكات كە لە 2005 تاوەكو 2016 بەغدا بۆ هەرێمی كوردستانی نەناردووە و دەڵێت خۆی لە 70 ترلیۆن دینار دەدات.

رووداو: بەڕێز بریكاری وەزارەتی دارایی بە وەكالەت، بۆچی كەمترین لێدوان و دەركەوتنت لە راگەیاندن هەیە؟

رابەر سدیق: تەقدیری كاری ئێوەی رۆژنامەنووس دەكەم و كارێكی پیرۆزە، بەڵام خۆم باوەڕم وایە زۆربەی كاتەكانم بۆ كاروباری وەزارەت بێت باشترە، نەك بۆ قسەكردن و خۆدەرخستن. چونكە لە حاڵی حازردا بێجگە لە بەرپرسیارێتی بەڕێوەبەرایەتی ژمێركاری، واجبات و ئیلتیزاماتی وەزیریش بەڕێوە دەبەم. ئەم واجیب و ئیلتیزامە كاتی زۆری دەوێت. بە سوپاسەوە بەڕێوەبەرە گشتییەكان و فەرمانبەرانی وەزارەت هاوكارن بۆ ئیدارەكردن و تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە داراییەی تێیكەوتووین. ئێوەش "دەزگاكانی راگەیاندن" ماشاڵڵاتان لێ بێت زۆرن. كەس فریاتان ناكەوێت.

رووداو: دەڵێن هەندێ لە وەزیرەكانی یەكێتی لە ئەدای تۆ رازی نین و دەڵێن  قسەت رەقە، ئەمە راستە؟

رابەر سدیق: كەس بێ كەموكوڕی نییە. ئینسان ناتوانێ هەموو كەس لە خۆی رازی بكات! لەگەڵ ئەوەشدا كاركردن و مامەڵەم لەگەڵ وەزیرەكانی حكومەت لەسەر بنەمای حیزبایەتی و شەخسی نییە، بەڵكو لەسەر بنەمای ئیداری و مالییە. بۆیە مامەڵەم لەگەڵ هەموو وەزیرەكانی حكومەت وەكو یەكە و وەكو یەك تیم مامەڵەیان لەگەڵ دەكەم. چونكە باوەڕم وایە لە كۆتاییدا شكست یان كەموكوڕیی هەر وەزارەتێك، بەرپرسیارێتیەكەی لە ئەستۆی هەموو لایەنە بەشداربووەكانی حكومەتە.

قسەی رەقیشم لەگەڵ هیچ یەكێك لە وەزیرە بەڕێزەكان نەبووە و نییە! بەڵام بە داخەوە ئەم قەیرانە داراییەی كە هەیە وای كردووە رۆژانە دوو وشە زۆر بەكاربهێنم، ئەوانیش " نییە و ناكرێ"یە. ئەمەش بۆ داواكاری و خەرجیی هەموو وەزارەتەكان بووە، نەك وەزیرێك و دووان. بۆ نموونە خەرجكردنی تێچووی پڕۆژەیەك یان خزمەتگوزارییەك ئینجا سەر بە هەر وەزارەتێك بێت وەكو جاران ئاسان نییە. ئەویش بەهۆی نەبوونی توانای دارایی حكومەت. ئەوەش قسەی رەق نییە، بەڵكو حەقیقەتە! ئێمە لە قەیرانێكی گەورەی دارایین و حكومەت ناتوانێ وەكو پێش 2014 مووچە بدات و خزمەتگوزاری پێشكەش بكات.

