هانی مێگاڵی: گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا خەڵکی سڤیل وەک بارمتە بەکاردەهێنن بۆ پارە


رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان راپۆرتی خۆی تایبەت بە رۆژئاوای کوردستان و سووریا بڵاوکردەوە. راپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر ژمارەیەک پێشێلکاری جیددی کە گرووپەکانی نزیک لە تورکیا لە عەفرین و سەرێ کانی و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتیان لە رۆژئاوای کوردستان ئەنجامیانداون. 
 
لە 20ی کانوونی یەکەمی 2018دا سوپای تورکیا و هێزە یارمەتیدەرەکانی لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا هێرشیانکردە سەر هەرێمی عەفرین و دوای دوو مانگ شەڕ کۆنتڕۆڵیان کرد. لە تشرینی یەکەمی 2019 یشدا ئەو هێزانە هێرشیانکردە سەر سەرێ کانی و هەندێک ناوچەی دیکەی رۆژئاوای کوردستان و لە ئەنجامدا ژمارەیەکی زۆرکەس گیانیان لەدەستدا و دەیان هەزار کەسیش ئاوارەبوون. 
 
هانی مێگاڵی، کۆمیسیاری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا لە هەڤپەیڤینێکدا بە رووداوی گوت، ئاماریان لە بەردەست نییە بۆئەوەی بڵێن چەند کەس دەست بەسەر ماڵ و موڵکیدا گیراوە یان دەرکراوە؛ "بەڵام هەندێک کەیسی تایبەتیمان دۆکیۆمێنت کردوون. لە هەندێک لە کەیسەکان بینیومانە کە خەڵکی داوایان لێکراوە ماڵی خۆیان جێبهێڵن، ئەوەش لە لایەن سوپای نیشتمانیی سووریاوە. دەبینین کە خەڵکی تەقە لە دەرگای ماڵی خەڵک دەدەن و داوای دۆکیۆمێنتیان لێدەکەن و هەڕەشەیان لێدەکەن. خەڵکی هەڵاتوون و بینیومانە کە ماڵ و موڵکیان دەستی بەسەردا گیراوە و زەحمەتیش بووە بۆئەوەی بگەڕێنەوە سەر موڵکیان. هەروەها حاڵەتی لەو جۆرەمان بینیوە کە موڵک تاڵان کراوە، پێداویستی لە ماڵەکان براوە و لە بازاڕدا فرۆشراوە. بێگومان پێشێلکاریی زۆر خراپترمان بینیوە، لەوانەش دەستگیرکردن و زیندانیکردن و ئەشکەنجەدان و تووندوتیژیی سێکسی و جێندەری کە لە زیندانەکان روویانداوە".
 
کۆمیسیاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا دەڵێت، تورکیا بەرپرسیاریەتییەکی گەورەی لەئەستۆدایە و دەبێت گوشار بخاتە سەر ئەو گرووپانە بۆئەوەی پێشێلکارییەکانیان بووەستێنن. 
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ کۆمیسیاری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا:
 
رووداو: سەرەتا دەمەوێت بزانم چەند ماڵباتی کورد لە ماڵ و شوێنی خۆیان دەرکراون و ماڵیان تاڵانکراوە؟ چ لە عەفرین، چ لە سەرێکانی و چ لە گرێسپی؟ 
 
هانی مێگاڵی: راستە، دەزانیت ئێمە لە راپۆرتەکەماندا سەیری پێشێلکارییەکانمان کردووە؛ ئامارمان لە بەردەست نییە بۆئەوەی بڵێین چەند کەس دەست بە سەر ماڵ و موڵکیدا گیراوە یان دەرکراوە؛ بەڵام هەندێک کەیسی تایبەتیمان دۆکیۆمێنت کردوون. لە هەندێک لە کەیسەکان بینیومانە کە خەڵکی داوایان لێکراوە ماڵی خۆیان جێبهێڵن، ئەوەش لە لایەن سوپای نیشتمانیی سووریاوە. 
 
