فوئاد حوسێن: پارتی و یەکێتی لەسەر بەربژێری پۆستی سەرۆککۆماری عێراق رێکنەکەوتوون

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت، پێویستە کورد بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، بە یەکگرتوویی بچێتە بەغدا. ئاماژە بەوەش دەکات، هۆکاری گواستنەوەی زیندانییانی داعش لە سووریا و رۆژئاوای کوردستانەوە بۆ بەغدا ''ترس لە هەڵاتنیان'' بوو.
 
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا کە ئاڵا شاڵی، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ رووماڵی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لەگەڵی ئەنجامی داوە، تیشکی خستە سەر کۆمەڵێک پرسی تایبەت بە هەرێمی کوردستان، عێراق، سووریا و ناوچەکە.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا فوئاد حوسێن ئاماژەی بە مەترسیی بەهێزبوونەوەی داعش کرد و رایگەیاند، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی گواستنەوەی زیندانییانی داعش بۆ عێراق کە پێشتر لە زیندانەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـدا بوون، ''ترس لە هەڵاتنیان'' و دروستکردنی هەڕەشە بۆ سەر عێراق بووە.
 
بە گوتەی وەزیری دەرەوەی عێراق، تاوەکو ئێستا پێنج هەزار و 714 زیندانیی داعشی گوێزراونەتەوە عێراق کە 470ـیان هاووڵاتیی عێراقین و ئەوانەی دیکە بیانین.
 
فوئاد حوسێن ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵ وڵاتان لەسەر هێڵن، بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی خۆیان کە پێشتر چەکداری داعش بوون وەریانبگرنەوە، ''بەڵام ئەمە پڕۆسەیەکی دوورودرێژە و ئاسان نییە.''
 
''لەگەڵ یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆککۆماری رێکنەکەوتووین''
 
وەزیری دەرەوەی عێراق کە هاوکات بەربژێری پۆستی سەرۆککۆماریی پارتی دیموکراتی کوردستانە، باسی لە کۆبوونەوەی رۆژی 11ی ئەم مانگەی نێوان سەرۆک بارزانی و بافڵ تاڵەبانی کرد و گوتی، ''لەو دانیشتنەدا باسی پۆستی سەرۆککۆمار نەکراوە و تاوەکو ئێستاش لەسەر یەک بەربژێری هاوبەش رێکنەکەوتووین.''
 
فوئاد حوسێن لەبارەی ئەگەری کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار لە هەفتەی داهاتوودا دەڵێت، ''باشتر وایە کۆببنەوە، ئەگەر بگەینە رێککەوتن باشترە. ئەگەر نەگەینە رێککەوتن واتای ئەوەیە لە بەغدا بە رکابەری دەچینە نێو هۆڵی پەرلەمان و ئەوە بۆ دۆزی کورد باش نییە. ئێمە هەرچەندە یەکگرتوو بین، ئەوەندە هێزمان لە بەغدا زیاتر دەبێت.''
 
19 بەربژێر کێبڕکێ دەکەن بۆ بوونە سەرۆککۆمار. دیارترینیان فوئاد حوسێن، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان و نزار ئامێدی، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن.
 
دەقی هەڤپەیڤینی ئاڵا شاڵی لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق:
 
رووداو: دکتۆر سڵاوت لێبێت و بەخێربێیت بۆ میونشن.
 
فوئاد حوسێن: سڵاو، زۆر سوپاس.
 
رووداو: دکتۆر، با لێرەوە دەستپێبکەین. پەیامی عێراق چییە بۆ وڵاتانی جیهان لە میونشنەوە؟
 
فوئاد حوسێن: بێگومان ئێمە لە کۆبوونەوەکان پەیامی ئەوەمان هەیە کە عێراق سەقامگیرە، بەڵام دۆخی ناوچەکە لە مەترسیدایە. ئینجا عێراقیش بەشێکە لە ناوچەکە و هیوادارین هیچ ئاگرێک نەگاتە عێراق چونکە وەک گوتم، دۆخی ناوچەکە لە مەترسیدایە.
 
