رێواز فایەق: لەگەڵ پارتی لە دابەشکردنی پۆستەکاندا لە یەکدی دوورین

رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی گەشبینە بەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندی لەسەر ئەو لێکتێگەیشتنە بدات، کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوت لە نێوان هەولێر و بەغدا کراوە. لەبارەی پێکهێنانی حکومەتیش دەڵێت: ''لەگەڵ پارتی لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان دوورین لە یەکدی.''
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 16-07-2025، رێواز فایەق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 16:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە زانا کایانی پێشکێشیکرد، لەبارەی پرسی مووچە و دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی رایگەیاند، کۆبوونەوەکانی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی لە بەغدا، دەرئەنجامی کۆبوونەوەی لووتکەی نێوان یەکێتی و پارتی بوو کە رۆژی دووشەممە لە پیرمام بەڕێوەچوو.
 
دوێنێ سێشەممە، بافڵ جەلال تاڵەبانی گەیشتە بەغدا و لەگەڵ فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کۆبووەوە. دواتریش لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکان پرسی مووچە، نەوت و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بوون لە بودجە. رێواز فایەق گوتی، ''پێویستە ئێمە پابەندییە دەستوورییەکانمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی جێبەجێ بکەین، لە بەرامبەردا عێراقیش دەبێت تایبەتمەندیی دۆخی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگرێت. هەرێمی کوردستان ناتوانێت وەکو پارێزگایەک مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکات.''
 
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لەبارەی کاتی ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان گوتی: ''زانیاریم هەیە کە کۆبوونەوەکان ئومێدبەخشن و ماوەتەوە سەر ئەوەی کە هەردوو لا زۆر بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ لێکتێگەیشتنەکە بکەن، هەروەها گرنگی و هەستیاریی دۆخەکەیان لەبەرچاو بێت.''
 
رۆژی دووشەممە 14ـی تەممووز، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی و بافڵ جەلال تاڵەبانی لە پیرمام کۆبوونەوە و دواتر بافڵ تاڵەبانی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنەکان سەردانی بەغدای کرد. 
 
رێواز فایەق ئاماژەی بەوە کرد، ''بێگومان ئەگەر هەڤاڵ بافڵ دەسەڵاتی ئەوەی نەبووبێت کە بە ناوی هەموو لایەکەوە دانوستاندن و پێداگری بکات، نەدەچووە بەغدا''.
 
وەک ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێت، بافڵ تاڵەبانی لەلایەن پارتی، یەکێتی و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە متمانەی پێدراوە کە لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی سەبارەت بە پرسی نەوت، مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دانوستاندن بکات.
 
سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەت، رێواز فایەق کە هاوکات ئەندامی شاندی دانوستاندنی حیزبەکەیەتی بۆ پێکهێنانی حکومەت گوتی، ''شێوەی بەڕێوەبردنی قۆناخی داهاتوومان تەواو کردووە، نازانم پێویستە شتێک کەم یان زیاد بکەین یان نا. پەیوەندیدار بە [دابەشکردنی] پۆستەکانیش هەردوو لا خواستی خۆیان خستووەتە بەردەم یەکدی، بەڵام دەتوانم بڵێم لەوبارەوە لە یەکدی دوورین.''
 
بەگوتەی ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، هەردوو لا داوای زۆربەی پۆستەکان دەکەن، ''هیوادارم لە داهاتوودا وەک بابەتی رێککەوتن لەگەڵ عێراق، بگەینە خاڵی هاوبەش و دەبێت هەردوو لا لە هەندێک شتی خۆمان سازش بکەین. ئەگەر ئەوە نەکرێت، رەنگە رێککەوتن ئاسان نەبێت.''
 
گوتیشی، ''دابەشکردنی پۆستەکان بەو شێوەیە نییە کە ئێمە داوای شتێک بکەین و پارتی بڵێت نایدەم، چونکە ئەم پۆستانە هی هیچ لایەنێک نین، بەڵکو پەیوەندیدارن بە ئەنجامی هەڵبژاردن.''
 
رێواز فایەق جەختی لەوە کردەوە، ''ئێستا بابەتەکە ژمارەی وەزارەتەکان نییە کە یەکێتی چەند وەزارەت وەردەگرێت، بەڵکو دەمانەوێت لە دروستکردنی بڕیار لە هەموو سێکتەرەکاندا بوونی راستەقینەمان هەبێت و هیچ سێکتەرێک نەمێنێت کە ئێمە تێیدا کاریگەریی بڕیاردانمان نەبێت.''
 
