حاجی عومەر: عەبدولكەریم قاسم ئەگەر بیویستبایە نەكوژرێ رێگەی دەرچوونی هەبوو
حاجی عومەر عەزیز رەسوڵ، ساڵی 1937 لە مەخموور لەدایكبووە، لە سەردەمی حوكمی مەلیك فەیسەڵی دووەمدا لە ساڵی 1957 دەبێتە سەرباز لە شاری هەولێر، دواتر دەگوازرێتەوە بۆ كەركووك، لەگەڵ رووخانی رژێمی پاشایەتی دەگوازرێتەوە بۆ بەغدا و لەوێ دەبێتە بەرپرسی پاسەوانە تایبەتەكانی عەبدولكەریم قاسم، سەرۆكی ئەوكاتی عێراق. حاجی عومەر تاوەكو كودەتای قەومییەكان بەسەر قاسمدا و كوشتنی لە ساڵی 1963، لەگەڵ قاسم مایەوە. لەدوای كودەتاكەش هەر لە بەغدا دەمێنێتەوە تاوەكو خانەنشین دەكرێ، پاشان دەگەڕێتەوە كوردستان و دەبێتە پێشمەرگە. حاجی عومەر لە بەرنامەی پەنجەمۆردا باسی ژیانی ئەو چەند ساڵەی دەكات كە لەگەڵ عەبدولكەریم قاسمدا بووە.
رووداو: چۆن بوویتە سەرباز؟
حاجی عومەر: من لە ساڵی 1957 بوومە جوندی موكەلەف، ساڵی 1959 گوازرامەوە بۆ كەركووك لە لیوای چواری مەلیك عالی، دواتر گوازرامەوە بۆ بەغدا، لەوێ چەند كەسێكیان هەڵبژارد بۆ ئامریەی ئینزیباتی عەسكەری.
رووداو: ئەوكات لەناو سوپا ئامادەكاری دەكرا بۆ ئینقیلاب، ئێوە ئاگاداری ئەوە بوون؟
حاجی عومەر: هەتا شۆڕشی 14ی تەممووز نەمانزانی چ هەیە، بەڵام كە شۆڕش دەستیپێكرد و نیزامی مەلەكی نەما، ئەوكات عەبدولكەریم قاسم ئامر لیوای 19 بوو، عەبدولسەلام عارف ئامر لیوای 20 بوو، فەرمانیان پێكرابوو بچن بۆ شەڕی فەڵەستین، بەڵام ئەوان لە جیاتی ئەوە بەسەر كۆشكی زهور و ریحابیاندا دا و نیزامی مەلەكییان رووخاند. عێراق سەرۆك كۆماری بۆ دانەنرا، عەبدولكەریم قاسم سەرۆكوەزیران بوو. فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان و وەزیری بەرگری بوو بە وەكالەت. ئەوكات ئەنجوومەنی سیادە هەبوو كە سەرۆكەكەی نەجیب ئەلڕوبەیعی بوو.
رووداو: تۆ چۆن دەستنیشان كرایت ببی بە پاسەوانی تایبەتی عەبدولكەریم قاسم؟
حاجی عومەر: چەند كەسێك دیاری كران كە بڕوانامەیان هەبوو، وریا بوون و قەد و باڵایان رێك بوو. یەكێك لەوانە من بووم. ئێمەیان بۆ فەسیلی تەحەڕیات دیاری كرد، ئەو فەسیلە ئەركیان زۆر بوو، لە شوێنە هەستیارەكان دادەنران. كەنعان خەلیل حەداد كە ئامر فەسیل بوو، بانگی كردین، گوتی ئێوە دەبنە پاسەوانی عەبدولكەریم قاسم، بەشداری خولێكی كورتیان پێكردین. من كرام بە بەرپرسی پاسەوانە تایبەتەكانی عەبدولكەریم قاسم. لەوێ هۆڵێك هەبوو، كاتێك عەبدولكەریم قاسم دەردەچوو، گڵۆپێكی سوور دادەگیرسا. ئەوكات عەبدولكەریم قاسم بە ئۆتۆمبێلێكی جۆری كادیلاك دەردەچوو، ئێمەش بە ئۆتۆمبێلێكی مارسیدس دوای دەكەوتین و پاسەوانیمان دەكرد. كە دەگەڕایەوە من جیهازم دەكرد و پرسگەم ئاگادار دەكردەوە و دەمگوت: "بە پشتیوانی خودا شێر گەڕایەوە لانەكەی و خوا ئاگاداری بێت".
