راوێژکارێکی سوودانی بۆ رووداو: کارئاسانیی زۆرمان بۆ راییکردنی مامەڵەی کچان و ژنانی ئێزدی کردووە
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، کارئاسانی زۆریان بۆ راییکردنی مامەڵەی کچان و ژنانی کوردی ئێزدی کردووە و ئاماژە بەوەش دەکات کە هەبوونی چەندین پێکهاتە لە عێراق ئاماژەی دەوڵەمەندییە.
زێدان خەلەف، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات، وەڵامی پرسیارەکانی لەبارەی زۆر مژار دایەوە و لەبارەی پێکهاتەکان گوتی، "سەرۆکوەزیران بەرێز محەممەد شیاع سوودانی هەمیشە ئاماژە بەوە دەکات کە بوونی ئەو فرەڕەنگییە سەرچاوەی هێزە بۆ عێراق. ئەم پەیامە بەردەوامەی بەرێز سەرۆکوەزیران ئاماژەیەکی روونە کە جیاکاری بەرامبەریان ناکرێت".
زێدان خەلەف لە بابەتی مادەی هۆشبەردا گوتی، "بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان لە عێراق بووەتە دیاردە. پێشتر عێراق رێڕەوێک بوو بۆ مادە هۆشبەرەکان، بەڵام بە داخەوە ئێستا بەکارهێنانیشیان زۆر تەشەنەی سەندووە".
راوێژکارەکەی سوودانی گوتیشی، "نزیکەی سێیەکی سزادراوانی عێراق لە زیندانەکاندا سزادراوی مادە هۆشبەرەکانن. ئێستا لە عێراق نزیکەی 63 هەزار سزادراومان هەیە و سێیەکیان بەهۆی مادە هۆشبەرەکانەوە سزادراون".
بە گوتەی زێدان خەلەف، ئێستا لە زۆرێک لە کافتریاکانی بەغدا و هەندێک لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق بڕێکی کەم لە مادە هۆشبەرەکان تێکەڵی نێرگەلە دەکرێت بە ئامانجی ئەوەی کەسێک ئالوودە بکرێت بێ ئەوەی ئاگادار بێت.
هەر لەو هەڤپەیڤینەی لەگەڵ رووداوی ئەمڕۆ، راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لە راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی رەوشی مافی مرۆڤ لە عێراق کرد و پێیوایە زانیارییەکانی نێو ئەو راپۆرتانە دروست نین و گوتی، "رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ هیچ ئۆفیسێکی لە عێراق نییە و هەربۆیە پشت دەبەستێ بەوەی لە راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاودەکرێتەوە، ئەوەش رێگەیەکی دروست نییە. پێویستە ئۆفیسیان هەبێت و لەو ئۆفیسانەدا راپۆرتەکان ئامادەبکرێن".
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ زێدان خەلەف، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری مافی مرۆڤ:
رووداو: کۆڕبەندێک هەبوو لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی مادە هۆشبەرەکان. بە گشتی لە روانینی دەوڵەتەوە، مەترسیداریی مادە هۆشبەرەکان لە چ ئاستێکدایە؟
زێدان خەلەف: بە دڵنیاییەوە شتێکی شارەوە نییە کە ئێستا مادە هۆشبەرەکان لە عێراق بوونەتە دیاردە. پێشتر عێراق رێڕەوێک بوو بۆ مادە هۆشبەرەکان، بەڵام بە داخەوە ئێستا دیاردەی بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان زۆر تەشەنەی سەندووە لە عێراق، ئینجا لە هەرێمی کوردستان بێت یان ناوچەکانی دیکە. تەنانەت لە بەغدا دوو هەفتەیەک لەمەوبەر پزیشکێک دەستگیرکرا لە ناوچەی جادرییە لە نێوجەرگەی بەغدا کە مادە هۆشبەرەکانی چاندبوو. ئەم بابەتە زۆر مەترسیدارە. لە بەدواداچوونەکانماندا بۆ گرتووخانەکانی عێراق کە ئێستا من سەرپەرشتیاری دۆسیەکەم، ژمارەیەکی زۆر لەو بەندکراوانەی لە گرتووخانەکاندان بەهۆی مادەی هۆشبەرەوە دەستگیرکراون. ئەم بابەتە پێویستی بە چارەسەرە. هەربۆیە بەرێز سەرۆکوەزیران گرنگی زۆر بە بابەتی مادە هۆشبەرەکان دەدات و فەرمانی کردووە کە چەند سەنتەرێکی چارەسەریی تایبەت بە ئالوودەبووانی مادە هۆشبەرەکان بکرێنەوە، چونکە چ سوودێکی هەیە کە ئالوودەبووانی مادە هۆشبەرەکان دەستگیربکرێن و بخرێنە زیندانەوە، بەڵکو دەبێت چارەسەر هەبێت. لەبەرئەوە بەرێز وەزیری ناوخۆ و ئێمەش بە فەرمانی سەرۆکوەزیران بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەکەین و دەبێت سەنتەرەکانی چارەسەر بکرێنەوە. لە چەند رۆژی داهاتوودا سەنتەرێکی چارەسەر لە بەغدا دەکەینەوە و ئێستاش سەنتەرمان هەیە لە هەندێک لە پارێزگاکان. هاوکات پێویستمان بە چارەسەری دۆخی سنوورەکان هەیە.
