کۆنگرێسمانێکی ئەمریکا:سەرۆک ترەمپ کوردی خۆش دەوێت و دەیەوێت بەردەوام بێت لە بایەخدان بەوان
رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا سووریا لە لووتکەی وەرچەرخانێکی مێژوویی و تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە بۆ بنیاتنانەوەی دواڕۆژی خۆی، تۆڕی میدیایی رووداو هەڤپەیڤینێکی تایبەت و هەمەلایەن لەگەڵ مارڵن ستەتزمان، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا ئەنجام دەدات، ئەم دیدارە لە کاتێکی زۆر هەستیاردا دێت، تێیدا ناوەندەکانی بڕیار لە واشنتن بە وردی چاودێریی جموجووڵەکانی دەسەڵاتی نوێ لە دیمەشق و چارەنووسی پێکهاتە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە دەکەن.
ستەتزمان بە زمانێکی راشکاو و دیپلۆماسییانە، تێڕوانینی خۆی و بەشێکی زۆری ئەندامانی کۆنگرێس سەبارەت بە ستراتیژیی ئیدارەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ بۆ ناوچەکە دەخاتەڕوو، ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە، "کردار مەرجی متمانەیە" و داوا لە سەرۆک شەرع دەکات هەنگاوی کرداری بۆ پاراستنی کەمینەکان بنێت، ستەتزمان وەک دۆستێکی نزیکی کورد، باس لە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان واشنتن و کورد دەکات و پشتگیریی بێباکی خۆی بۆ پڕۆژەیاسای "پاراستنی کورد و کەمینەکان" دەردەبڕێت، کە لەلایەن سیناتۆر لیندزی گراهامەوە پێشنیاز کراوە.
یەکێک لە خاڵە هەرە سەرنجڕاکێش و ستراتیژییەکانی ئەم گفتوگۆیە، پێشنیارەکەی ستەتزمانە بۆ چاکسازیی سیاسی لە سووریا، ئەو داوای پەیڕەوکردنی سیستمێکی فیدراڵی هاوشێوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات، تێیدا کورد، دروز، کریستیان و عەلەوییەکان لە چوارچێوەی "ویلایەتی خۆبەڕێوەبەر"دا مافەکانیان پارێزراو بێت و لە هەمان کاتدا سووریایەکی یەکگرتوو بنیات بنرێتەوە.
جگە لەوەش، ستەتزمان نیگەرانیی قووڵی خۆی لە دەستوەردانەکانی رووسیا و تورکیا ناشارێتەوە و بە پێویستی دەزانێت ئەمریکا نەک هەر نەکشێتەوە، بەڵکو پێگەی سەربازی و بنکەی هەمیشەیی لە سووریا هەبێت بۆ گەرەنتیکردنی ئاشتی و رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش. ئەم هەڤپەیڤینە وەڵامی زۆرێک لەو پرسیارانە دەداتەوە ئایا ئەمریکا کەمینەکان بەجێدەهێڵێت؟ ئایا سزاکان بۆچی لادران؟ و ئایندەی سیاسیی سووریا بەرەو کوێ دەچێت؟ تێڕوانینەکانی ئەم ئەندامەی کۆنگرێس، نەخشەڕێگەیەک نیشان دەدات کە چۆن واشنتن دەیەوێت لە رێگەی "دیپلۆماسییەکی بەهێز" و "پشتگیریی ئابوورییەوە" سیمای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بگۆڕێت.
دەقی هەڤپەیڤینەکەی رووداو و مارڵن ستەتزمان
رووداو: دەکرێت پێمان بڵێیت دوای دانیشتنەکەی کۆنگرێس، چی لە تێڕوانینی تۆ سەبارەت بە دۆخی سووریا و پێکهاتەکان گۆڕاوە؟
مارڵن ستەتزمان: سەرەتا سوپاستان دەکەم بۆ ئەم میواندارییە. خۆشحاڵم بە بینینتان. پێموایە ئەو دانیشتنەی کردمان، زۆر نایاب بوو. شایەتحاڵی زۆر باشمان هەبوون. زانیاریی زۆر باش بە لیژنەکە و ئەندامانی کۆنگرێس درا، بەڵام هێشتا کاری زۆر ماوە بکرێت. وەک لە گوتەکانمدا ئاماژەم پێ کرد، هەڵبەز و دابەزی زۆرمان بینیوە. ساڵی رابردوو رووداوی زۆر روویان دا. پار هێرش کرایە سەر عەلەوییەکان، هێرش کرایە سەر دروزەکان، ئێستاش هێرش کراوەتە سەر کوردەکان و کریستیانەکانیش بەهەمان شێوە. بۆیە کەمینەکانی دیکەش کەوتوونەتە نێو ئەم دۆخەوە. دووپاتی دەکەمەوە، من باشترینم بۆ گەلی سووریا و ناوچەکە دەوێ، بەڵام دەبێت هاوئاهەنگی لەنێوان دیمەشق و کەمینەکانی سەرانسەری وڵاتەکەدا هەبێت. بەڕاستی ئەرکەکە دەکەوێتە ئەستۆی سەرۆک شەرع. من سێ جار لەگەڵی کۆبوومەتەوە و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم، چونکە ئەگەر ئەو سەرکەوتوو بێت، سووریاش سەرکەوتوو دەبێت. بەڵام تاوەکو شەڕ، کوشتار و ناکۆکی هەبێت، دۆخەکە راست نابێتەوە. بەڵام ئێوە دەزانن، سەبارەت بە لووتکەی میونشن کە کۆتایی هەفتەی رابردوو بەڕێوەچوو، جەنەڕاڵ مەزڵووم و شەیبانی پێکەوە چوون بۆ لووتکەکە، هیوادارین ئەمە سەرەتای شتێکی زۆر ئەرێنی بێت. من هێشتا هەندێک حەپەساوم بەو شتانەی لە 45 رۆژی رابردوودا روویاندا و بۆچی هێرش کرایە سەر کورد. بەڵام ئێستا بینیمان جارێکی دیکە ڤیزە و پاسپۆرت بە مەزڵووم دەدرێ و لەگەڵ وەزیری دەرەوە گەشت دەکات. پێموایە ئەمانە هەموویان ئاماژەی ئەرێنین، بەڵام ئەمە جارێ تەنیا سەرەتایە. بەڵام هیوای من ئەوەیە بتوانین باڵیۆزخانەی سووریا بکەینەوە و ئەمەریکا بەڕاستی بە سەنگەوە بچێتە نێو دۆخەکەوە، چونکە دەرفەتی کەم ماوە. هەروەها پێویستە هاوکاریی خەڵکی سووریا بکەین بۆ ئەوەی لە رووی ئابوورییەوە ببووژێنەوە.
