فەرهاد پیرباڵ: کورد لەبەر ئیسماعیل بێشکچی لە تورک خۆش دەبێت

رووداو دیجیتاڵ

نووسەرێکی کورد بەهێزکردنی پەیوەندیی کوردانی باکوور و باشووری کوردستان بە پێویست دەزانێت و دەشڵێت، پێویستە کتێبەکەی سەرۆک بارزانی بە زاراوەی کورمانجیش چاپ بکرێت.
 
فەرهاد پیرباڵ، شاعیر و نووسەری کورد لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر تۆمار کرا، رایگەیاند، پێویستە پردی نێوان کورد لە باشوور و باکووری کوردستان بەهێزتر بکرێت، بۆ ئەوەی زیاتر لە یەکدی تێبگەین.''
 
فەرهاد پیرباڵ باس لە ئیسماعیل بێشکچی، نووسەری تورک دەکات و دەڵێت، ''هەموو ژیانی خۆی لەسەر کورد دانا، لەکاتێکدا تورکیشە.'' دەشڵێت، تورکیا نەهامەتیی زۆری بەسەر کورددا هێناوە، ''بەڵام کورد لەبەر ئیسماعیل بێشکچی لە تورک خۆش دەبێت.''
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ فەرهاد پیرباڵ: 
 
رووداو: چاپی دووەمی کتێبی ئیسماعیل بێشکچیم بە دیاری بۆ هێناوی. 
 
فەرهاد پیرباڵ: ئیسماعیل بێشکچی، هەموو ژیانی لەسەر کورد دانا، تورکیشە. ئەو پیاوە خودا بۆیە هەڵیبژاردووە، بۆ ئەوەی ببێتە نموونەیەک کە هیچ کوردێک دڵی نەیەت قسەی ناشرین بە تورکان بڵێت. چونکە کورد مافی خۆیەتی هەتاهەتایە نەوەی خۆی فێر بکات و بڵێت تورک ئەوهای لە تۆ کردووە، تورکیا شێخ سەعیدی لەنێوبرد. شەرەفخانی بەدلیسی لەنێوبرد، ناحەقی دونیای کردووە، بەرامبەر بە کورد، تەنانەت تورک دەیویست پێناسەی فەرمیی کورد بکوژێنێتەوە، و دەیویست زمانمان ببڕێت، ئەو پیاوە نەیهێشت. ژیانی خۆی لەسەر کورد دانا، تورکیشە. کورد لەبەر ئیسماعیل بێشکچی لە تورک خۆش دەبێت.
 
پێمخۆشە ئێستا من فەرهاد پیرباڵم، لەنێو خوێنەرەکانم. ئەوەم زۆر پێخۆشە، واتا ئەوەم پێخۆش نییە کاتێک دەچم لە چایخانەیەک دادەنیشم، لەوێ هیچ ناکەم، بەڵام لێرە خزمەتتان دەکەم و لە زانکۆش هەست بە فەرهاد پیرباڵ دەکەم کە تۆپانێش دەکەم. من هەندێک کولتووری پەیوەندیی نێوان مامۆستا و خوێندکارم گۆڕی، واتا ئازادیم پێدان. 
 
رووداو: هەندێک باسی خوێندنەوە بکەین، دەمەوێت ئەوە بپرسم خوێندنەوە باشە یان خراپە؟
 
فەرهاد پیرباڵ: خوێندنەوە حەیاتە، ئەی بچیت لە چایخانان دابنیشیت؟ دەچیت قورئان دەخوێنیت، قوربانی قورئان بم، سەرچاوم، بەڵام قورئان رێگەت لێ ناگرێت، کتێبی دیکە بخوێنەوە. خوێندنەوە نیعمەتی خودایە، خۆشە.
 
رووداو: گوتت خوێندنەوە باشە، بەڵام لێرە نووسیوتانە کتێب سوودی نییە جیاوازییەکە؟
 
فەرهاد پیرباڵ: جگە لە قورئان. دەبێت من هەموو شتێک شی بکەمەوە؟ کتێب سوودی نییە جگە لە قورئان، خودا هەبێت.
 