بەرێز وەزیری ناوخۆ سەرپەرشتیی بابەتی مادە هۆشبەرەکان دەکات و گرنگی زۆری پێدەدات. پێشتر وەکو خۆتان دەزانن، عێراق رێرەوێک بوو بۆ گواستنەوەی مادە هۆشبەرەکان لە وڵاتانی دراوسێوە، بەڵام ئێستا بووەتە پەناگە و بازرگانییەکی زۆری پێوەدەکرێت. ئێستا بۆ نموونە لە سنوورەکانی عێراق و ئێران زیاتر لە 70 ملیار دیناری عێراقی تەرخانکراوە بۆ دانانی کامێرای گەرمبین و تاوەرەکانی چاودێری لە پێناو چاودێری سنوورەکان. لە سنوورەکانی عێراق و تورکیاش بە هەمان شێوە. بەپێی ئەو توانا داراییەش کامێرای گەرمبین و تاوەرەکانی چاودێری لە هەموو سنوورەکان دادەنرێن بۆ رێگری لە دزەکردنی قاچاخچیانی مادە هۆشبەرەکان. بەپێی ئەو هاوئاهەنگییەی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکاندا هەمانە، ئێستا بڕێکی زۆری مادەی هۆشبەر لە عێراقدا هەیە کە بە چەندین تۆن دادەنرێت. هاوکات، نزیکەی سێیەکی سزادراوانی عێراق لە زیندانەکاندا سزادراوی مادە هۆشبەرەکانن. ئێستا لە عێراق نزیکەی 63 هەزار سزادراومان هەیە و سێیەکی ئەو سزادراوانە بەهۆی مادە هۆشبەرەکانەوە سزادراون. هەربۆیە ئێستا بە رژدی کاردەکرێت لەسەر ئەم بابەتە بۆ قۆناخی داهاتوو. هیواخوازین هەمووان هاوکاربن.