دەقی قسەکانی رووداو و رێواز فایەق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان:
 
رووداو: ئەنجامی کۆبوونەوەکانی دوێنێ شەو لە بەغدا چی بوو؟ ئەو لێکتێگەیشتنەی کە ئێستا هەیە چۆن هاتە ئاراوە؟
 
رێواز فایەق: راستییەکەی ئەم بابەتە دوو لایەنی هەیە، لایەنێکی تەکنیکی و هونەری کە رەنگە ئەو بەڕێزانەی بەرپرسیارێتییان لە حکومەت هەیە باشتر بتوانن قسەی لەسەر بکەن. لایەنێکی دیکەی لایەنی سیاسییە کە بە رەواندنەوەی ئەو بەستەڵەکە دروست دەبێت کە لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە.
 
بێگومان کۆبوونەوەکانی دوێنێ شەوی هەڤاڵ بافڵ تاڵەبانی لە بەغدا، دەرئەنجامی کۆبوونەوەی لووتکەی نێوان یەکێتی و پارتی بوو، کۆبوونەوەی لووتکەی نێوان یەکێتی و پارتی بوو بەهۆی ئەوەی کە هەڤاڵ بافڵ سەردانی بەغدا بکات، بێگومان ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە قسەکردن لەسەر ئەم بابەتە لە بەغدا بە ناوی گەلی کوردستان و هەرێمی کوردستان پێویستی بە لێکتێگەیشتن و دروستکردنی خاڵی هاوبەش هەیە لانیکەم لەنێوان لایەنە بەشداربووەکانی حکومەت لە هەرێمی کوردستان. 
 
لە ماوەی رابردوو، یەکێک لەو هێزانەی کە کەمترین قسەی لەسەر ئەم دۆسیە کردووە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە، گلەییەکی زۆرمان هاتووەتەوە سەر کە ئێمە هەڵوێستمان دیار نییە، ئێمە ئەو تەنیا هێزەین کە هەڵوێستمان زۆر دیار بووە، بەڵام راماننەگەیاندووە. ئێمە هێڵی سێیەم بووین لەنێوان دوو هێڵ، هێڵێکیان ئەوەی کە دەبێت هەموو شتێک رادەست بکرێت، دەبێت هەموو شتێک بگەڕێتەوە بۆ بەغدا، دەبێت تەنانەت ئەو (کۆنسێنتەش) کە لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر بەرهەم دەهێنرێت و بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاردەهێنرێتەوە، واتا دەدرێتە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری گاز، بۆ ئەوەی بتوانن گازەکە بەرهەم بهێنن بۆ کارەبا. واتا بۆچوونێک هەبووە کە بۆچوونێکی پۆپۆلیستیی نالۆژیکی بووە بەو ئاراستەیە، بۆچوونێکی دیکەش هەبووە کە پێیوابووە  رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان یان بڕێکی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان لەوانەیە کاریگەریی لەسەر دەسەڵاتەکانی دامەزراوە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان هەبێت و لەسەر قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان هەبێت.
 
یەکێتی لەم نێوانەدا رایەکی دیکەی هەبووە کە ئێمە دەبێت پابەندییە دەستوورییەکانمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی جێبەجێ بکەین، لە بەرامبەردا حکومەتی فیدراڵیش دەبێت تایبەتمەندیی دۆخی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگرێت، بەوەی کە هەرێمی کوردستان ناتوانێت وەکو پارێزگایەک مامەڵە لەگەڵ عێراقدا بکات.
 
