وەزارەتی کاروباری شەهیدان: بەغدا نایەوێ قەرەبووی کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال بکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ

بریکاری وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان وردەکاریی رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ بەغدا ئاشکرا دەکات کە مووچەی زیندانییانی سیاسیی هەرێمی کوردستان هاوتای عێراق دەکرێ. دەشڵێت، تاوەکو ئێستا هەنگاوی کردەیی بۆ قەرەبووی کەسوکاری ئەنفالکراوان نەنراوە.
 
د. نافسەر نووری عەبدال، بریکاری وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە لە بەرنامەی نووڕۆژ پەخشکرا، رایگەیاند، تاوەکو ئێستا کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان لەلایەن حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقەوە قەرەبوو نەکراونەتەوە.
 
د. نافسەر نووری عەبدال ئاماژەی بەوە کرد، بەغدا لە ئاستی بەرپرسیارێتیی یاسایی و ئەخلاقیی خۆیدا هەنگاوی نەناوە و ''دەبووایە عێراق [بەهۆی ئەنفالەوە] داوای لێبووردن لە گەلی کورد بکات و قەرەبووی مادی و مەعنەوی بکاتەوە، بەڵام بەداخەوە بەردەوام خۆی لەم پرسە دەدزێتەوە."
 
''زیاتر لە 100 رووفاتی ئەنفالکراوان لە دادپزیشکیی بەغدان''
 
لە ئەنفالدا نزیکەی 182 هەزار هاونیشتمانی شەهیدبوون. پەرلەمانی عێراق لە 14ی نیسانی ساڵی 2008دا ئەنفالی وەک جینۆساید ناساند و لەدوای رووخانی دەسەڵاتی بەعس بە دەیان گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە و پشکنینی DNA بۆ بەشێک لە رووفاتەکان کراوە.
 
د. نافسەر نووری عەبدال لەبارەی پرۆسەی گەڕانەوەی رووفاتی ئەنفالکراوان دەڵێ، تاوەکو ئێستا تەنیا 3 هەزار و 635 رووفات گەڕێندراونەتەوە هەرێمی کوردستان، ''بەڵام ژمارەیەکی زۆر رووفات ماون کە بێگومان هێشتا شوێنەکانیان دەستنیشان نەکراوە.''
 
بەگوتەی بریکاری وەزارەتی شەهیدان و ئەفالکراوان، ئێستا رووفاتی زیاتر لە 100 ئەنفالکراوی چەمچەماڵ و گەرمیان لە دادپزیشکیی بەغدان و کار بۆ گەڕاندنەوەیان دەکرێ، ''بەڵام بەداخەوە پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بە خاوی بەڕێوەدەچێت و حکومەتی فیدراڵی بە باشی هاوکاریی بەرەوپێشبردنی پڕۆسەکە ناکات''.
 
یەکێک لە قۆناخەکان، ئەنفالی بادینان بوو کە 25ی ئابی 1988 دەستیپێکرد و 6ی ئەیلوولی هەمان ساڵ کۆتاییهات. لەو تاوانەدا سنووری دهۆک، زاخۆ، کانی ماسێ، دێرەلووک، سەرسەنگ، دینارتە، ئاکرێ، ئەترووش، زاوێتە، زێوە، شێخان و شێروان مەزن لە 11 قۆڵەوە پەلاماردران.
 
د. نافسەر نووری عەبدال ئاماژەی بەوەکرد: ''تاوەکو ئێستا هیچ رووفاتێکی ئەنفالی ساڵی 1988ـی بادینان نەگەڕێنراوەتەوە و تەنانەت شوێنی گۆڕەکانیشیان دیار نییە.''
 
''91 ملیار دینار بۆ خوێندنی کەسوکاری شەهیدان خەرج کراوە''
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بریکاری وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان تیشکی خستەسەر خزمەتگوزارییەکانی تایبەت بە کەسوکاری قوربانیانی شەهیدان و ئەنفالکراوان و گوتی: ''لە نێوان ساڵانی 2018 و 2024، حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 91 ملیار دیناری بۆ خوێندنی کچ و کوڕی شەهیدان تەرخان کردووە.''
 
هەرچی منداڵانی زیندانییانی سیاسییە، د. نافسەر نووری عەبدال دەڵێت: ''حکومەت خەرجیی هەموو منداڵانی شەهیدانی سەنگەر و جینۆساید دەگرێتە ئەستۆ کە لە نێوخۆ دەخوێنن، بەڵام بۆ زیندانییانی سیاسی، تەنیا خەرجیی خوێندنی یەک منداڵی خێزان دەدرێ''.
 
بریکاری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان ئەوەشی خستەڕوو، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 9 هەزار خێزانی شەهیدان و زیندانییانی سیاسی ماون کە زەوی یان شوێنی نیشتەجێبوون وەربگرن ''بەڵام وەزارەت پلانی هەیە لە ساڵانی 2026 و 2027ـدا هیچ خێزانێکی شەهیدان و زیندانییانی سیاسی نەمێنن کە لە وەرگرتنی زەوی یان شووقە سوودمەند نەبووبن''.
 
''مووچەی زیندانیانی سیاسی زیاد دەکرێ''
 
د. نافسەر نووری عەبدال باسی لەوە کرد، رێککەوتنێکیان لەگەڵ بەغدا بۆ گواستنەوەی دۆسیەی زیندانییانی سیاسیی هەرێمی کوردستان بۆ سەر میلاکی بەغدا واژۆ کردووە و ''بەپێی رێککەوتنەکە، گۆڕانکاریی گەورە لە مووچە و ئیمتیازاتی زیندانییانی سیاسی دەکرێ.''
 
بەگوتەی بریکاری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان، لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەدا مووچەی زیندانییانی سیاسی لە 500 هەزار دینارەوە بۆ ملیۆنێک و 200 هەزار دینار زیاد دەکرێ.
 
وەک د. نافسەر نووری عەبدال دەڵێ، 25 هەزار و 807 زیندانیی سیاسی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون و چاوەڕوان دەکرێ بەپێی یاسای نوێی دامەزراوەی سیاسیی عێراق، نزیکەی 17هەزار کەسی دیکەش لە تۆماری نوێدا وەک زیندانی و گیراوی سیاسی تۆماربکرێن و مافەکانیان پێ بدرێت.''
 
بریکاری وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان پێشبینی دەکات، ساڵی داهاتوو رێککەوتنە نوێیەکەیان لەگەڵ بەغدا بۆ مافی زیندانی سیاسی جێبەجێ بکرێ.
 
پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی رۆژی 26ـی ئابی 2025 دەنگی لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای دامەزراوەی زیندانییانی سیاسی (ژمارە 4ی ساڵی 2006) دا و بەگوێرەی هەموارەکە، سەرجەم ماف و ئیمتیازاتەکانی زیندانییانی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاوشێوەکانیان لە عێراق یەکدەخرێ.
 
بەگوێرەی بڕگەی 15 لە مادەی 3ـی یاسا هەموارکراوەکە، ئەو زیندانییە سیاسییانەی هەرێمی کوردستان لە سەردەمی دەسەڵاتی بەعس لەنێوان ساڵانی 1963 بۆ 2003 زیندانیکراون، قەرەبوو دەکرێنەوە.