رووداو: ئایا مەشق و راهێنان یان پەرەپێدانی توانای هێزە ئەمنییەکان لە عێراق بۆ نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان هەیە؟
زێدان خەلەف: بە دڵنیاییەوە، لەگەڵ کەسانێک مامەڵە دەکرێت کە مادە هۆشبەرەکان بە قاچاخ دەهێننە عێراق و ئەوان هەر رێگەیەکی نوێیان هەبێت پێویستە ئێمەش هەمانبێت، بەڵام وەکو گوتم، بەرێز سەرۆکوەزیران گرنگییەکی تایبەت بەو پرسە دەدات. وەزارەتی ناوخۆ، دەزگا ئەمنییەکان و دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی عێراق پلان و پرۆگرامی پێویستیان لەوبارەیەوە هەیە. لەبارەی راهێنانەوە، بەڵێ، مەشق و راهێنانی چڕ هەیە بۆ ئەو هێزانەی کە تایبەتن بە رووبەڕووبوونەوەی مادە هۆشبەرەکان. من دیداری بەردەوامم هەیە لەگەڵ سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و زۆرێک لە پارێزگاکان و هەندێک کات راستەوخۆ ئەو کەسانەم بینیوە کە دەستگیردەکرێن و چاودێری لێکۆڵینەوەکانم کردووە. تەنیا لەوەدا هاوڕا نیم کە دەڵێیت مادە هۆشبەرەکان ئاسان دەست دەکەون لە شەقامەکان. بەڵێ هەن و شێوازی جیاواز بۆ بڵاوکردنەوەیان جێبەجێ دەکرێت. ئێستا لە زۆرێک لە کافتریاکانی بەغدا و هەندێک لە پارێزگاکان بڕێکی کەم لە مادە هۆشبەرەکان تێکەڵی نێرگەلە دەکرێن بە ئامانجی ئەوەی خەڵک ئالوودە بکرێت بێ ئەوەی ئاگادار بێت. هەربۆیە ئێستا تیمێکی زۆر گەورەمان هەیە لە دەزگای هەواڵگری، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و وەزارەتی ناوخۆ کە راستەوخۆ لەلایەن بەرێز عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆوە سەرپەرشتی دەکرێن کە لێرەوە رێز و سڵاوم بۆی هەیە بۆ ئەنجامدانی کاری گەورە لەم بوارەدا. بابەتەکە بە جیدی بەدواداچوونی بۆ دەکرێت و پلان و پرۆگرام و دیدگایەکی ورد هەیە. ستراتیژییەتێکی ورد لای حکومەت هەیە بۆ داهاتوو.
رووداو: رێگەکانی بەئامانجگرتنی گەنجان و ئالوودەکردنیان بە مادە هۆشبەرەکان چین؟ ئەو ئامرازانە چین کە بازرگانەکان بەکاریان دەهێنن؟
زێدان خەلەف: ئامرازەکان هەمەجۆرن. لە رێگەی کافتریاکانەوە یان لە رێگەی هاوڕێکانەوە. گرفتی گەورە ئەوەیە ئێستا هەر کەسێک ئالوودەی مادەی هۆشبەر بێت، پێویستی بە پارەیەکی زۆرە تا بیكڕێت و بۆ ئەوەی پارەش پەیدا بکات، گەنجە هاوڕێکانی خۆی ئالوودە دەکات یان لەرووی دەروونییەوە کاریگەرییان لەسەر دروست دەکات و پێیان دەڵێت خواردنەوە کحوولییەکان نەخۆنەوە و بەو ئاراستەیە بڕۆن کە مادەی هۆشبەر شتێکی چێژبەخشە و مێشک ئارام دەکاتەوە. هەندێک کات هەندێک لەو شۆفێرانەی لەنێوان پارێزگاکاندا هاتووچۆ دەکەن هەندێک مادەی هۆشبەر لەگەڵ خۆیان دەبن تا نەخەون بۆ ماوەی دوو رۆژ و سێ رۆژ چونکە کاریان هەیە. ئەمە روانینێکی زۆر هەڵەیە. ئەمڕۆ بەشێک لەو تاوانە گەورانەی کە ئەنجام دەدرێن لەلایەن ئالوودەبووانەوەیە کە بوونەتە مەترسی؛ هەربۆیە ئێمە لە رێگەی ئەم مینبەرەی ئێوەوە داوا لە هەموو خێزانەکان دەکەین کە زۆر ئاگاداری منداڵەکانیان بن. پێویستە باوک لە کوڕەکەی بپرسێتەوە کە ئێواران بۆ کوێ دەچێت و تا درەنگانی شەو ناگەڕێتەوە، چونکە ئالوودەبوون بە مادە هۆشبەرەکان زۆر مەترسیدارە. ئێستا ئەرکی هەموومانە رووبەڕوویان ببینەوە.