دەبینین کە خەڵکی تەقە لە دەرگای ماڵی خەڵک دەدەن و داوای دۆکیومێنتیان لێدەکەن و هەڕەشەیان لێدەکەن. خەڵکی هەڵاتوون و بینیومانە کە ماڵ و موڵکیان دەستی بەسەردا گیراوە و زەحمەتیش بووە بۆئەوەی بگەڕێنەوە سەر موڵکیان. هەروەها حاڵەتی لەو جۆرەمان بینیوە کە موڵک تاڵان کراوە، پێداویستی لە ماڵەکان براوە و لە بازاڕدا فرۆشراوە. بێگومان پێشێلکاری زۆر خراپترمان بینیوە، لەوانەش دەستگیرکردن و زیندانیکردن و ئەشکەنجەدان و تووندوتیژی سێکسی و جێندەری کە لە زیندانەکان روویداوە. 
 
رووداو: چەند کەس لە لایەن گرووپە چەکدارەکانەوە کوژراون؟  
 
هانی مێگاڵی: جارێکی دیکە ئاماژە بەوە دەکەم کە دۆکیومێنتی ژمارە زۆر زەحمەتە. ئێمە لەوێ نین و گرووپەکانیش خۆیان دۆکیومێنت ناکەن و هەربۆیە زەحمەتە ژمارەی تەواو دەستبکەوێت. ئەوەی کە زیاتر بۆ ئێمە جێگەی نیگەرانی بووە بریتییە لە زیادبوونی ژمارەی کوشتنی بەمەبەست و ئامانجکراو. دەبینین کە خەڵکی بەشێوەیەکی تایبەتی لە ماڵەوە دەرهێندراون و کوژراون. جیا لەوە، ئێمە زۆر نیگەرانین لە هێرشەکانی دیکە کە فۆرمێکی تایبەتی وەردەگرن و هاووڵاتیانی سڤیل دەکەنە ئامانج، لەوانەش لە رێگەی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراوەوە. هەروەها دەبینین کە بۆمبی چێندراو لە بازاڕەکان جێهێڵدراون. نیگەرانی ئێمە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە وا دیارە بەشێک لە کوشتنی خەڵکەکە سرووشتێکی تائیفی هەیە و بینینی ئەوانەش بەردەوامە. 
 
رووداو: ژمارەیەکتان لایە کە پێمان بڵێ چەند کەس بەهۆی ئەوەی کورد بوون رووبەڕووی ئەشکەنجەدان بوونەتەوە؟ 
 
هانی مێگاڵی: جارێکی دیکە ئاماژە بەوە دەکەم کە ژمارە و ئاماری تایبەتییمان لەبەردەست نییە، بەڵام ئێمە هەوڵمانداوە کەیسی تایبەتی دۆکیومێنت بکەین بۆئەوەی بڵێین کە بەڵگەمان هەیە ئەو شتانەی باسیان دەکەین روویانداوە. بەدڵنیاییەوە لەکاتی شەڕەکەدا لە باکووری رۆژئاوا و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، ژمارەیەک کورد کوژران. ئەوەی جێگەی نیگەرانییە بۆ ئێمە ئەوەیە کە دەبینین خەڵکی دەکرێنە ئامانج، ئەوەش لەبەرئەوەی کوردن. لە ماوەی 6 مانگی رابردوودا ئاماژەی لەو جۆرەمان بینیوە، چ لە بواری ئەو کەسانەی کە دەستگیرکراون و لە بەرامبەر وەرگرتنی پارەدا ئازادکراون و چ لە بواری بێدەنگکردنی رەخنەکانەوە. بینیومانە کە ژن و کچان کراونەتە ئامانج و دەستگیرکراون و لە هەندێک حاڵەتیشدا مامەڵەیەکی خراپی سێکسیان لەگەڵ کراوە یان دەستدرێژی سێکسییان کراوەتە سەر. هەندێک بەڵگەش هەن ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەوانە کراونەتە ئامانج لەبەر بواری ئیتنی. 
 
رووداو: ئێوە لە راپۆرتەکەتاندا باس زۆر پێشێلکاری دەکەن. دەمەوێت بزانم چەکدارانی سلێمان شا، بۆ نموونە، لە کام شار هاونیشتمانیانیان دەرکردووە و عەرەبیان لە شوێنیان جێگیرکردووە؟ ئەو پێشێلکارییانە لە کام شار و شوێن ئەنجامدراون؟  
 