رووداو: راستە دەڵێن عەبدولكەریم قاسم كرێچی بووە؟
حاجی عومەر: بەڵێ راستە كرێچی بوو، كرێی خانووەكەی 30 دینار بوو. ماڵەكەشی لە شەقامی سەعدوون بوو. خانووەكە هی كابرایەكی مەسیحی بوو. لە ماڵەوە یەك پاسەوانی هەبوو، ناوی جاسم بوو، خەڵكی خۆران یان قەڵاسنجی خۆشناوەتی بوو، ئەویش كورد بوو. سەگێكی پۆلیسیشی لە ماڵەكەدا هەبوو.
رووداو: عەبدولكەریم قاسم ژنی نەبوو؟
حاجی عومەر: نەخێر ژنی نەهێنابوو، ژوورێكی هەبوو بە تەنیا بوو، من یەكجار ژوورەكەیم بینی، قەرەوێڵەیەكی تێدابوو، پێداویستییەكانی خۆی لە ژوورەكەدا بوون. بەڵام كەم لە ماڵەكەی دەنووست، زۆرتر لە وەزارەتی بەرگری دەمایەوە. عەبدولكەریم قاسم بە شەو دەگەڕا. دەچووە شارەكان، پارێزگاكان، لیواكان. شەوێكیان مانگەشەو بوو بەرێكەوت رێگەی حیللەی گرتەبەر. لەوێ چووە پێش دەرگای بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس. كەسی لێنەبوو، یەك پاسەوانی لێبوو ئەویش حەسەنی ئەحمەدی مام قادر بوو، خەڵكی مەخموور بوو. گوتم حەسەن ئەوە زەعیمە هاتووە، كێ لێرەیە؟ ئەویش گوتی وەڵڵا كەس لێرە نییە. پاشان مودیری شورتە و جێگری پارێزگار هاتن، زەعیم قسەی لەگەڵ كردن. دواتر هاتە دەرەوە چووە ناو بازاڕی سەوزەفرۆشان، بازاڕەكە زۆر پیس بوو. هەر بەو شەوە بڕیاری دەركرد بەرپرسی ناوچەكە لابدرێ. عەبدولكەریم قاسم زۆر حەزی دەكرد، موعاناتی خەڵك لە دەمی خۆیانەوە ببیستێ. هەر ئەو شەوە گەڕایەوە بەغدا، دەوروبەری بەیانی بوو، لایدا مەدینەی سەورە، نانەواخانەیەك كرابووەوە، چووە بەردەم نانەواخانەكە وێنەیەكی خۆی بینی بە دارێكەوە هەڵواسرابوو، عەبدولكەریم قاسم نانێكی هەڵگرت و گوتی كوڕم وێنەكە گەورەیە، بەڵام نانەكەت بچووكە.
رووداو: عەبدولكەریم قاسم پەیوەندی لەگەڵ كێ خۆش بوو؟
حاجی عومەر: ئەوەندەی من لەگەڵیدا بووم زۆرتر سەردانی ئیسماعیل عارفی دەكرد كە كورد بوو، وەزیری مەعاریف بوو. هەروەها لەگەڵ عەبدولكەریم جدە و رەشید حەداد پەیوەندی خۆش بوو.
رووداو: كەسوكاری نزیك لە خۆی هەبوو كە دایمەزراندبێ یان پلەی باڵای دابێتێ؟
حاجی عومەر: نەخێر. برایەكی هەبوو ناوی حامد بوو ماڵی لە كەرخ بوو، تەنیا كەسێكی خەڵكی سوێرە لەلای بوو كە شوێنی لەدایكبوونی عەبدولكەریم قاسمە. بەیانییەك چوو بۆ سوێرە. خانوویەكی گەورەیان هەبوو لەوێ، خانووەكەی خۆی كردە قوتابخانە. خەڵكی ناوچەكە دەوریان لێدا، ویستمان دووریانبخەینەوە، بەڵام زەعیم گوتی وازیان لێبێنن.