گرنگیپێدانی تۆڕی میدیایی رووداو بەم پرسە جێگەی سوپاس و پێزانینە، چونکە پێویستمان بە هەڵمەتێکی میدیایی گەورە هەیە بۆ هۆشیاری لەم بوارەدا. هەندێک لەو ئالوودەبووانەی کە لە سەنتەرەکانی چارەسەرن کاتێک باسی چیرۆکی خۆیان دەکەن زۆر ئازاربەخشە. کەسێک هەبوو کە من خۆم چاودێریی دۆخەکەیم دەکرد و 3 دووکانی گەورەی ماسی فرۆشتنی هەببوو و رۆژانەی 150 بۆ 200 هەزار دینار داهاتی بوو، دوای ئالوودەبوون و دوای ئەوەی هاوڕێ خراپەکانی گیرۆدەی هۆشبەرەکانیان کرد، ئیدی دوکانەکانی فرۆشتبوو، لە هاوژینەکەی جیاببووەوە، هەموو ژیانی سەرەوبن بوو. ئەمە هەمووی بەهۆی هاوڕێی خراپەوەیە؛ بۆیە داوا لە هەموو باوکان دەکەین ئاگاداری ئەم بابەتە بن. لەپاڵ ئەوەی هێزە ئەمنییەکان لە هەوڵی کۆتایی پێهێنانیدان، هاوکات دەزگا میدیاییەکان بە سوپاسەوە تیشک دەخەنە سەر ئەم بابەتە مەترسیدارە.
رووداو: ئێستا چەند سەنتەری چارەسەرکردن هەن؟
زێدان خەلەف: لە راستیدا لە ئاستی پێویست نییە و زۆر کەمن. لە بەغدا نەخۆشخانەیەکمان هەبوو، نەخۆشخانەی ئیبن نەفیس. بەرێز سەرۆکوەزیران فەرمانی کردووە کە چەند سەنتەرێکی چارەسەری راستەوخۆ هەبن لەنێو هەندێک لە گرتووخانەکانیشدا. ئێستا ژماری بەندکراوەکان زۆرە؛ هەربۆیە بەرێز وەزیری ناوخۆ، سەرۆکوەزیران و بەڕێوەبەری رووبەڕووبوونەوەی مادە هۆشبەرەکان هەوڵ دەدەن بۆ کردنەوەی سەنتەری چارەسەری نوێ لە هەموو پارێزگاکان. هێشتا ژمارەکە دیار نییە، بەڵام بەپێی زانیارییەکان ژمارەیەکی زۆر سەنتەر دەبن تا لە ئاستی ئەو ژمارە زۆری ئالودەبوواندا بن.
رووداو: هیچ جیاکارییەک لە گرتوخانەکاندا هەیە لە نێوان ئەو کەسانەی بەکارهێنەری تاوانی مادە هۆشبەرەکان بوون لەگەڵ بەندکراوەکانی دیکە؟
زێدان خەلەف: نەخێر، لە چوارچێوەی سەردانم بۆ گرتوخانەکاندا بۆم دەرکەوت کە کێشەی گەورەمان لە گرتوخانەکانی وەزارەتی داد قەرەباڵخییە. ئێستا قەرەباڵخی گرتووخانەکان 300٪ـە، توانای لەخۆگرتنمان لە 20 بۆ 25 هەزار بەندکراوە، بەڵام زیاتر لە 63 هەزار بەندکراومان هەیە. لەلایەکی دیکەوە ئەو ژینگەیەمان نییە بۆ پرۆگرامی چاکسازیی تایبەت بە ئالوودەبووان؛ بۆیە هەموویان پێکەوەن. بە دڵنیاییەوە بەپێی یاسای ژمارە 14ی ساڵی 2018 پێویستە هەمووان جیابکرێنەوە، ئەوەش بەپێی تەمەن و جۆری تاوانەکانیان.
