مایکڵ نایتس: پێدەچێت هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان بمێننەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

لە دونیای پڕ لە ئاڵۆزیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، پەیوەندییە سیاسییەکان بەردەوام لە گۆڕاندان، بەتایبەتی لەنێوان عێراق و ئەمریکا. سەرۆکی بەشی توێژینەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە هۆرزۆن ئینگەیج بە قووڵی باس لە نوێترین پۆلێنکردنی گرووپە چەکدارەکان و کاریگەرییەکانی لەسەر عێراق و ئەمریکا دەکات. هەروەها تیشک دەخاتە سەر پەیوەندییە گۆڕاوەکانی نێوان بەغدا و واشنتن و داهاتووی عێراق لە ناوچەکە، بەتایبەتی لە سایەی کاریگەریی ئێران و ئەگەری روودانی قۆناخێکی دیکەی جەنگ لەنێوان ئێران و ئیسرائیل.
 
رووداو گفتوگۆکە بە پرسیارێک لەبارەی نوێترین گۆڕانکاری لە پۆلێنکردنی چوار گرووپی حەشدی شەعبی دەست پێدەکات، ئەم گرووپانە لە "گرووپی تیرۆریستیی دیاریکراوی تایبەتەوە گۆڕدراون بۆ رێکخراوی تیرۆریستیی بیانی." مایکڵ نایتس، سەرۆکی بەشی توێژینەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە هۆرزۆن ئینگەیج، لە بەرنامەی "رووداوی ئەمڕۆ" روونی کردەوە، ئەم گۆڕانکارییە "بەهێزترە" و سزای تاوانکاریی قوورستر لەناو ئەمریکادا هەڵدەگرێت، هەروەها رێگە بە هاووڵاتیانی ئەمریکی دەدات کە بەهۆی میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە زیانیان بەرکەوتووە، سکاڵا تۆمار بکەن و بەدوای قەرەبوودا بگەڕێن.
 
نایتس ئاماژە بەوە دەکات، ئەم پۆلێنکردنە نوێیە رێگری دەکات لە لۆبیکردن بۆ ئەم میلیشیایانە لەلایەن هەندێک کەسەوە کە پەیوەندییان بە حکومەتی عێراقەوە هەیە، ئەمەش رێگە لە هەوڵدانی دەرکردنیان لە لیستەکە دەگرێت. رووداو پرسیاری کرد، ئایا هەوڵی لەو شێوەیە هەبووە؟ نایتس پشتڕاستی کردەوە، "هەمیشە هەوڵ هەبووە" لەلایەن عێراقی - ئەمریکییەکان و نێردراوان لە بەغداوە بۆ دەرکردنی هەندێک لایەن لە لیستی تیرۆر، وەک نموونە، شیبل زەیدی، سەرکردەی کەتائیبی ئیمام عەلی، کە لە کەرتی پەیوەندییەکانی عێراقدا بەرژەوەندیی هەیە و لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنان کار دەکات، زۆرجار هەوڵی لۆبیکردن دەدات.
 
'پەیوەندییەکانی بەغدا و واشنتن و داهاتووی سوودانی'
 
پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن لە چەند مانگی رابردوودا ئاڵۆز بووە، بەتایبەتی لە کاتی گفتوگۆکردن لەسەر یاسای حەشدی شەعبی. نایتس وردەکاریی ئەو گوشارە دەخاتەڕوو کە ئەمریکا خستوویەتیە سەر حکومەتی عێراق و پەرلەمان بۆ رێگریکردن لە تێپەڕاندنی ئەم یاسایە، ئەو ئاماژە بەوە دەکات، واشنتن "هۆشدارییەکی تووندی" داوە لەوەی ئەگەر یاساکە تێپەڕێندرێت، پەیوەندییەکان بۆ هەمیشە دەگۆڕێن.
 
هەروەها روونی کردەوە، ئەم گوشارە بە تایبەت ئێستا چڕتر بووەتەوە، چونکە ئەمریکا پێیوایە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق لە مانگی تشرینی دووەمدا "دەرفەتێکە" بۆ هێنانی سەرۆکوەزیرانێکی نوێ کە کەمتر پەیوەندیی بە ئێرانەوە هەبێت و زیاتر لە رۆژئاوا نزیک بێت، ئەمەش ئەگەری سزاکانی داهاتوو لەسەر عێراق کەم دەکاتەوە و پارێزگارییەک دابین دەکات لە بەرامبەر هێرشەکانی ئەمریکا یان ئیسرائیل بۆ سەر سەرکردەی میلیشیاکان، ئامانجی ئەمریکا ئەوەیە بڕیار لەسەر دەستەی حەشدی شەعبی بۆ حکومەتی داهاتوو جێبهێڵدرێت، بەو هیوایەی حەشدی شەعبی نەکرێتە وەزارەتێکی هەمیشەیی، بەڵکو تێکەڵ بە دەزگا ئەمنییەکانی عێراق بکرێتەوە.
 
سەبارەت بە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق، رووداو پرسیاری کرد، ئایا ئەمریکا چۆن سەیری دەکات؛ لە وەڵامدا نایتس بە روونی گوتی، سوودانی "کێشەی جیددیی هەیە" لە واشنتن، چونکە وەکو لایەنگری ئێران سەیر دەکرێت. ئەو ئاماژە بەوە دەکات، سوودانی لەلایەن سەرکردەکانی وەکو قەیس خەزعەلی و هادی عامرییەوە دانراوە، کە پەیوەندییەکانیان بە ئێران و سوپای پاسدارانەوە ئاشکرایە. سەرەڕای هەوڵەکانی سوودانی بۆ دڵنیاکردنەوەی ئەمریکییەکان کە دەتوانێت بگۆڕێت، نایتس پێیوایە ئەمریکا باوەڕی پێ ناکات و پێی وایە ئەمە تەنیا تاکتیکێکی پێش هەڵبژاردنە.
 
