ئیلهام ئەحمەد: ئەو خاڵانەی پەیوەندییان بە شامەوە هەیە لە رێککەوتنەکەدا، هێشتا جێبەجێ نەکراون
رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، نوێترین پێشهاتەکانی رێککەوتنی نێوان لایەنە کوردییەکان و حکومەتی شامی بۆ رووداو خستەڕوو و رایگەیاند: "هەندێک خاڵ هەن کە لە ناوچەکەدا جێبەجێ کراون، بەڵام ئەو خاڵانەی پەیوەندییان بە شامەوە هەیە، هێشتا دەستیان پێ نەکردووە."
لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە لە پەرلەمانی ئەورووپا لە برۆکسل تۆمارکراوە و ئەمڕۆ پێنجشەممە پەخشکرا. ئیلهام ئەحمەد باسی دۆخی رۆژئاوای کوردستان، زمانی کوردی، نەوت و دەروازە سنوورییەکان و چەند پرسێکی دیکەی کرد.
ئیلهام ئەحمەد رایگەیاند، ئەو هەنگاوانەی پەیوەست بوون بە ناوخۆی ناوچەکەوە، وەک تێکەڵبوونی هێزە سەربازییەکان و دیاریکردنی پارێزگاری حەسەکە، چوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام ئەو پرسە بنەڕەتییانەی کە دەبێت حکومەتی ناوەندی لە شام هەنگاوی بۆ بنێت، وەک "نوێنەرایەتی کورد لە بەڕێوەبردنی شام، پرسی پەرلەمان، گۆڕینەوەی سەدان دیل و گەڕانەوەی ئاوارەکان" تائێستا ئاستەنگیان لەبەردەمە.
ئەو دەڵێت، سوورن لەسەر چەسپاندنی مافی زمانی کوردی لە دەستووردا و نایانەوێت وەک "زمانێکی بێگانە یان ئارەزوومەندانە" مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. "ئەگەر شام مافە بنەڕەتییەکان قبووڵ نەکات، ئەوان لە تێکۆشانی خۆیان بەردەوام دەبن."
دەقی هەڤپەیڤینەکە
رووداو: بەخێر بێن. چاوی کوردان لەسەر رێککەوتنەکەیە بەڕاستی، نزیکەی مانگێک دەبێت کەمێک ئاشتی هەیە، بەڵام هێشتا خەڵک دوودڵە. ئێوە رەوشی ئەم رێککەوتنە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
ئیلهام ئەحمەد: لە رێککەوتنەکەدا هەندێک هەنگاوی ئەرێنی نراون و بەڕێوەدەچێت، بەڵام هێشتا بابەتگەلێک هەن کە سەختی دروست دەکەن و پێویستی بە دیالۆگی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی بەڕێوەبچێت. بەشێک هەیە کە پەیوەندی بە ناوچەکەوە هەیە و دەستیان پێکردووە، بۆ نموونە تێکەڵبوون و بەشداربوونی هێزە سەربازییەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ. هەروەها دیاریکردنی والی (پارێزگار)ی حەسەکە، ئەمانە هەمووی خاڵەکانی پەیماننامەکە بوون. جگە لەوە پەروەردە و زمانی دایک هەیە. هەندێک خاڵ هەن کە لە ناوچەکەدا جێبەجێ کراون. بەڵام ئەو خاڵانەی پەیوەندییان بە شامەوە هەیە، هێشتا دەستیان پێ نەکردووە. وەک نوێنەرایەتی کورد لە بەڕێوەبردنی شامدا، پێویستە ئەمە هەبێت و یەکێکە لەو خاڵانە. دووەمیان بابەتی پەرلەمانە، هێشتا لەسەر ئەم بابەتە قسە نەکراوە. بابەتی دیلەکان هەیە، دەبێت لە هەردوو لایەن دیلەکان بگۆڕنەوە، بەڵام هێشتا پێک نەهاتووە. هەروەها ئاوارەکان هێشتا نەگەڕاونەتەوە، بنەڕەتیترین بابەتەکان یەکەم دیلەکان بوون و دووەمیش گەڕانەوەی ئاوارەکان بوو. ئەم هەنگاوانە هێشتا جێبەجێ نەکراون. ئاستەنگ هەن.
رووداو: دیلەکانی کورد زۆرن؟
ئیلهام ئەحمەد: بە سەدان هەن.
رووداو: هی ئەوانیش هەن؟
ئیلهام ئەحمەد: هی ئەوانیش لای ئێمە هەن.
رووداو: ئێوە دەزانن کێ دیلە، کێ ونبووە، یان کێ شەهیدە؟
ئیلهام ئەحمەد: نەخێر دیار نییە، چونکە لە بارودۆخێکی وەهادا گرتن روویدا، لە هەندێک شوێن شەهید هەبوون، لە هەندێک شوێن گرتن هەبوون و گومانی تەسفیەکردن (کوشتن) هەبووە. ئەمانە هەمووی هەن و لەبەر ئەوەش ژمارەکە بە تەواوی دیاری ناکرێت. ئێمە ناتوانین ژمارەکە بە تەواوی دەربخەین.