رووداو: عەبدولكەریم قاسم قەت سەردانی كوردستانی كرد؟
حاجی عومەر: بەڵێ، سەردانی كەركووكی كرد، من لەگەڵی نەبووم، بەڵام كە سەردانی خانەقینی كرد لەگەڵی بووم. سەردانی دەربەندیخانی كرد، بەڵام واجبی من نەبوو، لەگەڵی نەبووم. رۆژێكیان سواری ئۆتۆمبێل بوو لە شتێك دەگەڕا هاتە مەدینەی سەورە. خەڵك لێی كۆبوونەوە، ئۆتۆمبێلەكەی ناچار دەبوو بە هێواشی بڕوات، من دەبووایە دەرگاكەی بگرم و نەهێڵم خەڵك بیكاتەوە. كابرایەكی بە تەمەن هات دەیویست دەرگای لای عەبدولكەریم قاسم بكاتەوە. منیش گەنج بووم و بە قوەت بووم، بۆكسێك و پیلاقەیەكم لێدا و پاڵێكم پێوەنا. عەبدولكەریم قاسم گوتی تۆ 15 رۆژ لە زیندان دەبی. كە گەڕاینەوە چوومە لای ئامرەكەم كە عەبدولكەریم جددە بوو. گوتم سەیدی من سزای 15 رۆژ بەندكردنم بۆ دەرچووە. كە بەسەرهاتەكەم بۆ گێڕایەوە پێكەنی و گوتی تۆ حەبس بە، بەس مەچووە زیندان.
رووداو: لەگەڵ هونەر بەینی چۆن بوو؟
حاجی عومەر: ئەگەر فێستیڤاڵێك یان دەعوەت بكرابایە زیاتر نازم غەزالی دەهێنا. هەیفا حوسێن، مائیدە نەزهەت و ئەوانەی دەهێنا گۆرانی بڵێن.
رووداو: زیاتر حەزی لە دەنگی كام گۆرانیبێژ بوو؟
حاجی عومەر: دەنگی نازم غەزالی زۆر پێخۆشبوو.
رووداو: ئەی لەگەڵ قسەی خۆش و نوكتە چۆن بوو؟
حاجی عومەر: عەبدولكەریم قاسم زۆر سەنگین بوو، ئەگەر پێشكەنیبووایە بە دەنگی بەرز پێنەدەكەنی.
رووداو: كوردی دەزانی؟ دەڵێن دایكی كوردی فەیلی بووە؟
حاجی عومەر: كوردییەكەی بەو شێوەیە نەبوو، تێكەڵی دەكرد، بەڵام من دایك و باوكیم نەبینیوە. نەمزانیوە دایكی كورد بووبێ.
رووداو: ئەی ئەو كوردییە لە كوێ فێربووبوو؟
حاجی عومەر: پێشتر ئامر لیوا بووە لە جەلەولا، زۆر لەو ناوچەیە ماوەتەوە. بۆیە كوردییەكەشی هەر وەكو كوردیی ناوچەی جەلەولا و باقووبە بوو. كوردی تێدەگەیشت، بەڵام بە عەرەبی وەڵامی دەدایەوە.
رووداو: تۆ قەت كاری وەرگێڕانت بۆ كردووە؟
حاجی عومەر: بەڵێ بۆم كردووە.
رووداو: عەبدولكەریم قاسم كە دەچووە دەرەوە زۆرتر كێی لەگەڵ بوو، بۆ نموونە وەزیرەكانی لەگەڵ بوو؟
حاجی عومەر: نەخێر زۆربەی كات بە تەنیا دەچووە دەرەوە، تەنانەت هەندێكجار سكرتێرەكەشی لەگەڵ خۆی نەدەبرد.
رووداو: ئەی مووچەی مانگانەی چەند بوو؟
حاجی عومەر: نازانم بڵێم چەند بوو، بەڵام رۆژێكیان سەلال كە شوفێری بوو، 600 دیناری هێنا وردی كردەوە. عەبدولكەریم قاسم سەری مانگ كە مووچەی وەردەگرت، بە جلی سەربازی یان مەدەنی دەگەڕا. لەسەر لێوی پردی شوهەدا و جمهوری و ئەحرار خەڵكی فەقیر دانیشتبوون، دەهاتە خوارێ دوو دینار و سێ دیناری دەدانێ، پاشان 35 دیناری دەدامێ، 15 دینارم بۆ خۆم هەڵدەگرت و ئەوی دیكەشم دەدایە دوو پاسەوانەكە.