بۆیە بە نەرمی و بە حیکمەت سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هەڤاڵ بافڵ مامەڵەیان لەگەڵ ئەم دوو روانگەیە کردووە بۆ دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش و لێکنزیکترکردنەوەی ئەم دوو بۆچوونە. بەخۆشییەوە دەرئەنجامی ئەم هەوڵانە بەوە گەیشتین کە لێکتێگەیشتنێکی باش هەیە لەنێوان ئێستای یەکێتی و پارتی سەبارەت بەو بابەتە، چونکە لە رابردوودا ئێمە لەنێوان بژاردەی کشانەوە بە تەواوی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق لەگەڵ بژاردەی مامەڵەکردن لەگەڵ واقیعێک کە دۆخە سیاسییە ئابوورییەکەی ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمی و عێراقی کە دروستی کردووە کە مامەڵەکردنێکی دەبێ واقیعییانە لەگەڵ ئەم دۆخە نوێیە بکەین، ئێمە بژارەی ئەوەمان پێ باش بووە کە گفتوگۆکان لەگەڵ عێراق بەردەوام بن. ئێمە لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی پێمان وابووە بژاردەی گفتوگۆ گونجاوترینە و ئەمە لەلایەن پارتیش بە هەمانشێوە لە کۆبوونەوەکەماندا لەگەڵیان هاوڕا بووین (تەبەنی کرا) و کرا بە رای گەلی کوردستان و هێزە سەرەکییەکانی بەشدار لە حکومەت لە هەرێمی کوردستان. بۆیە دەتوانم بڵێم سەردانەکەی کاک بافڵ بۆ بەغدا بەرهەمی کۆبوونەوەی لووتکە بووە. ئەگەر سەرکەوتنێکی بەرهەم بێت، بەرهەمی یەکڕیزی و دروستکردنی خاڵی هاوبەشە.
 
رووداو: ئەم لێکتێگەیشتنەی کە ئێستا هاتووەتە ئاراوە، بەرایی و کاتییە؟
 
رێواز فایەق: کاتێک سیاسییەکان قسە دەکەن هەر شتێک  کە بەرهەمی دەهێنن، پێویستی بە پشتیوانەیەکی یاسایی و دامەزراوەیی هەیە. دەبێت رێز لە دامەزراوەکان بە شێوەیەکی گشتی بگیرێت، لەکاتێکدا کە بەرهەمی ئەم لێکتێگەیشتنە کە دوێنێ شەوی دوا رەشنووسی (درافت) ئامادە کراوە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، گفتوگۆی لەسەر کراوە و ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێدەکات و قبووڵیێتی، دەبێت هەمان ئەو مافەش بدەین بە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کە ئەوانیش بە هەمانشێوە دەبێ کۆببنەوە و بۆچوونی خۆیان لەسەر ئەم بابەتە بڵێن کە هەموومان گەشبینین کە ئەوانیش رەزامەند بن. دواتر ئەم لێکتێگەیشتنە دەگۆڕێت بۆ رێککەوتن و واژۆ دەکرێت.
 
ئومێدم هەیە هەموو لایەنێک بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتە بکەن، لەبەر ئەوەی ئێستا لە دۆخێکی فریاگوزاریداین، کاتی ئەوە نییە تەنانەت باس لە بوونی پشووی کۆتایی هەفتەش بکرێت، هەم بە نیسبەت ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەم بە نیسبەت ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ، دەبێت ئەو دۆخە خراپەی مووچەخۆران، بازاڕ و کاسبی و کەسابەتیی دهاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانیان لەبەر چاو بێت و ئەمە بگۆڕن بۆ رێککەوتن. بێگومان رێککەوتنیش پێویستی بە واژۆکردن هەیە و هەموو ئەوانە دەتوانرێت لەکاتێکی زۆر کەمدا ئەنجام بدرێت.
 
رووداو: لە هەفتەیە هیچ پارەیەک دەنێردرێت وەکو مووچە؟
 
رێواز فایەق:  من ناتوانم ئەو جۆرە قسانە بکەم، چونکە بەرپرسێکی حکومەی نیم بەڵام هەست دەکەم یان دەتوانم بڵێم زانیاریم هەیە کە کۆبوونەوەکان ئومێدبەخشن و ماوەتەوە سەر ئەوەی کە هەردوو لا زۆر بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتە بکەن و گرنگی و هەستیاریی دۆخەکەیان لەبەرچاو بێت، ئەویش ئەوەیە کە بیانوو بە پشووی کۆتایی هەفتە نەهێننەوە. ئاساییە ئەگەر بەیانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بکات، وەکو چۆن زۆر ئاساییە تەنانەت هەینی و شەممەش ئەوەندەی پێویست بێت بۆ هەردوو لا ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن و ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی لێکتێگەیشتنەکە یان ئەو بۆچوونەی هەیەتی، بە نووسراو بیداتەوە لەوانەیە باشتر بێت. ناتوانم ئەو قسەیە [لەسەر ناردنی مووچە] بکەم، چونکە قسەیەکی قورسە.
 