پرسیار: ئەی ئەو کتێبانە بۆچی بخوێنینەوە؟
 
فەرهاد پیرباڵ: ئەو کتێبانە بۆیە، کە من واتان لێبکەم ئەو کتێبانە هیچ سوودێکیان نییە، بگەڕێنەوە سەر کتێبێکی دیکە. چونکە دێن هەموو کتێبی جیهان دەکڕن، ئێستا تۆ حەز ناکەیت بچیت بەختیار عەلیش بخوێنیتەوە؟ حەز ناکەیت بچیت شێرزاد حەسەنیش بخوێنیتەوە؟ بەڵێ، بەڵام پاش خوێندنەوەی ئەو هەموو کتێبە چی؟ کوڕە گوو بە شەرەفی کتێب، ئەی کردەوەت، پاشان چی بکەین؟ کتێب گرنگە سەرچاوم، کتێب سوودی هەیە سەرچاوم، وەرە بزانم سوودەکەی چییە؟ من نووسەرم ئەو هەموو کتێبەم نووسیوە، جێگەی من کوێ بوو؟ ئێڕە بوو؟ کتێبی بفرۆشم؟
 
رووداو: حەز دەکەم هەندێک باسی کتێبەکان بکەین. ئەوانە هەموو هاتوون بۆ ئەوەی کتێبەکانت بکڕن.
 
فەرهاد پیرباڵ: تۆ دەڵێیت کتێب سوودی هەیە، سوودی نییە، من شتەکان دەبەمەوە ئەوەی کە من پاش نووسینی ئەو هەموو کتێبە سوودم لە کتێب نەبینی، نەمتوانی.
 
رووداو: ئەی پاش نووسینی ئەو هەمووە کتێبە چیت نەدی؟
 
فەرهاد پیرباڵ: چیم نەدی،  (کتێبێک هەڵدەگرێت) ئەو کتێبە جوانە کۆمەڵێک وتارن، بە وتارێک دەستپێدەکات کە باسی مام جەلال دەکات، بزانە لە ئەڵقەی یەکەم دەڵێت ئەو ئێوارەیە بوو کە راگەیێندرا جەنابی مام جەلال بۆ دووەم جار بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق هەڵبژێردرایەوە. شەقامی سەهۆڵەکەی سلێمانی بەم بۆنەیەوە لێوانلێو بوو لە ئاهەنگ، من دەبووایە سبەی بەڕێ بکەوم بۆ خانەقین، لە خانەقین وانە بە خوێندکارەکانی بەشی کوردی بڵێمەوە، بەبێ مووچە و بەخۆڕایی؛ گوێ بگرە، چوومە خانەقین بەبێ مووچە وانەم گوتووەتەوە، کتێب سوودی نییە، ئێ دەوروبەری کاژێر 09:30 لە هۆتێلی زانکۆ هاتمە خوارەوە، بۆ ئەوەی بچم... هەر شتەی وتارێکە، هەر شتەی بابەتێکە، لە وڵاتە دیکتاتۆر و نیمچە دیموکراتەکاندا تەنیا دوو شوێنی ئازاد هەن مرۆڤ بیروڕای خۆی تێیاندا دەرببڕێت. ئەوها هەر وتارێک دەتانبەمە شوێنێک، هەتا دەمرم لەبیرت ناکەم.
 
رووداو: من ئەو کتێبەم خوێندووەتەوە پەتاتە خۆرەکان.
 
فەرهاد پیرباڵ: نەوشیروان مستەفا هەزار رەحمەتی لێ بێت، پیاوێکی خوێندەوار بوو، گوتی دکتۆر تۆ لەو شیزۆفرینیایە تەکنیکێکت دروست کردووە لە ئەدەبی جیهانی نەمبینیوە، بۆیە برادەرانمان کردوویانەتە ئینگلیزی، هەزار رەحمەتت لێ بێت کاک نەوشیروان.
 
رووداو: نووسەران کۆمەڵێک کتێبیان چاپ کردووە، نووسەران دەڵێن خوێنەر کەمە، خوێنەریش دەڵێت کتێبی چاک کەمە، لەگەڵ کامەیانی؟
 
فەرهاد پیرباڵ: لێرە من باشم، خوێنەرم باشە، دەڵێم ئەگەر کتێبم لێ نەکڕی وێنەت لەگەڵ ناگرم. هەیە لەبەر وێنەکەی دێت، دەڵێت بە چەندە ئەویش دەڵێت بە حەوت هەزارە، دەڵێت بە پێنج نابێت، دەڵێم کاکە هەندێکیان بە پێنجیش دەبێت. من با باسی کتێبی خەوننامەی فەرهاد پیرباڵ بکەم، لە کتێبەکەمدا دەڵێم مەلا لە خەوتدا گێزەرە، گێزەر لە خەودا پیازە، پیاز لە خەودا چییە؟ بەر لە من ئەوە نەکراوە. هیچ شاعیرێکی کورد و هیچ شاعیرێکی عەرەبیش بەر لە من نەیکردووە. ئەوە سەرنجڕاکێشە، هەمووی خەونە. بۆ نموونە ئەگەر خەونت بینی سێوێکی سوور زەرد هەڵگەڕابوو، مانای وایە تۆ بەختت رەشە.
 
