دیپلۆماتکارێکی پێشووی ئەمریکا: قورسە ئەو هێرشانەی ئەمریکا بۆ سەر ئێران ئاشتی بەدوای خۆیدا بهێنێت

رووداو دیجیتاڵ

دیپلۆماتکارێکی پێشووی ئەمریکا لەبارەی کاریگەرییەکانی هێرشەکەی بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممەی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، پێناچێت ئاشتی و سەقامگیریی بەدوای خۆیدا بهێنێت و ئاماژەش بەوە دەکات تووشی سەرسوڕمان دەبێت، ئەگەر ئێران وەڵامی ئەو هێرشانە نەداتەوە.
 
رۆژی یەکشەممە، 22ی حوزەیرانی 2025، جووانا کەمینز، کە بۆ چەندین ساڵ دیپلۆماتکار بووە لە باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی؛ عێراق، سووریا و یەمەن و لەساڵی 2018 بۆ 2020 راوێژکاری سێنتکۆم بووە و ئێستاش و پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە لە پەیمانگەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە واشنتن، لەمیانی بەشداریکردن لە بووڵتنی نورۆژی تۆڕی میدیایی رووداودا، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات.
 
کەمینز لەبارەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران رایگەیاند، "هێرشکردنە سەر وڵاتێکی دیکە لەلایەن وڵاتێکی دیکەوە پێناچێت رێگەیەک بێت بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی، بەڵام سەرۆک ترەمپ، بڕیاریدا مەترسی دروستبوونی گرژییەکی نوێ شایەنی ئەوەیە کە هێرش بکرێت، بۆیە من لەوە دەگەم بۆچی ئەو هەنگاوەی نا."  
 
ئەو دیپلۆماتکارەی پێشووی ئەمریکا باس لەوە دەکات، داواکاری ترەمپ بۆ خۆبەدەستەوەدانی ئێران بەبێ مەرج، رەنگە دەرئەنجامێکی پێچەوانەی هەبێت و گوتی، "پێموانییە هیچ حکومەتێکی ئێرانی ئەو کارە بکات، بۆیە بیرۆکەی ئەوەی ئێرانییەکان پاشگەز ببنەوە، رەنگە دەرئەنجامێکی پێچەوانەی لێبکەوێتەوە." 
 
کاژێر 02:30ی بەرەبەیانی یەکشەممە بەکاتی تاران، ئەمریکا هێرشێکی فراوانی کردە سەر  سێ دامەزراوەی سەرەکی ئەتۆمی ئێران؛  فۆردۆ، ئیسفەهان و نەتەنز. 
 
لەبارەی وەڵامی ئێران بۆ ئەو هێرشانەی ئەمریکا، جووانا کەمینز گوتی، "ئەگەر هێرش نەکەن بەڕاستی سەرم سوڕدەمێنێت. پێشتر ئەو هێرشانەمان بینیوە، هەم بە راستەوخۆ و هەمیش بە ناڕاستەوخۆ. بەڵێ دەکرێت پێشبینی بکەم هێرش بکرێت"