یوکسەل گەنچ: زمانی کوردی لە تورکیا و باکووری کوردستان لە پاشەکشەدایە
رووداو دیجیتاڵ
یوکسەل گەنچ، رێکخەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی سۆسیۆپۆلیتیک بە رووداوی رایگەیاند، زمانی کوردی لە تورکیا و باکووری کوردستان رووبەڕووی مەترسییەکی گەورە بووەتەوە و قسەکردن بە زمانی دایک بە تایبەت لە نێو منداڵان لە پاشەکشەدایە، بە شێوەیەک ئەمە دوا نەوەیە لە ئاستێکی بەرزدا لەنێو خۆیاندا بە زمانی کوردی قسە بکەن. دەشڵێت، لە باکووری کوردستان و تورکیا، داواکاری بۆ پەروەردە بە زمانی دایک لە هەموو ئاستەکانی خوێندن لە سەرووی هەموو داواکارییەکانە.
ناوەندی لێکۆڵینەوەی سۆسیۆپۆلیتیک بەم دواییە ئەنجامەکانی راپرسییەکی سەبارەت بە ئاستی بەکارهێنانی زمانی دایک لە 23 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان بڵاوکردووەتەوە و بەپێی راپرسییەکە 97.9٪ـی هاونیشتمانییان لە باکووری کوردستان و تورکیا خوازیارن خوێندن لە هەموو قۆناخەکاندا بە زمانی دایکیان بێ.
راپرسییەکە هەروەها دەردەخات، قسەکردن بە زمانی دایک بە تایبەت لەنێو منداڵان لە پاشەکشەدایە و هەرچەندە خوێندن بە زمانی تورکی بەرزتر بێتەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی شارەزایی باشیان لە زمانی دایکیان هەیە کەمتر دەبێتەوە.
بەپێی راپرسییەکە، تەنیا 24.7٪ی ئەوانەی بۆچوونیان وەرگیراوە گوتوویانە منداڵەکانیان بە کوردی قسەیان لەگەڵ دەکەن و ئەوانەی دیکە لەگەڵ منداڵەکانیان بە تورکی قسە دەکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 17ـی ئابی 2025، یوکسەل گەنچ، رێکخەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی سۆسیۆپۆلیتیک بەشداری بووڵتەنی کاژێر 15:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، کە نالین حەسەن پێشکێشی کرد. لەبارەی ئەنجامی راپرسییەکەی ئەم دواییەی ناوەندەکەیان سەبارەت بە ئاستی بەکارهێنانی زمانی دایک لە تورکیا و باکووری کوردستان قسەی کرد.
یوکسەل گەنچ بە رووداوی رایگەیاند، لەکاتێکدا کە چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا تاوتوێ دەکرێت، باسکردنی پرسی زمان و ناسنامە مژارێکی گرینگە.
بە گوتە یوکسەل گەنچ، ناوەندی لێکۆڵینەوەی سۆسیۆپۆلیتیک ساڵانێکی زۆرە بە بەردەوامی توێژینەوە لەسەر زمانی دایکی دەکات و ئەنجامی کارەکانی پێشوو و ئێستایان ئەوە دەسەڵمێنن کە هەمیشە خواست لەسەر خوێندن بە زمانی دایکی لە نێو کورددا زۆر بەرز بووە.
گەنچ دەڵێت، "لە هەموو راپرسییەکانی ناوەندەکەماندا داواکاری بۆ پەروەردە بە زمانی دایک لە هەموو ئاستەکانی خوێندن و دامەزراندنی قوتابخانە کە خوێندن تێیدا بە زمانی دایک بێت، لە سەرووی هەموو داواکارییەکان بووە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەم داواکارییە جێبەجێ نەکراوە."
دەشڵێت، "لە کاتێکدا پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا لە رۆژەڤدایە، جێبەجێکردنی داواکارییەکان بۆ خوێندن بە زمانی کوردی دەکرێت ئاسانتر بێت. بەڵام لە کاتێکدا لە راپرسییەکەماندا رێژەی ئەو کەسانەی کە بەدوای خوێندن بە زمانی دایکی دەگەڕێن ئەوەندە زۆرە، بەڵام پێمانوایە دابەزینی گەورەی توانای خێزانەکان بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ منداڵەکانیان بە زمانی دایک، یەکێکە لە کێشە بنەڕەتییەکانی بەردەم جێبەجێکردنی ئەم داواکارییانە."
رێکخەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی سۆسیۆپۆلیتیک هەروەها لەبارەی دابەزینی ژمارەی ئەو کەسانەی بە کوردی قسە دەکەن هۆشداری دەدات و دەڵێت، ئێستا لە تورکیا و باکووری کوردستان نەوەیەک هەیە کە بە باشی و لە ئاستێکی بەرزدا لەگەڵ دایکی خۆیان و لە نێوان خۆیاندا بە کوردی قسە دەکەن، بەڵام ئەمانە دوایین نەوەن.
یوکسەل گەنچ دەڵێت: "ئەمە دوا نەوەیە کە زۆرترین جار و لە ئاستێکی بەرزدا لەگەڵ دایکی خۆیان و لە نێو خۆیاندا بە زمانی کوردی قسە بکەن. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە ئەم نەوەیە تا رادەیەکی زۆر لەگەڵ منداڵەکانیان بە زمانی زگماکی خۆیان، بە زمانی کوردی قسە ناکەن. ئەمەش بەو واتایە دێت کە ئەو رێژەیەی کە نەوەکانی داهاتوو لەگەڵ گەورەکانیان و لە نێوان خۆیاندا بە زمانی دایکی خۆیان قسە دەکەن، بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت. ئەگەر رێوشوێن نەگیرێتەبەر، پەروەردە بە زمانی دایک، قسەکردن بە زمانی دایک، پەیوەندیکردن بە زمانی دایک و بوون بە زمانی دایکی خۆی بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز دەبێت و وردە وردە نامێنێت. بەم واتایە ئێمە لەبەردەم نەوەیەکی هەستیارداین."
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی بۆ چی خێزانەکان لە باکووری کوردستان لەگەڵ منداڵەکانیان بە زمانی کوردی نادوێن، یوکسەل گەنچ بە رووداوی رایگەیاند: "خێزانەکان هەوڵ دەدەن رێگری لەو گوشار و زەبر و زەنگە بکەن کە منداڵەکانیان لە کاتی دەستپێکردنی خوێندندا تووشی دەبن. چونکە نایانەوێت منداڵانەکانیان قۆناغێکی پڕ لە ئازاری کۆمەڵایەتیبوون لەگەڵ هاوڕێیان و کاری قوتابخانەدا ئەزموون بکەن، هەروەها نایانەوێت ئەو ئەزموونە بە ئازار و زەبربەخشە ئەزموون بکەن. ئەمە گرنگترین پاساویانە. دەڵێن "منداڵەکانمان دەچنە قوتابخانەی تورکی، فێری کوردی دەبن و لە نێوان ئەو دوو زمانەدا ئاسێ دەبن".
یوکسەل گەنچ باسی هۆکاری دیکەش دەکات و دەڵێت، "خێزانەکان ترسیان هەیە منداڵەکانیان لە نێو کۆمەڵگە و کایەی گشتی، بە تایبەت لە نێو هاورێیان، قوتابخانە و فەرمانگەکان دووربخرێنەوە یان پەراوێز بخرێن، ئەگەر بە زمانی دایک قسە بکەن و ژیان و ژیانی کۆمەڵایەتی خۆیان پێ بەڕێوەببەن و بۆ ئەمەش باس لە ئەزموونی ژیانی خۆیان دەکەن. تەنانەت بەشێکی بچووکی دانیشتوان کە داوای پەروەردە بە زمانی دایک بۆ منداڵەکانیان ناکەن، هەمان پاساویان هەیە. ئەوان دەڵێن، ئەگەر منداڵەکانمان بە زمانی دایک فێری ژیان بن، تەنانەت ئەگەر بە زمانی دایک بخوێنن، ئەوا بێ کەڵک دەبن و ناتوانن کارێک بۆ خۆیان بدۆزنەوە. کایەی ئابووری و بازار بەڕووی ئەو کەسانەدا کراوە نییە کە بە زمانی دایک دەخوێنن. کەرتی بازرگانی و کایەی گشتی بەڕوویاندا داخراوە."
