رۆهلات عەفرین بۆ رووداو: مەزڵووم عەبدی پۆستی جێگری وەزیری بەرگریی رەتکردەوە

 
رووداو دیجیتاڵ
 
رۆهلات عەفرین، فەرماندەی گشتیی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) وردەکاریی کۆبوونەوە نهێنی و هەستیارەکەی شامی بۆ رووداو ئاشکرا کرد و رایگەیاند، دیمەشق ئامادە بووە، پۆستی جێگری وەزیری بەرگریی بداتە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە، بەڵام ئەو رەتیکردووەتەوە.
 
رۆهلات عەفرین، فەرماندەی گشتیی یەپەژە، کە خۆی یەکێک بووە لە ئەندامانی شاندەکە لەگەڵ مەزڵووم عەبدی بۆ دیمەشق، لە کاتی بەشداریکردنی رووماڵی رووداو بۆ شەڕ و ئاڵۆزییەکانی رۆژئاوای کوردستان، پەردەی لەسەر هۆکاری سەرەکیی شکستی دانوستاندنەکان لادا. 
 
عەفرین ئاشکرای کرد، هەر یەک لە ئەحمەد شەرع، وەزیرانی بەرگریی و دەرەوە، بەرپرسی هەواڵگریی سووریا و تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ ئەمریکا بەشداری کۆبوونەوەکە بوون. کۆبوونەوەکەش زیاتر لە پێنج کاژێری خایاندووە.
 
فەرماندەی گشتیی یەپەژە هۆکاری شکستی گفتوگۆکانی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە شام دەیوست دەمودەست رێککەوتن بکرێت، دەشڵێت، پێشنیازی پێدانی پۆستیان بە مەزڵووم عەبدی کردووە لە بەرامبەر هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە، بەڵام ئەو رەتیکردووەتەوە.
 
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
 
رووداو: ئێستا لە چ بەرەیەکی شەڕی؟ بە کورتی دۆخی گشتیی رۆژئاوای کوردستان چۆنە دوای کۆبوونەوەکەی شام؟
 
رۆهلات عەفرین:  بێگومان وەک دەزانن چۆن هەموو بەشەکانی کوردستان لەسەر پێیە، ئێستا لە رۆژئاوای کوردستانیش هەموو شارەکان یەک دەنگ لەسەر پێن و بانگەوازیی پاراستنی خاک و وڵاتی خۆیان دەکەن. لەبەرئەوەی ئەم چەند رۆژە لە رۆژئاوا و باکووری سووریا، هێرشی قڕکردن و لەنێوبردن هەیە. هێرشێک کە دەیەوێت دەستکەوتەکانی شۆڕش لەنێو ببات و هەموو پێکهاتەکان لە یەکدی جیابکاتەوە.
 
لە حەسەکە و دەوروبەری، ئێستا مەترسی و هێرشێکی زۆر هەیە بۆ گەمارۆدانی شارەکە. لە شەدادێ و لە رەققەش بە هەمان شێوە. لە هەموو لایەکەوە هێرش لەسەر گەلەکەمان و هەڤاڵانمان هەیە، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە. ئامانجیان شکاندنی ئیرادەمانە. ئەم هێرشە تەواوکەری ئەو پیلانەیە کە دوای چوونمان بۆ شام روویدا. واتە هەوڵێکە بۆ ئەوەی بە زۆر تەسلیممان بکەن. وەک دەزانن ئێمە 12 - 13 ساڵە دەستکەوتەکانمان بە خوێن پاراستووە و داعشمان تێکشکاند، ئێستا لەبەرامبەر ئەوەدا، هەڵوێستی گشتیی گەلەکەمان و هەموو شارەکانی رۆژئاوا ئەوەیە کە لەسەر پێن و بەرگری لە مان و نەمانی خۆیان دەکەن.
 
رووداو: بەڕێز رۆهلات، لە هەموو کۆبوونەوە گرنگەکاندا، زۆربەی جار کە جەنەراڵ مەزڵووم عەبدی سەردانی شامی کردووە، تۆش لەگەڵی بوویت. ئایا ئەمڕۆش تۆ لەگەڵ جەنەراڵ مەزڵووم چوویتە شام؟
 
رۆهلات عەفرین: بەڵێ، راستە.
 