رووداو: راپۆرتەکانی ئەم دواییەی رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ و ئەو راپۆرتانەی ساڵانە لەبارەی مافی مرۆڤ لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاودەکرێنەوە، تێبینیی جیدییان لەبارەی مافی مرۆڤ لە عێراق تێدایە. چۆن رووبەڕووی ئەو تۆمەت و خاڵە جدییانە دەبنەوە لەبارەی ناوبانگی عێراق لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییدا؟
زێدان خەلەف: بە دڵنیاییەوە هەموو ئەو راپۆرتە نێودەوڵەتییانە بە گرنگ وەردەگرین، بەتایبەت ئەوانەی رێکخراوەکانی هیومان رایتس وۆچ و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئەو راپۆرتانە ساڵانەن. لە بابەتی هیومان رایتس وۆچدا من پەیوەندیم پێوە کردن و راستەوخۆ وەڵامم دانەوە لەبارەی ئەو راپۆرتەی ساڵی 2022 بڵاویانکردبووەوە. لە راستیدا رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ هیچ ئۆفیسێکی نییە لە عێراق و پشت دەبەستێ بەوەی لە راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاودەکرێتەوە، ئەوەش رێگەیەکی دروست نییە. پێویستە ئۆفیسیان هەبێت و لەو ئۆفیسانەدا راپۆرتەکان ئامادەبکرێن. لە یەکێک لە دیدارەکانم لە گەڵیاندا بانگهێشتم کردن کە سەردانی عێراق بکەن و زۆریان پێخۆشبوو و گوتیان ئەوە یەکەمجارە ئەم حکومەتە بەراورد بە هەموو کابینەکانی پێشوو بانگهێشتی فەرمی بنێرێت بۆ رێکخراوێکی نێودەوڵەتی تا سەردانی عێراق بکەن و راپۆرتەکانیان ئامادە بکەن. دوای ئەوەی کە وەڵامی راپۆرتەکەیانمان دایەوە، زۆر بڕگە و بەشی راپۆرتەکەیان داڕشتەوە. لەلایەکی دیکەش پێمان وایە ئەو راپۆرتەی کە هیومان رایتس وۆچ بڵاوی کردەوە بێلایەن نەبوو لەبارەی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، چونکە ئەگەر پێشێلکارییەکیش هەبێت لە عێراق بە بەرنامە نییە و بەرێز سەرۆکوەزیران پارێزەری سەرەکی مافەکانی مرۆڤە.
لەبارەی راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لیژنەیەکی باڵا پێکهێندرا لە وەزارەتەکانی داد و دەرەوە و وەڵامی راپۆرتەکە درایەوە. دوای ئەوەی راپۆرتەکە بڵاوکرایەوە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق پێوەندییان پێوەکردم و ئاگاداریان کردمەوە کە ئەو راپۆرتە باس لە رەوشی مافی مرۆڤ دەکات پێش دەستبەکاربوونی کابینەکەی بەرێز سوودانی. لەم رۆژانەشدا پەیوەندییان پێوەکردم کە سەرقاڵی ئامادەکردنی راپۆرتی 2023ن و باسیان لەوەکرد کە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق پێشڤەچوونی بەخۆیەوە بینیوە، بەوپێیەی کە نووسینگە و راوێژکاری سەرۆکوەزیران بەشێوەی مەیدانی بەدواداچوون دەکەن بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، ئینجا لە ئاستی ئاوارەکان بێت یان گرتووخانەکان یان ئالوودەبووانی مادە هۆشبەرەکان. من ئەندامی نووسینەوەی پلانی نیشتمانیم بۆ مافەکانی مرۆڤ و هەموو راسپاردەکان بە جیدی وەردەگرین. ئێمە تێدەکۆشین بۆ ئەوەی پێشبکەوین لەو بوارەدا. هێشتا رێگەیەکی دوور و درێژمان لەبەردەمە و ناڵێین هەموو شتێک نموونەییە، بەڵام هەوڵ دەدەین و ئێستا سەرۆکوەزیران هەموو تواناکانی خستووەتەگەڕ بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق.
