هاشم سەڕاج، نووسەر و رەخنەگر: زمان لە نووسیندا ئامانج و مەبەستە نەک ئامراز
ئامادەکردنی: ئەدەب و کولتووری رووداو
ماڵپەڕی گاردیەنی بەریتانی، سەرەڕای بایەخدانە گەورە و چڕوپڕەکەی بە بواری کولتوور و ئەدەبیات، هاوکات بەردەوام بە دوای ڕێگەی نوێ و پرسیاری نوێوەیە بۆ دواندنی نووسەران، ئەمجارە هەندێ پرسیاری ورد و سەرنجڕاکێشی بۆ هەندێ نووسەر ئامادە کردووە کە خوێندنەوەیان و مەبەستی پشتی پرسیارەکان و وەڵامی نووسەرەکان شتگەلێکن بەردەوام خوێنەران لای نووسەران بەدوایدا دەگەڕێن، لە نموونەی باشترین کتێب، باشترین نووسین، باشترین و خۆشەویستترین کارەکتەر و زۆر شتی تری ورد کە خوێندنەوەی وەڵامەکانیان لە زاری نووسەرانەوە هەم چێژبەخشن، هەم ڕوئیایەک بۆ خوێنەر سەبارەت بە هەندێ کتێب و چیرۆک دەکەنەوە.
ئەم هەوڵەی ئێمەش لێرەدا، وەرگرتنی ئەو پرسیارانەیە و ئاراستەکردنیەتی بۆ بەشێک لە نووسەران و ئەدیبانی کورد، بە تایبەت قسەکردن لەو مەجالە کورت و لەو پرسیارانە لە ناوەندی ڕووناکبیریی ئێمەدا کەمە و بێشک خوێنەرانمان بە دوای وەڵامی ئەم پرسیارانەوەن.
لە نۆزدەهەمین گفتوگۆماندا، هاشم سەراج، نووسەر و ڕەخنەگر وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە.
رووداو: لەم کاتەدا چ کتێبێک دەخوێنیتەوە؟
هاشم سەڕاج: كتێبی "وشەكان و تابلۆكان"ی میشێل فۆكۆ و ئەوانی تر، هاوار محەممەد كردوویەتی بە كوردی. كتێبێکی ڕیزۆمییە، ڕیزۆم جۆرە گیایەكی ڕیشاڵییە، ڕەگە تۆڕە ڕیشاڵەكان كە بە هەموو لایەكدا دەجوڵێن، هیچ ڕەگێكی بنچینەییان نییە، لای دۆڵۆز ڕەگەزە خز و لووس و نەگیراوەكەی جیهانە، ئەم كتێبە كۆمەڵێك پرس دەخاتە ڕوو لە لەدایكبوونی مرۆڤ و ئاركیۆلۆژیای زانستە مرۆڤایەتییەكان، تیایدا كار لەسەر تابلۆكەی ناو كتێبی "وشەكان و شتەكان"ی میشێل فۆكۆ دەكرێت، هەروەها فۆكۆ - ئاڵتۆسێر و (مێژووی شێتی و بێعەقڵی)ی فۆكۆ و كێشەی ئۆرگیناڵەكان و فۆكۆ- سارتەر و فۆكۆ- دۆڵۆز و ئەنتی ئۆدیب و درێدا لە خوێندنەوەیەكدا بۆ مێژووی شێتی و دەربارەی كۆجیتۆ ڕەخنە لە فۆكۆ دەگرێت و لەو کتێبەدا جێگەیان بووەتەوە.
رووداو: کتێبێک کە ژیانتی گۆڕی؟
هاشم سەڕاج: دەتوانم بڵێم ڕۆمانی "برایانی كارامازۆڤ"ی دۆستۆیڤسكی بە هەرسێ ئاڕاستە هزرییەكەی، دیمتری كاراكتەرێكی ڕۆمانسییە، ئالیوشا تیۆلۆژی و ئیڤان بوونەوەرێكی ڕاڕا و نیگەرانە و ڕوانینەكانی لێوانلێون لە هەست و دنیابینیی بوونگەرایی. من زۆرتر شەیدای بۆچوونەكانی ئیڤانم، ئیڤان وەك كوڕە خانەدانێك سمیردیاكۆڤی زڕبرا بیژووەكەی كە لە ئەلیزابێسی سواڵكەرە، بە ناكەسبەچە لە قەڵم دەدات!
رووداو: کتێبێک کە بۆچوونتی گۆڕی؟
هاشم سەڕاج: "بوون و كات"ی مارتن هایدیگەر، مرۆڤ دازاینە، بوون لێرە خاوەنی بوونێكی بێبنەڕەت و كاتییە لەناو كاتدا دەژی و هەر لەویاش لەناو دەچێت!