رووداو: باشە، شایەتحاڵەکان لە گوتەکانیاندا باسیان لە تاوانی مەترسیدار کرد بەرامبەر پێکهاتەکان. دوای دانیشتنەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران، ئایا ئەمەریکا سیاسەتی خۆی بەرامبەر سووریا دەگۆڕێت یان لەسەر هەمان رێچکە بەردەوام دەبێت؟
مارڵن ستەتزمان: پێموایە ئێوە دەزانن کە ئێمە پێشتریش سەلماندوومانە ئامادەین رووبەڕووی داعش ببینەوە، لەوانەش لە رێگەی ئەو هێرشانەی لە چەند مانگی رابردوودا لەلایەن سوپای خۆمانەوە ئەنجامدران، دوای ئەوەی ژمارەیەک لە پاسەوانانی نیشتمانیمان لە سووریا تەقەیان لێکرا و کوژران؛ هەروەها فەرەنسا و پێموایە ئیتاڵیاش لە چەند هێرشێک بۆ سەر داعش هاوکارییان کردین. هاوپەیمانیی دژی داعش بەهێزە، بەڵام پێموایە هێشتا لەو ئاستەدا نییە کە ئێمە دەمانەوێ. سەبارەت بە رووسیا، دەبێت بەردەوام بین لە گوشارکردن بۆ کردنە دەرەوەی، چونکە ئەوان بەردەوامن لە دروستکردنی ململانێ. دەبێت پەیوەندییەکانمان بنیات بنێین. پەیوەندی لەگەڵ کوردەکان زۆر گرنگە بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە سەرکەوتوو بێت. کورد هەمیشە دۆست و پشتیوانێکی گەورەی ئەمەریکا بووە لە ناوچەکە و دەمەوێت ئەو پەیوەندییە بە بەهێزی بمێنێتەوە. دەزانم سیناتۆر گراهام دەیەوێت ئەو پەیوەندییە لە ئەنجوومەنی پیران بپارێزێت، بۆیە ئەو پەیوەندییە گرنگە، هەروەها پەیوەندی لەگەڵ دروز و عەلەوییەکانیش گرنگە، بەڵام پەیوەندی لەگەڵ دیمەشقیش گرنگە. ئێمە دەمانەوێت سووریایەکی ئارام و خۆشگوزەران ببینین. دەزانم شەرع ئەرکێکی قورسی لەسەرە، بەڵام دەبێت رێگری لە هەر هێرش و کوشتارێکی دیکە بکات، چونکە هەر کاتێک رووداوێکی وا روودەدات، هەنگاوێکە بەرەو دواوە.
رووداو: دوای شەڕەکەی ئەم دواییە، رێککەوتنێک لەنێوان هەسەدە و دیمەشق کرا. ئایا پێتوایە ئەمەریکا گەرەنتیی ئەوە دەکات هەردوولا پابەندی رێککەوتنەکە بن، بە لەبەرچاوگرتنی پێشێلکارییەکانی رابردوو؟ چونکە پێشتر رێککەوتن هەبووە و پێشێل کرا. رای تۆ چییە؟
مارڵن ستەتزمان: سەرەتا، سەرۆک ترەمپ بەهێزترین دیپلۆمات و بەهێزترین دانوستاندنکارە کە ئەمریکا لە سەردەمی رۆناڵد ریگنەوە هەیبووبێت. من دەزانم کە سەرۆک ترەمپ کوردی چەندە خۆش دەوێت و دەیەوێت بەردەوامبێت لە بایەخدان بەو پەیوەندییە، چونکە لە ئیدارەی پێشووی سەرۆکایەتییەکەیدا کاری زۆری لەسەر کرد و ئەمە بۆ ئەو گرنگییەکی زۆری هەیە. پێشموایە ئەو زۆر بە وردی چاودێریی سەرۆک شەرع و حکومەتی دیمەشق دەکات کە بەرەو چ ئاراستەیەک دەڕۆن. ئێوە دەزانن، ئێمە هیوای باشترین دەخوازین، بەڵام کردار شەرتە نەک قسە. هێرشەکانی سەر کورد لە مانگی کانوونی دووەمدا متمانەی ئێمەی کەم کردەوە، بەڵام گەشتکردنی جەنەراڵ مەزڵووم و شەیبانی پێکەوە نیشانەیەکی باشە. بەڵام چی گۆڕاوە؟ پێموایە ئەمە پرسیارەکەمە، کە بۆچی لە ماوەیەکی زۆر کورتدا شەڕ هەبوو و ئیستاش پێکەوە گەشت دەکەن. بۆیە ئەم مانگەی دێت زۆر گرنگە. یەکێکی دیکە لە خاڵە گرنگەکان دۆخی ئابووری و دۆزینەوەی سیستمێکی داراییە کە لە سووریا کاربکات، چونکە بەکارهێنانی سیستمی کاش رێگەخۆشکەرە بۆ گەندەڵیی ئاسان. قەتەر، سعودییەکان و یەکێتیی ئەورووپا هەموویان بەڵێنی هاوکارییان داوە، بەڵام دەبێت دڵنیا بینەوە لەوەی پارەکە لە پرۆژە خزمەتگوزارییەکاندا بەکاردەهێنرێ کە بەڕاستی سوود بە خەڵکی سووریا دەگەیێنن.