رووداو: لە ماڵەوە خواردنیان بۆ دروست دەكرد یان خواردنیان بۆ دەهێنا؟
حاجی عومەر: وەزارەتی بەرگری كافتریای هەبوو، نانیان بۆ دروست دەكرد. زۆرجار لەوێ نانمان دەخوارد، لە ماڵەكەی خۆیشی نانیان بۆ دەهێنا، خوشكێكی هەبوو ناوی نەشوە بوو نانی بۆ دەهێنا، یان لە ماڵی حامدی برای نانی بۆ دەهات. نەشوە زیاتر شۆربای نیسكی بۆ دەنارد. بەیانیان حەزی لە شۆربای نیسك بوو.
رووداو: متمانەی بە دەوروبەرەكەی هەبوو، یان گومانی لێدەكردن؟
حاجی عومەر: دەوروبەرەكەی زۆر بۆی دڵسۆز بوون. كۆمەڵێك ئەفسەر هەبوون لێی نزیكبوون، زۆر لەگەڵ ئەوان دەردەچوو، بە تایبەتی لەگەڵ عەبدولكەریم جدە.
رووداو: بەڵام دەڵێن لەگەڵ هاوڕێكانی باش بووە، تەنانەت عەبدولسەلام عارف كە هەوڵی دەدا بیكوژێ؟
حاجی عومەر: شەوێكیان عەبدولكەریم قاسم دەرچوو، چووە قەناتی جەیش، پاشان شۆڕبووەوە بۆ سەربازگەی رەشید، گەیشتە زیندانی ژمارە یەك، لەوێ هاتە خوارێ. منیش بۆ لای پاسەوانی زیندانەكە چووم، گوتم زەعیم هات. دەرگای زیندانەكەیان كردەوە، عەبدولسەلام عارف دانیشتبوو، عەبدولكەریم قاسم چووە ژوورێ، تەوقەی لەگەڵ كرد. سواری ئۆتۆمبێلەكەی خۆی كرد، نزیكەی سەعاتێك لە نێو بەغدا سووڕانەوە.
رووداو: ئەوان بۆچی دژایەتی عەبدولكەریم قاسمیان دەكرد؟
حاجی عومەر: ئەوە سیاسەتە، ئەوكات جیاوازی لە نێوان شیعە و سوننە نەبوو، بەڵام قەومییەكان بەردەوام هەوڵی جیاوازییان دەدا و دەیانویست سوننەكان دیار بن. عەبدولكەریمیش شیعە بوو.
رووداو: بەڵام دەگوترێ عەبدولكەریم قاسم ئەوكاتەی لە دەسەڵات بوو خەڵكێكی زۆری شیعەی هێناوەتە بەغدا؟
حاجی عومەر: مەدینەی سەورە، مەدینە شوعلە و مەدینە زهور، ئەوانە شیعەنشین بوون. من زۆرجار بە جلی مەدەنی لە ناوچە سوننەنشینەكان دەگەڕام گوێم لەو ململانێیەی نێوان شیعە و سوننەكان دەبوو.
رووداو: عەبدولكەریم قاسم باش خۆی دەپاراست؟
حاجی عومەر: نەخێر، ئەگەر خۆی پاراستبا ژمارەیەكی زۆر پاسەوانی بۆ خۆی و ماڵەكەی دادەنا. عەبدولكەریم قاسم لە ماڵەوە تەنیا دوو پاسەوانی هەبوو، ئەوانیش بە نۆرە دەوامیان دەكرد.
رووداو: عەبدولكەریم قاسم، عەبدولسەلام عارفی لە زیندان هێنایە دەرەوە و سێ رۆژ لە ماڵەكەی خۆی داینا، تۆ بەدیارییەوە بووی، بۆچی؟
حاجی عومەر: ئێمە واجبی جۆراوجۆرمان هەبوو. جاری وا هەبوو وەكو بەندكراوێك دەچووینە ناو زیندانەكان، یان لەگەڵ كەسێك زیندانیان دەكردین بزانین تێڕوانینیان چییە.