رووداو: کتێبێک کە خۆزگە دەخوازی تۆ نووسیبات؟
هاشم سەڕاج: كتێبی "ئەلف بێ"ی ژیل دۆڵۆز، دیمانەیەكی قووڵ و ئازاد و جوانە، خاتوو كلەیر پارنێت لەگەڵی کردووە و هاوار محەممەد كردوویەتی بە كوردی، دۆڵۆز لەم دیبەیتەدا بەپێی زنجیرەی ئەلف بێ تێ لە كۆمەڵێك چەمكی بێشومار دەدوێت.
رووداو: کتێبێک کە کاری لە ستایلی نووسینت کردووە؟
هاشم سەڕاج: تۆ بڵێ كتێبگەلێك، نووسین لای من كردەیەكی دەقئاوێزانە و ستایل سوبێكتە و چۆنییەتی ڕوانینە بۆ بوون و جیهان و مەرگ و جوانی و ... هتد. لای ڕۆلان بارت ستایل بەردەوام ستایلی پێش خۆی دەسڕێتەوە، دەتوانم بڵێم نووسین گەمەی ستایلەكانە بە دنیابینییەكی قووڵ و بەهێز كە سەر بە چۆنییەتی گوتن و دەربڕینە، ڕیتم و ستایل بە داڕژان وا لە زمان دەكەن فۆڕمێكی تایبەتی وەربگرێت، هەڵبەتە زمان لە نووسیندا ئامانج و مەبەستە نەك ئامراز!
رووداو: کتێبێک کە تۆی گریاندووە؟
هاشم سەڕاج: ڕۆمانێكی عەتیق رەحیمییە، بیرم نەماوە "خاك و خۆڵەمێش"ـە یان ڕۆمانێكی ترە، كاتی خۆی خوێندنەوەم بۆی كردووە، دیمەنێكی زۆر تراژیدیی تێدایە، كاتێک فڕۆكەیەكی سۆڤێتی لەناو بازاڕی ئەفغانستاندا گەرماوێكی گشتی بۆردومان دەكات، ئافرەتێك بە ڕووتوقووتی ڕووە و شەقامەكان ڕادەكات، هەڵبەتە ئەم دیمەنە حەقیقی و كوشندەیە و تراژیدیایە نەك پۆرنۆ!
رووداو: کتێبێک کە بە دیاری دەیبەخشیت؟
هاشم سەڕاج: ڕەنگە ڕۆمانی "مۆزەخانەی پاكیزەیی" ئۆرهان پامووك بێت. كتێبی عیشقە، دڵدارییەكی غەریبە لە نێوان كوڕە دەوڵەمەندێك و كچێك كە لە بنەماڵەیەكی هەژارە، لە هەمان كاتدا كاركردنە لەسەر كولتووری خۆرهەڵاتی و خۆرئاوایی.
***
ساڵی 1886 ئانتوانت فۆر، کچی سەرۆککۆماری ئاییندەی فەڕەنسا- فلیکس فۆر، داوای لە مارسێل پروست کردووە وەڵامی چەند پرسیارێک لە دەفتەرە تایبەتەکەیدا بداتەوە، (دەفتەری دانپێدانانەکان، ئالبوومی تۆماری فیکر، هەستەکان و هیتر) ئەم داوایە دوو جار لە مارسێل پروست کراوە، جارێکیان لە چواردە ساڵیدا، جارێکی تر لە بیست ساڵیدا، بە هەمان شێوە من ئەو پرسیارانە ئاراستەی بەڕێزت دەکەم.
رووداو: چاکە لای تۆ کامەیە؟
هاشم سەڕاج: جوانیی لای ئیمانوئێل كانت لە نیگا و چاودایە، پێویستە كردەی چاكەیش بەبێ هیچ ئامانج و سۆز و مەبەستگەراییەك لە سوبێكتدا نیشتەجێ بێت.
رووداو: تایبەتمەندییە باشەکانی پیاوان کامانەن؟
هاشم سەڕاج: تایبەتمەندییە باشەكان ڕێژەیین و دامەزراوە نین و بنچینەیەكی جێگیریان نییە، پڕن لە بەدحاڵیبوون و لەگەڵ ڕۆیشتنی كات دەگۆڕێن.
رووداو: تایبەتمەندییە باشەکانی ژنان کامانەن؟
هاشم سەڕاج: هەمان وەڵامی پێشووم بۆ ئەم پرسیارەش هەیە.
رووداو: بەنرخترین تایبەتمەندیی هاوڕێکانت کامانەن؟
هاشم سەڕاج: بێدەنگی و کەموتن كە دژی هەڵەوەڕین! لێرەدا مەبەست خودی زمانە كە لای ڕۆلان بارت ڕەوشێكی فاشیی هەیە و لای جاك لاكان بونیاد و پێكهاتەیەكە لە نائاگایی!