دەقی گوتەکانی مایکڵ نایتس، سەرۆکی بەشی توێژینەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە هۆرزۆن ئینگەیج لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ:
 
رووداو: چوار گرووپی حەشدی شەعبی خرانە لیستی تیرۆرەوە، پێشتر وەک "گرووپی تیرۆریستیی دیاریکراوی تایبەت" پۆلێن کرابوون، بەڵام ئێستا وەک "ڕێکخراوی تیرۆریستیی بیانی" پۆلێن کراون، ئەمە مانای چییە؟ جیاوازیی نێوان ئەم دوو جۆرە پۆلێنکردنە چییە؟
 
مایکڵ نایتس: پرسیارێکی زۆر باشە، جیاوازیی سەرەکی ئەوەیە کە پۆلێنکردنی نوێ بەهێزترە. سزای تاوانکاریی قورستر لەناو ئەمریکادا هەڵدەگرێت. هەروەها رێگە بەو ئەمریکییانە دەدات کە بەهۆی میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە زیانیان بەرکەوتووە، سکاڵا لەسەر کەسەکان تۆمار بکەن و بەدوای پارەکانیاندا بگەڕێن. گرنگیی ئەمەش لەوەدایە کە رێگری دەکات لە هەندێک کەس کە لە ئەمریکا نیشتەجێن و پەیوەندییان بە حکوومەتی سودانییەوە هەیە، هەوڵی لۆبیکردن بدەن بۆ ئەو میلیشیایانە لەلای حکوومەتی ئەمریکا. ئەوان هەوڵ دەدەن لە لیستەکە دەریانبهێنن یان کارئاسانیی دیکەیان بۆ بکەن. بەڵام ئەم یاسایە وای کردووە کە بۆ کەسانی ئەمریکی (خاوەن کارتی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی یان هاووڵاتی) و موڵکەکانیان نایاسایی بێت بە هەر شێوەیەک هەوڵی پشتگیریکردنی ئەم جۆرە گرووپانە بدەن لەناو دەستەی حەشدی شەعبیدا.
 
رووداو: ئایا لە چەند ساڵی رابردوودا هیچ هەوڵێک لەلایەن عێراقییەکانەوە هەبووە بۆ دەرکردنی ئەم گرووپانە لە لیستەکە؟
 
مایکڵ نایتس: هەمیشە هەوڵ هەبووە لەلایەن هەندێک عێراقی-ئەمریکی و هەروەها هەندێک کەسی نێردراو لە بەغداوە بۆ ئەوەی ئەمریکا هەندێک لایەن لە لیستی تیرۆریستیی جیهانیی دیاریکراوی تایبەت دەربکات. بۆ نموونە، "کەتائیبی ئیمام عەلی" لەلایەن کەسێکەوە بە ناوی شیبل زەیدی سەرکردایەتی دەکرێت، کە بەرژەوەندیی زۆر بەهێزی لە کەرتی پەیوەندییەکانی عێراقدا هەیە و لە نزیکەوە لەگەڵ حزبوڵڵای لوبنان کار دەکات. زۆرجار کەسانی لە ئەمریکا هەن کە هەوڵ دەدەن لەبری ئەو رێککەوتنێک بکەن.
 
رووداو: کاتێک دەخرێنە لیستەکەوە، لە هەمان کاتدا لە عێراق لە راگەیێندراوەکانیاندا دەڵێن "ئەمە شانازییە بۆ ئێمە"، لە لایەکی دیکەوە لە ئەمریکا لۆبی دەکەن بۆ ئەوەی لە لیستەکە دەربکرێن.
 
مایکڵ نایتس: ڕاستە روویەکی ئازایانە نیشان دەدەن، بەڵام هیچ کەس پێی خۆش نییە کاتێک هێرش دەکرێتە سەر سەروەت و سامانە نێودەوڵەتییەکانی. کاتێک ناوت لە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییە بیانییەکاندایە، پارەکانت لە تورکیا، کەنداو و، بەریتانیا دەکەونە بەر هێرش و ئەمەش وا دەکات قورستر بێت بۆت کە ئەندامانی خێزانەکەت بنێریت بۆ زانکۆ لە دەرەوەی وڵات.
 
رووداو: پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن لە چەند مانگی رابردوودا ئاڵۆز بووە، بەتایبەتی کاتێک باس لە یاسای حەشدی شەعبی دەکەین. هەمیشە دەمانزانی کە ئەمریکا فشاری لەسەر حکوومەتی عێراق و پەرلەمان دەکرد لەسەر هەندێک پرس، بەڵام هەرگیز بەو شێوە ئاشکرایەی لە چەند مانگی رابردوودا بینیمان نەبووە. پەیوەندیی ئێستای نێوان بەغدا و واشنتن چۆن وەسف دەکەیت؟
 
مایکڵ نایتس: کاتێک یاسای حەشدی شەعبی خەریک بوو رۆژێک تێپەڕێنرێت، پێموایە رۆژی شەممە بوو، زۆر نزیک بووەوە لە تێپەڕاندن و ئەمە بۆ واشنتن جێی سەرسووڕمان بوو کە دەتوانرێت بەو خێراییە بخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە بەبێ ئەوەی کەس ئاگاداری ئەوە بێت کە دەیانەوێت خوێندنەوەی کۆتایی بۆ پرۆژەیاساکە بکەن و تێیپەڕێنن. ئەمە بەڕاستی واشنتنی هاندا کە بڵێت: "ئێمە هۆشدارییەکی توندتان پێ دەدەین. ئەگەر پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی تێپەڕێنن، پەیوەندیی نێوان عێراق و واشنتن بۆ هەتاهەتایە دەگۆڕێت. بۆیە هەوڵ مەدەن بە نهێنی ئەمە تێپەڕێنن بەبێ ئەوەی ئێمە پێی بزانین. ئێستا دەزانن ئەنجامەکانی چی دەبێت ئەگەر ئەمە بکەن." وادیار بوو ئەمە کاریگەر بوو لە راگرتنی فراکسیۆنەکان لە هەوڵدان بۆ تێپەڕاندنی لە هەر جارێکدا کە پەرلەمان کۆدەبووەوە.
 
رووداو: بۆچی ئەم گوشارە لەم کاتەدا بەتایبەتی، کاتێک باس لە دۆخی ئێستای ناوچەکە دەکەین کە دواتر دێمە سەری؟ بۆچی ئەمریکا ئەوەندە هەستیارە بەرامبەر بە یاسای حەشدی شەعبی؟
 