رووداو: ئێوەیان زیاتر بەسەر كێوە دەكردە چاودێر؟
حاجی عومەر: بۆ نموونە كە خۆپیشاندانێك دەكرا، یان لە چایخانەیەك كۆبوونەوەی زۆر دەكرا.
رووداو: ساڵی 1959 سەدام و هاوڕێكانی هەوڵی كوشتنی عەبدولكەریم قاسمیان دا، ئەمە چۆن بوو، ئەو رۆژە تۆ لەگەڵی بووی؟
حاجی عومەر: نەخێر من ئەو رۆژە لە دەوام نەبووم. عەبدولكەریم قاسم لە شەقامی رەشید بۆ حەیدەرخانە شۆڕ دەبێتەوە، لە نزیك پردی جمهووری تەقەیان لێ كردبوو. سەلام لەو عەمەلیەیە بریندار بوو، عەبدولكەریمیش گوللەیەك بەر شانی كەوت. ئێمە یەكسەر گەڕاینەوە دەوام. ئێمەیان كردە پاسەوان لە ژوور سەری عەبدولكەریم قاسم لە خەستەخانەی كەرامە.
رووداو: لە جەماعەتی عەبدولكەریم قاسم كەس نەكوژرا؟
حاجی عومەر: بەڵێ، شوفێرەكەی كوژرا. ناوی حەبیب بوو، كوردی فەیلی بوو.
رووداو: ئێوە لە نەخۆشخانە لەگەڵی بوون، ئەوكات كێ سەردانی كرد؟
حاجی عومەر: وەڵڵا زۆر كەس سەردانیان كرد
رووداو: مەلا مستەفا سەردانی نەكرد؟
حاجی عومەر: بارزانی لە بەغدا بوو، من لەوێ نەمدیت، بەڵام نازانم سەفارەتی بولگاریا بوو یان هەنگاریا لەوێ دەعوەتێك هەبوو، مەلا مستەفا هات بۆ ئەوێ، ئۆتۆمبێلێكی شینی پێبوو، قاتەكەشی هەر شین بوو. دوو چەكداری لەگەڵدا بوو. هەردووكیان بڕنەویان پێبوو. كە مەلا مستەفا هاتە ژوورێ، عەبدولكەریم قاسم و هاشم جەواد كە وەزیری دەرەوە بوو، لەگەڵ سەفیرەكە بە یەكەوە وەستابوون، عەبدولكەریم قاسم كە ئاوڕی دایەوە مەلا مستەفای بینی، بەڕوویدا پێكەنی و بەپیرییەوە چوو. هاشم و سەفیریش بە پیرییەوە چوون. زۆر بە گەرمی پێشوازی لە بارزانی كرد، چەند جارێكی دیكەش لە وەزارەتی بەرگری بینیومە سەردانی كردووە، زۆر رێزی لە مەلا مستەفا دەگرت.
رووداو: ئەی هەڵوێستی بەرامبەر گەلی كورد چۆن بوو؟
حاجی عومەر: گوێم لە عەبدولكەریم قاسم بووە كە گوتوویەتی كورد لەم وڵاتەدا هاوبەشن.
رووداو: باسی ئەوە دەكرێ، ئێوە ئەو سەردەمە گیرتان بە دەست سەددام حوسێنەوە خواردبوو، ئەوە راستە؟
حاجی عومەر: سەدام مەجالی نەدەدا. جارێك گرتیان، بەڵام بەرەڵڵایان كرد، نازانم بۆچی بەریان دا. رۆژێكیان خۆپیشاندانیان دەكرد، سەدام هوتافی دەدا. سەددام زۆر زیندوو بوو، هەوڵی گرتنی زۆر دەدرا، بەڵام مەجالی نەدەدا.
رووداو: عەبدولكەریم قاسم لەگەڵ ئاین و نوێژ و رۆژوو چۆن بوو؟
حاجی عومەر: من لە دەرەوە زۆر لەگەڵی بووم، بەڵام قەت نەمبینی رۆژێك بچێتە مزگەوتێك یان حوسەینییەیەك نوێژ بكات. نەمدیوە مەشرووب بخاتەوە، بەڵام زۆر حەزی لە شەربەتی تەماتە بوو.