رووداو: حەزت لە چییە؟
هاشم سەڕاج: حەزم لە گەشتە و جارجارەش لە تەنیایی و بێدەنگییەك تیایدا نوقمی تێڕامان ببم و مۆنۆلۆگ لەگەڵ خۆم بكەم، چونكە شیعر زمانە و جۆرێكە لە بیركردنەوە!
رووداو: بەختەوەریی ئایدیاڵ چۆن پێناسە دەکرێ؟
هاشم سەڕاج: چركەساتێكی تێپەڕە، هەڵگری دڵخۆشییەكە، کە خاڵی نییە لە توخمەكانی غەمگینی.
رووداو: مەزنترین چارەڕەشی کامەیە؟
هاشم سەڕاج: دەبەنگێ كە نەزانێ دەبەنگە.
رووداو: حەز دەکەی لە کوێ بژی؟
هاشم سەڕاج: گرنگ نییە (تەمەن كورتە) ئەمە ئاماژەیە بۆ رۆمانێكی قەدیس ئۆگەستین. هەر شوێنێك ئازادی و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی و عیشق و جوانی تیایدا باڵادەست بێ.
رووداو: ڕەنگ و گوڵی دڵخوازی تۆ کامەیە؟
هاشم سەڕاج: ڕەنگی شین هەم ڕەنگی ئاسمانە هەم هەڵگری شادییەكی خەفەتبار. گوڵی سپی جوانە!
رووداو: نووسەرە دڵخوازەکانت کامانەن؟
هاشم سەڕاج: نیچە، هوسرەڵ، هایدیگەر، سارتەر، كامۆ، میرلوبونتی، ژۆرژ باتای، مۆریس بلانشۆ، میشێل فۆكۆ، ژیل دۆلۆز، جاك دریدا، ژان بۆدریار، فرانسوا لیوتار، واڵتەر بنیامین، ئیمانوئێل لیڤیناس، هانز جۆرج گادامێر، پۆل ڕیكۆر، ستانلی فیش، قوتابخانەی كۆنستانس (یاوس و ئایزەر) ژیژەك، جیانی ڤاتیمۆ و .. تاد.
رووداو: شاعیری دڵخوازی تۆ کێیە؟
هاشم سەڕاج: هۆڵدەرلین، ت.س ئیلیۆت، شارڵ بۆدلێر، ئارسەر ڕامبۆ، ڕێلكە، ساڤۆ، لوتریامۆن، مالارمیە، ئەدۆنیس، نالی و گۆران و شێركۆ بێكەس و ئەندرێ بریتۆنی سوریال و تریستان تزارای دادا، فروغ فروخزاد و سوهراب سپهری.
رووداو: کام پاڵەوانە پیاوەی ئەدەبیات لای تۆ دڵخوازە؟
هاشم سەڕاج: ڕاسکۆلنیکۆفی كاراكتەری ڕۆمانی "تاوان و سزا"ی دۆستۆیڤسكی، كەسایەتییەكی نیگەرانی شیزۆیی و دژی كۆمەڵگەیە و بە دوای دادپەروەریی كۆمەڵایەتیدا دەگەڕێت.
رووداو: کام پاڵەوانە ژنەی ئەدەبیات لای تۆ دڵخوازە؟
هاشم سەڕاج: دوو ژنە كاراكتەری نەشئەبازی بەناوبانگ، ئیمای ڕۆمانی "مەدام بۆڤاری"ی گوستاڤ فلۆبێر و لیدی رۆمانی "عشیق ئەللیدی چاترلی" لۆرانس، دەتوانم بڵێم هەردوو تێكستەکە كار لەسەر چارەسەركردنی ئارەزووی سێكسی دەكەن لای ژنان كە چارەسەركردنێكی سەخت و دژوارە لەبەر ئەوەی نغرۆی چێژی ئیرۆتیكین!
رووداو: میوزیسیانە خۆشەویستەکانت کامانەن؟
هاشم سەڕاج: ڕوسینی و حەلاق، ئیشبیلییە و سیمفۆنیاكانی باخ و بیتهۆڤن و سیمفۆنیای پێنجەم، لێدانەكانی قەدەر و ژەنینە دڵپڕووكێنەرەكانی نەسیر شەممە.
رووداو: نیگارکێشە خۆشەویستەکانت کامانەن؟
هاشەم سەڕاج: زۆرن، پول كلی و ڤان كوخ و تابلۆی كێڵگەی گەنم و قەلەڕەشەكان.