مایکڵ نایتس: پێموایە لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان لە عێراق لە مانگی تشرینی دووەمدا، هەمووان لە حکوومەتی ئەمریکادا هەست دەکەن کە دەرفەتێک هەیە بۆ دەستکەوتنی سەرۆکوەزیرانێکی نوێ، جۆرێکی نوێی حکوومەت کە کەمتر پەیوەندیی بە ئێرانەوە هەبێت. دیارە، فراکسیۆنە سەربەئێرانییەکان هێشتا کورسییەکانیان لە پەرلەماندا دەمێنێت. بەڵام کاتێک دێنە سەر هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیران، دەتوانن کەسێک هەڵبژێرن کە نزیکتر بێت لە رۆژئاوا. ئەمەش ئەگەری ئەوە کەم دەکاتەوە کە عێراق لە داهاتوودا رووبەڕووی سزای زۆر توند ببێتەوە. هەروەها هەندێک پارێزگاری بۆ عێراق دابین دەکات لە بەرامبەر هێرشەکانی ئەمریکا یان ئیسرائیل بۆ سەر سەرکردەی میلیشیاکان. بۆیە ئەمریکا هیوادارە عێراق هەڵبژاردنێکی باش بکات کاتێک دێتە سەر سەرۆکوەزیرانی داهاتووی. ئەمە یەکێکە لە هۆکارەکانی کە بۆچی لەم کاتەدا گوشارەکەی لەسەرە. ئەمریکا نایەوێت ئەم حکوومەتەی سودانی، کە لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە هەڵبژێردراوە، یاسای دەستەی حەشدی شەعبی تێپەڕێنێت و بیکات بە وەزارەتێکی هەمیشەیی بە بودجەیەکی هەمیشەیی لە هەموو ساڵێکی بودجەی دارایی عێراقدا. ئەمریکا دەیەوێت بڕیاری ئەوەی چی لە دەستەی حەشدی شەعبی بکرێت، بۆ حکوومەتی داهاتوو بەجێبهێڵێت، بەو هیوایەی کە حەشدی شەعبی نەکرێت بە وەزارەتێکی هەمیشەیی، بەڵکو لەبری ئەوە وردە وردە تێکەڵ بە دەزگا ئەمنییەکانی عێراق بکرێتەوە وەک وەزارەتی بەرگری یان وەزارەتی ناوخۆ.
 
رووداو: لەبارەی سوودانییەوە، روونە کە سوودانی لە هەوڵی ئەوەدایە دووبارە هەڵبژێردرێتەوە و ئێستا خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بەربژێر دەکات. ئەمریکا چۆن سەیری سوودانی دەکات؟ ئایا سوودانی لەلایەن ئەمریکاوە وەک لایەنگری رۆژئاوا یان لایەنگری ئێران سەیر دەکرێت؟
 
مایکڵ نایتس: لە واشنتن سوودانی کێشەی جیددیی هەیە، چونکە وەک لایەنگری ئێران سەیر دەکرێت. هەمووان دەزانن کە ئەو لەلایەن سەرکردەکانی وەک قەیس خەزعەلی، کە لەلایەن ئەمریکاوە وەک تیرۆریست ناسراوە و، هادی عامری، کە بزووتنەوەکەی (بەدر) لەلایەن ئێران و سوپای پاسدارانەوە دامەزراوە، دانراوە. بۆیە هیچ کەس لە واشنتن فریو ناخوات لەبارەی ئەوەی سوودانی لە کوێوە هاتووە. سوودانی بەردەوام بە ئەمریکییەکان دەڵێت، "بەڵام من دەتوانم بگۆڕێم. دەتوانم لە داهاتوودا لەگەڵ ئێوە بم." کێشەکە ئەوەیە کە ئەمریکییەکان باوەڕی پێ ناکەن. دەزانن کە ئەمە تەنیا شتێکە کە لە پێش هەڵبژاردنەکاندا پێیان دەڵێت بۆ ئەوەی بتوانێت خولی دووەمی حکوومەت بەدەست بهێنێت. دوای ئەوە، هیچ گەرەنتییەک نییە کە سوودانی نزیک بێت لە ئەمریکییەکان. راستییەکەی، ئەگەری زیاترە کە بگەڕێتەوە بۆ لای ئێرانییەکان و ئەو گرووپانەی کە پشتیوانیی دەکەن.
 
رووداو: ئەمریکا دەستی کردووە بە کشانەوە لە عێراق، مەبەستم عێراقە بەبێ هەرێمی کوردستان ئەو هێزانە تا ساڵی داهاتوو دەمێننەوە وەک پلانی بۆ دانراوە، کشانەوە لە کوردستانیش دەبێت، شتێک کە سیاسەتڤانەکانی عێراق زۆر لێی دەترسان تویتێکی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بوو لە بەغدا  لە کاتێکدا کە باس و هەواڵ هەبوو لەسەر ئەوەی کە ئەمریکا دەستی کردووە بە کشانەوەی هێزەکانی لە بەغدا و بنکەی عەین ئەسەد، ئەم تویتە هەبوو، کە دڵنیام تۆ بینیوتە، نیگەرانییەک لەلایەن ئەمریکاوە، وەک لە تویتی باڵیۆزخانەی بەغدادا ئاماژەی پێکرابوو، لەبارەی قاعیدە و داعشەوە، تۆ چۆن لەو تویتەت تێگەیشتیت؟
 
مایکڵ نایتس: ئەمریکا دەیەوێت بەردەوام بێت لە هاوبەشیی دژەتیرۆر لەگەڵ هەرێمی کوردستان و هەروەها لەگەڵ عێراقی فیدراڵ و هەروەها لەگەڵ لایەنەکانی سووریا وەک هێزەکانی سووریای دیموکرات. پێنتاگۆنی ئەمریکا، کۆمەڵگەی هەواڵگریمان و حکوومەتەکەمان زۆر سەرنجیان لەسەر ئەوەیە کە دڵنیا ببنەوە قاعیدە و داعش ناگەڕێنەوە. ئێمە خەڵکمان لەدەستداوە لە شەڕی دژی ئەوان، ئێوە خەڵکتان لەدەستداوە لە شەڕی دژی ئەوان، ئێمە پێکەوە کارمان کردووە و سەرکەوتوو بووین و دەمانەوێت کارەکە تەواو بکەین. بۆیە ئەمریکا حەز دەکات بیری هەمووانی بخاتەوە کە هێزەکانمان لە عێراقن بۆ یارمەتیدانی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ لەناوبردنی تەواوەتیی دەوڵەتی ئیسلامی و قاعیدە. زۆر ئەگەری هەیە هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان بمێننەوە، بە دڵنیاییەوە و، رەنگە لە هەندێک بەشی باکووری رۆژهەڵاتی سووریاش. رەنگە ئەمریکا لە عەین ئەسەد نەمێنێتەوە. بە شێوەیەکی هەمیشەیی ناگەڕێتەوە ئەوێ. بەڵام تەنیا ئەمە دەڵێم. زۆربەی سیاسەتمەدارە عێراقییەکان تێدەگەن کە کاتێک ئەمریکا جاری پێشوو رۆیشت، لە ماوەی دوو ساڵ و نیودا داعش هات و سێیەکی عێراقی داگیرکرد. هەرچەندە ئەگەری ئەوە نییە ئەم جارە بەو شێوە بەرچاوە رووبداتەوە، هێشتا نیگەرانی هەیە کە ئەگەر ئەمریکا بڕوات، هێزە ئەمنییەکانی عێراق نەتوانن بۆشاییەکە پڕ بکەنەوە. پێموایە ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی زۆرێک لە پشتیوانیی هەواڵگری و هێزە تایبەتەکان، تەنانەت ئەگەر ئاستی ئامادەیی هێزەکانیشمان کەمتر بێت.
 