رووداو: باست لەوە کرد کە کردار گرنگترە لای تۆ و کردار شەرتە نەک قسە. ئەگەر هەندێک لایەن تاوان بکەن و گوێڕایەڵی دیمەشق نەبن، دەبێت ئەمەریکا چۆن مامەڵەیان لەگەڵ بکات؟
مارڵن ستەتزمان: من بەڵگەی کۆنکرێتیم لەبەردەست نییە کە لە دیمەشقەوە ئەوە پشتڕاست بکاتەوە. ئەگەر دۆخەکە بەو شێوەیە بێت، داوا لە سەرۆک شەرع دەکەم داوای هاوکاری بکات. باوەڕم وایە هاوپەیمانییەک هەیە، هاوپەیمانییەکی رۆژئاوایی هەیە کە ئامادەیە پشتگیریی دیمەشق بکات دژی داعش. ئێمەش ئێستا هەر ئەو کارە دەکەین، بەڵام هەروەها دەکرێت ئەوە دژی ئەو چەکدارە بیانییانە و رەنگە دژی ئەوانەش کە لەنێو حکومەتی دیمەشقدا بکرێت کە بە ویستی خۆیان کاردەکەن. هیوادارم ئەوانە بە فەرمانی کۆشکی سەرۆکایەتی ئەو کارانە نەکەن. لە هەمان کاتدا دەبێت سەرۆک شەرع شەفاف و راستگۆ بێت و بڵێت: "سەیرکەن، ئێمە دۆخەکە کۆنترۆڵ دەکەین" یان دەبێت بڵێت، "ئێمە پێویستمان بە یارمەتیتانە."
رووداو: ئایا ئەو لەم بارەیەوە داوای هیچ هاوکارییەکی لێتان کردووە؟
مارڵن ستەتزمان: لە منی نەکردووە. بەڵام رەنگە لە سەرۆک ترەمپی کردبێت. چەندین جار بیستوومە قسەیان کردووە و گفتوگۆیان کردووە. هەروەها بێگومان گفتوگۆی زۆر لەنێوان باڵیۆز باراک و سەرۆک شەرعدا هەیە. باڵیۆز باراک زۆر کار دەکات بۆ ئەوەی دۆخەکە رێک بخاتەوە، ئەرکێکی قورسی لەسەرە.
رووداو: بەڵێ. ناوی باڵیۆز باراکت هێنا، پرسیارێک لەبارەی ئەوەوە دەکەم. لە نێو کورد، دروز و کەمینەکانی سووریا رەخنەی زۆری لێ دەگیرێ و دەڵێن ئەو نێوەندگیری ناکات بەڵکو فەرمان دەکات. هەڵسەنگاندنی کۆنگرێس بۆ رۆڵی ئەو چییە؟ پێتوایە ئەو تەنیا ئەوە دەکات کە لێی چاوەڕوان دەکرێت یان هەندێ نیگەرانیتان هەیە؟
مارڵن ستەتزمان: دەزانم سەرۆک ترەمپ و باڵیۆز باراک زۆر لێک نزیکن. پێموایە هەموومان هەمان ئامانجمان هەیە: سووریایەکی ئارام و خۆشگوزەرانمان دەوێت، کە بۆ هەموو ناوچەکە باشە. بەڵام دیارە بابەتەکە ئاڵۆزە و داینامیکی جیاوازی تێدایە. ئەوەی من دەیبینم، وادیارە ناکۆکیی نێوخۆیی لەگەڵ حکومەتەکەی سەرۆک شەرع هەیە. پێموایە شەرع واقعیترە و دەیەوێت لایەنەکان لێک نزیک بکاتەوە، بەڵام لە نێوخۆدا وادیارە زۆر ئاڕاستە هەن. بۆیە دەڵێم ئەگەر سەرۆک شەرع پێویستی بە یارمەتییە، با داوا بکات، چونکە سەرۆک ترەمپ دەیەوێت سەرکەوتن لە سووریا بۆ خەڵکی سووریا ببینێت و نامانەوێت لە دیکتاتۆرێک بەناوی ئەسەدەوە بچین بۆ دیکتاتۆرێک بەناوی شەرع. بۆیەش دەڵیم کە پێویستە سەرۆک شەرع شەفاف بێت و لەگەڵ رۆژئاوا و ئەو هاوپەیمانییە کاربکات کە دەیانەوێت کاری لەگەڵ بکەن. کاتێک سزاکانمان هەڵگرتن، ئەوە پەیامێکی گەورە بوو بۆ دیمەشق کە ئێمە دەمانەوێ پێکەوە کاربکەین، رێگەیەک بدۆزینەوە بۆ ئەوەی رێککەوتنێکی بەرگری لەگەڵ کوردەکان بکەین و رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ دروزەکان هەبێت، تا دڵنیا بینەوە لەوەی هێرشکردنە سەر کەمینەکان هیچ بەرپرسیارێتییەکی دیمەشق نابێت.
رووداو: باست لەوە کرد سیناتۆر لیندزی گراهام نیگەرانیی خۆی لەبارەی ئەو شتانە دەربڕیوە کە لە سووریا روودەدەن. ئەو لەگەڵ سیناتۆر بلومێنتاڵ پڕۆژەیاسایەکیان پێشکێش کردووە بە ناوی "پڕۆژەیاسای پاراستنی کورد" کە ئێستا کەمینەکانی دیکەش داوا دەکەن ناویان تێیدا هەبێت. دوای ئەو شتانەی لە چەند مانگی رابردوودا بینیمان، ئایا ئەمە وا لە کۆنگرێس دەکات، لەنێویاندا ئەنجوومەنی نوێنەران، پشتگیریی ئەم یاسایە بکەن؟ واتە نەک تەنیا ئەنجوومەنی پیران، بەڵکو ئەنجوومەنی نوێنەرانیش.
مارڵن ستەتزمان: ئێمە پشتگیری لێ دەکەین. هەروەها ئەمە ئەو زانیارییەیە کە ئێمە لە هەوڵداین لە باڵیۆز باراک و وەزارەتی دەرەوە بەدەستیبێنین. من پشتگیریی هەوڵەکانی سیناتۆر گراهام دەکەم بۆ پاراستنی کورد و هەموو کەمینەکان، مەبەستم کریستیان، عەلەوی و دروز، بەڵام لە پاڵ ئەوە، نیگەرانیی من ئەوەیە کە تورکیا هێشتا دەستوەردان دەکات و دۆخی نێوخۆی سووریا تێکدەدات. ئەوە نیگەرانییەکی گەورەی منە. بۆیە پەیامی من بۆ تورکیا یان هەر کەسێک کە دەیەوێ پڕۆسەی ئاشتییانەی نێو سووریا پەکبخات ئەوەیە کە دەبێت زۆر ئاگادار بن، چونکە ئەمە دەرفەتێکە بۆ مرۆڤایەتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تاوەکو رێگەیەک بدۆزینەوە باشتر بێت لەو رێگەیەی لەژێر دەسەڵاتی رژێمی ئەسەد لە 50 ساڵی رابردوودا هەبوو. دەکرێت 50 ساڵی داهاتوو بۆ بنیاتنانەوەی سووریا بێت، بۆ یەکخستن و پشتیوانیکردنی سووریایەک بێت کە توانای شاراوەی زۆرە. بەڵام ترسی من ئەوەیە تورکەکان وا دۆخەکە تێک دەدەن. دەمەوێ جەخت بکەمەوە سەرۆک شەرع لێرە دۆستی هەیە کە ئامادەن یارمەتی بدەن، بەڵام دەبێت خۆشی یارمەتیدەر بێت.