ئەوەشی خستەڕوو، سیاسەتی ئاسمیلەکردن و چەوساندنەوە کە ساڵانێکی زۆرە لە تورکیا پەیڕەو دەکرێت، هەروەها قەدەخەکردنی زمان، بە تاوانکردنی بەکارهێنانی زمانی کوردی و ئەو جیاکارییەی لەسەر بنەمای زمان لە نێو کۆمەڵگە دروست بووە، بوونەتە هۆی خۆسانسۆری و خۆئاسمیلەکردن لە نێو بەشێکی بەرچاوی کۆمەڵگەی کوردی لە تورکیا و باکووری کوردستان، بەتایبەت ئەو کوردانەی کە روویان لە شارە گەورەکان کردووە.
گەنچ باسی مەترسییەکانی سەر زمانی کوردی لە تورکیا و باکووری کوردستان دەکات و دەڵێت: "داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زمانی کوردی رووبەڕووی مەترسییەکی گەورە بووەتەوە. ئەوەی کە بەشێکی زۆر لە منداڵان، بەتایبەت نەوەی گەنج و خودی نەوەی گەنج، زمانی دایکی خۆیان بە رادەی پێویست نازانن و بەشێکی بەرچاویان نازانن، لە ئێستاوە ئاماژەیە بۆ مەترسی کاڵبوونەوەی زمانەکە. لە لایەکی دیکەوە، ئەو راستییەی کە فۆرمەکانی جیاکاری لەسەر بنەمای زمان بە چارەسەرنەکراوی ماونەتەوە، ئاڵنگارییەکی بەرچاو دەخاتەڕوو."
رێکخەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی سۆسیۆپۆلیتیک ئاماژە بە پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا دەکات و دەڵێت، پرۆسەکە دەتوانێت رۆل و کاریگەرییەکی گەورەی هەبێت لەسەر پرسی خوێندن و پەروردە بە زمانی کوردی لە تورکیا و باکووری کوردستان، بەڵام هەڵگرتنی قەدەخەی سەر زمانی کوردی و دەرفەتدان بەوەی کوردی ببێتە زمانی پەروەردە و بەکارهێنانی لە ژیانی رۆژانەدا، مەرجێکی پێشوەختەشە بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی چارەسەری.
یوکسەل گەنچ لەوبارەوە دەڵێت: "وەک دەزانن لە تورکیا پرۆسەیەک هەیە بەناوی پرۆسەی ئاشتی و پرۆسەی چارەسەری. بەڵام یەکێک لە گرنگترین نیشانەکانی سەرکەوتنی ئەم پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری، هەڵگرتنی ئەو کۆت و بەندانەیە کە لەسەر زمانی کوردی دانراوە. زمانی کوردی پێویستی بە کردنەوەی بوار و دەرفەت هەیە، لە زمانی پەروەردەییەوە تاوەکو دەگاتە ژیانی رۆژانەی کۆمەڵایەتی، ئابووری و دەستەبەرکردنی هەندێک گەرەنتی یاسایی. ئەمەش مەرجێکی پێشوەختەیە بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە."
بەڵام بە گوتەی گەنچ، پێشهاتەکان تاوەکو ئێستا لەمڕووەوە هیوابەخش نین. ئەو ئاماژە بە لێدوانێکی فەتحی یڵدز، گوتەبێژی مەهەپە دەکات کە گوتوویەتی، 'مادەکای 42 و 66ی دەستووری تورکیا گۆڕانکارییان بەسەر نایەت و ئەمە هێلی سووری ئێمەیە' و دەڵێت:"ئەمە ئاماژەیە بە بەردەوامیی سیاسەتی ئاسمیلەکردن، قەدەخەکردن، گوشار و رێگریکردن لە گەشەسەندنی زمانەکانی دیکە لە تورکیا."
یوکسەل گەنچ جەخت لەسەر داواکاریی کۆمەڵگەی کوردی لە تورکیا و باکووری کوردستان بۆ گرنگیدانی زیاتر بە زمانی کوردی دەکات و دەڵێت: "کۆمەڵگەی کوردی پێیانوایە پەروەردە بە زمانی دایک شتێکی جەوهەرییە و بۆ پاراستن و پەرەپێدانی زمانی دایک، دەبێ کوردی ببێتە زمانی پەروەردە. بۆیە لە کاتی دانوستاندنەکان سەبارەت بەم پرۆسەیە، پێویستە دان بە داواکاریی گشتی بۆ پەروەردە بە زمانی دایک بنرێت."