رووداو: مەبەستتان بە تایبەتی سووریا و ئێرانە؟
 
فوئاد حوسێن: دۆخەکە روونە، دراوسێکانی عێراق.
 
رووداو: مەترسی داعش لە سووریا هەیە. ئەمە مەترسی نییە بۆ عێراق؟
 
فوئاد حوسێن: بەڵێ مەترسییە، چونکە ئێمە ئەزموونمان هەیە لەگەڵ داعش. داعش رێکخراوێکی زۆر بچووک بوو کە هێرشی کردە سەر موسڵ لە حوزەیرانی 2014، بەڵام کۆنترۆڵی کرد بە زووترین کات، واتای ئەوەیە بیرۆکەی داعش، ئایدیۆلۆژیای داعش ریشەی هەیە لە کۆمەڵگەی ئێمە. ئینجا داعش تەنیا لەبەر ئەوە مەترسی نییە کە گرووپێکی چەکدارە، بەڵکو مەترسییە چونکە ئایدیۆلۆژیای هەیە و لە سووریا ئێستا چالاکیی داعشی هەیە، بە راستی.
 
رووداو: بۆیە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت تاوەکو ئێستا پێنج جار هەوڵی تیرۆرکردنی ئەحمەد شەرع دراوە، بەڵام وڵاتانی جیهان زۆر لایان گرنگ نییە کە ئێستا داعش بەهێز بووەتەوە، بۆچی؟
 
فوئاد حوسێن: من نازانم وڵاتانی جیهان، ئەو وڵاتانەی ئێمە لەگەڵیان قسە دەکەین، بۆیان زۆر گرنگە و یەکێک لە هۆکارەکان کە ئێمە ئەو داعشانەی لە زیندانەکان بوون لە ژێر دەستی هەسەدە، ئێمە هێنامانن بۆ عێراق، چونکە ترسمان ئەوە بوو هەڵبێن و زۆربەی هەرە زۆریان کادری پێشەوەی داعشن و سەرکردەکانی تیرۆریستەکانن، ئێستا لە زیندانن لە عێراق.
 
رووداو: وڵاتانی جیهان نەیانویست ئەو داعشانە وەربگرنەوە، ئێستا نزیکەی پێنج هەزار و 700 داعش هێنراون بۆ عێراق؟
 
فوئاد حوسێن: پێنج هەزار و 714 داعشی.
 
رووداو: ئێستا پێتان وایە وڵاتانی جیهان ئەو داعشانە وەربگرنەوە لە عێراق؟
 
فوئاد حوسێن: ئێمە دەستمان بە لێکۆڵینەوە کردووە لەگەڵیان، چونکە دۆسیەیان هەیە بەڵام دۆسیەکە لە لای هێزەکانی (هەسەدە)ـیە و لەوێ دادگاییش کراون، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە دان بەو دادگەیەدا نانرێ لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، چونکە دەوڵەت نییە. ئێستا جارێکی دیکە ئێمە دەمانەوێت زانیاری کۆبکەینەوە لەسەریان و بێگومان لێکۆڵینەوە لەگەڵیان دەکرێ. زۆربەی هەرە زۆریان خەڵکی وڵاتانی دیکەن، نزیکەی 470 کەسیان عێراقین و ئەوانەی دیکە بیانین. ئینجا دەستمان کردووە بە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دیکە بە تایبەتی عەرەبەکان و موسڵمان، واتە وڵاتانی ئیسلامی و هەندێکیان بەڵێنیان داوە کە ئەوانەی ناسنامەی ئەو وڵاتانەیان هەیە بگوازرێنەوە، لەگەڵ روژئاواییەکانیش دەستم پێکردووە و بزانین چۆن دەڕوات، بەڵام ئەمە پڕۆسەیەکی دوورودرێژە و ئاسان نییە.
 