رووداو: چۆن بوو پارتی و یەکێتی لەسەر ئەوە رێککەوتن کە بەڕێز بافڵ تاڵەبانی بچێتە بەغدا؟
 
رێواز فایەق: بافڵ تاڵەبانی میراتگری کولتووری مام جەلالە لە مامەڵەکردن لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی عێراق و رەنگە یەکێک بێت لەو کەسانەی کە، بێگومان بە واتای ئەوە نییە کە کەسانی سیاسیی دیکەی حیزبەکان ئەم شیاوییەیان نییە، یان کەسایەتیی دانوستاندنکاری زۆر باش نین، بەڵام دوو هۆکاری هەبوو: یەکەم، لەوانەیە لەبەر ئەوەی کە کەسی یەکەمی حیزبێکی سیاسیی بەشدارە لە حکومەت کە ئەرکی بەرپرسیارێتییەکی لە ئەستۆیە لە زاخۆوە تاوەکو کفری، بەشێک یان پشکێکی بەرپرسیارێتی بەر یەکێتی دەکەوێت، مووچەخۆرێک چەند گرنگە لە کفری مووچەکەی وەربگرێت، ئەوەندەش گرنگە لە زاخۆ وەریبگرێت، بەشێکیشی پەیوەندی بەو پەیوەندییە دۆستانەیە هەیە کە لەگەڵ کەسایەتییە سیاسییەکانی عێراق هەیەتی، بەشێکی دیکەیشی بە سوپاسەوە پەیوەندیدارە بەو متمانەیەی کە بە حاڵەتێکی سرووشتی وەرگیراوە کە لەبری گەلی کوردستان، لەبری یەکێتی و پارتیش بچێتە بەغدا.
 
رووداو: بەڕێز بافڵ تاڵەبانی لە هەرێمی کوردستان 100٪ دەسەڵاتی پێدرابوو کە وەکو نوێنەری هەرێمی کوردستان چووە بەغدا؟
رێواز فایەق: شتێک نییە بە ناوی 100٪، بەڵام لەو کۆبوونەوەیە قسە کراوە و هەردوو لا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون کە دەبێت هەرێمی کوردستان لەم قۆناخە نەرمی بنوێنێت و ئەو نەرمی نواندنەش بابەتێکی رێژەییە کە دەتوانیت دەست و پەنجەی لەگەڵ نەرم بکەیت و دەتوانیت شتێک زیاتر یان شتێک کەمتر بکەیت و من دڵنیام لە کۆبوونەوەکانی ئەو شەو پەیوەندی هەبووە لەنێوان یەکێتی و پارتی، لەو قۆناخانەی کە بۆ چوونە پێشەوە پەیوەندی هەبووە. ئێستا لە کاتێکدا دەژین کە بە بەردەوامی دەتوانین پەیوەندی بگرین، بەڵام بێگومان ئەگەر هەڤاڵ بافڵ دەسەڵاتی ئەوەی نەبووبێت کە بە ناوی هەموو لایەکەوە دانوستاندن و پێداگری بکات، نەدەچوو.
 
رووداو: هیچ پەیامێکی سەرۆک بارزانی پێبوو بۆ بەغدا؟
 
رێواز فایەق: زانیاریم نییە کە پەیامێکی پێبووبێت، بەڵام زانیاریم هەیە کە متمانەی پێدراوە لەلایەن هەردوو لاوە و لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە و لەلایەن پارتی و یەکێتی کە بڕوات، دانوستاندن بکات و لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی قسە بکات.
 
رووداو: بۆ چارەسەری کۆنکرێتی ئەو کێشانەی کە لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا هەیە لە چەند مانگی داهاتوو پارتی و یەکێتی بە نیازی چین؟
 