ئایا گاڵتە بە لێکدانەوەی خەونی بن سیرین دەکەم؟ رەنگە. ئایا گاڵتە بە لێکدانەوەی خەونەکانی زیگمۆن فرۆید دەکەم؟ رەنگە. بزانە چیم کردووە.
 
رووداو: دوا شت دەتەوێت چیمان بۆ بڵێیت؟ ئەو هەمووە خوێنەرە گەنجە لێرەن، بەردەوام ستاندی تۆ لە هەموو ستاندەکانی دیکە قەرەباڵخترە و بەردەوام کتێبەکانی چاپ دەکرێنەوە. 
 
فەرهاد پیرباڵ: ئەوە راستە. ئێستا ئەوە چاپی سێیەمی خەوننامەیە، پەتاتەخۆرەکان چاپی شەشەمە، هۆتێل ئەورووپایە نازانم هەشتە چەندە و وەرگێڕانی فارسی و فەرەنسیشی بۆ کراوە، عەرەبیم نەبینیوە.
 
منداڵباز هەشت جار چاپکراوە، ناونیشانەکەی پیسە، بەس من چی بکەم تۆ خۆت پیسی، ئەو ناونیشانەم بۆیە داناوە بڵێم شەرم لە خۆت بکە، چونکە پێتناخۆشە یەکێک منداڵباز بێت، کوفرە، واتا وەکو ئەوەی وشەیەکی ناشیرین دەبینێت، مرۆڤ شەرم لە خۆی دەکاتەوە، من ئەو ناونیشانەم بۆیە دانا کە بە مرۆڤ بڵێم شەرم لە خۆی بکاتەوە، یان بێت بیخوێنێتەوە بزانێت بۆچی من ئەوەم گوتووە
 
رووداو: دکتۆر گیان ماندوومان کردی.
 
فەرهاد پیرباڵ: محەممەد (محەممەد عیزەدین، پێشکەشکاری رووداو) من تۆم زۆر خۆش دەوێت، چونکە خزمەتێکی گەورەی ئەو پردەت کردووە کە لە نێوان باشوور و باکووردا هەیە، ئەو پردە پیرۆزە، واتا ئەو رێیە، تۆ بەسەریدا دەڕۆیت، ئەو رێبازەی تۆ بەسەریدا دەڕۆیت، پردی نێوان باکوور و باشوورت بەهێزتر کرد لە رووی کولتوورییەوە. لە ئێستاوە سڵاوم بۆ بەڕێز کاک نێچیرڤانیش هەیە، برای گەورەی منە، ئەو پردە کولتوورییە لەنێوان باکوور و باشوور زۆر پێویست نییە؟ هیچ کارمان کردووە بۆ ئەوە؟
 
رووداو: زۆر لە دواوەوەین، دەبێت کاری زۆر چاکتر بکەین.
 
فەرهاد پیرباڵ، تۆ وەکو رۆژنامەنووسێکی بەرز نا، ئەوە هیچ کە بەرزی، بەڵام وەکو یەکێک لەو کەسانەی کە ئەو پردەی دروست کردووە، ئایا پێویست نییە ئەو پردە بەهێزتر بکەین؟
 
رووداو: دەبێت زۆر بەهێزتری بکەین. 
 
فەرهاد پیریاڵ: لە بواری زمان بتوانین لە یەکدی تێبگەین، ئێستا کتێبی بەڕێز سەرۆک بە سۆرانی نووسراوە، کورمانجی ناتوانێت بیخوێنێتەوە برام، دەمەوێت بکرێتە کورمانجیش، بۆ تورکی نا، سەرەتا بۆ کورمانجی. ئەوکات ئەگەر پێویست بوو، کتێبی عەلی باپیریش بکەنە کورمانجی.