رووداو: واتە تۆ پشتگیری لە پڕۆژە یاسای پاراستنی کورد دەکەیت؟
مارڵن ستەتزمان: بەڵێ، ئەگەر پێویست بکات. بەڵام من هیوام وابوو ئێمە ئەو قۆناخەمان تێپەڕاندبێت و ئاشتی بەدی بێت. تەنانەت لە مانگی کانوونی یەکەمدا باس لەوە دەکرا جەنەراڵ مەزڵووم بچێتە دیمەشق و رێککەوتنی ئاشتی یان بەرگری واژۆ بکات، بەڵام نەکرا. ئێستا من هیوام بەوە هەیە کە ئەو و شەیبانی پێکەوەن، هیوام هەیە رێگەیەکی نوێ دەست پێبکات و رێککەوتن هەبێت و سەرۆک شەرع وابکات ئەوە رووبدات. دەبێت سەرۆک شەرع سەرنج بخاتە سەر سووریا و رێگە بە تورکیا یان رووسیا نەدات هیچ لەو هەوڵانە تێک بدەن.
رووداو: شارەزایان دەڵێن سیاسەتی ئەمەریکا بەرامبەر سووریا وەک "پۆلیسی باش" بووە بە هەڵگرتنی سزاکان و پێدانی دەرفەت، بەڵام ساڵێک تێپەڕیوە. ئایا دوای دانیشتنەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران، گۆڕانکاری لە هەڵوێستی ئەنجوومەنەکە روودەدات؟
مارڵن ستەتزمان: هیوادارم. وەک پێشتر ئاماژەم پێ کرد، زۆر گرنگە باڵیۆزخانەکەمان لە سووریا بکەینەوە و باڵیۆزێکمان هەبێت کە تەنیا سەرنجی لەسەر سووریا بێت. ئەمە رەخنە نییە لە باڵیۆز باراک، چونکە ئیشەکەی ئەو قورسە و ماندوونەناسانە کاریکردووە بۆ ئەوەی رێگەچارەیەک بدۆزێتەوە. بەڵام پێموایە ئەگەر سەرنجی زیاترمان تەنیا لەسەر سووریا بێت، ئەوە سوود بە دۆخەکە دەگەیێنێت. بەو شێوەیە حکومەتی دیمەشق دەزانێت کە ئێمە لەوێین و چاودێری دۆخەکە دەکەین. نامەوێت بەو پەیامە رووسیا یان لایەنەکانی دیکە وا تێبگەن کە سووریا بۆ ئەوان کراوەیە، چونکە پێموایە، دووبارە، وەک گوتم، ئەو کاتەی کە سووریا لە بەردەستیدایە بۆ ئەوەی ببێتە وڵاتێکی مەیلەو رۆژئاوا، کەمە. ئێستا کاتی ئەوەیە. بۆیەشە گرنگە باڵیۆزخانەکە بکرێتەوە.
رووداو: مەبەستتان ئەوەیە کە باڵیۆزخانە دەکرێتەوە و لە هەمان کاتدا نێردەی تایبەتتان بۆ سووریا دەبێ؛ بەڵام سەرۆک شەرع پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ رووسیا هەیە و ڤیدیۆم بینیوە کە سەردانی مۆسکۆ دەکات و لەوێ ستایشی پووتین و سەربازەکانی دەکات. ئێوە لەم پەیوەندییانە نیگەران نین؟
مارڵن ستەتزمان: بەڵێ، بێگومان. بۆیەشە پێموایە گرنگە ئێمە رێگەیەک بدۆزینەوە بۆ هاوکارییکردن چ لە بواری ئابووریدا بێت، یان لە سیستمی بانکی، یان کەرتی وزە و کانزاکان و کشتوکاڵ. ئاگادارم کە هەندێ لە بانکە ئەمریکییەکان پەیوەندییان پێوە کراوە. بەڵام نیگەرانیی ئەمنی هەن. هەروەها دەرفەتی کانزا دەرهێنان، وزە و دەرفەتی کشتوکاڵیش هەن. هەروەها بیستوومانە کە هەوڵدراوە ڤاکسین بنێردرێتە سووریا، بەڵام رێگری لە گەیشتنی ڤاکسین کراوە. دەبێت شتێک بکرێت و رۆژانە کەسێک چاودێریی ئەمە بکات. پێویستە لە هەمان کاتدا دوو کار یان زیاتر پێکەوە بکەین، واتە دەبێت دڵنیابینەوە لەوەی خەڵکی سووریا دەرفەتی ئابوورییان هەیە و سیستمی ئابووری لە بونیادناندایە. لە هەمان کاتیشدا دەبێت دڵنیابینەوە لەوەی رێککەوتنی ئەمنی هەیە و گفتوگۆ لە نێوان هەموو پێکهاتە کەمینەییەکان لە دیمەشق هەیە. ئەمە کارێکی گەورەیە. ئەمە تەنیا بە قسە ئاسانە. بەڵام هەر دەبێت بکرێت. بە هەبوونی سەرکرادیەتیی سەرۆک ترەمپ، ئێستا کاتی ئەوەیە بکرێت.