رێواز فایەق: چارەسەری سەرەکی (کۆنکرێتی) پابەندبوونە بە دەستوور، بە بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی، بە باوەڕهێنانی دەسەڵاتی فیدراڵی لە عێراق کە هەرێمێک هەیە، هەرێمێکی فیدراڵی کە ناوی هەرێمی کوردستانی عێراقە و لە دەستووردا هاتووە، پارێزگایەک نییە لە پارێزگاکانی عێراق. لە هەمانکاتدا باوەڕهێنانی ئێمەش لە هەرێمی کوردستان بەوەی کە ئێمە دەوڵەتێکی سەربەخۆ نین، بەڵکو هەرێمێکی فیدراڵین و چوارچێوەیەک هەیە کاری تێدا دەکەین و ئەویش دەستووری عێراقە کە هەموومان دەبێت پابەندییە دەستوورییەکانی خۆمان جێبەجێ بکەین. نەوت سامانێکی نیشتمانییە، بۆ هەموو گەلە، وا باشترە سۆمۆ بیفرۆشێت، لەبەر ئەوەی بە پارەیەکی باشتر دەیفرۆشێت و ریسکی لەسەر کەمە و کۆمپانیاکانیش لە راستیدا ئەوەی کە لێمان دەکڕن (ئیستیغلال)ـمان ناکەن، چونکە کاتێک هەرێمی کوردستان دەیفرۆشێت، ئیستغلالی ئەو دۆخە دەکەن کە هەرێمەکەی تێدایە و رەنگە بە پارەیەکی زۆر کەمتر بیکڕنەوە، تەنانەت ئەو کاتەی کە بە بۆڕی دەڕۆیشت، نەوەک ئەو کاتەی کە ئێستا لە نێوخۆ کۆمپانیا و پاڵاوگەکان دەیکڕنەوە بە پارەیەکی زۆر کەمتر.
 
 لە هەمانکاتدا شایستەی دارایی هەرێمی کوردستانیش تەنیا بریتی نییە لە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بەڵکو بریتییە لە بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان لەنێو بودجەی فیدراڵیدا کە بریتییە لە بودجەی وەبەرهێنان و تەشغیلی. ئەگەر ئێمە نیوەی تەواوی هەموو داهاتە نانەوتییەکانی خۆمان بنێرین، دەبێت لەوەدا هاوکارمان بن، نەوەک تەنیا پشکی خۆمانمان بدەنێ، بەڵکو دەبێ لە پڕۆژە سیادییەکان، یان با بڵێین ئەوەی لە بودجەی سیادی بۆ بەنداو، بۆ پڕۆژەی گەورەی ستراتیژی دادەنرێت، بەشمان هەبێت و دەبێ لە بودجەی فریاکەوتن بەشمان هەبێت، کاتێک لافاوێک روودەدات، نەخۆشییەک بڵاودەبێتەوە و کارەساتێک روودەدات، شایستەی گەلی کوردستان تەنیا بریتی نییە لە مووچە، بەڵکو بریتییە لە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لەنێو بودجەی گشتیی عێراقدا.
 
رووداو: لە کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی باس لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کرا؟
 
رێواز فایەق: ئەوەی من بزانم، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە پەیوەندیی هەرێمی کوردستان بووە لەگەڵ بەغدا و بابەتی مووچە بابەتی سەرەکی بووە، هەر بابەتێکی دیکە باس کرابێت، کاتێکی زۆر کەمی بۆ تەرخانکراوە. هەم بابەتی هەڵبژاردن و هەم بابەتی قسەکردن لەسەر پەلەکردن لە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان. بابەتە سەرەکییەکە بریتی بووە لە مووچە.
 
رووداو: راستە یەکێتی و پارتی رێککەوتوون بەر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کابینەی نوێی حکومەت پێکبهێنن؟
 
رێواز فایەق: پەیوەندی بە پێش هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردنەوە نییە، پەیوەندی بە رێککەوتن هەیە لەسەر شێوەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەگەر ئێمە بەیانی بگەینە داڕشتەیەکی هاوبەش، پەیوەستی ناکەین بە بابەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ئەگەر نەگەین، لە راستیدا قسەکردن لەسەر ئەم بابەتە؛ راستە مافی ئەوەمان نییە کە یەکێتی و پارتی و هێزە بەشداربووەکان لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان گوێ بەوە نەدەین چەندە کات تێدەپەڕێت، بەڵام دروستکردنی حکومەتێکی بەهێزی پتەو کە تێیدا هێزە بەشداربووەکان لە حکومەت متمانەیان بە یەکدی هەبێت و قەناعەتیان بە سەرخستنی ئەو حکومەتە هەبێت، رەنگە گرنگتر بێت لە قسەکردن لەسەر هەر بابەتێکی دیکە.
 