رووداو: عێراقییەکان، بەتایبەتی سیاسەتمەدارەکان، یادەوەرییەکی باشیان لەگەڵ کشانەوەی ئەمریکادا نییە، بەتایبەتی لە ساڵی 2012، وەک ئاماژەت پێکرد، دەزانین چی روویدا جا ئێستا بە جۆرێک ئەو تویتە، وەک هەڕەشەیەک لەلایەن ئەمریکاوە دەبینن، پێت وایە ئەمە هەڕەشە بوو یان بیرخستنەوە؟
 
مایکڵ نایتس: ئەوە بیرخستنەوەیەکە کە جارێکی تر حکومەتی عێراق بڕیارێکی کورتخایەنانەی دا بۆ ئەوەی لەبەرچاوی شەقامی عێراقیدا باش دەربکەوێت. جا دوای چەند ساڵێک پەشیمان بوونەوە. ئێستا، من خۆم پێشبینی ناکەم داعش وەک ساڵی 2014 بگەڕێتەوە، چونکە ئێستا شەڕێکی ناوخۆیی گەورەمان لە سووریا نییە. حکومەتی عێراق و هێزە ئەمنییەکان لە دۆخێکی باشدان لە چاو ساڵانی 2013 و 2014. بەڵام، دەزانی، ئەمریکا هۆشداری دەدات ئەگەر یارمەتیی ئێمەتان دەوێت دژی داعش و قاعیدە، ئێمە لێرەین. لێرە بمانهێڵنەوە. ئەگەر هەموومان ناچار بین بڕۆین، ئەوا زۆر قورستر دەبێت بۆمان دواتر بگەڕێینەوە.
 
رووداو: پێتوایە ئەگەر شتێک لە ناوچەکەدا رووبدات، ئاسان دەبێت بۆ عێراق جارێکی تر داوای پشتیوانی لە ئەمریکا بکات وەک چۆن لە ساڵی 2014 داوای کرد، ئەگەر شتێک رووبدات، چاوەڕوانیت چییە بۆ وەڵامی ئەمریکا بۆ بانگەوازێکی حکومەتی عێراق بۆ پشتیوانی؟
 
مایکڵ نایتس: ئەمریکا زیاتر ئامادە دەبێت پشتیوانی لە هەرێمی کوردستان بکات کە حکومەتێکی دۆستە و ئەمریکا زیاتر ئامادە دەبێت بگەڕێتەوە و یارمەتیی حکومەتێکی عێراقی بدات کە لەلایەن سەرکردەیەکی میلیشیاوە سەرکردایەتی نەکرێت، بۆیە گرنگە عێراق دوای هەڵبژاردنی داهاتوو سەرۆکوەزیرانی راست هەڵبژێرێت، پێموایە ئێمە ژمارەی هێزەکانمان بۆ ژمارەیەکی کەمی راوێژکارانی هێزە تایبەتەکان کەم دەکەینەوە، بەڵام ئامادە دەبین هێزی زیاتر بە فڕۆکە بنێرین بۆ ئەرکی دیاریکراو، ئەگەر شتێکی زۆر جێگەی نیگەرانی رووبدات پێموایە ئێمە دەزانین کە هەرێمی کوردستانی عێراق دۆستانەترین شوێنە بۆ ئێمە بۆ هێزناردن و سەلامەتترین شوێنە کە دەتوانین لێیەوە کاربکەین.
 
رووداو: ئەی لەبارەی سووریاوە چۆنە؟ ئایا ویلایەتە یەکگرتووەکان هێزەکانی لەوێ دەهێڵێتەوە؟
 
مایکڵ نایتس: پێموایە ئەو سەختیانەی کە لە بەردەم دروستکردنی رێککەوتنێکی درێژخایەن لە نێوان حکومەتی نوێی سووریا و هێزە ئەمنییەکانی ژێر سەرکردایەتیی کورد لە باکوری رۆژهەڵاتی سووریادایە، هۆکاری مانەوەی ئەمریکایە لەوێ ئەگەر ئەمریکا ببینێت کە دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات رێککەوتنێک دەکەن، ئەوا ئەمریکا هەست دەکات کە دەتوانێت بکشێتەوە بۆ ناو هەرێمی کوردستانی عێراق، بەڵام ئەمریکا لە باکوری رۆژهەڵاتی سووریا دەهێڵرێتەوە تا ئەو کاتەی هێزەکانی سووریای دیموکرات بتوانن تێکەڵ بە سوپای نوێی سووریا بکرێنەوە بە پلەیەک لە نیمچە-ئۆتۆنۆمی لە باکووری رۆژهەڵات.
 
رووداو: زۆر کەس دەزانن کە لە ناوچەکەدا ئێران ئەو هێزەی جارانی نییە، بەتایبەتی دوای ٧ی ئۆکتۆبەر و کاریگەرییەکانی دواتری، بەڵام کاتێک باس دێتە سەر عێراق، زۆر کەس پێیان وایە ئێران هەمان هێزی لە عێراقدا نییە وەک جاران تۆ باشترین کەسیت بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، ئایا ئێران هەمان هێز و هەژموونی لەسەر عێراق هەیە وەک پێشوو؟
 
مایکڵ نایتس: عێراق زۆر گرنگترە بۆ ئێران لە چاو دوو ساڵ لەمەوبەر، ئەگەر سەیری ئەو کاتە بکەیت، ئێرانییەکان دەیانگوت ئێمە چوار پایتەختی عەرەبیمان کۆنترۆڵ کردووە: بەیرووت، بەغدا، دیمەشق و سەنعا، باشە، ئەوان دیمەشقیان لەدەستداوە و تا رادەیەک بەیرووتیشیان لەدەستداوە، ئێستا بەغدا زۆر گرنگە بۆ ئێرانییەکان وەک رێگایەک بۆ دەربازبوون لە سزا ئەمریکییەکان، وەک رێگایەک بۆ پارەپەیداکردن و وەک رێگایەک بۆ رێگریکردن لە هێرشەکان و دوورخستنەوەی دوژمنان لە سنوورەکانی، بۆیە دەزانی کێشەکە ئەوەیە ئێران لاوازترە لە جاران، بەڵام هەروەها پەرۆشترە بۆ هێشتنەوەی دەسەڵاتی لە عێراق، جا هەر بۆیەش ئەم هەڵبژاردنانە زۆر گرنگ دەبن. ئەگەر گەلی عێراق و بەتایبەتی سەرکردەکان بتوانن بڕیارێکی باش بدەن دوای ئەم هەڵبژاردنانە، ئەوا عێراق لە واشنتن وەک شوێنێک سەیر دەکرێت کە لەلایەن ئێرانەوە کۆنترۆڵ نەکراوە بێگومان، هەرێمی کوردستان شوێنێکە کە دەزانین هەرگیز لەلایەن ئێرانەوە کۆنترۆڵ ناکرێت، چونکە کوردەکان باشترین دۆستی ئەمریکان لە عێراق. 
 