رووداو: جەنابت لە میونشن بێگومان چەندین کۆبوونەوەتان ئەنجام داوە، باسی ئەو مەترسییانەتان کرد کە ئێستا لە ناوچەکە هەن؟
 
فوئاد حوسێن: بەڵێ. بەشێک لە باسەکان پەیوەندییان هەیە بە داعش و چالاکیی داعش، بەڵام بەشێک لە باسەکان پەیوەندییان هەیە بە عێراق خۆی و پەیوەندیی عێراق لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە دەمانبینین، واتە زۆربەی کەسان کە بینیمن لە وڵاتانی روژئاوایی و وڵاتانی کەنداو بوون، ئینجا باسی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانمان و دۆخی ناوچەکەمان کرد.
 
رووداو: خەڵکی کوردستان داوا لە عێراق دەکەن خەڵکی کوردستانی سووریا بپارێزێ. ئێوە چۆن توانیتان ئەو داوایە بگەیێننە دیمەشق؟
 
فوئاد حوسێن: گرنگ ئەوەیە ئێمە لە پەیوەندیداین لەگەڵ دیمەشق، واتە پەیوەندیی دیپلۆماسیمان هەیە و پەیوەندیی ئەمنیشمان هەیە و لەم پڕۆسەیەدا هەڵوێستی عێراق روون بووە و پشتگیرییەکی زۆرمان کرد لەو دیالۆگ و گفتوگۆیەی کە هەبوو لەنێوان هەسەدە و سەرکردەکانی هەسەدە، مەزڵووم عەبدی و ئەوانە لەگەڵ حکومەتی سووریا، و پێموایە سبەی من ئەوان دەبینم، مەوعیدم هەیە لەگەڵیان و پشتگیری لەو پڕۆسەیە دەکەین ئێمە.
 
رووداو: با بێینە سەر عێراق، پێتوایە دوای ئەوەی کە ترەمپ وەڵامی رووداوی دایەوە، ئێستا هەڵوێستی بەرامبەر بە مالیکی گۆڕدرابێت؟
 
فوئاد حوسێن: وەڵا نازانم. ئەو وەڵامەی رووداو بێگومان شتێکی گەورە بوو کە رووداو کردی، بەڵام وەڵامەکە لێکدانەوەی جۆراوجۆری بۆ دەکرێ. ئینجا پێویستە ئێمە لە رێگەی کەناڵی دیپلۆماسی ئەو وەڵامە وەربگرینەوە، واتاکەی چییە، چونکە لێکدانەوەی ئەو وەڵامەی کە داویەتەوە بە رووداو جۆراوجۆرە.
 
رووداو:  ئومێد هەیە کە هەڵوێستی بگۆڕێت؟
 
فوئاد حوسێن: نازانم، من ناتوانم باسی ئەوە بکەم، بەڵام ئێمە لە پەیوەندیداین لەگەڵ ئەمریکییەکان و باسی ئەم مەسەلەیە زۆر دەکرێت.
 
رووداو: دەمەوێت پرسیارێکت لێبکەم، هیوادارم بتوانیت پێم بڵێیت، کەی سەرۆککۆماری عێراق هەڵدەبژێردرێت؟
 
فوئاد حوسێن: سەرۆککۆمار وا بزانم ئەگەر پرسی سەرۆکوەزیران چارەسەر بێت، چونکە سەرۆککۆمار بە دوو شێوە چارەسەر دەبێت؛ یان رێککەوتن دەکەین وەک یەکێتی و پارتی، کە رێککەوتنمان کرد واتاکەی ئەوەیە لەسەر بنەمای ئەو رێککەوتنە ئەو کەسەی کە هەڵدەبژێردرێت بەربژێر دەکرێت و دەنگی پێدەدرێت. ئەگەر رێککەوتنیش نەکەین واتای ئەوەیە رکابەری دەبێت و دەچینە نێو پەرلەمان و پەرلەمان دیاری دەکات کێ دەبێتە سەرۆککۆمار. ئینجا هیوادارم؛ نازانم لە کاتی رەمەزان بێت یان دوای رەمەزان، بەڵام هەر پێویستە چونکە حکومەت دروست نابێت. ئەگەر سەرۆککۆمار هەڵنەبژێردرێت، واتای ئەوەیە سەرۆکوەزیران دەستنیشان ناکرێت و ئەوەیە حکومەت دروست نابێت. دۆخەکەش ئاڵۆزە لە ناوچەکە و لە عێراق پێویستە بە زووترین کات حکوومەت پێکبهێنرێت.
 