رووداو: کەواتە دەمەوێت لە زاری تۆوە هەموو کوردێک ببیستێت، بە راستی و دروستی چی لە کۆبوونەوەکەی شام روویدا؟
 
رۆهلات عەفرین: وەک دەزانن و رای گشتیش ئاگادارە، ئەمە چەند رۆژێکە هێرشێکی قڕکردن لەسەر رۆژئاوا هەیە. لە دوو رۆژی رابردوودا رێککەوتنێک هەبوو و واژۆ کرابوو. ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەکەی شامیشدا لەسەر بنەمای ئەو رێککەوتنە گفتوگۆیەکی درێژ کرا. بەڵام ئەم رێککەوتنە کە بە هاتنی ئێمە بۆ دیمەشق دەبووایە جێبەجێ بکرایە، بەبێ شەڕ و پێکدادان، بەڵام بەهۆی سووربوونی حکومەتی شام، ئەو رێککەوتنە بەلاڕێدا برا.
 
حکومەتی شام دەیویست لەسەر بنەمای ئەو رێککەوتنە، ئێمە بێ مەرج و بێ کات، دەستبەجێ تەسلیم بین و چەکەکانمان دابنێین. واتە دەیانویست بە یەکجار و بە پراکتیکی تەسلیمیان بین. ئێمە هەڵوێستمان ئەوە بوو کە دەتوانین لەم کاتە هەستیارەدا ئەو رێککەوتنە بکەینە دەرفەتێک بۆ ئەوەی پێکەوە کار بکەین و دەستکەوتەکانی ئەم هەرێمە بپارێزین و یەکڕیزییەک لە خاکی سووریادا دروست بکەین. بەڵام لە کۆبوونەوەکەدا، حکومەت زۆر سوور بوو لەسەر ئەوەی کە دەستبەجێ دەبێت شارەکانمان رادەست بکەین، بەتایبەتی حەسەکە. دەیانگوت دەبێت تەسلیم بن و ئێمە بێینە ناوەوە و هەموو شتێک رادەستی ئێمە بکەن. ئەمە قبووڵنەکراو بوو. لە بەرامبەر ئەو داواکارییەدا، ئێمە بە یەک دەنگ رەتمانکردەوە و کۆبوونەوەکەمان بەجێهێشت.
 
پرسیار: کێ لەو کۆبووونەوەیە ئامادە بوو؟
 
رۆهلات عەفرین: لەلای ئەوان ئەحمەد شەرع خۆی ئامادە بوو،  بەرپرسی هەواڵگری، وەزیری بەرگری و دەرەوە ئامادە بوون.  تۆم باراکیش ئامادە بوو.
 
رووداو: بەڕێز رۆهلات، زانیارییەک بڵاوکرایەوە کە ماوەی کۆبوونەوەکە زۆری خایاندووە، نزیکەی پێنج کاژێر بووە، ئایا ئەمە راستە؟
 
رۆهلات عەفرین: بەڵێ، راستە.
 
رووداو: بەڕێز رۆهلات، بەگوێرەی سەرچاوەکان، تۆم باراک بەڵێنی وەرگرتبوو، کە هەسەدە وەک فەسیلێک تێکەڵ بە سوپای عەرەبیی سووریا ببێت، نەک وەک چۆن رێککەوتن کرابوو کە "یەک و یەک" (وەک یەکەی سەربەخۆ) تێکەڵ بە سوپای عەرەبیی سووریا ببێت؟
 
رۆهلات عەفرین: ئەم مەرجە لە نێو نووسراوێکدا بوو کە دەبووایە ئێمە و حکومەتی شام پێکەوە واژۆی بکەین، بە تایبەتی لە لایەن وەزارەتی بەرگرییەوە. کە دەبووایە کە لە کۆبوونەوەی چواری مانگ گفتوگۆی لەسەر بکرێت، بەڵام دوای هێرش بۆ سەر ئەشرەفیە و شێخ مەقسوود، ئەوەی لەو کۆبوونەوەیە باسکرابوو بە تەواوی بەتاڵ کرایەوە. واتە لە کۆبوونەوەکەدا و پێش ئەوەش لەو کاغەزانەی کە بۆ ئێمەیان ناردبوو، بەو شێوەیە ئامادەکرابوو کە (هەسەدە) لەسەر سێ فیرقە (فەیلەق) دابەش بکرێت و هەڵبوەشێندرێتەوە و بەو شێوەیە خۆی بپارێزێت، بەڵام داواکاریی ئەم دواییەیان کە لە رێککەوتنەکەدا هەبوو، بە تەواوی تەسلیمبوون و "تاک تاک" تێکەڵبوون بوو. لەسەر بنەمای ئەوەی کە هەسەدە لە رەگەوە هەڵبوەشێندرێتەوە، بەڵام ئێمە قبوڵمان نەکرد.
 