رووداو: خەڵکی نزیکەی 48 گوندی کۆبانی ئاوارە بوون، بە بڕوای ئێوە کەی خەڵک دەگەڕێنەوە و پرسی ئاوارە چارەسەر دەبێت؟
ئیلهام ئەحمەد: دوێنێ و پێرێ، بەتایبەتی دوێنێ لە حەلەب کۆبوونەوەیەک کرا. هەندێک لە هەڤاڵانی ئێمە لە کۆبانی کە لەم بابەتەدا راسپێردراون بەشدار بوون. لە کۆبوونەوەکەدا هەندێک گفتوگۆ پێشکەوت، بەڵام بەڕاستی بەدواداچوونمان بۆ نەکرد. دەبێت ئەمڕۆ هەندێک پێشکەوتن هەبێت، بەڵام بەدواداچوونمان نەکردووە کە ئایا روویداوە یان نا.
رووداو: هیوات هەیە کە رەوشی کۆبانی لە کاتێکی نزیکدا باشتر بێت؟ خەڵک هێشتا باس لە خواردن و خواردنەوە و دەرمان دەکەن و دەڵێن کەم دەگاتە دەستیان. هەرچەندە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت ئێمە هاوکاریمان گەیاندووە؟
ئیلهام ئەحمەد: سەختییەکان زۆرن، بۆ نموونە گەمارۆیەک هەیە لەسەر ناوچەکە، تێپەڕبوونی مادە بنەڕەتییەکان (کەلوپەلە سەرەکییەکان)، تا ماوەیەک کارەبا و ئاو لەسەر کۆبانی بڕابوو. ئەمە کاریگەرییەکی زۆری کردە سەر ژیانی خەڵک. کاتێک خۆراک نەڕوات و بە حیساب لە چوارچێوەی هاوکاری مرۆییدا تێپەڕ بێت، بەش ناکات و رەوشەکە خراپ دەکات.
رووداو: خاتوو ئیلهام، بە بڕوای تۆ بەرپرسانی شام، لە سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوە و تاوەکو بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری، بۆچی هەسەدە قبووڵ ناکەن و گرووپە چەکدارەکانی دیکەیان قبووڵ کردووە؟
ئیلهام ئەحمەد: ئێستا رۆڵ و دەستی تورکیا لەو بڕیارانەدا هەیە کە لە شام دەدرێن. ئەمە لە لێدوانەکانیاندا هەمیشە دیار بوو. هەمیشە دەیانگوت دەبێت هەسەدە خۆی هەڵوەشێنێتەوە و چەک دابنێت. دەزانین لەم رووەوە پەستانێکی زۆریان خستە سەر شام.
رووداو: پەیوەندیتان لەگەڵ تورکیا نییە؟
ئیلهام ئەحمەد: هەمانە، لەگەڵ ئەوانیش قسەمان کردووە، بەڵام ئەوانیش لە چوارچێوەیەکدا دەیانگوت کە پێویستە تێکەڵبوون (ئینتیگراسیۆن) دروست بێت. بەڵام بە بڕوای ئەوان تێکەڵبوون ئەوە بوو کە هەسەدە بە تەواوی سەر بە وەزارەتی بەرگری بێت و نەمێنێت.
رووداو: بە بڕوای ئێوە دەبێت کورد بە شاندی یەکگرتوو بچنە شام یان هێشتا هەنگاوەکانی ئەم رێککەوتنە ماون و دەبێت کەمێک بەرەو پێش بچن و پاشان شاندێکی یەکگرتووی کورد هەبێت و بچێتە شام؟
ئیلهام ئەحمەد: ئێستا بۆ تەبایی و یەکێتیی کوردی، تێڕوانین و شێوازێکی وەها هاتووەتە پێش کە لێڤەگەڕێک دروست ببێت، بینیتان کۆنفرانس سازدرا و بڕیاری زۆر گرنگ دران و دەستەیەک لەوێ دروست بوو. بۆ ئەوەی ببێتە شوێنێک بڕیاری لێ دەربچێت و پەسەند بکرێن، بگەڕێتەوە ببێتە مەرجەع (لێڤەگەڕ). ئەگەر وابێت پێگەکەی باشتر دەبێت. لە چوارچێوەی چوون بۆ شامیش دا، دەبێت هەم ئەو بڕیارانەی لە کۆنفرانسەکەدا دراون لەگەڵ شام گفتوگۆیان لەسەر بکرێت، هەم ئەو مادانەی کە دەبێت لە دەستووردا جێگیر بکرێن چین، پرەنسیپ و مافەکانی کورد لەوێدا گفتوگۆیان لەسەر بکرێت.