رووداو: هیچ وادەیەکی دیاریکراوتان هەیە بۆ حکومەتی سووریا تا هەنگاوی کرداری بنێت؟
مارڵن ستەتزمان: دووبارە، ئەوە بڕیاری سەرۆک ترەمپ و مارکۆ روبیۆی وەزیری دەرەوەیە، کە زۆر نیگەرانە لە دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
رووداو: ئایا لەم بارەیەوە قسەت لەگەڵی کردووە؟
مارڵن ستەتزمان: نەخێر، لەسەر ئەمە بە دیاریکراوی نا، بەڵام ماوەیەک لەمەوبەر قسەم لەگەڵ ستافەکەی کرد لە بارەی سووریا، واتە قسەم لەگەڵ ستافەکەی کردووە. هەروەها چەندین جار قسەم لەگەڵ باڵیۆز باراک کردووە. ماوەیەکی کەم لەمەوبەریش قسەم لەگەڵی کرد. متمانەم بە سەرۆک ترەمپ هەیە کە ئەوەی پێویستە دەیکات. بەڵام هەر کاتێک هێرش بکرێتە سەر کورد یان دروز، دەبێت بەرپرسیارێتییەکە بخەینە ئەستۆی سەرۆک شەرع و دووبارە بڵێینەوە، "سەیرکە، پێویستە ئەمە کۆنترۆڵ بکەیت. ناکرێت رێگە بەم هێرشانە بدەیت. ئەگەر پێویستت بە یارمەتییە، تکایە داوا بکە."
رووداو: سەبارەت بە تاوانەکان لە سووریا، ئایا ڤیدیۆی ئەو تاوانانەت بینیوە کە چەکدارانی سەر بە حکومەتی سووریا دەیکەن، وەک بڕینی کەزیی شەڕڤانە کوردەکان و کوشتنی خەڵکی سڤیل؟ ئەو ڤیدیۆیانەتان بینیون؟
مارڵن ستەتزمان: بەڵێ، بینیومن.
رووداو: پێموایە ئەندامێکی کۆنگرێس بەشێک لەو ڤیدیۆیانەی لە دانیشتنەکەدا نیشان دا. ئایا ئەوە هیچ دەگۆڕێت لێرە لە واشنتن؟
مارڵن ستەتزمان: دەیگۆڕێت، واتە دەبێت بیگۆڕێت. ناتوانیت سەیری ئەو ڤیدیۆیانە بکەیت. ڤیدیۆی ئەو سەربازەی سەیری ئەو ژنە دەکات کە لەسەر زەوی کەوتووە و هێشتا نەمردووە، پاشان سێ گولـلەی پێوە دەنێت و دەیکوژێت.هەر کەسێک ئەو ڤیدیۆیە ببینێت و قەدری ژیان بزانێت، دەبێت پێی کاریگەر بێت، دەزانم کە ئەوە کار لە هەموومان دەکات. نامانەوێت ئەو شتانە رووبدەن. ئێمە دەزانین کە بۆ ماوەیەکی زۆر کوشتار لە سووریا بەردەوام بووە. بۆیە دەبێت نەک تەنیا گۆڕانکاری لە هزر و بیری خەڵکدا بکرێت، بەڵکو لە هەمان کاتدا حکومەتێک هەبێت کە رێز لە ژیان بگرێت و ئامادە بێت لەسەر مێز دابنیشێت و ناکۆکییەکان چارەسەر بکات. دەزانی مەبەستم چییە. ئاگادارن کە ئەمریکاش شەڕی ناوخۆی هەبوو. لە سەردەمێکدا لەنێوخۆدا لە جەنگدا بوو. جەنگێکی دڕندانە بوو. هەزارن کەس کوژران، خێزان لە دژی خێزان شەڕیان دەکرد، بەڵام ئەوەمان تێپەڕاندووە. رێگەیەکمان دۆزییەوە بۆ ئەوەی یەکگرتوو بین. ئایا لە ئەمریکا ناکۆکیمان هەیە؟ بەڵێ، بێگومان. هەر بۆیە سووریا زۆر ئەمریکام بەبیردێنێتەوە. راستە کە فرەچەشنی لە سووریا هەیە، بەڵام ئەو خاڵە هاوبەشانەی لەنێو سووریادا هەن، لەوانە زیاترن کە تەنانەت لە ئەمریکاش هەن. رەنگە هەندێ تاوان و سەرپێچی کۆن هەبن کە هێشتا لە بیری خەڵکدا ماونەتەوە، بەڵام دەبێت کاتێک بێت و لێبوردەیی هەبێت. بەڵام ناکرێت لایەنێک لێبوردەیی بنوێنێت و لایەنێکی دیکە لێبوردە نەبێت. پێویستە هەردوو لا لێبوردە بن و ژیانی خەڵکی هەردوو لا بپارێزن.
رووداو: ئەگەر باس لە رووداوەکەی دوێنێ بکەین، سەبارەت بە دروزەکان، ئەوان ئێستا داوای خۆبەڕێوەبەری بۆ ناوچەکەیان دەکەن. کوردیش هەمان ئاواتی هەیە. کرستیانەکانیش دەیانەوێت لە ناوچەی خۆبەڕێوەبەری خۆیاندا بژین. پێتوایە هێشتا دەرفەت هەیە کە ئیدارەیەکی خۆەبەڕێوەبەر لە باکووری سووریا هەبێت و لە باشووریش هەرێمێک بۆ درووز هەبێت؟ واتە دەکرێت سیستمێکی فیدڕالی بۆ سووریا دابنرێت؟ ئایا ئەوە یارمەتیدەر دەبێت بۆ سووریا تاوەکو وڵاتێکی سەرکەوتووتر بێت؟ وەک باستان کرد، ئەمریکاش شەڕی ناوخۆی هەبوو. ئێستا سیستمێکی فیدڕالی هەیە و هەر ویلایەتێک خۆی بەڕێوە دەبات. حکومەتی فیدڕالی کاری خۆی دەکات و ویلایەتەکانیش تاک تاک خۆیان بەڕێوە دەبن. ئێوە پشتیوانی لەم بیرۆکەیە دەکەن؟ پێتوایە ئەمە چارەسەرێکی نموونەییە بۆ دۆخی ئێستای سووریا؟