رووداو: ساڵی 1961 شۆڕشی كورد بەرپا دەبێ، لەو بارەیەوە چی دەزانی؟ عەبدولكەریم قاسم ئەو شەڕەی پێخۆشبوو، یان نا؟
حاجی عومەر: لە سكرتێرەكەی گوێم لێبووە كە بۆ تەها شێخ ئەحمەد قسەی دەكرد و گوتی عەبدولكەریم قاسم بەداخەوەیە بۆ جموجۆڵی هەندێك كورد لە باكوور. ئێمە كورد بووین، زۆر كوردی دیكەش لە وەزارەتی بەرگری هەبوون، رۆژێك نەمزانیوە رەخنە لە كوردێك بگرن، یان لە پۆستەكەی لایبدەن.
رووداو: كێ بوون ئەوانەی زیاتر هەوڵی لادانی عەبدولكەریم قاسمیان دەدا؟
حاجی عومەر: جەماعەتی عەبدولسەلام عارف و سەدام حوسێن و ئەحمەد حەسەن بەكر و بەعسییەكان بوون.
رووداو: عەبدولكەریم قاسم رووبەڕوویان دەبووەوە؟
حاجی عومەر: عەبدولكەریم قاسم، سەرۆكوەزیران بوو، وەزیری بەرگری بوو بە وەكالەت، هێزێكی زۆر گەورەی لە نێو وەزارەتی بەرگری هەبوو.
رووداو: ئینقلابچییەكان یەكەمجار دەستیان بەسەر كوێدا گرت؟
حاجی عومەر: عەبدولكەریم قاسم لە ماڵی خۆی بوو، شەو دوای ئەوەی لە چەند ناوچەیەكی بەغدا گەڕا. لە شوێنێك راوەستا بە جیهاز قسەی كرد، پاشان هاتەوە ماڵەكەی. سەعات 7:30 هاتە دەرێ. سواری ئۆتۆمبێلەكەی بوو، ئێمەش بەدوایدا چووین. هەر كە چووە نێو وەزارەت، بە فڕۆكە لە سندووقی ئۆتۆمبێلەكەیان دا. ئامرییەی ئینزیبات تەقەیان لە تەیارەكە كرد، ئاگری گرت و رۆیشت، بەڵام نازانم لە كوێ كەوتە خوارەوە. شەڕەكە بەردەوام بوو، هەتا رۆژی دواتر. دەبابە هاتنە پێش وەزارەتی بەرگری. بەرگرییەكی زۆر كرا، چەندین دەبابە سووتێنران. هەر كەسێك لەناو وەزارەت چەكی پێبوو بەرگری دەكرد. ئەویش لە نێوان ژووری عەبدولكەریم جدە و دەرگای وەزارەت تەماشای دەكرد. دوو رۆژ بەرگری كرا، ئێوارەی سێیەم ویستیان رادیۆیەك دابمەزرێنن عەبدولكەریم قاسم وتارێك بدات، بەڵام نەیانتوانی. ئەوان زوو زوو دەچوونە ژووری عەبدولكەریم جدە كۆدەبوونەوە، پاشان دەهاتنە دەرەوە. ئێوارەی رۆژی سێیەم تەقەكردن نەما. من وا تێگەیشتم ئەوان دانوستاندنێكیان لەگەڵ عەبدولكەریم قاسم كرد بۆ ئەوەی خەڵك زیاتر نەكوژرێ، خۆی تەسلیم بكات و بچێتە ماڵی عەبدولسەلام عارف. لەو كاتییەوە ون بوو، چوونە قاعەی شەعب، كەنعان خەلیل حەداد بە منی گوت كات تەواو بوو، بڕۆن. ئەگەر عەبدولكەریم قاسم بیویستایە بچێتە دەرەوە، یان نەكوژرێ، رێگە هەبوو بچێتە دەرەوە، ئۆتۆمبێل حازر بوو پێی بڕوات، بۆ نەڕۆیشت؟ لەبەر ئەوەی ئەو دانوستاندنە هەبوو. ئەگینا كەسم نەبینی عەبدولكەریم قاسم بگرێ.
رووداو: بەڵام دواتر وێنەی تەرمەكەی بڵاوكرایەوە؟
حاجی عومەر: ئەوەیان نازانم. سیناریۆ بوو دروستیان كرد، یان دوای رێككەوتنەكە كوشتیان، ئەوەیان نازانم. من نەمبینی بەدیل بگیرێ، یان بكوژرێ.