رووداو: پرسیارێکی گرنگی خەڵکە، منداڵەکانیان لە 14 ساڵی رابردوودا لە قوتابخانە و زانکۆکانی رۆژئاوای کوردستان بە کوردی خوێندوویانە، ئەم پرسی زمانە چی لێ دێت؟ مەرسوومێکی سەرۆکایەتی هەیە کە باسی مافی زمانی کوردی دەکات، بەڵام لە کۆتاییدا دیار دەبێت کە تەنیا وەک بابەتێکی ئارەزوومەندانەیە، هەفتەی 2-3 کاژێر. ئێوە پرسی زمانی کوردی و خوێندنی ساڵانی رابردووتان لەگەڵ بەرپرسانی شام باس کردووە؟
ئیلهام ئەحمەد: بەڵێ، ئەم گفتوگۆیەیان کردووە. لە رێککەوتنی 29ی مانگدا، رێککەوتین کە بڕوانامەی هەموو منداڵەکان پەسەند بکرێن. دەبێت ئەوانەی لە ساڵی 2011 تاوەکو 2025 و 2026 پەسند بکرێن. ئەوی دیکە، هەرخۆی ئەگەر پەروەردە بە زمانی دایک بێت، پێویستە لە نێوان وەزارەتی پەروەردە و دەستەکانی پەروەردەی ناوچەکەدا گفتوگۆ و کۆبوونەوەیەک هەبێت. وەزیری پەروەردە هاتبووە حەسەکە و لەوێش گفتوگۆیەک کرا، بڕوام وایە لەم رووەوە پێویستە ئەنجامێک هەبێت. راست نییە، بابەتی پەروەردە بە زمانی دایک لەو مەرسوومەی دەرچووە وەک زمانێکی بێگانە هەژمار کراوە. هەم بە ئارەزوومەندانە و هەم بە دوو کاژێر نابێت، ئەمە راست نییە. زمانی کوردی زمانی نەتەوەیەکە.
رووداو: بڕوات وایە کە پەروەردە بە زمانی کوردی لە دەستووردا جێی ببێتەوە؟
ئیلهام ئەحمەد: بەڵێ، پێویستە ببێت. ئێمە هەوڵی بۆ دەدەین.
رووداو: دوو پرسیاری کۆتایی، یەکێکیان پرسی نەوت و سنوور و فڕۆکەخانە چۆن بەڕێوە دەبرێن؟ بەتایبەتی لە قامشلۆ فڕۆکەخانەیەک هەیە، پرسی سنوور هەیە، نەوت لەوێ هەیە، سەرچاوە دیکەی ژێر زەوی هەن، ئەوانە بە هاوبەشی بەڕێوە دەبرێن یان رادەستی شام دەکرێن؟
ئیلهام ئەحمەد: ئێستا بە گشتی بۆ پارێزگای حەسەکە، بودجەیەک (هاوسەنگییەک) دیاری دەکرێت. ئەو هاوسەنگییە دەبێت تایبەتمەندی ناوچەکە لەبەرچاو بگرێت. لەمەشدا گفتوگۆی لەسەر کراوە. سەرچاوەکان بەپێی جۆرەکەیان دەبن، بۆ نموونە نەوت ناوەندییە، هەندێک شت ناوچەیی دەبن. بەپێی جۆرەکانیان دەبێت. سنوور ناوەندییە، بەڵام گوتوومانە کە خەڵکی ناوچەکە لەناو ئەو هێزەدا جێگەیان دەبێتەوە. فڕۆکەخانەش دیسان خەڵکی ناوچەکە وەک فەرمانبەر لەوێدا کار دەکەن. بەڵام ئەو خۆی ناوەندییە.
رووداو: پرسیاری کۆتایی، ئەگەر شام داواکارییەکانی کورد وەک ئۆتۆنۆمی، مافی زمان و پرسەکانی دیکەی قبووڵ نەکرد، چ جێگرەوەیەکی دیکە لەبەردەم رۆژئاوای کوردستان و لەبەردەم ئێوەدا هەیە؟
ئیلهام ئەحمەد: ئەمانە مافی بنەڕەتین، ئەگەر نەبن نابێت. ئێمە لە دانوستانەکان بەردەوام دەبین، لە تێکۆشانی خۆمان بەردەوام دەبین. لە دەستووردا تێکۆشانێکی سەخت دەکرێت. تاوەکو هێرش نەبێت، مەسەلەی تێکۆشان بنەڕەتی دەبێت. ئەگەر هێرش کرا، هەموو نەتەوەیەک بەرگری لە خۆی دەکات. ئیتر بەرامبەر جینۆساید و قڕکردن هەڵوێستی ئێمە زۆر روون دەبێت.
رووداو: تۆ زۆر ماندوویت و ئێمەش ماندوومان کردیت. سوپاست دەکەم.
ئیلهام ئەحمەد: سوپاس بۆ ئێوەش.