رووداو: تاوەکو ئێستا گفتوگۆکان بە کوێ گەیشتوون؟
 
رێواز فایەق: ئێمە شێوەی بەڕێوەبردنی قۆناخی داهاتوومان تەواو کردووە، نازانم پێویست دەکات شتێکی لێ کەم یان زیاد بکەین لەم قۆناخەدا یان نا، بەتایبەتی دوای ئەو گۆڕانکارییانەی کە روویانداوە. ئەوەمان تەواو کردووە، بەڵام پەیوەندیدار بە پۆستەکان تاوەکو رادەیەک دەتوانم  بڵێم لە یەکدی دوورین، هەردوو لا خواستی خۆیان خستووەتە بەردەم یەکدی، دوورین لە یەکدی لە راستیدا.
 
رووداو: لە کامە پۆست زیاتر لە یەکدی دوورن؟
 
رێواز فایەق: لە زۆربەی هەرە زۆری، پۆستی سەرۆکایەتییەکان، پۆستی وەزارەتەکان، پۆستە سیادییەکان، پۆستی وەزارەتە خزمەتگوزارییەکان، دەتوانم بڵێم ئێمە دوورین، بەڵام دەمەوێت ئەو راستییە باس بکەم، پڕۆسەیەکی وا بەڕێوەناچێت کە ئێمە داوای شتێک بکەین و پارتی بڵێت نایدەم، چونکە ئەو پۆستانە هی کەس نین، بەڵکو پەیوەندیدارن بە ئەنجامی هەڵبژاردن. هەردوو لا خواستی خۆیان بۆ یەکدی خستووەتەڕوو، بەڵام لە یەکدی دوورین. واتا زۆربەی پۆستەکان هەردوو لامان داوای دەکەین. هیوادارم لە داهاتوودا وەک بابەتی رێککەوتن لەگەڵ عێراق، بگەینە خاڵی هاوبەش و دەبێ هەردوو لامان لە هەندێک شتی خۆی سازش بکات. ئەگەر هەردوو لامان باوەڕمان بەوە نەبێت لەو بابەتانەدا کە پەیوەندی بە ئێمەوە هەیە سازش بکەین، لەوانەیە ئاسان نەبێت بگەینە رێککەوتن، بەڵام دەبێ بیکەین، ئەم بابەتەش پەیوەندی بەوەوە نییە چەند وەزارەتمان لایە، بۆ نموونە لە 20  یان 22 وەزارەتەکان وا دابنێین یەکێتی 12 وەزارەتیشی لا بێت، بەڵام بابەتەکە ژمارە نییە کە یەکێتی چەند وەزارەت وەردەگرێت، بەڵکو بابەتەکە ئەوەیە کە یەکێتی دەیەوێت لە هەموو سێکتەرەکان لە دروستکردنی بڕیاردا وجوودی راستەقینەی هەبێت، ئەمە نییە چەند وەزارەتت لە لایە، ئەوەیە کە جومگەی جیاواز و سێکتەری جیاواز هەیە، پەوەندیدارە بە خزمەتگوزاری، پەیوەندیدارە بە بواری ئابووری، پەیوندیدارە بە بواری ئابووری، بواری وزە، بواری ئەمنی و هەموو بوارەکانی ژیان کە هەموومان لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن بەڵێنمان بە خەڵک داوە، بێگومان ئەو داڕشتەیەی کە ئامادەمان کردووە و پەیوەندیدارە بەشێوەی بەڕێوەبردنی داهاتوو، لە رێگەی ئەو پۆستانەوە جێبەجێ دەکرێن کە هەر لایەکمان ئەرک و بەرپرسیارێتیی بەڕێوەبردنی دەگرێتە ئەستۆ، بۆیە، ئێمە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ژمارە بە لامانەوە گرنگ نییە، ئەوەندەی گرنگە بە لامانەوە هیچ سێکتەرێک نەبێت ئێمە تێیدا بوونمان نەبێت. واتا بۆنموونە ناکرێ ئێمە لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی درەوە بوونمان نەبێت، لە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی، لە ئاستی نێودەوڵەتی، یەکێتی وەکو هێزێکی راستەقینەی هاوبەش لە حکومەت، بوونی نەبێت لە دروستکردنی بڕیاری پەیوەندیدار لە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان. بابەتەکە پەیوەستە بەوەی کە ئێمە لە هەموو جومگە و سێکتەرەکان لە دروستکردنی بڕیاردا بوونمان هەبێت، واتا ئەوەندە پەیوەست نییە بەوەی چیمان (وەزارەت) لە لا بێت.
 
رووداو: سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە.
 
رێواز فایەق: سوپاس بۆ ئێوەش.