رووداو: بەبڕوای تۆ بارودۆخی دارایی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2017 باشتر یان خراپتر دەبێ؟

رابەر سدیق: پێشبینی دەكرێت باری دارایی هەرێمی كوردستان لە 2017 باشتر بێت لە 2016. ئەم پێشبینییەش لەسەر بنەمای سێ گریمانەیە، ئەوانیش: یەكەم، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت. ئەگەر نرخی نەوت بەم شێوەیە بەردەوام بێت لە بەرزبوونەوە ئەوا كاریگەری باشی دەبێت لەسەر داهات و باری دارایی هەرێمی كوردستان. دووەم، پێداچوونە و چاكسازی لە هەیكەلی وەزارەتی دارایی و باشتركردنی سیاسەت و بەڕێوەبردنی دارایی هەرێمی كوردستان. سێیەم، كەمبوونەوەی خەرجیی شەڕی داعش و تیرۆر. چونكە ئەم شەڕە بارگرانییەكی گەورەی لەسەر حكومەت دروستكردووە. بۆیە ئەگەر شەڕەكە سووكتر بێت، خەرجی و تێچوونی كەم دەبێتەوە.

دەكرێت ئەو بڕە پارەیەی كە بۆ خەرجیی شەڕ و تیرۆر بەكاردەهێنرێ‌، لە بری ئەوە بۆ خزمەتگوزاری و ئاوەدانی بەكاربهێنرێت. ئەنجام بڕێك پارەی زیاتر دەكەوێتە بازاڕ و كاریگەری لەسەر بازاڕ و كار و كاسبی دەبێ. بۆیە ئەگەر ئەم سێ گریمانەیە بێنەدی، پێشبینی دەكەم لە مانگی ئادار بە دواوە سەرەتاكانی باشبوونی باری داراییمان دەربكەون.

رووداو: ئەگەر باری دارایی حكومەت باش بێت، كاریگەری لەسەر مووچەی فەرمانبەران دەبێت؟

رابەر سدیق: بەڵێ بە دڵنیاییەوە زیادبوونی داهاتی هەرێم كاریگەری دەبێت لەسەر مووچەخۆران. چونكە باشكردنی مووچەی خەڵكی ئامانجی لەپێشینەی حكومەتە. چەندین جار بەڕێز سەرۆكی حكومەت لە كۆبوونەوەی جیا جیا ئاماژەی بەوە داوە هەر كاتێك باری دارایی حكومەت باش بێ، یەكەمجار پێویستە چاومان لە باشكردنی مووچەی خەڵكی بێت. بە باوەڕی من ئەم باشبوونەش لەسەر دوو هەنگاو دەبێ.

هەنگاوی یەكەم، دڵنیابوونە لەوەی حكومەت بتوانێ مووچەی مانگانە لە كاتی خۆیدا بدات. هەنگاوی دووەم كە پێشبینی دەكرێت لە دوای نەورۆز دەست پێبكات، پێداچوونەوە بە سیستەمی پاشەكەوت و زیادكردنی مووچە. چونكە گوزەرانی خەڵكی بە گشتی و مووچەخۆران بە تایبەتی خراپە. بەڵام زیادكردنی هەر بڕە پارەیەك پێویستە بە دیراسە بێت و پێشتر دڵنیابین لەوەی بڕی پارەی پێویست هەیە بۆ خەرجكردنی.

رووداو: بێجگە لە مووچەخۆر، كام لایەنی دیكە سوودمەند دەبێ؟

رابەر سدیق: ئەو كەس و لایەنانەی كە پارە و شایستەی داراییان لەلای حكومەتە. بۆ نموونە كۆمپانیا و بەڵێندەران و بانكەكان.

رووداو: لە بری ئەم هەموو گریمانانە باشتر نییە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵیی عێراق رێكبكەون بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران و بودجە؟

رابەر سدیق: ئەزموونی چەند ساڵەی رابردوو دەریخست حكومەتی عێراق پابەندی رێككەوتن نابێت و ئامادە نییە بودجە بدات. ئەوە حكومەتی عێراقی بوو كە یەكلایەنە لە سەرەتایی ساڵی 2014 بودجەی هەرێمی كوردستانی بڕی. بۆ زانیاریت، حكومەتی عێراق لە ساڵی 2005وە تا ئێستا نزیكەی حەفتا تریلیۆن دینار بەشە بودجەی كوردستانی نەداوە. تەنیا بەشە بودجەی پێشمەرگە كە لەساڵی 2007 ەوە نەدراوە لە 12 تریلیۆن دینار زیاترە.