رووداو: دەتوانم بپرسم ئایا پارتی و یەکێتی لەسەر یەک بەربژێر رێککەوتوون بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق؟
 
فوئاد حوسێن: نەخێر. ئەم هەواڵانە نازانم لە کوێ بڵاو بوونەتەوە، وا بزانم یەکەم جاریش لە رووداو بڵاو بووەتەوە بەداخەوە.
 
رووداو: رووداو هەمووکات هەواڵی دروست دەگەیێنێت.
 
فوئاد حوسێن: نا ئەو هەواڵە راست نەبوو، چونکە لەو دانیشتنەدا باسی هەر سەرۆککۆمار نەکرابوو، هیچ؛ هیچ باسی سەرۆککۆمار نەکرابوو، باسی پرسێک کرابوو پەیوەندی هەیە بە هاوکاریی حیزبەکان، واتە پارتی و یەکێتی و دوور نییە حیزبەکانی دیکەش. ئینجا هەندێک وایان بڵاو کردەوە رێککەوتنی نهێنی هەیە و نازانم [رێککەوتنی] ئاشکرا هەیە، بەڵام هیچ بنەمایەکی نییە، راستی بڵێم تا ئێستا ئەو باسە نەکراوە و رێککەوتنیش نییە لەو نێوانەدا.
 
رووداو: هەفتەی داهاتوو پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە؟
 
فوئاد حوسێن: نازانم، هیوادارم کۆببنەوە، چونکە بە راستی گرنگە بگەینە ئەنجامێک، ئەگەر بگەینە رێککەوتن باشترە. ئەگەر نەگەینە رێککەوتن واتای ئەوەیە ئێمە لە بەغدا بە رکابەری دەچینە نێو هۆڵی پەرلەمان و ئەوە بۆ دۆزی کورد باش نییە، ئێمە هەر چەندێک یەک بین، ئەوەندە باشترە و هێزمان زیاتر دەبێت لە بەغدا.
 
رووداو: ئێوە لەسەر چوارچێوەی هاوئاهەنگی وەستاون یان ئەوان لەسەر ئێوە وەستاون بۆ کۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمان؟
 
فوئاد حوسێن: نا سەیر بکە، زۆربەی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق شیعەن. ئەگەر بیانەوێ زۆرینەن و دەتوانن کۆببنەوە، بەڵام کۆبوونەوەیەک بێت پێویستە لانیکەم 220 کەس ئامادە بن. 220 کەس ئامادە بن چونکە ئەوە لە رووی یاساوە بۆ پرسی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار پێویستە. کێشەکە من ناڵێم لای ئەوانە، بەڵام کێشە هەیە لای ئەوان. جارێ ئەو کەسەی هەڵدەبژێردرێ وەک سەرۆککۆمار، پێویستە لە 15 رۆژدا دەستنیشان و تەکلیفی سەرۆکوەزیران بکات، ئینجا من دەڵێم ماوەی 15 رۆژ، هەندێکجار هەر لە هەمان دانیشتن کە سەرۆککۆمار هەڵدەبژێردرێ، سەرۆکوەزیرانیش دەستنیشان دەکرێت. ئێستا ئەو کێشەیە  لەبارەی بەڕێز نووری مالیکی و تویتەکەی سەرۆک ترەمپ. بزانین شیعەکان چۆن چارەسەری دەکەن، چونکە ئەمە کاری هێزە شیعەکانە.
 