رووداو: کاتێک دەڵێیت "لە لایەن ئێرانەوە کۆنترۆڵ نەکراوە"، لە روانگەی ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە، ئەمە مانای چییە؟ چونکە ئێران ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو، هەمیشە کاریگەریی لەسەر عێراق هەبووە تەنانەت دەزانی، تەنانەت چەپەکانیش لە عێراقدا، لە سەدەی رابردوودا، لەژێر کاریگەریی چەپەکانی ئێراندا بوون، حیزبی توودە بۆیە تەنیا گرووپە میلیشیا شیعەکان نین کە لەژێر کاریگەریی ئێراندا بن، ئێران هەمیشە کاریگەری لە عێراقدا هەبووە تاکو چ رادەیەک ئەم کاریگەرییە لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە وەک کۆنترۆڵ سەیر ناکرێت؟
 
مایکڵ نایتس: یەکێک لەو شتانەی ئیدارەی ترەمپ زۆر باشە تێیدا، جیاکردنەوەی نێوان کاریگەریی ئاسایی دوو وڵاتی دراوسێ و کۆنترۆڵکردنی وڵاتێک لەلایەن وڵاتێکی بیانییەوەیە، هەر بۆیە ئیدارەی ترەمپ ئەوەندە سەرنجی لەسەر شتەکانی وەک قاچاخچێتی نەوت کردووە کە ئێرانییەکان عێراق بەکاردەهێنن بۆ قاچاخچێتی نەوتی ئێران بۆ بازاڕەکانی جیهان، چونکە ئەمە جۆرێکە لە کۆنترۆڵی ئێرانییەکان کە زۆر زیانبەخشە بۆ عێراق، ئێستا کاتێک دوو نەتەوە بە شێوەیەک هاوکاری دەکەن کە بۆ هەردوو لا سوودی هەیە، ئەمریکا رەنگە هیچ کێشەیەکی لەگەڵ ئەوەدا نەبێت بەڵام کاتێک ئێران سوود لە عێراق وەردەگرێت و بۆ پارەدارکردنی تیرۆر بەکاریدەهێنێت، ئەو کاتەیە کە ئەمریکا زۆر تەرکیز دەکات جا هەر بۆیە ئەمریکا دەستی کردووە بە سەرنج خستنە سەر سزاکانی ژێرخانی هەناردەکردنی نەوتی عێراق، چونکە ئەوە نیشانەیەکی زۆر روونی کۆنترۆڵی نەرێنییە، وەک دەگوترێت، کاریگەریی خراپە. لەبری تەنیا کاریگەری ئاسایی نێوان دوو وڵات و دوو ئابوورییە.
 
رووداو: سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ بەرامبەر عێراق هێشتا روون نییە، سیاسەتڤانان، بڕیاربەدەستان، بەڕاستی تێناگەن سیاسەتی روونی ویلایەتە یەکگرتووەکان بەرامبەر بەغدا چییە، بەتایبەتی لە ئیدارەی ترەمپدا، ویلایەتە یەکگرتووەکان باڵیۆزی لە بەغدا نییە بۆیە هەندێک سیاسەتمەدار لە راستیدا ئەمە وەک ئاماژەیەک لە واشنتۆنەوە بۆ بەغدا دەبینن تا بتوانن وای لێکبدەنەوە کە ئەمە جۆرە پەیوەندییەکە کە لەگەڵتاندا هەمانە سیاسەتی ترەمپ بەرامبەر عێراق چییە؟
 
مایکڵ نایتس: من هێشتا زۆر نزیکم لە ئیدارە کاتێک باس دێتە سەر سیاسەتیان بەرامبەر عێراق، جا دەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم، ویلایەتە یەکگرتووەکان باڵیۆزی هەمیشەیی لە سعوودیە و قەتەریش نییە. جا ئەوانە شوێنێکن کە ویلایەتە یەکگرتووەکان بە روونی پەیوەندییەکی زۆر نزیکی هەیە. بۆیە، دەبێت کەمێک جیاوازی بکەیت لەنێوان شێوازی داڕشتنەوە و رێکخستنەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەلایەن ترەمپەوە کە بە دڵنیاییەوە قورسە و لە زۆر شوێنی جیهاندا وایکردووە ئەمریکا بە تەواوی نوێنەرایەتی نەکرێت. عێراق لەو رووەوە تایبەت نییە. جا زۆر شوێن هەن کە زۆر گرنگن بۆ ئەمریکا و لە ئێستادا باڵیۆزی هەمیشەییان نییە. بۆیە سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ لەسەر عێراق لەناو ئیدارەکەدا زۆر سەرنجی لەسەر جێبەجێکردنی سزاکانی ئێرانە، دڵنیابوونەوەیە لەوەی عێراق نابێتە دەمێک کە ئێران بتوانێت پێی هەناسە بدات و بخوات. دووەم شت، هەوڵدانە بۆ رێنوێنیکردنی ئەنجامێکی باشتر لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق و هێنانی سەرۆکوەزیرانێکی نوێ لە عێراق کە جیا بێت لە میلیشیاکان. ئەمریکا بە شێوەیەکی سەرەکی سزا بەکاردەهێنێت بۆ ئەوە. جا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەگەر ناچار بین هێزەکانمان، هاووڵاتیانمان بە هێرشی سەربازی لە عێراق بپارێزین، هەمیشە ئەو بژارەیەمان هەیە. ئێستا لەوانەیە بڵێیت ئەوە سیاسەتێکی زۆر سادە دیارە، زۆر جوان نییە، زۆر ئاڵۆز نییە، بەڵام ئەوەیە کە ئێستا لەگەڵ عێراقدا هەیە کە لەوێین. ئەمریکا دەڵێت ئێران کێشەکەیە لە عێراق. ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن و دەتوانین ببینە دۆست.
 