رووداو: پێکهاتەکانی کریستیان، کوردانی ئێزدی و کاکەییەکان، بەردەوام سکاڵا دەکەن لەبارەی مافەکانیان، یان باس لە جۆرێک لە جیاکاری دەکەن. پلانی حکومەت لەمبارەیەوە چییە؟
زێدان خەلەف: لە راستیدا سەرۆکوەزیران لەبارەی پێکهاتەکان، وەک ئەوەی تۆ گوتت، ناڵێین کەمینەکان، چونکە ئەوان پێکهاتەی رەسەنن لە عێراق، ئینجا کاکەییەکان بێت یان زەردەشتییەکان، سوپاس بۆ خودا عێراق دەوڵەمەندە لەو فرەرەنگییەدا. ئەگەر تۆ بڕوانیتە هەموو گوتارەکانی سەرۆکوەزیران بەرێز محەممەد شیاع سوودانی، هەمیشە ئاماژە بەوە دەکات کە بوونی ئەو فرەڕەنگییە سەرچاوەی هێزە بۆ عێراق. ئەم پەیامە بەردەوامەی بەرێز سەرۆکوەزیران ئاماژەیەکی روونە کە جیاکاری ناکرێت بەرامبەریان. ئێستا عیراق و حکومەتەکەی بەرێز سوودانی هەوڵ دەدەن مافی هەموو پێکهاتەکان پارێزراو بێت. بە دڵنیایی من وەکو سەرپەرشتیاری دەشتی نەینەوا کاری زۆرم هەیە و سەردانی کریستیانەکان، شەبەک و زەردەشتییەکان و هەموویان دەکەم. لە زیاتر لە کۆبوونەوەیەکی هاوپەیمانیی پێکهاتەکان ئامادەبووم لە ناوچەکانی دەشتی نەینەوا. ئێمە کە ئێستا لە سەروبەندی جەژنی جەماین 6 رۆژ پشوومان راگەیاند بۆیان؛ بڕیارمان دەرکردووە بۆ رادەستکردن و بەناوکردنی زەوییەکانیان کە لە ساڵی 1957ەوە بڕیارێکی وا تایبەت بۆ ئێزدییەکان دەرنەکراوە. لە بابەتی ئاوارە گەڕاوەکان لە ئێزدییەکان و ئەوانی دیکە، بۆ زیاتر لە 3 هەزار خێزان پارەی گەڕانەوەیانمان دابینکردووە و وەریانگرتووە. 3 هەزار خێزانمان تۆمارکردوون لە چاودێری کۆمەڵایەتی لە دەشتی نەینەوا و ئاوارەکان. لەلایەکی دیکەوە بەڕێز سەرۆکوەزیران گرنگییەکی زۆر دەدات بە کەمینەکان و لە راستیشدا تێڕوانینی سەرۆکوەزیران بۆ گەلی عێراق لە زاخۆ تاوەکو فاو، تێڕوانینێکی باوکانەیە و هیچ جیاوازییەک ناکرێت لەنێو پێکهاتەکان و بە سەرچاوەی هێزیان دادەنێت.
رووداو: ئەو ژن و کچە ئێزدییانەی کە ئازادکراون، سکاڵا دەکەن لە بوونی ئاستەنگ لەبەردەم راییکردنی مامەڵەکانیان. هۆکاری ئەو ئاستەنگییانە چین؟
زێدان خەلەف: لە راستیدا دوای وەرگرتنی دۆسیەی شنگال، بەهەمان شێوە من بەرپرسم لە دۆسیەی ژن و کچە رفێندراوە ئێزدییەکان و پەنابەرەکان بەپێی یاسا، بینیم ئاستەنگی زۆر هەیە. لەلایەنی ئەمنییەوە وردبینییەکی ئەمنی تووند هەبوو بۆ هەموو ئەو کەسانەی داواکارییان پێشکێشکردبوو بۆ وەرگرتنی قەرەبوو، چ لەسەر ئاستی ماڵ و کەسوکاریان و چ لەسەر ئاستی ئازادکراوەکان؛ رۆتینێکی زۆر هەبوو. بەرێز سەرۆکوەزیران لەسەر داواکاریی ئێمە فەرمانێکی دەرکرد کە وردبینی ئەمنی زۆر پوخت و دیاریکراو بێت لە نەینەوا. پێش ئەوە هەرکەسێک داواکاریی پێشکێش بکردایە دەیانناردە دادگە و دادگە دەیناردە بەغدا و لە بەغداوە دەنێردرایەوە بۆ لێکۆڵینەوە و دادپەروەری و هەموو دەزگا ئەمنییەکان. ئێستا ئەوە نەماوە. ئێستا تەنیا دوو دەزگا کارەکە دەکەن کە ئەوانیش دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و هەواڵگری ناوخۆیین بۆ وردبینی ناوەکان و لەماوەی هەفتەیەکدا مامەڵەکە تەواو دەبێت. لە راستیدا بابەتی ئازادکراوان ئەو ژمارەیەی کە پێشکێشکراوە زیاتر لە 13 هەزار ناوە. هەمووان دەزانن ئەو ژن و کچانەی رفێندران ژمارەیان لە 3 هەزار کەس تێناپەڕێت؛ هەربۆیە وردبینی پێویستە. ئەمە بابەتێک.