مارڵن ستەتزمان: دەزانم زۆر کەس دەڵێن رۆژهەڵاتی نێوەڕاست جیاوازە لە ئەمریکا و ناتوانێت هاوشێوەی ئێرە بێت. رەنگە هەندێک راستی لەو قسەیەدا هەبێت، بەڵام من پێم وایە دەبێت هەوڵەکە بۆ ئەوە بێت کە کوردەکان توانای خۆبەڕێوەبەرییان هەبێت وەک ویلایەتێکی ئێرە لە ئەمریکا. بۆ نموونە، وەک ویلایەتی ئیندیانا، ئێمە لەسەر ئاستی ویلایەتەکە خۆمان بەڕێوە دەبەین، بەڵام بۆ پرسی ئاسایشی نیشتمانی و سنوورەکان و پاراستنی وڵات دەڕوانینە حکومەتی فیدراڵی لێرە لە واشنتن. رێککەوتنێکی یەکگرتووش لەسەرانسەری ویلایەتە یەکگرتووەکاندا هەیە. دەزانم، رەنگە من کەمێک سادە بم و هیوای شتێک بخوازم کە هەرگیز روو نەدات، بەڵام بۆچی سووریا نەتوانێت شتێکی وای لێ بێت؟ کە تێیدا کوردەکان لە ویلایەتی خۆیاندا خۆیان بەڕێوە ببەن، درووزەکان لە ویلایەتی خۆیاندا، بەڵام رێککەوتنێک لەگەڵ دیمەشقدا هەبێت وەک حکومەتی فیدراڵی بەسەر تەواوی سووریاوە. پێم وایە سووریایەکی یەکگرتوو چارەسەرێکی باشترە و پێویستە سەرکردەیەک بدۆزینەوە کە بتوانێت خەڵکەکە کۆ بکاتەوە. هیوادارم ئەوە شەرع بێت، ئێمە لە نزیکەوە چاودێری دەکەین. بەڵام ئەگەر لە کۆتاییدا دۆخەکە هاوشێوەی رژێمەکەی ئەسەد لێبێتەوە، ئەوا سەرکەوتوو نابێت. هەرچەندە رژێمەکەی ئەسەد کەمینەکانی دەپاراست ئەگەر لەڕووی سیاسییەوە لەگەڵیدا کۆک بوونایە، بەڵام هێشتا زۆر کەسی کوشتووە؛ هەرچەندە مەرج نەبوو کوشتارەکە راستەوخۆ ئاراستەی درووز یان کورد بێت ئەگەر دژایەتییان نەکردایە. بەڵام هەر لەبەر ئەوەیە کە پێویستە سەرۆک شەرع خەڵک کۆ بکاتەوە، دابنیشێت و گفتوگۆ بکات. ئەو دەتوانێت ببێتە ئەفسانەیەکی بێوێنە بۆ سووریا ئەگەر بتوانێت وڵاتەکە یەکبخات و ئاشتی و خۆشگوزەرانی بەدی بهێنێت.
رووداو: بیرمە لە دانیشتنەکەدا، سەرۆکی لیژنەکە، ماست، پرسیارێکی لە شایەتحاڵەکان کرد، منیش لێرە هەمان پرسیار دەکەم: چۆن دەڕوانیتە سووریا دوای ساڵێک؟ یان دوای دوو ساڵ؟ ئایا پێت وایە تەنها دوو بژاردە هەن؛ یان سووریایەکی باش یان سووریایەکی خراپ؟ یان لە نێوەڕاستدا رێگەیەک هەیە کە سووریا و ئەمریکا و وڵاتانی دیکە بتوانن کاری لەسەر بکەن و بونیادی بنێن؟
مارڵن ستەتزمان: بەڵێ، هیوادارم رێگەی نێوەڕاستەکە هەڵبژێردرێت.
رووداو: ئایا رێگەی نێوەڕاست چارەسەرێکی گونجاو و کردەیییە، یان تەنیا هیوایەکە؟
مارڵن ستەتزمان: لەو قسانەی لەگەڵ خەڵک کردوومن، لەگەڵ کوردەکان، لەگەڵ ئەو خەڵکەی قسەم لەگەڵ کردوون لە درووز و عەلەوی و کرستیانەکان و تەنانەت لە دیمەشقیش، هەمووان دەڵێن ئێمە یەکگرتووییمان دەوێت. رەنگە ئێستا درووزەکان بەو شێوەیە نەیانەوێت، ئەویش بەهۆی ئەو هێرشانەی لە مانگی حوزەیراندا کرایە سەریان، هەروەها کوردەکانیش ئێستا هەروا دوودڵ دەبن. لەبەر ئەوەیە کە ئەرکەکە دەکەوێتە سەرشانی سەرۆک شەرع بۆ ئەوەی خەڵک لەگەڵ یەک کۆبکاتەوە و هێرشەکان رابگرێت. ئەوان دەبێت بۆ هاوکاری روو لە رۆژئاوا بکەن. دەزانم کە ئێمە وەک ئەمریکا سەلماندوومانە کە ئامادەین هاوکاری بکەین، بەتایبەتی لە شەڕی دژی داعش و بەشداریکردن لە هەوڵەکانی دژە تیرۆر لەوێ. بەڵام جگە لەوە، من پشتیوانی لە هەبوونی بنکەیەکی سەربازی دەکەم لە سووریا. پێموایە بۆ سووریا گرنگ دەبێت، هەروەها گرنگە بۆ نێوان تورکیا و ئیسرائیلیش کە بنکەیەک و هێزێکی سەربازی لەوێ هەبێت. پێموایە ئەمریکا ئەو وڵاتەیە کە دەتوانێت بەڕاستی رێککەوتن لەوێ ئەنجام بدات و پاشان یارمەتیدەر بێت لە پاراستنی ئاشتیش. بەڵام، دەزانن، دەبێت تورکیا دەستوەردان لەو دۆخە نەکات. دەبێت ئیسرائیل سنوورەکانی خۆی بپارێزێت. تێدەگەم دۆخی سنوورەکان لە هەردوو لاوە چۆنە، بەڵام سووریایەکی باش و بەهێز و سەقامگیر، دەکرێت بۆ هەموو ناوچەکە باش بێت. رووداو: ئایا تەنیا تورکیا و ئیسرائیلن یان وڵاتی دیکەش هەن کە دەستوەردان لە کاروباری سووریا دەکەن، مەبەستم بۆ نموونە وڵاتانی کەنداو؟
رووداو: ئایا هەر تورکیا و ئیسرائیلن کە دەستوەردان دەکەن لە کارووباری سووریا یان وڵاتی دیکەش هەن؟ مەبەستم وڵاتانی کەنداو.