رووداو: لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە، لە چەند مانگی رابردوودا چەندین هێرش کراوەتە سەر کێڵگە نەوتییەکان، کێشەی سیاسی و دارایی زۆر لەگەڵ بەغدا هەن. هەرێمی کوردستان هەمیشە بە جۆرێک پشتی بە واشنتۆن بەستووە، نەک تەنیا بۆ پشتیوانیی سەربازی بەڵکو بۆ پشتیوانیی سیاسییش. بەڵام من پێموایە ئێستا ویلایەتە یەکگرتووەکان کاتێک باس دێتە سەر سیاسەت، فشار ناخاتە سەر بەغدا یان لە راستیدا نێوەندگیری ناکات لەنێوان بەغدا و هەولێردا. ئایا هەرێمی کوردستان دەتوانێت لە رووی سیاسییەوە پشت بە ویلایەتە یەکگرتووەکان ببەستێت لەگەڵ بەغدا؟
 
مایکڵ نایتس: ئەگەر سەیری ئەمریکا بکەیت، لە پشت پەردەوە، زۆر بە قورسی تێوەگلاوە لە گواستنەوەی بەغدا لە هەڵوێستی "هیچ هەناردەیەکی نەوتی کوردی نییە" بۆ هەڵوێستێک کە ئێستا تێیدا باسی ئەوە دەکەین چۆن ئەو هەناردە نەوتییە دەست پێدەکەنەوە، چۆن پارە دەگاتە کوردستان و وەبەرهێنەران، جا ئەوە دیپلۆماسییەکی کەم دەرکەوتن بەڵام زۆر چڕوپڕ بووە کە ئێستا نزیکەی دوو ساڵە بەردەوامە. کاتێک بەغدا ئەوەندە سوورە لەسەر رێگریکردن لەوەی هەرێمی کوردستان پارەی هەبێت، شەڕێکی گەورەیە شەڕێکی زۆر قورسە بۆ ئەمریکا تا هەوڵ بدات بەغدا دەست بە پارەدان بکات و بەردەوام بێت، بەڵام ئێمە لەو رووەوە پێشکەوتنمان بەدەستهێناوە، یەک شت کە دەمەوێت بیڵێم لەبارەی گەرەنتیی ئەمنی بۆ هەرێمی کوردستان. ئەگەر سەیری هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تاک بکەیت، زۆر قورسە ئەوانە بوەستێنیت کاتێک تەنیا ماوەیەک لەمەوبەر لە ئیسرائیل، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی رامۆن لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی حوسییەوە کرایە ئامانج، ئەمە باشترین پارێزراوترین بەشی ئاسمانی جیهانە. لەلایەن هەردوو ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیلەوە دەپارێزرێت و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە هێشتا دەگات، بۆیە هیچ بەرگرییەکی ١٠٠% نییە جا دژی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیی بچووک کە لە شوێنەکانی وەک باکووری عێراقەوە دێن، زۆر قورسە کێڵگە نەوتییەکان بپارێزیت، بەڵام تەنیا ئەمە دەڵێم زۆرێک لە گوێگرەکانت رۆژانی ساڵی ١٩٩٦یان لە بیرە کاتێک هێزەکانی سەدام هێرشیان کردە سەر هەولێر، کاتێک چەندین شوێنیان لە ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا گرت، باشە، ئەوە ئێستا روونادات. جا تەنانەت دوای رۆژە ناخۆشەکانی کەرکووک لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٧دا ئەوە رووی نەدا، بۆیە ئاسایشی بنەڕەتیی هەرێمی کوردستان پارێزراوە، هەرێمی کوردستان لە بووندا ناسڕێتەوە ویلایەتە یەکگرتووەکان رێگە نادات ئەوە رووبدات، نە لە رووی ئیدارییەوە بە بردنی پارەکەتان و نە لە رووی سەربازییەوە بە داگیرکردنتان. بۆیە ئاسایشی بنەڕەتی پارێزراوە. قورسە خۆت لە هەموو هێرشێک بپارێزیت و رێگری لە هەموو هێرشێک بکەیت کە دێتە ناو کوردستان جا من داوای لێبووردن دەکەم کە ناتوانین هەمیشە بەرگریی مووشەکیمان لە شوێنی گونجاو و لە کاتی گونجاودا هەبێت بۆ پاراستنی هەموو دۆستەکانمان لە سەرانسەری جیهاندا.
 
رووداو: بۆچوونت چییە لەسەر ئەوەی مانگی رابردوو لە سلێمانی روویدا، پێت وایە ئەمە ناکۆکییەکی سیاسی بوو لەنێوان لاهوور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی یان کێشەیەکی ئەمنی بوو؟ یان بەشێکە لە هاوکێشەیەکی گەورەتر لە ناوچەکەدا؟
 
مایکڵ نایتس: پێم وانییە بەشێک بێت لە هاوکێشەیەکی گەورەتر. پێموایە ئەمە کاری ناوخۆیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە. من کاک بافڵ و کاک لاهوور دەناسم و بەڕاستی خەمبارم کە نەیانتوانی وەک هاوڕێ بمێننەوە. جا دەزانم کە هەستی نێوانیان زۆر تووڕە و تاڵە. جا من باوەڕم وایە کە بافڵ هەست دەکات بەرگری لە خۆی دەکات لە بەرامبەر هێرشەکان. جا من دڵخۆشم کە لاهوور لە ژیاندایە و دڵخۆشم کە وا دیارە مامەڵەیەکی باشی لەگەڵ دەکرێت. هیوادارم ئەمە کۆتایی ئەم رووداوە بێت چونکە لایەنی سلێمانی پێویستی بە ساڕێژبوونە. هەروەها لایەنەکان یان بەشەکانی یەکێتی پێویستە جارێکی تر بێنەوە لای یەکتر. جا پێویستە هیچ دەستێوەردانێکی دەرەکی لە پەیوەندییەکانیاندا نەبێت. لایەنی سلێمانی هەمیشە کەمێک ئاڵۆزتر بووە لەوەی کە لە لایەنی هەولێر و دهۆکی ناوچەکەدا دەیبینین. سیاسەت دەنگی بەرزترە، ناڕەزایەتییەکان بەردەوامترن و، هەندێک جار ئەم جۆرە توندوتیژییە دەشێت لەنێوان سەرکردەکاندا رووبدات.
 