رووداو: لەبارەی بەڕێوەبردنی ناوچە کوردییەکان، ئایا ئەو سۆزە درابوو کە کورد خۆی ناوچەکانی خۆی بەڕێوە ببات؟
 
رۆهلات عەفرین: لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی سەرەکی لەسەر ئەوە بوو کە کورد لە شارەکانی خۆی بمێنێتەوە، بەڵام لەژێر رکێفی حکومەتی ناوەندیدا. ئەوان جەختیان لەسەر حەسەکە دەکردەوە، دەیانگوت ئێمە دێین و بەڕێوەی دەبەین و ئێوەش دەبنە بەشێک لە ئێمە، بەبێ ئەوەی هیچ گەرەنتییەکی دەستووری یان ئیداریی سەربەخۆ هەبێت. واتە لە بنەڕەتدا هیچ رێککەوتنێک لەسەر بەڕێوەبردنی خۆسەر نەبوو. دەیانویست هەسەدە و ئاسایش هەڵبوەشێننەوە و وەک پۆلیس و سەربازی خۆیان دایبمەزرێننەوە.
 
رووداو: ئەوان دەیانویست وەک چۆن لە رەققە و دێرەزوور هێزی ئاسایش و هەسەدە کشانەوە، بە هەمانشێوەش لە حەسەکە بە تەواوی بکشێنەوە یان تەنیا هێزەکانی هەسەدە ناچار بە کشانەوە بکەن؟
 
رۆهلات عەفرین: رووداو:  تێکەڵبوونی هەسەدە بەشێوەی تاکەکەسی، واتە مانای کشانەوە لە هەموو شارەکان. واتە ئەم سوپایە ئیدی وەک خۆی نامێنێت. 
 
رووداو: هەڵوێستی "تۆم باراک" چی بوو لە کۆبوونەوەکەدا، بەتایبەت لەسەر پرسی حەسەکە کە بنکەی ئەمریکی و زیندان و کەمپەکانی داعشی لێیە؟
 
رۆهلات عەفرین: بەشێوەیەکی گشتی وەکو هێزەکانی هاوپەیمانان هەوڵدانێک هەیە بۆ ئەوەی سەقامگیری دروست بێت، بەڵام لە ڕووی هەڵوێستی کۆنکرێتییەوە، شتێکی ئەوتۆ نییە. ئەمڕۆ  لە شەدادێ زیندانێک چۆڵ کراوە، بەڵام هەڵوێستێکی کۆنکرێتی دەرنەکەوت، ئەمەش مەترسییەکی جددی دروست دەکات و بوێری دەداتە هێرشبەران کە هێرشی زیاتر بکەن. ئەم هەڵوێستە لاوازە وەک پێشتریش گوتومانە مەترسی ئەوە دروست دەکات داعشێکی نوێ دەربکەوێت، ئەگەر پێشی لێنەگیرێت، سووریا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جارێکی دیکە رووبەڕووی کوشتار دەبێتەوە.
 
رووداو: زانیارییەک هەیە کە دەمەوێت راستییەکەی بزانم. دەگوترێت "شەرع" پێشنیاری بۆ ژەنەراڵ مەزڵووم کردووە کە ببێتە "جێگری وەزیری بەرگری" یان پۆستێکی باڵا وەربگرێت، هەروەها پۆستی پارێزگاری حەسەکەیان خستووەتە ڕوو. ئایا ئەم بابەتە لە کۆبوونەوەکە باسکرا؟
 
رۆهلات عەفرین: بەڵێ، هەموو ئەمانە لە کۆبوونەوەکەدا باسكران. گفتوگۆ لەسەر ئەوە کرا کە کەسێک لەلایەن خۆیانەوە وەک پارێزگاری حەسەکە دیاری بکرێت و دەسەڵاتدار بێت. سەبارەت بە وەزارەتی بەرگریش، بەڵێ پێشنیار کرا کە جەنەراڵ مەزڵووم ببێتە بەشێک لە سیستەمەکە، وەک جێگری فەرماندەی گشتی یان جێگری وەزیری بەرگری. بەڵام ئێمە گوتمان ئەگەر بمانەوێت رێککەوتن بکەین، دەبێت لەسەر هێڵە گشتییەکانی پاراستنی ئەم شارە بێت، نەک لەسەر دابەشکردنی پۆست. ئەوەی ئەوان دەیانویست کڕینی کەسەکان و پێدانی پۆست بوو لە بەرامبەر تەسلیمکردنی خاک و گەل. ئەمەش بەلای ئێمەوە رەتکراوەیە. مەبەستیان ئەوە بوو بە پێدانی پۆستێک بە مەزڵووم عەبدی، هەسەدە بێدەنگ بکەن و هەڵیبوەشێننەوە.
 