مارڵن ستەتزمان: بەڵێ، مەبەستم ئەوەیە، لەو قسانەی بیستوومن و پێم گوتراوە، قەتەر ئامادەیە وەبەرهێنان لە سووریا بکات، دڵنیام ئەوان هەمیشە داوای شتێک دەکەن لە بەرامبەردا. سعودیەش هەمان قسەی کردووە. ئیسرائیل، وەک دەزانن، ئامادەیە لەوێ بێت. ئەوان بەرگری لە درووزەکان دەکەن. شتێک کە دەیزانین ئەوەیە ئیسرائیل هەمیشە لەوێ دەبێت. پەیوەندیی درووزەکان لەگەڵ ئیسرائیل بەهێزە و مێژوویەکی کۆنی هەیە، بۆیە هەمیشە بەرگری لە یەکدی دەکەن. لوبنان بەشێکی گەورە دەبێت لەمە. بەڵام تێکشکاندنی حیزبوڵڵا، تێکشکاندنی داعش، تێکشکاندنی حووسییەکان و هەموو ئەو گرووپە تیرۆریستییانە؛ تا زیاتر تێکیان بشکێنین، دەرفەتمان باشتر دەبێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی هەموو ناوچەکە. تەنیا وێینای بکەن، لە هیندستانەوە تاوەکو ئەورووپا بە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، رێگەی ئاوریشمی کۆن دەکرێت ببێتە شوێنێکی ناوازە کە خەڵک بیانەوێت گەشتی تێدا بکەن و سەردانی بکەن. وەک پێشتریش گوتوومە، کریستییانەکان حەز دەکەن بچنە ئۆرشەلیم و دیمەشق، پاشان بێگومان گەشت بەنێو بەشەکانی دیکەی سووریادا بکەن، بەهۆی ئەو مێژووەی کرستیانەکان لەوێ هەیانە. ئەو مێژووەی سووریا هەیەتی سەرنجڕاکێشە، هیوای من ئەوەیە خەڵک یەکبگرن و پشتیوانی لە گەلی سووریا بکەن، چونکە ئەوان لە 50 ساڵی رابردوودا بەرگەی ئازار و مەینەتییەکی زۆریان گرتووە.
رووداو: لەم رووداوانەی دواییدا، قسەی زۆرم لە کەمینەکانەوە بیستووە، بەتایبەتی کورد. دەڵێن ئەمریکا ناپاکیمان لێ دەکات و بەجێمان دەهێڵێت، لەکاتێکدا ئێمە شانبەشانی ئەوان دژی داعش شەڕمان کردووە. دواتر باڵیۆز باراک گوتی، ئەرکی هەسەدە کۆتایی هاتووە یان بەسەرچووە، لەکاتێکدا هێشتا داعش هەڕەشەیەکی گەورەیە لەو ناوچەیە و هەوڵی خۆڕێکخستنەوە دەدات، سەرباری ئەوەش هێشتا هەندێک ئەندامی هزرتوندڕۆ لەنێو حکومەتی سووریادا هەن. پەیامی بەڕێزتان وەک ئەندامێکی کۆنگرێس بۆ ئەو پێکهاتانە چییە؟ نەک تەنیا بۆ کورد، بەڵکو بۆ کرستیانەکانی سووریا، کرستیانەکانی سوورییەکانی نیشتەجێی ئەمریکا، کوردە ئەمریکییەکانی ئێرە، درووزەکان و هەمووان؟ ئایا ئێوە ئەوانتان بەجێهێشتووە؟
مارڵن ستەتزمان: نەخێر، بەهیچ شێوەیەک. رقم لەوەیە گوێم لەو قسەیە دەبێت و پێم ناخۆشە کە ئەوان بەو شێوەیە هەست دەکەن. بەڵام قسەم لەگەڵ خەڵک کردووە لە سووریا و تێدەگەم بۆچی ئەو هەستەیان لا دروستبووە، دوای هێرشەکانی سەر درووزەکان و پاشان هێرشەکانی سەر کورد. بەڵام دەتوانم لە جیاتی خۆم قسە بکەم کە من دەستبەرداری کەمینەکان نەبووم. من لە واشنتن شەڕ بۆ ئەوە دەکەم. دەشمزانم کە سەرۆک ترەمپ دەیەوێت ئاشتی لە سووریا ببینێت. مەبەستم ئەوەیە، ئەمە پارچەیەکی گرنگی پازڵەکەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەوەی ئاشتی بەدیبێت. دەزانن، زەحمەتە دۆخەکە بە شەو و رۆژێک پێچەوانە بکرێتەوە، بەڵام پێموایە دوای ساڵێکی دیکە، هیوادارم هیچ کام لەو هێرشانە نەبینین و دەست بە بونیادنانەوەی ژێرخانەکان بکرێت. جا فڕۆکەخانە بێت یان دامەزراوە کشتوکاڵییەکان، نەخۆشخانەکان، ئاوەدانکردنەوەی ئەو کۆمەڵگەیانەی وەک "جۆبەر" کە وێران کراون. با سیستەمێکی دارایی پارێزراو و سەقامگیر هەبێت بۆ خەڵک تاوەکو کاڵا بکڕن و بفرۆشن. ئەمە هیوای منە کە دوای ساڵێک بیبینین. کارێکی زۆر ماوە تاوەکو دەگەینە ئەو قۆناخە، هەر بۆیە دەگەڕێمەوە سەر پشتیوانیکردن لە کردنەوەی باڵیۆزخانە لە سووریا. پێموایە ئێمە پێویستمان بە هاوکاریی زیاترە. باڵیۆز باراک پێویستی بەو هاوکارییە هەیە کە دەکرێت لە سووریا هەمیشەیی بێت، کاتێکیش ئاساییشی پێویستمان بۆ ئەوە دەستەبەر کرد، هیوادارم سەرۆک هەنگاو بنێت و باڵیۆزێکی تایبەت تەنیا بۆ سووریا دیاری بکات.