رووداو: لەبارەی ناوچەکەوە، لەنێوان ئیسرائیل و ئێران ئاگربەست هەیە بەڵام هیچ بەڵگەنامەیەک بۆ ئەم ئاگربەستە نییە، تەنیا پۆستێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە بوو، بەڵام هەندێکجار، راستییەکەی لە چەند هەفتەی رابردوودا، دەبیستین کە سەرکردە سەربازی و بەرپرسەکانی ئێران هەمیشە ئاماژە بە ئامادەیی خۆیان دەکەن بۆ قۆناغی داهاتووی شەڕ، ئیسرائیلییەکان هەندێک جار لە میدیاکاندا ئەوە دەڵێن، زۆر کەس پێیان وایە ئەمە تەنیا وەستانێکە و لە کاتێکی دیاریکراودا ئەم شەڕە دووبارە دەستپێدەکاتەوە، کاتێک ئاماژەکان لە ئێران و هەروەها لە ئیسرائیلەوە دەبینیت، پێتوایە قۆناغێکی تری جەنگ لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا لەم ناوچەیەدا روودەدات؟
 
مایکڵ نایتس: من بەوەی لە چەند مانگی رابردوودا بینیم دڵخۆشم، یەکێک لە بژارەکان بۆ ئێرانییەکان لەم کاتەدا ئەوە بوو کە هەرچی ماوە لە ماددەی ئەتۆمی بیبەن، بیکەن بە یەک یان دوو بۆمب و بە نهێنی بۆمبەکە تاقی بکەنەوە. جا بە هەمووان بڵێن ئێستا بۆمبی ئەتۆمیمان هەیە، ئەوە پێشهاتێکی زۆر مەترسیدار دەبوو. لەبری ئەوە، وا دیارە ئێرانییەکان دەڵێن، دەتوانن سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بگەڕێننەوە سەرمان. دەتوانن بۆردومانمان بکەن. ئێمە گرنگیی پێنادەین. ئێمە تەنیا بەردەوام دەبین لە مانەوەمان. دەزانیت، لە ژێر سزادا، ئێمە سەرنج دەخەینە سەر ئاسایشی رژێم و هێشتنەوەی خۆمان لە دەسەڵاتدا. هەروەها ئێمە هێز بۆ دەرەوە نانێرین. ئێمە هیچ شەڕێکی نوێ دەست پێناکەین. جا ئەمە زۆر کردەییە لە لایەن ئێرانییەکانەوە. ئەوان دەزانن ئیدارەی ترەمپ وازیان لێدەهێنێت ئەگەر تەنیا هیچ نەکەن. هیچ شتێک لە بواری ئەتۆمیدا مەکەن. هیچ هێرشێکی تۆڵەسەندنەوە مەکەن. ئەوان دەزانن کە ئیسرائیلییەکان لەژێر هەندێک کۆت و بەندی ئیدارەی ترەمپدان بۆ ئەوەی دووبارە هێرش نەکەنە سەر ئیسرائیل و ئاشتی تێکنەدەن. بۆیە هەست دەکەم ئێمە بەرەو قۆناغێکی جەنگی ساردی بەردەوام دەچین و، بۆ ناوچەیەک کە رووداوی وا بەرچاوی بینیوە، بەتایبەتی لە ساڵی ٢٠٢٣ەوە، ئەوە بەسە. واتە ئەگەری کەمترە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە هەرێمی کوردستان بکەونە خوارەوە و ئەگەری کەمترە ئەمریکا، ئیسرائیل یان ئێران بەشداریی ئۆپەراسیۆنی سەربازی گەورە بن.
 
رووداو: پێت وایە حکومەتی ئێستای ئیسرائیل ئەمەی دەوێت؟ مەبەستم ئەوەیە، نەیانەوێت شەڕ دووبارە دەستپێبکاتەوە.
 
مایکڵ نایتس: دوای بینینی ئەوەی ئیسرائیلییەکان هێرش دەکەنە سەر یەمەن، تەنانەت قەتەر و، شوێنەکانی تر، ئاسانە وێنای ئەوە بکەیت کە ئەوان تەنیا دەیانەوێت لە هەموو شوێنێک و هەموو کاتێک شەڕ بکەن. بەڵام وا نییە ئیسرائیلییەکان بەم هێرشە بۆ سەر دۆحە سەرۆک ترەمپیان تووڕە کردووە، زۆر تووڕە لە پشت پەردەوە و لە ژێرەوە. ئیسرائیلییەکان هێرشەکەیان بە شێوەیەک کرد کە کارەکەی بۆ ئەمریکییەکان قورسی کرد کە بیبینن. واتای ئەوە بوو کە کاتێک ئەمریکییەکانیان ئاگادارکردەوە، هیچ رێگەیەک نەبوو هێرشەکە هەڵبوەشێنرێتەوە چونکە مووشەکێکی بالیستیکی بەکاردەهێنا کە دەینێریت و دەڕوات بۆیە ئیسرائیلییەکان دەزانن کە رەنگە زۆر بژادەی تریان لەو شێوەیە نەبێت. ئیسرائیلییەکان پێویستە بەڵگە بدۆزنەوە، با بڵێین، کە ئێرانییەکان هەوڵی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی دەدەن و، دواتر ئەوە نیشانی ئەمریکییەکان بدەن و بڵێن، "سەیرکەن، ئێرانییەکان فریوتان دەدەن." ئێستا، ئەگەر سەرۆک ترەمپ بەڵگەی بەهێز ببینێت کە ئێرانییەکان خەریکە چەکی ئەتۆمی تاقی دەکەنەوە، ئەوە جیاوازە. بەڵام ئێرانییەکان گەمژە نین. وا دیارە... ماددە ئەتۆمییەکان لە ژێر زەوی لە نەتەنز و شوێنەکانی تر بەجێدەهێڵن. ئەوان هیچ جووڵەیەک ناکەن کە بکرێت زنجیرەیەکی تری هێرش بۆ سەر خۆیان رابکێشێت. ئەوان پێویستیان بە کاتە بۆ ئەوەی خۆیان چاک بکەنەوە. بۆیە پێموایە ئاراستەکان بەرەو ئەوە دەچن کە ئیسرائیلییەکان، زۆربەی کات، واز لە ئێرانییەکان دەهێنن و، لەبری ئەوە سەرنج دەخەنە سەر حووسییەکان، حەماس لە غەززە و، کردەوەکانی تر لە لوبنان و سووریا. لەو ئامۆژگارییەی کە دەیدەمە کڕیارە بازرگانییەکانم لە ناوەندی هۆرایزن ئینگەیجەوە، ئێمە پێیان دەڵێین کە ئەو نیشانانەی کە لە هەفتەکانی داهاتوودا چاوەڕێی دەکەین، بە شێوەیەکی بنەڕەتی چۆنیەتیی وەڵامدانەوەی ئێرانە بۆ گەڕانەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان. ئەگەر ئێرانییەکان هیچ نەکەن، ئەوا دەزانین کە ئەوان ئاشتییان دەوێت و زۆر وریایانە. ئەگەر ئێرانییەکان، بۆ نموونە، لە پەیمانی بڵاونەکردنەوەی چەکی ئەتۆمی بچنە دەرەوە، یان بە تەواوی پشکنینەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆتایی پێ بهێنن، ئەوا ئەوان خۆیان دەخەنە بەر مەترسیی گەڕانەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل و رەنگە تەنانەت تێوەگلانی ئەمریکاش. بەڵام ئەوەی کە چاوەڕێ دەکەین رووبدات ئەوەیە کە ئێرانییەکان تەنیا رێگە دەدەن گەڕانەوەی سزا لە کۆتایی مانگی ئەیلولدا تێپەڕێت و هیچ شتێک روونادات. جا ئەوە ئاماژە بەوە دەکات کە رەنگە بە لای کەمەوە بۆ چەند مانگێک ئارامییەکی ناوچەییمان هەبێت.
 