بۆیە لەبری ئەوەی خەو بە رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی عێراق ببینین بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران، باشترە حكومەتی كوردستان بڕیار لەسەر دانانی سیستەمێكی نوێی مووچەی تایبەت بە كوردستان بدات. پێویستە ئەم سیستەمە بە جۆرێك بێت بگونجێت لەگەڵ بارودۆخی ئابووری و كۆمەڵایەتی خەڵكی هەرێمی كوردستان.

رووداو: بۆچی پێشنیازی پەرلەمانتارانی كوردتان لە پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2017 قبوڵ نەكرد؟

رابەر سدیق: رای حكومەتی هەرێمی كوردستان وایە یاساكە بەشێوەیەكی گشتی لە بەرژەوەندی گەل و حكومەتی كوردستاندا نییە. ئەویش لەبەر ئەم هۆكارە سەرەكییانە: یەكەم، لە شێوازی دانان و داڕشتنی ماددەكانی یاسای بودجەدا، بنەماكانی فیدراڵی و دابەشكردنی دەسەڵاتەكان بەدی ناكرێت و بە پێچەوانەوە مەركەزیبوونی دارایی و كارگێڕیی زۆری پێوە دیارە. دووەم: بەپێی یاساكە حكومەتی كوردستان دەبێ پابەند بێت كە رۆژانە بڕێك نەوت كەمتر نەبێت لە 250 هەزار بەرمیل، لە بیرە نەوتەكانی هەرێمی كوردستان هەناردە بكات. هەروەها رۆژانە بڕێك نەوت كە كەمتر نەبێت لە 300 هەزار بەرمیل نەوتی كەركوك بگوازێتەوە بۆ بەندەری جەیهان.

ماددە یاساییەكان بە جۆرێك نووسراون حكومەتی عێراقی دەتوانێ داوا بكات لە هەرێمی كوردستان نەوتی زیاتر رەوانە بكات، بەڵام بەشە بودجەی هەرێم هیچ زیاد نەكات. لە بەرامبەردا ئەگەر حكومەتی كوردستان رۆژانە یەك بەرمیل، تەنیا یەك بەرمیل كەمتر بنێرێت، ئەوا حكومەتی عێراق دەتوانێ گێچەڵی دارایی و یاسایی بە هەرێمی كوردستان بكات. لەگەڵ ئەوەشدا هیچ بڕە پارەیەك بۆ شایستە داراییەكانی ئەو كۆمپانیا نەوتیانە تەرخان نەكراوە كە لە كوردستان كار دەكەن.

سێیەم: بە پێی یاساكە فرۆشتنی نەوت تەنیا دەبێ لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆی عێراقییەوە بێت.
ئەمە واتای هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو كۆشش و هەنگاوانەی كە حكومەتی كوردستان بڕیویەتی لە بواری بەبازاڕكردن و فرۆشتنی نەوت. چوارەم: بەپێی یاساكە هیچ روون نییە حكومەتی عێراق چەند بڕە پارە دەدات بە هەرێمی كوردستان. چونكە لە بڕگەی دووەم لە ماددەی هەشت لە یاساكە هاتووە كە رێژەی 17%ی خەرجی فیعلی حكومەتی عێراقی دەدرێ بە هەرێمی كوردستان.

دەستەواژەی "خەرجیی فیعلی" وا دەكات بەشی هەرێمی كوردستان نادیار بێت، چونكە لە یاساكەدا روون نەكراوەتەوە چۆن و بە كام میكانیزم خەرجی فیعلی دەستنیشان دەكرێ. ئەسڵەن دەستەواژەی "خەرجیی فیعلی" ئەمساڵ بۆ یاساكە زیاد كراوە و پێشتر نەبووە.