رووداو: باست لە سەربازانی ئەمریکا کرد. دوو پرسیاری کۆتاییم دەکەم، بەڵام بۆ ئەمەیان، خەڵکێکی زۆر نامە و پەیامم بۆ دەنێرن. دەپرسن کۆنگرێس دەتوانێت چی بکات؟ ئەم کۆبوونەوانە هیچ کاریگەرییان لەسەر سیاسەتی ئەمریکا، سیاسەتی دەرەوە، یان ئیدارەی وڵات نییە. تەنیا ژمارەیەکی کەم لە خەڵک بڕیار لەسەر ئەوە دەدەن چی لە ناوچەکە رووبدات. دەتوانیت روونی بکەیتەوە کە کۆنگرێس بە شێوەیەکی واقعی دەتوانێت چی بکات بۆ کاریگەریکردن لەسەر سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر سووریا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وە بۆچی ئەم کۆبوونەوانە گرنگن؟
مارڵن ستەتزمان: باشە، یەکەم شت، لە رێگەی هەڵگرتنی سزاکانەوە. هۆکاری ئەوەی من پشتیوانی لە هەڵگرتنی سزاکان دەکەم ئەوەیە کاتێک بە شەقامەکانی سووریادا دەگەڕام، هەژاریم بینی و خێزانەکان تەنیا هەوڵی مانەوە دەدەن. بۆیە بە هەڵگرتنی سزاکان، رێگە بە وەبەرهێنان دەدرێت بچێتە نێو سووریا. بەڵام ئەندامانی کۆنگرێس دەتوانن چی بکەن؟ دەتوانین بەردەوام بین لە قسەکردن وەک ئێستا. دەزانم هاوڕێی زۆرم هەن لە کۆنگرێس کە دەیانەوێت خەڵکی سووریا سەرکەوتوو بن و بێگومان حکومەت لە دیمەشق یارمەتیدەر بێت بۆ یەکخستنی وڵاتەکە. ئەگەر هێرش هەبن، ئێمە پشتیوانی لە سەرۆک ترەمپ و سوپاکەمان دەکەین بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشانە بۆ سەر کەمینەکان. بەتایبەتی ئەگەر هێرش بکرێتە سەر کۆمەڵگەی کەمینەکان، ئەوا داعش بێت یان هەر کەسێک لەپشت هێرشەکەوە بێت دەبێت وەک تیرۆریست سەیر بکرێت. کوشتنی هەر مرۆڤێک لە سووریا جێگەی قبوولکردن نییە. بۆیە دەتوانین بەردەوام لەسەر ئەوە قسە بکەین. پێشموایە چەند دەنگەکان زیاتر بن، گوێگری زیاتر دەبێت و بەشداریی زیاتر دەبێت، ئەوکات دەتوانین یارمەتیدەر بین لە ئاڕاستەکردنی گێڕانەوەی رووداوەکان بەو شێوەیەی کە بەڕاستی لە سووریا روودەدەن و دەتوانین یارمەتی ئەو شتانە بدەین کە پێویستە بکرێن.
رووداو: دوا پرسیار، دەربارەی هەبوونی ئەمریکا لە سووریا دەپرسم. باست لە داعش و هێرش بۆ سەر کەمینەکان و تەنانەت بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە کرد. ئێمە دەبیستین کە ئیدارەی ئەمریکا ئامادەکاری دەکات بۆ کشاندنەوەی تەواوەتی هێزەکانی لە سووریا و رۆژئاوا و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا. ئایا کۆنگرێس پشتیوانی لە کشاندنەوەی تەواوەتی دەکات، یان پێتان وایە مانەوەی بەشێک لە هێزەکان لەو ناوچەیە پێویستە؟
مارڵن ستەتزمان: نەخێر، پێموایە دەبێت ئێمە پێگەی خۆمان بەهێزتر بکەین نەک بکشێینەوە. پێموایە دەبێت هەبوونی خۆمان لەوێ بپارێزین، چونکە ئەمە قۆناخێکی کاتییە کە سەرکردە کۆنەکە نەماوە و سەرکردەیەکی نوێ دێت. ئێمە هێزێکی زۆرمان لە ئەورووپا هەیە. مەبەستم ئەوەیە، وەک جاران پێویستمان بەو هێزە زۆرە نییە لە ئەورووپا. پێموایە ئێستا دەبێت گۆڕانکاری بکەین و بڵێین: سەیرکەن، لێرە دەرفەتێک هەیە بۆ هێنانەدیی ئاشتی بۆ ئەم ناوچەیە. ئەگەر ئێمە بنکە سەربازییەکە وەربگرین لە جیاتی رووسەکان، ئەوە دەبێتە هۆی سەقامگیریی ناوچەکە. رووسیا سەقامگیری دروست ناکات، رووسیا تەنیا یاری دەکات و دۆخەکە دەقۆزێتەوە. سەیری بنکە سەربازییەکەمان بکەن لە قەتەر، ئەوە یارمەتیدەرە بۆ سەقامگیریی ئەو ناوچەیە بەتایبەتی لە بابەتی ئێراندا، لەگەڵ قەتەرییەکان و سعودیەکانیش و هەروەها ئیمارات. کەواتە، بە هەبوونی ئەو بنکە سەربازییە لە لای باشوورەوە، یارمەتیدەر دەبێت لە پاراستنی ئیسرائیل. دەستبەرداربوون لەو بنکە سەربازییە لە ئەفغانستان هەڵەیەکی گەورە بوو، چونکە ئەوە هەبوونی ئێمەی لەوێ دەپاراست لەبەرامبەر چین. بۆیە پێموایە هەبوونی بنکەیەکی سەربازی لە سووریا کارێکی ژیرانەیە بۆ هێنانەدی سەقامگیری و پشتیوانیکردن، بۆ نموونە بۆ پشتیوانیکردن لە کورد و هەر هەوڵێکی دژە تیرۆر کە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەمانە، هەروەها جموجوڵی رووسیاش کۆتوبەند دەکات. ئەمانە هەمووی ئەو هۆکارانەن کە وادەکەن من پشتیوانی لە سەرۆک بکەم ئەگەر بڕیار بدات بنکەیەک لە سووریا دابنێت و سەرباز لەوێ بهێڵێتەوە. دەکرێت ئەو هێزانە لە شوێنی جیاوازی جیهانەوە بهێنرێن بۆ ئەوەی یارمەتی سەقامگیریی ئەو ناوچەیە بدەن، چونکە ئێستا دەرفەتێکە و ئەگەر شەرع ببێتە دیکتاتۆر، رەنگە ئەم دەرفەتە بۆ چەندین دەیە لەدەست بدەین.
رووداو: زۆر سوپاس، ئەندامی کۆنگرێس مارڵن ستەتزمان.
مارڵن ستەتزمان: سوپاس بۆ ئێوە.