رووداو: لە کۆبوونەوەکەدا، ئایا داوایان لێکردن کە دەستبەجێ و بێ مەرج کادیرانی پەکەکە و ئەوانەی خەڵکی رۆژئاوا نین لە خاکی رۆژئاوا دەربچن؟ ئایا ئەمە باسکرا؟
 
رۆهلات عەفرین: بێگومان ئەوان هەموو شتێکیان لە رێککەوتنەکەدا باس کردبوو و لەسەر کاغەز نووسیبوویان. بە بیانووی جیاواز دەیانویست مەرج دابنێن. هەمیشە دەیانگوت "هێزی دەرەکی هەیە"، مەبەستیان ئەوە بوو کە هێزەکانی ئێمە (یەپەژە و هەسەدە) کە ساڵانێکە شەڕ دەکەن، بە بیانووی ئەوەی بەشێکیان خەڵکی ناوچەکە نین یان بیروباوەڕی جیاوازیان هەیە، دەریان بکەن. بەکورتی، دەیانویست بەو بیانووانە ریزەکانی ئێمە تێکبدەن و جیابوونەوە دروست بکەن.
 
رووداو: ئێوە داوای مۆڵەتی پێنج رۆژتان کردبوو بۆ راوێژکردن، پاشان وەڵامی داواکارییەکانی شام بدەنەوە، بەڵام لایەنەکەی دیکە (شام) ئەوەی قبووڵ نەکردووە و گوتوویەتی هەر ئەمشەو دەبێت وەڵامم بدەنەوە. ئایا شتێکی وا روویداوە؟
 
رۆهلات عەفرین: ئەگەر راستی بخوازن، لە گفتوگۆکانی پێشتردا گوتبوویان لە ماوەی مانگێکدا دەتوانین بەردەوام بین، بەڵام لەم رۆژانەی دواییدا بەتایبەت دوای هێرشەکانی سەر رەققە و تەبقە، بە خێراییەکی زۆر ویستیان ئەم پیلانگێڕییە بەردەوام بکەن. بۆیە لە کۆبوونەوەکەدا کاتمان دیاری نەکرد، گوتمان مانگێک بێت، هەفتەیەک بێت، یان پێنج رۆژ بێت، دەبێت ئێمە لەگەڵ گەلی خۆمان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی خۆمان پرس بکەین، چونکە لە ئەنجامدا ئێمە هێزێکی سەربەخۆ نین (کە بە تەنیا بڕیار بدەین)، ئێمە ئەنجوومەن و یاسامان هەیە، گەل و کۆمەڵگەیەکمان هەیە، دەبێت گوێ لە دەنگی کۆمەڵگەی خۆمان بگرین. ناکرێت ئێمە هەموو شتێک لەبیر بکەین و خیانەت لە گەلی خۆمان بکەین و بە شێوەیەکی دەستبەجێ بڕیار بدەین. لەسەر ئەم بنەمایە ویستمان هەڵوێستی گەلی خۆمان کە ئێستا لە مەیدانەکانن، لەبەرچاو بگرین.
 
رووداو: زۆر کەس ئەم پرسیارە دەکەن: دەڵێن ئەو رێککەوتنەی کە (حکومەتی سووریا) دوێنێ رایگەیاند و وێنەکەشی بڵاوکردەوە کە واژۆی ژەنەڕاڵ مەزلووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدەی لەسەرە، زۆر کەس ئەو واژۆیە و واژۆی رێککەوتنی پێشوویان بەراورد کردووە و گوتوویانە وەک یەک نین، ئایا ژەنەڕاڵ خۆی واژۆی لەسەر ئەو رێککەوتنە کردبوو؟
 
رۆهلات عەفرین: لەبەر ئەوەی دیدارەکە ڕووبەڕوو نەبوو، بە رێگەی نووسراو ئەم واژۆیانە ئامادە کران، بەڵام لەسەر ئەو بنەمایەی کە شەڕ رابگیرێت ئەم رێککەوتنە کرا. لە هەڵسەنگاندنەکەی دوێنێی فەرماندە مەزلووم عەبدی-شدا دەرکەوت کە مەبەست راگرتنی شەڕ بوو تاوەکو بە گفتوگۆ چارەسەری بکەین. بەڵام دەرکەوت ئەوان دەیانەوێت بە تەواوی و لەژێر گوشارێکی زۆردا هەموو شتێک کۆتایی پێ بێنن و بکەوێتە ژێر دەسەڵاتی یەک تێڕوانین و ناوەندێتییەکی بێ سنوور.