چالاکوانێکی دروزی دانیشتووی ئەڵمانیا: زۆربەی پێکهاتەکانی سووریا ترسیان لە دەسەڵاتی نوێی دیمەشق هەیە
رووداو دیجیتاڵ
چالاکوانێکی دیاری پێکهاتەی دروز لە ئەڵمانیا دەڵێ، زۆربەی پێکهاتەکانی سووریا ترسیان لە دەسەڵاتی نوێی دیمەشق هەیە، چونکە "دەستیان سپی نییە"؛ داواش لە ئەڵمانیا دەکات هاوکارییەکانی بۆ ئاوەدانکردنەوەی سووریا مەرجدار بکات بە پاراستنی مافی سەرجەم پێکهاتەکان.
سامر فەهد، چالاکوانی دروز لە ئەڵمانیا لەبارەی دۆخی نوێی سووریاوە قسەی بۆ زنار شینۆ، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە ئەڵمانیا کرد و نیگەرانیی خۆی لە سیاسەتی حکومەتی نوێی سووریا نیشاندا.
"ئەڵمانیا کارتی گوشاری بەهێزی هەیە"
سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتانی ئەورووپا، سامر فەهد راگەیاند: "بەداخەوە یەکێتیی ئەورووپا و بەتایبەتی ئەڵمانیا، کارتی گوشاری گەورەیان بەرامبەر دەسەڵاتی ئێستای سووریا بەکارنەهێناوە. ئەمە لەکاتێکدایە دوای بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کەمکردنەوەی هاوکارییەکان، ئێستا ئەڵمانیا گەورەترین بەخشەرە".
ئەو چالاکوانە گوتی، ئەڵمانیا خواستی ئاوەدانکردنەوەی سووریای لە کەرتەکانی تەندروستی و خوێندندا هەیە، هەروەها رەوەندێکی گەورەی سووریا لە ئەڵمانیا هەیە کە دەتوانێ رۆڵ بگێڕێ، بەڵام "ئەڵمانیا کارتەکانی بە دروستی بەکارناهێنێت و ئەوەی هەیە تەنیا قسەی میدیاییە".
"گەیشتنی هاوکارییەکان بە بەرتیل دەبێت"
لەبارەی گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ناوچە دروزنشینەکان، سامر فەهد گوتی: "لە سەردەمی ئەسەد دا کێشە لە گەیاندنی هاوکاری بۆ ناوچەکانی باکوور لەوانە عەفرین و باکووری رۆژهەڵات هەبوو، ئێستاش ئەو کێشەیە هەر ماوە. سوێدا گەمارۆ دراوە و هاوکارییەکان زۆر بە کەمی دەگەن و بەشی پێداویستییە سەرەکییەکان ناکەن، تەنانەت دەبێت بەرتیل بدرێت تاوەکو هاوکارییەکان دەگەن".
"دەسەڵاتی نوێ دەستی سپی نییە"
سامر فەهد ئاماژەی بەوەش کرد، زۆربەی پێکهاتەکانی سووریا ترسێکی رەوایان لە دەسەڵاتدارێتیی نوێ هەیە و گوتی: "ئەو دەسەڵاتەی ئێستا دەستی سپی نییە و پێشتر لەژێر ناوی بەرەی نوسرە (تەحریر شام) تاوانیان دژی پێکهاتەکان دەکرد، لەوانە رفاندنی خەڵک لەنێوان سوێدا و دەرعا و داگیرکردنی ناوچەکانی جەبەل شێخ".
ئەو چالاکوانە داوا لە حکومەتی ئەڵمانیا دەکات، هاوکارییەکانی بۆ ئاوەدانکردنەوەی سووریا بە چەسپاندنی سیستمێکی سیاسیی فرەییەوە گرێ بدات کە تێیدا مافی هەموو پێکهاتەکان پارێزراو بێت و دەوڵەتی هاووڵاتیبوون و دادپەروەری بچەسپێت.