رووداو: لەبارەی سووریاوە، ئێستا کاتێک ئێمە قسە دەکەین، وەزیری دەرەوەی سووریا لە واشنتنە، ئەوان هەوڵدەدەن سزا ماوەکانی سەر سووریا هەڵبگیرێن. بەڵام راستییەکەی، لە هەمان کاتدا سووریا رووبەڕووی چەندین کێشە بووەتەوە لە باشوورەوە، ئەم کێشەیە لەگەڵ ئیسرائیل و درووزەکان هەیە، جا روونە کە عەلەوییەکان زۆر دڵخۆش نین بە دۆخەکە، کوردەکان لە راستیدا زۆر نیگەرانن لە هەمان کاتدا، دەبینیت سووریا بە جۆرێک پشت دەبەستێت و هەوڵدەدات پشتیوانی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان وەربگرێت، کوردەکان، لە هەمان کاتدا هەوڵدەدەن پشتیوانی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان وەربگرێن سیاسەتی ئێستای ویلایەتە یەکگرتووەکان بەرامبەر سووریا چییە؟ ئایا ئەحمەد شەرع پشتیوانیی تەواوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی هەیە؟
 
مایکڵ نایتس: رەنگە بتوانین بڵێین ئێستا بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان لە سووریادا دوو سیاسەت هەیە، سیاسەتە کۆنەکە هی سەربازییە، پێنتاگۆنی ئەمریکا  سیاسەتی جێگیر ئەوەیە کە ئێمە پشتیوانی لە هێزەکانی بەرگری سووریا دەکەین لە باکووری رۆژهەڵات. ئێمە هاوکاریی دژەتیرۆرمان دەوێت لە هەموو لایەنەکانی سووریا دژی پاشماوەکانی داعش و قاعیدە لە پاڵ ئەوەدا سیاسەتی نوێی سووریامان هەیە کە لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تورکیاوە بەڕێوەدەبرێت لەلایەن هاوڕێی ترەمپ، باڵیۆز تۆماس باراکەوە جا ئەو سیاسەتە نوێیە بریتییە لە کارکردن لەگەڵ تورکیا، کارکردن لەگەڵ سعوودیە و ئەوانی تر بۆ هەوڵدان بۆ پشتیوانیکردنی حکومەتی نوێی سووریا و گەڕاندنەوەی بۆ سەر پێیەکانی خۆی و دوورخستنەوەی لە رووسیا و دوورخستنەوەی لە ئێران. جا هەردوو سیاسەتەکە لە یەک کاتدا کاردەکەن. دەزانیت، هەمیشە بە ئاسانی نییە. بەڵام دەتوانین ئەمە بڵێین، سیاسەتە کۆنەکەی سوپای ئەمریکا کە پشتیوانی لە هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکات، ئەوە لەناو ناچێت تا ئەو کاتەی حکومەتی دیمەشق نیشانی بدات کە دەتوانێت لەگەڵ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکووری رۆژهەڵاتی سووریادا کاربکات و رژێمی دیمەشق بتوانێت لەگەڵ کەمینەکانیش لە بەشەکانی تری وڵاتدا وەک درووزەکان کاربکات. هەروەها پێویستی بەوە هەیە ئەمریکا ئیسرائیل کەمێک بێدەنگتر بکات لە سووریا. دەیڵێمەوە، ئەمریکا بە جۆرێک بێزار بووە لەوەی کە ئیسرائیلییەکان وا دیارە هەوڵی تێکدانی سەقامگیریی سووریای نوێ دەدەن. ئەمریکا، سعوودییەکان، تورکەکان، قەتەرییەکان، هەمووان دەیانەوێت سووریا سەقامگیرتر بێت. جا نابێت رێگە بە ئیسرائیلییەکان بدرێت دەست لەوە وەربدەن.
 
رووداو: ئایا بەدەستهێنانی ئەم سەقامگیرییە و ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەیەوێت کە دوورخستنەوەی سووریایە لە کاریگەریی ئێران و رووسیا، ئەوە مانای وایە هەندێکجار چاوپۆشیکردن لەوەی بەسەر درووزەکاندا هات، ئەوەی بەسەر عەلەوییەکاندا هات؟
 
مایکڵ نایتس: ئەمریکا چاوپۆشی لە زۆر شت دەکات دەزانی لە ساڵانی رابردوودا چاوپۆشیی لەو شێوازە کرد کە هێزەکانی سووریای دیموکرات بە نزیکەیی بە تەواوی لەلایەن کوردەوە بەڕێوە دەبران و هەندێک جار پەیوەندییەکی زۆر خراپیان لەگەڵ عەرەبەکاندا هەبوو لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا. جا ئەمریکا ناچار بووە لەم دواییانەدا چاوپۆشی لە هەندێک لە کردەوەکانی حکومەتی سووریا بکات. ئەوە بە راستی بەشێکە لە کارکردن لە دەوڵەتێکی دوای ململانێدا کە لە هەموو کاتێکدا لە لێواری شەڕی ناوخۆدایە. هەمووان لەو ژینگەیەدا هەڵە دەکەن و هەمووان هەندێک جار جڵەو لەدەست دەدەن. ئەوەی ئەمریکا دەیەوێت کەمکردنەوەی رێژەی تەقینەوەی توندوتیژی و کەمکردنەوەی رێژەی دەستێوەردانی ئیسرائیلە، تەنانەت لە سووریای ئەمڕۆشدا. بۆیە ئەرکێکی قورسە و ئەمریکا لە رێگەی باڵیۆزخانەی تورکیا و لە رێگەی سوپاوە هەوڵدەدات پرۆسەی ئاشتی لە سوریا پێکەوە بهێڵێتەوە.