رووداو: جەنابت ئامادەیت پۆستی سەرۆککۆماری عێراق وەربگریت؟
 
فوئاد حوسێن: لە چ روویەکەوە ئامادەم؟ ئەگەر مەسەلەی ئەزموون بێت، سوپاس بۆ خودا ئەزموونمان هەیە لە بواری جۆراوجۆر. من جگە لەوەی لە خەباتێکی دوورودرێژمان هەیە لە مەسەلەی ئۆپۆزیسیۆن و سیاسەت، بەڵام لەو روژەی گەڕاوینەتەوە عێراق لە دوای گۆڕینی رژێم لە 2003، لە بەغدا من یەکێک لە سەرپەرشتیارەکان (موشریف) بووم لەسەر وەزارەتی پەروەردە، دواتر لە ئەنجوومەنی حوکم بووم، دواتر سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بووم، بە پلەی وەزیر و لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران بەشدار بووم، دواتر بوومە جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی، دوو جاریشە وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکوەزیرانم. ئەگەر مەسەلەی ریکۆرد بێت واتە بگاتە کاری کەسی، وا بزانم ئامادەییم هەیە، بەڵام ئەوە کاری پەرلەمانتارەکانە بڕیار بدەن کێیان دەوێت وەک سەرۆککۆمار. ئەمە کاری پەرلەمانتارەکانە و هیوادارم یەکێک هەڵبژێرن کە بتوانێت. سەرۆککۆماری کارێکی گەورەیە، یەک باڵی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە، واتە ئەو باڵەی دیکەی ئەنجوومەنی وەزیرانە و ئەمە ئەزموونی دەوێت، شارەزایی دەوێت، پەیوەندی دەوێت، پەیوەندیی ناوخۆیی؛ هەرێمی و دەرەکی. بێگومان ئەمە هەمووی دەکەوێتە خزمەتی خەڵک.
 
رووداو: دوایین پرسیارم لە بەڕێزتان ئەوەیە وەک ئاگادارن دوێنێ مەزڵووم عەبدی و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبوونەوە. عێراق چۆن چاودێری ئەو کۆبوونەوانە دەکات؟ چیتان بیستووە؟ چەندە گرنگە؟
 
فوئاد حوسێن: پێمان خۆشە من سبەی ئەوان دەبینم، چونکە جارێ دەرفەت نەبووە بیانبینم، بەڵام پێمان خۆشە کە رێککەوتنێک لەنێوان حکومەتی سووریا و هەسەدە هەیە، هەروەها پێمان خۆشە وەک یەک شاند هاتوون بۆ میونشن و پێکەوە دیدارەکانیان کرد، بە تایبەتی ئەو دیدارەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا. هیوادارم سەرکەوتوو بن لە کاروباریان، بەڵام پێمان خۆشە چونکە جێگرەوەی ئەوە شەڕ بوو و شەڕ زۆر ترسناک بوو؛ ترسناک بوو بۆ کورد، سووریا خۆی و عێراقیش، چونکە ئەگەر شەڕەکە بەردەوام بووایە کێشەی گەورە دروست دەبوو، یەکێک لەو کێشانە پەیوەندی هەیە بەم زیندانیانەی داعش، یەکێک لەو کێشانە ئەگەر شەڕەکە بەردەوام بووایە، دوور نییە خەڵکێک زۆر بێنە ئەو بەری سنوورەوە و ببنە پەنابەر لە عێراق، بۆیە ئەمە مەترسی بوو.
 
رووداو: دڵنیان کە ئەو رێککەوتنە جێبەجێ دەکرێت لە لایەن حکومەتی سووریاشەوە کە مافی کوردیش لە دەستووردا پارێزراو بێت؟
 
فوئاد حوسێن: بێگومان من ناتوانم بە ناوی ئەوانەوە قسە بکەم، نە بە ناوی مەزڵووم عەبدی و نە بە ناوی حکومەتی سووریا، بەڵام وەک خوێندنەوە و چاودێری، دەبینم ئەمریکییەکان لە نێوانیاندان، ئینجا ئەمریکییەکان دۆستی هەردوو لان، ئەوە گرنگە.
 
رووداو: دکتۆر زۆر سوپاس کە لەگەڵمان بوویت، هیوای ئێوارەیەکی خۆشت بۆ دەخوازم و زۆر سوپاس.
 
فوئاد حوسێن: سوپاس.