بابەتێکی دیکە ئەوەیە کە هەموو رفێندراوەکان لە نووسینگەی لێکۆڵینەوەکان سکاڵایان کردووە لە دهۆک و دۆسیەی تەواویان هەیە. دادوەری نەینەوا هیچ بەڵگەیەکی ئەوانەی لەبەردەستدا نییە؛ هەربۆیە زیاتر لە جارێک بە نووسراوی فەرمی داوامان لە هەرێمی کوردستان کردووە کە بەڵگەنامەکان بنێرێت بۆ دادگەی پێداچوونەوەی نەینەوا لەبارەی ئەو رفێندراوانە و دۆسیەکانیان. کۆمەڵکوژکردنی ئێزدییەکان تاوانی دژی مرۆڤایەتییە. بە داخەوە تا ئەم ساتە ناو و دۆسیەکان ئاراستە دادگەی تێهەڵچوونەوەی نەینەوا نەکراون، وێڕای چەند جارێک داواکردنمان و من بە زۆرینەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستانم گوتووە. هەربۆیە جارێکی دیکە لەرێگەی ئەم کەناڵە بەڕێزەی ئێوەوە داوادەکەین کە ئەو ناوانە بنێرن بۆ دادگەی نەینەوا بۆیە کارەکان خێرا بکرێن، چونکە ئەگەر ئەمڕۆ 13 هەزار ناوت بۆ بێت و تۆش راتگەیاندبێت کە ژمارەیان ناگاتە 3 هەزار کەس، چۆن دەتوانی پۆلێنیان بکەی؟ ئەوە جگە لەوەی ئێستا ژمارەیەکی زۆر لەو ئازادکراوانە لە دەرەوەی عێراقن بەتایبەت لە ئەڵمانیا و کەنەدا و زۆرینەی وڵاتانی جیهان، بۆیە پێویستە بێن و داوا تۆماربکەن.
رووداو: دۆسیەی هەنووکەیی دۆسیەی حەمدانیەیە. لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان گومانێکی زۆری لەسەرە لەلایەن خەڵکەوە. عێراق رێگە دەدات لایەنی نێودەوڵەتی بێتە نێو لێکۆڵینەوەکانەوە؟
زێدان خەلەف: پێم وانییە دەسەڵاتی دادوەریی عێراق کەمتەرخەم بێت لەم دۆسیەدا. ئێمە ئەو خەم و ئازار و کارەساتە گەورەیە دەبینین کە بەسەر خوشک و برا کریستیانەکانمان هاتووە لە حەمدانیە. سەرۆکوەزیران خۆی سەردانی کرد و وەزیری ناوخۆ و وەزیری تەندروستی و هەموو بەرپرسە پەیوەندیدارەکانی نارد. لە سەرەتاوە داواکاریی زۆر هەبوون کە لێکۆڵینەوەکان زۆر خێرا بن و زوو ئەنجام دەربکەوێت. پێشتر هەر رووداوێک روویدەدا تێڕوانینمان وابوو کە بۆیە لێکۆڵینەوەکان دووربن لە هەموو شتێک لیژنە پێکدەهێنرا و چاوەڕوان دەکرا تا لێکۆڵینەوەکان تەواودەکران، ئێستا سەرۆکوەزیران کارێکی باشی ئەنجامداوە کە گوشاری کرد لەماوەی 72 کاژێردا راسپاردەکان دەربچن و زۆرێک لەوانەی گومانیان لەسەر بوو ئاراستەی دەسەڵاتی دادوەریی کران. ئەنجوومەنی باڵای دادوەریش لیژنەیەکی پێکهێنا بۆ بەدواداچوونی دۆسیەکە؛ بۆیە ئێمە چاوەڕێین لە رۆژانی داهاتوودا ئەنجوومەنی باڵای دادوەری ئەنجامەکانی رابگەیەنێت. ئێمە متمانەمان بە دەسەڵاتی دادوەریی خۆمان هەیە و پێم وایە پێویستمان بە دەستوەردانی نێودەوڵەتی نییە بۆ وەرگرتنەوەی مافی منداڵ، خێزان و خوشک و براکانمان. ئێستا عێراقییەکان خۆیان لە هەموو کەسێک زیاتر رژدن بە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیشەوە.