هانی مێگاڵی: ئێمە ئەوەمان لە عەفرین بینیوە، بۆ نموونە. هەروەها لە سەرێ کانی بینیومانە. لەو شوێنانە خەڵکی تەقەی لە دەرگا داوە و داوای دۆکیومێنتی کردووە بۆئەوەی بسەلمێندرێت کە ئەوان خاوەنی ماڵ و موڵکەکەن. ئەگەر هاتوو خەڵکی لەبەر هەر هۆکارێک دۆکیومێنتی نەبێت، ئەو کاتە هەڕەشەیان لێدەکرێت و لەزۆر حاڵەتدا خەڵکی ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێدەهێڵن و چاوەڕێ ناکەن تووندوتیژی بەشوێنیدا بێت. دەبینین لەو شوێنانە خەڵکی هەڵاتووە لەبەر شەڕەکە، ئەوەش ساڵی رابردوو و پێشتر روویداوە. دواتر خەڵکی دیکەی ئاوارەمان لە باشووری سووریاوە بینیوە کە براونەتە خانووی ئەو خەڵکە. دەبینین کاتێک کە خاوەنە راستەقینەکە دەگەڕێنەوە، ئەو کاتە کێشە دروست دەبێت و ئەو خاوەنە راستەقینە ناتوانێت بگەڕێتەوە سەر ماڵ و موڵکی، چونکە دەست بەسەریدا گیراوە.
 
رووداو: راپۆرتەکان دوورودرێژە و ئەوە یەکەمین راپۆرتی دوورودرێژە کە بەو جۆرە باسی پێشێلکارییەکان لە ناوچە کوردییەکان دەکات. دەتوانم بزانم کە چەند خێزانی کورد لە بەرامبەر مانەوەیان لە شوێنی خۆیان پارەیان لێوەرگیراوە و ئەو رووداوەش لەکوێ روویداوە؟ 
 
هانی مێگاڵی: راپۆرتمان هەبووە لەبارەی دەستبەسەرداگرتن، مەرج نییە کە خەڵکی ناچارکرابن لە ماڵەکانیان بمێننەوە، بەڵکو زیاتر ناچارکراون بۆئەوەی ماڵ و حاڵیان جێبهێڵن. هەروەها راپۆرتی لەو جۆرەمان بینیووە کە خەڵکی کراونەتە ئامانج و دەستگیرکراون، ئەوەش لەبەر پارە. گوێمان لێبووە ئەو کەسانەی کەسوکاریان لە دەرەوە هەبووە کە دەکرێت پارەیان هەبێت، دەستگیرکراون چونکە دەستگیرکەرەکان بەو جۆرە تێگەیشتوون لە رێگەی دەستگیرکردنی ئەو کەسانەوە پارەیان لە کەسوکارەکەیان دەستدەکەوێت. هەربۆیە ئەو رێگەیان بەکارهێناوە. کێشەکە لەوەدایە کە گرووپە چەکدارەکان و لەم حاڵەتدا بەتایبەتی سوپای نیشتمانیی سووریا مووچەی تەواویان پێنادرێت و هەروەها پەنا بۆ هەر رێگەیەک دەبەن، لەوانەش دەستبەسەرداگرتنی دانەوێڵە بۆئەوەی لەو رێگەیەوە پارەیان دەستبکەوێت. دەبینین ئەوان خەڵکی سڤیل وەک بارمتە بەکاردەهێنن بۆئەوەی پارەیان دەستبکەوێت. هەروەها بینیومانە کە خەڵکی کراونەتە ئامانج و هەندێک کەسیان لەبەر هۆکاری سیاسی دەستگیرکراون، لەبەرئەوەی رەخنەیان لە کارەکانی سوپای نیشتمانیی سووریا گرتووە یان چوونەتە لای بەرپرسانی تورکیا و سکاڵایان کردووە و دواتر دەستگیرکراون و هەڕەشەیان لێکراوە و بێدەنگ کراون. 
 
رووداو: باشە بۆچی هەر خێزانێکی کورد کە ئەگەر تاپۆی خانووەکەی نەداتە چەکدارەکان لە سووریا، لە لایەن چەکدارەکانەوە گیراوە و ئەشکەنجەی دراوە؟ 
 