رووداو: كەواتە پێتوایە فێڵ لەو پەرلەمانتارە كوردانە كراوە كە دەنگیان بە یاسای بودجەی 2017 دا؟

رابەر سدیق: بەڵێ بە داخەوە. من وای بۆ دەچم زۆربەی ئەو بەڕێزانە تەركیزیان لەسەر چەند ماددەك بووبێت، بەڵام كاتێك شیكاری دارایی بۆ تەواوی یاساكە دەكەیت، ئەو كاتە دەردەكەوێت كە یاساكە چەند لە دژی بەرژەوەندی ئابووری و دارایی هەرێمی كوردستانە.

رووداو: گوتت حكومەتی عێراق نزیكەی 70 تریلیۆن دیناری كوردستانی نەداوە، بۆچی حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای ئەو بڕە پارانەی نەكردووە لە حكومەتی بەغدا؟

رابەر سدیق: حكومەتی كوردستان بەردەوام لە ساڵی 2007 بەدواوە چەندینجار بە رێگەی نووسراو، كۆبوونەوە یان رۆشتنی وەفد لە ئاستی زۆر باڵا داوای ئەو بڕە پارانەی كردووە. چەند جارێك بەڕێز نێچیرڤان بارزانی كە سەرۆكایەتی بەشێك لەو وەفدانەی كردووە، داوای كردووە حكومەتی فیدراڵی پابەند بێت بە خەرجكردنی ئەو بڕە پارانە. بەڵام هەر جارەی بە بیانوویەك نەدراوە.

پابەندنەبوونی حكومەتی عێراقی بە خەرجكردنی بەشی بودجەی هەرێمی كوردستان دەرخەری ئەو راستییەیە كە شێوازی پەیوەندی ئابووری و بەڕێوەبردنی دارایی نێوان حكومەتی عێراق و هەرێم كوردستان بە ئاسانی ناگەڕێتەوە بۆ پێش 2014. بۆیە پێویستە رێكەوتنێكی نوێ بكرێت بە جۆرێك لە بەرژەوەندی هەردوولا بێت.

رووداو: باسی چاكسازی و پێداچوونەوەت بە سیستەم و بەڕێوەبردنی دارایی هەرێم كرد، ئەمە چۆن دەبێت؟

رابەر سدیق: نزیكەی دوو ساڵ دەبێت وەزارەتی دارایی لەگەڵ تیمێكی راوێژكاری بیانی كار دەكات. ئەم تیمە لە لایەن سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە راسپێراون بۆ دراسەتكردن و خستنەڕووی پێشنیاز بە مەبەستی چاكسازی و پەرەپێدانی سیستەم و بەڕێوەبردنی دارایی هەرێمی كوردستان. پێشنیازەكانی ئەم تیمە چەند لایەنێك لە خۆ دەگرێت. ئەوانیش: هەیكەلیەتی وەزارەت، سیستەمی دارایی و ژمێركاری، باج و كاروباری گومرگی. بەشێوەكی گشتی ئەم پرۆژەیە بۆ كۆنترڵكردن و دووبارە رێكخستنەوەی داهات و خەرجییەكانە و پرۆسەیەكی بەردەوام و درێژخایەن دەبێت.
 
ئەو شایستە داراییانەی حكومەتی عێراق نەیناردووە بۆ كوردستان لە (2005 تاوەكو 2016):

- خەرجی سەروەری: 3 ترلیۆن و 590 ملیار و 222 ملیۆن دینار
- خەرجی فەرمانڕەوایی: 9 ترلیۆن و 203 ملیار و 871 ملیۆن دینار
- خەرجی گەشەپێدانی پارێزگاكان: 3 ترلیۆن و 650 ملیار و 847 ملیۆن دینار
- شایستە داراییەكانی پێشمەرگە: 12 ترلیۆن و 721 ملیار و 754 ملیۆن دینار
- بودجەی ساڵی 2014: 16 ترلیۆن دینار
- بودجەی ساڵی 2015:  12 ترلیۆن و 341 ملیار دینار
- بودجەی ساڵی 2016: 12 ترلیۆن و 570 ملیار دینار
- كۆی گشتی: 70 ترلیۆن و 77 ملیار و 694 ملیۆن دینار