رووداو: گومان دەکرێت کە ئاگرەکە هەڵگیرسێندرابێت. هیچ بەڵگەیەک هەیە لەمبارەیەوە؟
زێدان خەلەف: راستی ئەو قسەیە قسەی خەڵکە. ئێمە دەبێت چاوەڕوانی لێکۆڵینەوەکان بکەین تا بتوانین دادوەریی بکەین. رەنگە رووداوەکە ئاسایی بێت. ئێستا ژمارەی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە عێراق ژمارەیەکی زۆرن و بۆیە یەکێک لە بڕیارە گرنگەکانی بەرێز سەرۆکوەزیران ئەوەیە کە پێداویستی لۆجستی و ئۆتومبیلی نوێ بۆ بەرگریی شارستانی دابینبکرێت و هەڵمەتێک دەستپێکراوە لە هەموو عێراق بۆ بەدواداچوونی ئاستی پاراستنی سەلامەتی لە پرۆژەکان، لە مۆڵەکان و سینەماکان و هەر شوێنێک هەبێت لە عێراق دەخرێتە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتەوە.
رووداو: هەزاران هاوڵاتی عێراقی هەن بەتایبەت لەو ساڵانەدا لەدایکبوون کە داعش کۆنترۆڵی رووبەرێکی زۆر لە خاکی عێراقی کردبوو، هیچ بەڵگەنامەیەکیان نییە. رێکاری چارەسەرکردنی کێشەکە چییە؟
زێدان خەلەف: لە چوارچێوەی بەدواداچوون بۆ ئەو دۆسێیە، ئینجا لە کەمپی جەدعە یان هۆل یان هەرشوێنێک بێت، ئێمە لیژنەیەکی باڵامان پێکهێناوە و منیش ئەندامم تێیدا. ئەم لیژنەیە بۆ پێدانی بەڵگەنامەیە بەو کەسانە و زیاتر لە 15 هەزار بەڵگەنامەی فەرمی حکومەتی عێراقمان داوە بەو خێزانانەی کە هیچ بەڵگەنامەیەکیان نەبوو. هەندێ گرفت هەن. کەسی وا هەیە هەر بە رووخساریدا دیارە کە عێراقی نییە و خەڵکی ناوچەکانی قەوقازە. لەلایەکی دیکەوە دەبێ دڵنیایی پشکنینی دی ئێن ئەی هەبێت. هیچ وڵاتێکی جیهان بەڵگەنامەی فەرمی نادات بە کەسێک سنووری بەزاندبێت. دەبێت دڵنیابین لە بابەتی دی ئێن ئەی. هاوئاهەنگییەکی گەورەمان هەیە لەگەڵ ئەو باڵیۆزخانانەی لە عێراق هەن لەپێناو پێدانەوەی منداڵەکانیان و زیاتر لە هەزار منداڵمان گەڕاندووەتەوە بۆ وڵاتان کە عێراقی نەبوون. ناکرێت تۆ پێناسی نیشتمانی بدەیت بە کەسانێک کە خەڵکی وڵاتەکەت نین. ئەو منداڵانەی کە باوکیان دیار نییە زۆرن؛ هەندێکیان منداڵانی داعشن، هەندێکیان رفێندراون؛ چیرۆکەکان زۆرن؛ هەربۆیە هەوڵ دەدەین بە سەرۆکایەتی وەزیری ناوخۆ لیژنەیەکمان هەیە کە فەرمانگەی باری شارستانیی بەغدا تێیدا بەشدارە و بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە دەکەن و بەڕێز بەڕێوەبەری گشتی باری شارستانی خۆی لە لیژنەکەدایە.