راپرسییەکەی ناوەندی لێکۆڵینەوەی سۆسیۆپۆلیتیک لەبارەی ئاستی بەکارهێنانی زمانی دایک لە تورکیا و باکووری کوردستان
ناوەندی لێکۆڵینەوەی سۆسیۆپۆلیتیک لە رۆژانی 17 بۆ 21ی تەمموزی 2025، بۆچوونی 2 هەزار و 378 کەسی لە 23 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا سەبارەت بە "ئاستی بەکارهێنانی زمانەکان جگە لە تورکی، داواکاری و ئارەزووەکانیان سەبارەت بە زمانی دایک" وەرگرتووە.
راپرسییەکە لە شارەکانی ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە، ئیزمیر، سامسوون، باڵکئەسیر، ئەنتاڵیا، مەرسین، بورسا، ئادانا، ئامەد، ئەرزەڕۆم، سەمسوور، وان، مێردین، رووها، چەولیک، ئاگری، شرنەخ، دیلۆک، ئێلیە، دێرسم، مەڵەتێ و سێرت کراوە و داواکاریی هاونیشتمانییانی بۆ خوێندن بە زمانی دایک خستووەتەڕوو.
بەپێی ئەنجامەکە، 88.2٪ی ئەوانەی بۆچوونیان وەرگیراوە بە شێوەزاری کورمانجی و %10.4یان بە شێوەزاری زازاکی قسە دەکەن. سەبارەت بە شارەزایی لە زمانی دایک، %23.5یان رایانگەیاندووە کە "زۆر باش" زمانی دایکیان دەزانن، %43.2یان "باش" و %16.2 یان "کەم" دەیزانن.
قسەکردن بە زمانی دایک لە پاشەکشەدایە
راپرسییەکە دەریدەخات، هەرچەندە خوێندن بە زمانی تورکی بەرزتر بێتەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی شارەزایی باشیان لە زمانی دایکیان هەیە کەمتر دەبێتەوە.
بە گوێرەی راپرسییەکە، %27.8ی بەشداربووان رایانگەیاندووە تەنیا بە زمانی تورکی لەگەڵ هاوژینەکانیان قسە دەکەن، %40.1ی بەشداربووان گوتوویانە منداڵەکانیان بە تورکی قسەیان لەگەڵ دەکەن، 24.7٪یش گوتوویانە منداڵەکانیان زیاتر بە کوردی قسەیان لەگەڵ دەکەن.
کاتێک پرسیار لە بەشداربووان کراوە: "منداڵەکانتان تاوەکو چەند زمانی دایکیان دەزانن؟" لە وەڵامدا %7.3 گوتوویانە "زۆر باش" و %13.5 گوتوویانە "باش".
ئەنجامدەرانی راپرسییەکە دەڵێن، ئەنجامەکە ئەوە نیشان دەدات کە هەرچەندە قسەکردن لەگەڵ دایک و باوک بە زمانی دایک بەرزە، بەڵام قسەکردن لەگەڵ منداڵان بە زمانی دایک لە پاشەکشەدایە.
زیاتر لە 97٪ی بەشداربووان داوا دەکەن کوردی ببێتە زمانی خوێندن
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی "ئایا دەتانەوێ لە تورکیا لە هەموو قۆناخەکانی خوێندندا کوردی ببێتە زمانی خوێندن؟" %97.9ی بەشداربووان وەڵامی "بەڵێ"ـیان داوەتەوە.
سەبارەت بە پێشنیازی یەکەم بۆ پاراستن و پەرەپێدانی زمانی دایک، %51.9ی بەشداربووان "دابینکردنی هەلی خوێندن بە زمانی دایک"، %16.6 "دانپێدانانی فەرمی/پێگەی یاسایی" و %9.1 "بەکارهێنانی زمان لەنێو خێزان و کۆمەڵگە"ـیان وەک پێشنیازی سەرەکی دەستنیشان کردووە.
لە رووی بەکارهێنانی کولتوورییەوە، %77.9ی بەشداربووان رایانگەیاندووە کە "زۆربەی کات" گوێ لە گۆرانی کوردی دەگرن و %15.4 گوتوویانە کە "زۆر" کتێبی کوردی دەخوێننەوە.