رووداو: حەزت لە کام ناوانەیە؟
هاشم سەڕاج: شكار، ساسان، ڤان، لیا، فریبا.
رووداو: زیاد لە هەر شتێک ڕقت لە چییە؟
هاشم سەڕاج: درۆ و مرۆڤی دووفاقی كە نواندنكاری دەكات.
رووداو: حەزت لێبوو چ تایبەتمەندییەکت هەبووایە؟
هاشم سەڕاج: دەنگم خۆشبووایە و گۆرانیم بگوتبایە!
رووداو: حەزت لێیە چۆن بمریت؟
هاشم سەڕاج: مردنێكی كتوپڕی بێ ئازار!
رووداو: ئا ئێستا دۆخی ڕۆحیت چۆنە؟
هاشم سەڕاج: هەست ناكەم باش بم، جارجارە دڵخۆش دەبم، بڕێ جاریش خەمۆكییەكی قووڵ دەروونم دادەگرێت و ژیان چەشنی فەنتازیایەكی شین دەبینم!
رووداو: دروشمی تۆ چییە؟
هاشم سەڕاج: هیچ دروشمێكم نییە و دژی دروشمبازیم، دروشمخوازەكان زیاتر پاسەوانی كولتوورن و توانای راڤەكردنیان زۆر كەمە، تەنها بە هەڵەوەڕی داكۆكی لە دەقەكان دەكەن و تاقەتی خوێندنەوەیان نییە! بەڵام لە ڕوانگەیەكی ئینسانییەوە ئاواتی هەرە گەورەم ئەوەیە كورد مانەندی نەتەوەكانی تر خاوەنی دەوڵەتێكی دیموكراسی بێت!
رووداو: ئەگەر بتگەڕێننەوە بۆ سەرەتای سەرەتاکان، دەتەوێت لەم بارودۆخەی ئێستا تێیدایت، هەر ببیتەوە بە نووسەر؟
هاشم سەڕاج: نەوەڵڵا من بەڕێكەوت تووشی شیعر هاتم!
رووداو: زیاتر بە ئەدەبیاتی کام وڵات سەرسامیت؟
هاشم سەڕاج: لە ڕووی ئەدەبیاتەوە فەڕەنسا، لە ڕووی فیكرەوە ئەڵمانیا.
رووداو: هەرگیز هەبووە ڕۆژێک لە نووسەربوونت پەشیمان بیت؟
هاشم سەڕاج: من كەسێكی نیگەران و ڕاڕام، زۆرجار بڕیارم داوە دەست لە نووسین هەڵگرم و چیتر وشەیەك نەنووسم، بەڵام نەمتوانیوە.
رووداو: ئەگەر ڕۆمانێکی کوردی دیاری بکەیت، وەک یەکێک لە باشترین ڕۆمانەکان، چ ڕۆمانێک دیاری دەکەیت؟
هاشم سەڕاج: "شاری مۆسیقارە سپییەكان"ی بەختیار عەلی تێكستێكی كراوەیە و جۆرەها تەئویل هەڵدەگرێت، كاتی خۆی خوێندنەوەیەكی درێژم بۆ ئەم ڕۆمانە كردووە و لە گۆڤاری ڕامان بڵاوبووەوە، دەسپێكێكی فرە ئێستاتیكی هەیە کە سەرسامی كردم و ڕۆمانی "مردن لە ڤینیسیا"ی تۆماس مانی بیرخستمەوە!
رووداو: سەبارەت بە دوایین بەرهەمی خۆت بۆمان بدوێ، ئیش لەسەر چی دەکەی، ئایا بەرهەمی تازەت هەیە و لە چ قۆناغێکدایە، وردەکاری و ناوەکەی، هەر شتێک کە حەز بکەی دەربارەی بە ئێمەی بڵێیت؟
هاشم سەڕاج: ساڵانە پڕۆژەی شیعریم هەیە، دەخوێنمەوە و دەنووسم، دەقەكان ڕۆژانە لە فەیسبووك بڵاو دەكەمەوە، ئێستا شەش پڕۆژەی ساڵانەی شیعریم ئامادەیە بۆ چاپ، زیاتر شیعری ئیستاتیكی و هزری و فەلسەفین، تا ئێستا بیرم لەوە نەكردووەتەوە بە چاپیان بگەیەنم، حەز ناكەم، بەڵام بۆ برادەرە نزیكەكانم ناردوون تا لە لایان بپارێزرێن و نەفەوتێن، ئێستا لە پڕۆژەی 2019دا كار دەكەم بە ناوی (شیعر و لۆگۆس)، ئەمەیش بە هەمان شێوە تێكستەكان ڕۆژانە لە فەیسبووک بڵاودەكەمەوە.