دەقی پرسیاری رووداو و وەڵامی سامر فەهد:
رووداو: دروز و پێکهاتەکانی دیکە لە سووریا رەخنەی زۆریان لە دەسەڵاتی ئێستا هەیە. هەڵوێستی وڵاتانی ئەورووپا بەتایبەتی ئەو وڵاتەی ئێمە تێیدا دەژین کە ئەڵمانیایە چۆن دەبینی لە بەرامبەر دەسەڵاتی نوێ لە شام؟
سامر فەهد، چالاکوانی پێکهاتەی دروزەکانی سووریا لە ئەڵمانیا: بەداخەوە نەوەک دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا، بەڵکو یەکێتی ئەورووپا، کارتی گوشاری گەورەیان لەبەرامبەر دەسەڵاتی ئێستای سووریا نییە، لەکاتێکدا ئەڵمانیا دەسەڵاتی دارایی هەیە و گەورەترین وڵاتی بەخشەرە بۆ سووریا. دوای دەرچوونی ویلاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەخشینەکان و دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاریدا هاوکارییەکانی دەرەوەی ئەمریکا کەمبکاتەوە، ئێستا ئەڵمانیا گەورەترین وڵاتی بەخشەرە و خواستی ئاوەدانکردنەوەی هەیە لە کەرتەکانی تەندروستی و خوێندن، جگە لەوەی تواناشی هەیە. ئەمە وێڕای ئەوەی رەوەندێکی گەورەی سووریا لە ئەڵمانیا هەیە کە دەکرێ رۆڵ لە ئاوەدانکردنەوەی سووریا بگێڕێت.
کێشە لە کاریگەری بۆسەر پرسی سووریا هەیە، بەڵام بە دروستی بەکاری ناهێنێت. بەداخەوە ئەوەی هەیە تەنیا قسەی میدیاییە، شتێکی بەرجەستەکراو نییە. ئەمڕۆ گوێبیستی ئەوەبووین کە لە رابردوودا بەهۆی رژێمی ئەسەدەوە کێشە لە گەیاندنی هاوکارییەکان هەبووە بۆ ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و باکووری سووریا لە ناوچەکانی عەفرین و ناوچەکانی دیکە، بەڵام ئەمە تاوەکو ئێستاش هەر بەردەوامە، سوێدا گەمارۆ دراوە و هاوکارییەکان زۆر بە کەمی دەگەنە سوێدا و بەشی پێداویستییە سەرەکییەکانی پارێزگاکە ناکات، تەنانەت دەبێت بەرتیل بدرێ تاوەکو هاوکارییەکان دەگەن، بۆیە ئەم کارە لە سەردەمی ئەسەد هەبووە و ئێستاش بە هەمان شێوە هەیە، هەمان رەفتاری ئەسەد دووبارە دەبێتەوە.
ئەسەد سوور بوو لەسەر دەسەڵاتی ناوەندیەتی دەسەڵات، بەهەمان شێوە دەسەڵاتی ئێستای دیمەشقیش سوورە لەسەر دەسەڵاتی ناوەندێتی، لەکاتێکدا پێشتر خۆی بە فیدراڵییەکی راستەقینە ناوچەکانی وەک ئیدلیبی بەڕێوەدەبرد کە ئیدارەیەکی خۆسەری هەبوو. ئەمڕۆ تەنیا لەگەڵ ئەوەی گەیشتە دەسەڵات، داوای دەسەڵاتی ناوەندی لە دیمەشق دەکات . ئەمڕۆ زۆربەی پێکهاتەکانی سووریا لە دەسەڵاتداریەتی ئێستای دیمەشق دەترسن و ترسەکەشیان رەوایە. راستە رژێمی ئەسەد رووخاوە، ئەو دەسەڵاتەی ئێستا دەستی سپی نییە، بەڵکو تاوانی ئەنجامداوە لە بەرامبەر پێکهاتەکانی سووریا لەوانە رفاندن، داگیرکردنی ناوچەکانی جەبەل شێخ، رفاندنی خەڵک لەنێوان پارێزگاکانی سوێدا و دەرعا لەلایەن بەرەی نوسرە لە رابردوودا کە تەحریر شامی ئێستا و کە ئێستاش بووەتە ئەمینداریەتیی گشتیی سیاسی، ئەم رەفتار و هەڵسوکەوتانە بە راست و دروستی چارەسەر نەکراون، تاوەکو پاڵ بە پێکهاتەکانی دیکەی سووریا بنێت کە ژمارەیان کەمە، هەست بە ئارامی و دڵنیایی بکەن؛ هەست بکەن لەبەردەم ئاراستەی بنیادنانی سیستمێکی سیاسی فرەییداین کە دەوڵەتی هاووڵاتیبوون و دادپەروەریی بۆ هەموو سووریاییەکان بەدیبهێنێت. ئەڵمانیا لەم بواردا پێویستە گوشار بکات تاوەکو هاوکارییەکانی ئاوەدانکردنەوەی بەمە ببەستێتەوە، هاوکارییەکان هەڵنوەشنێتەوە، هیودارین دۆخی سووریاییەکان و سووریا باشتر بێت و دۆخی ئابووری باشتر بێت، بەڵام ئەم هاوکارییانە گرێ بدرێ بە چوارچێوەی سیاسی نوێ کە مافی هەموو پێکهاتەکانی سووریا بپارێزێت.