هانی مێگاڵی: جارێکی دیکە دەڵێم، ئێمە سەیری یەک شت دەکەین، ئەویش دۆکیومێنتکردنی تووندوتیژییە راستەقینەکەیە بۆئەوەی دواتر لە دیمەنە گەورەکە تێبگەین بۆئەوەی بزانین چی روودەدات. وادیارە بەشێک لەو دیمەنە گەورەیە بریتییە لە ناچارکردنی خەڵک بۆئەوەی شوێنی خۆیان جێبهێڵن و هێنانی کەسانی دیکەیە بۆئەوەی دەست بەسەر ماڵ و موڵکەکەیاندا بگرن. لە ماوەی 6 مانگی رابردوودا ئەم حاڵەتە زیاتر روویداوە. ئێستا ئەوان ماڵە و ماڵ دەگەڕێن و تەقە لە دەرگا دەدەن، سەیری دۆکیومێنتەکانیان دەکەن و هەڕەشەیان لێدەکەن و بەو جۆرەش ناچاریان دەکەن شوێنی خۆیان جێبهێڵن، نەوەک ئەوەی بمێننەوە.
 
رووداو: ئێوە لە راپۆرتەکەتاندا باسی تورکیاش دەکەن. دەمەوێت بزانم سوپای تورکیا رێگەی لە پێشێلکاری ئەو گرووپە چەکدارانە گرتووە یان لە پێشێلکارییەکاندا بەشداربووە؟ 
 
هانی مێگاڵی: ئەوەی کە بینیومانە ئەوەیە کە تورکیا هەوڵیداوە سوپای نیشتمانیی سووریا و گرووپە چەکدارەکانی دیکە رازی بکات بۆئەوەی ئەم جۆرە پێشێلکارییانە ئەنجامنەدەن. بەڵام ئێمە پێمان وایە تورکیا دەتوانێت کاری زیاتر بکات، چونکە تورکیا لەوێیە، یارمەتی ئەو گرووپە چەکدارانەی داوە بۆئەوەی ناوچەکە بخەنە ژێر دەسەڵاتیان. هەروەها تورکیا راهێنانیان پێدەکات و چەکیان پێدەدات و هەربۆیە کاریگەرییەکی زۆری بەسەریاندا هەیە. ئەوەی تورکیا دەیڵێت ئەوەیە کە ئەوان یارمەتی سوورییەکانیان داوە لە شەڕیان دژی حکومەتێکی چەوسێنەرەوە لە دیمەشق و دەڵێت، ئەوەی هەیە بارودۆخێکی تایبەت بە سووریایە و نایانەوێت زۆر دەستوەردان بکەن لەوەی روودەدات. بەڵام ئێمە پێمان وایە کە تورکیا بەرپرسیارییەتی لەئەستۆدایە، چونکە پێشێلکاری جیدی ئەنجامدەدرێت و هەربۆیە دەبێت تورکیا کاری زیاتر بکات و گوشاری زیاتر لەسەر ئەو گرووپانە دروستبکات بۆئەوەی پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان و یاسا مرۆییەکان بن. دەزانن کە سوپای نیشتمانیی سووریا دەستی بە جۆرێک لە لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکان کردووە. ئەوان دادگایان دامەزراندووە و هەندێک لێکۆڵینەوەیان کردووە، بەڵام کارەکە تەواو نەکراوە و جگە لەهەندێک لێکۆڵینەوە، ئێمە پێمان وایە کە دەبێت پێشێلکارییە راستەقینەکە بوەستێندرێت و تورکیاش دەتوانێت رۆڵێکی گەورە بگێڕێت لە رازیکردنی سوپای نیشتمانیی سووریا و گرووپەکانی دیکە بۆئەوەی واز لەم پێشێلکارییە گەورانە بهێنن. 
 
رووداو: هیچ کورد دەستگیرکراوە و بۆ دادگاییکردن براوەتە تورکیا؟ ژمارەی ئەو کوردانە چەندە کە دەستگیرکراون و بۆ دادگاییکردن براونەتە تورکیاوە؟ 
 
هانی مێگاڵی: ژمارەی وردم لا نییە، بەڵام دەزانین کە دەیان حاڵەت هەیە سووریەکان کە ژمارەیەکیان کوردن لە لایەن سوپای نیشتمانیی سووریاوە گیراون و بە سنووری نێودەوڵەتییدا براون بۆ تورکیا کە لەوێ چاوەرێی ئەوەیان لێدەکرێت دەستگیربکرێن یان رووبەرووی دادگا بکرێنەوە. جێگەی نیگەرانی ئێمەیە و نابێت سوورییەکان لە سنوورە نێودەوڵەتییەکە بپەڕێنرێنەوە و ئەوە پێشێلکارییەکی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتییە.