ئیبراهیم گاباری: هەتا ئازاد نەكرام نەمدەزانی حافز ئەسەد مردووە

رووداو – هەولێر

ساڵی 1977 كەوتە دەستی بەعسییەكانی سووریا و 24 ساڵی لە زینداندا بەسەر برد، 22 ساڵی لە ناخۆشترین بەندیخانەی ئەو وڵاتەدا بەسەر برد، ئەویش گرتووخانەی بەناوبانگی تەدمور بوو. 

ئیبراهیم گاباری كە خەڵكی رۆژئاوای كوردستانە و پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول بووە، لە دوایین بەشی ئەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ بەرنامەی پەنجەمۆری كەناڵی (رووداو)، باسی ژیانی خۆی لە زیندانەكانی حیزبی بەعسی سووریدا دەكات و دەڵێت 22 ساڵ لە جیهانی دەرەوە دابڕابوو، بە جۆرێك هەتا ئازاد نەكرا، نەیزانی حافز ئەسەد مردووە و بەشار ئەسەدی كوڕی بووەتە سەرۆكی وڵات.

بەشی سێیەم و كۆتایی 

رووداو: لە حەفتاكاندا پارتەكانی رۆژئاوا كێ بوون، پەیوەندیان لەگەڵ حیزبەكانی باشووری كوردستان چۆن بوو؟

ئیبراهیم گاباری: لێرە دوو پارتی هەبوون كە مونافسی یەكدی بوون، ئەوانیش پارتی دیموكراتی كوردستان و پارتی پێشڤەڕۆ بوون. ئەوانیش پاشكۆی حیزبەكانی باشووری كوردستان بوون، كە پارتی و یەكێتی تەبابوونایە، ئەوانیش تەبابوون، كە نێوانیان ناخۆش بووایە، ئەوانیش نێوانیان ناخۆش دەبوو. پارتی پێشكەوتن پارتەكەی حەمید دەروێش رێكلامی بۆ یەكێتی دەكرد، پارتی سووریاش رێكلامی بۆ پارتی دەكرد. بەڵام مەلا مستەفا و شۆڕشەكەی كاریگەری زۆریان لەسەر خەڵكی  رۆژئاوای كوردستان هەبوو، ئیمانیان بە مەلا مستەفا بەهێز بوو. جەلال تاڵەبانی لەگەڵ حكومەتی سووری و حەمید دەروێش كاریان دەكرد، بەڵام كاریگەریان لەسەر كوردی سووریا نەبوو. مەلا مستەفا بەلای ئەوانەوە هێڵی سوور بوو، قبوڵیان نەدەكرد كەس باسی مەلا مستەفا بكات. تەنانەت جەماعەتی حەمید دەروێش جاروبار لە كۆبوونەوەكانیان  بەدڵیان نەبوو، بەڵام ناچار دەبوون بە باشە باسی مەلا مستەفا بكەن، بۆ ئەوەی جەماوەرەكەیان لێیان تووڕە نەبن.  

رووداو: پەیوەندی حیزبەكەی حەمید دەروێش و پارتی لەگەڵ حیزبی بەعسی سووری چۆن بوو؟

ئیبراهیم گاباری: جەماعەتی كاك حەمید لە ساڵی 1968 بە ئاشكرا پەیوەندییان لەگەڵ حكومەت و لەگەڵ بەعس و موخابەراتی سووریا هەبوو. یەك بەیاننامەیان بەبێ‌ رەزامەندی ئەمنی سووری دەرنەدەكرد.

رووداو: ئەی پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا پەیوەندی لەگەڵ بەعس نەبوو؟

ئیبراهیم گاباری: وەكو حیزب پەیوەندی نەبوو، بەڵام وەكو تاك بەدڵنیاییەوە هەبووە. 

رووداو: ساڵی 1977 كاك مەسعود و مام جەلال لە سووریا یەكدی دەبینن، تۆ ئاگاداری ئەو كۆبوونەوەیە بوویت؟

ئیبراهیم گاباری: بەڵێ‌ ئەو كۆبوونەوەیە هەبوو، بەڵام مام جەلال هەر رۆژێك بە شێوەیەك بوو. كاك مەسعود تەنیا سەری بادابا و گوتبای ئەرێ‌، ئەوە دەبووە بەڵگەنامە، بەڵام مام جەلال 100 بەڵگەنامەشی واژۆكردبا سوودی نەبوو. مام جەلال لە سووریا وا ناوی دەركردبوو "رجل السیاسە، ولكن بدون مبدأ". حكومەتی سووریاش سەرەتا زۆر متمانەیان بە مام جەلال هەبوو، بەڵام دواتر بۆیان دەركەوت ئەوەی لە كوردستان كاریگەری هەبێ‌، جەماعەتی بارزانین. بۆیە هێواش هێواش ئیلتیزامیان بە كاك مەسعودەوە كرد، بەڵام مەبدەئی نەبوون، بەڵكو بۆ بەرژەوەندی خۆیان بوو.

رووداو: با بێینە سەر زیندانیكردنی تۆ لە سووریا، تۆ بە چ تۆمەتێك گیرای؟

ئیبراهیم گاباری: من لە قامیشلۆ گیرام، ژوورەكەم لە زیندان مەترێك بە دوو مەتر بوو. رۆژانە تەنیا ساندویچێك یان دوو ساندویچیان دەدامێ‌. نزیكەی 40 رۆژ لە زیندانی قامشلۆ مامەوە، پاشان بردیانم بۆ شام. لەوێش سێ‌ مانگ لە زیندانی تاكەسیدا بووم. لەوێ‌ تەحقیقیان لەگەڵ دەكردم، لێیان دەپرسیم تۆ بۆچی دژایەتیی مام جەلال دەكەی؟. پێمگوتن من دژایەتی تاڵەبانی ناكەم، من كوردم و سەر بە خەتی بارزانیم. ئەوانیش دژی ئەو خەتەن. گوتیان نەخێر تۆ بە كوردی سووریا دەڵێی مام جەلال خائینە.  

رووداو: بەڵام تۆ گوتبووت مام جەلال خائینە؟

ئیبراهیم گاباری: لەوانەیە.

رووداو: دواتر بردیانی بۆ كوێ‌؟

ئیبراهیم گاباری: بردیانم بۆ زیندانی حەلبوونێ‌ (شارۆچكەیەكی دەوروبەری دیمەشقە) نزیكەی ساڵێك لەوێ‌ بووم.

رووداو: زیندانەكە كێی تێدابوو؟

ئیبراهیم گاباری: رێكخستنەكانی حیزبی شیوعی زۆر تێدابوون. ئۆپۆزیسیۆنی تێدابوون، ریاز تورك، سكرتێری حیزبی شیوعی و جەمیل سابت، وەزیری كاری سووریا لەوێ‌ بەندكرابوون. 

رووداو: زیندانەكە كوردی تێدابوو؟

ئیبراهیم گاباری: حەمید سینۆ، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی لەوێ‌ بوو. ئەو پێشتر لەگەڵ دەهام میرۆ و چەند بەرپرسێكی دیكەی پارتی دەستگیركرابوون، ئەوان ئازاد كران، بەڵام ئەویان هێشتبووەوە. ماوەیەك پێكەوە بووین، دواتر ئەویان لەو زیندانە دەرهێنا. منیشیان برد بۆ زیندانی كفرسوسە كە سەر بە ئەمن بوو. پاشان لە مانگی پێنجی 1980 ئۆتۆمبێلیان هێنا، ئێمە 32 كەس بووین بردیانین بۆ تەدمور. لە زیندانەكانی دیكە ئەشكەنجە نەبوو، بەڵام لەوەی تەدمور رۆژانە ئەشكەنجەیان دەداین. 

رووداو: بۆچی ئەشكەنجەیان دەدان؟

ئیبراهیم گاباری: بەبێ‌ هۆ، كردبوویان بە بەرنامە، بەیانیان لە ژوورەكان دەریاندەهێناین، 10-15 سەرباز بە قایشی دەبابە نزیكەی سەعاتێك تا سەعات و نیوێك لێیاندەداین، پاشان دەیانگوت فەرموون بڕۆنەوە ژوورەكانتان. ئاوی سوێریان دەداینێ‌، من 22 ساڵ لە زیندانی تەدمور مامەوە، دوو ساڵیش لە زیندانەكانی شام بووم. كە ئێمە لە تەدمور بووین، جەماعەتی ئیخوان موسلیمینیان هێنان كە نزیكەی 1400 كەس دەبوون، رۆژێكیان هەر هەموویان لە گۆڕەپانەكە راگرتن، بەیانییەكی زوو هەشت فڕۆكەی سپی هاتن. ئێمە لە پەنجەرەی زیندانەوە سەیرمان دەكرد، پێمان سەیر بوو فڕۆكەكان بەسەر گۆڕەپانەكەدا سووڕانەوە. پاشان نیشتنەوە و چەند سەربازێك دابەزین. گوێمان لە دەنگی گوللەی دەمانچەیەك بوو، دواتر نزیكەی سەعاتێك و 20 خولەك سەربازەكان تەقەیان كرد، هەر هەموو ئیخوانەكانیان كوشت، خوێن جۆگەلەی بەستبوو. ئێمە ئەو رۆژە زۆر ترساین، تەنانەت حەزمان نەدەكرد بۆ هێنانی خواردنیش دەنگی كردنەوەی دەرگای زیندان بێ‌. شەو چەند ئۆتۆمبێلێكیان هێنا و تەرمەكانیان بردن، دیمەنێكی زۆر ناخۆش بوو، یەك دوو پۆلیس كە تەرمەكانیان دەخستنە نێو ئۆتۆمبێلەكان، شێت بوون و هاواریان دەكرد. دوای دوو رۆژ هاتنەوە، ئێمە وا تێگەیشتین ئەمجارە نۆرەی ئێمەیە، بەڵام بە پێچەوانەوە گوتیان مەترسن، هیچ لە ئێوە ناكەین، خواردنێكی زۆریان بۆ هێنانین، بەڵام ئێمە نانمان بۆ نەخورا. 

رووداو: هیچ پەیوەندیتان بە دەرەوەی زیندان هەبوو؟

ئیبراهیم گاباری: نەخێر. نە رۆژنامە، نە تەلەفزیۆن، هیچ نەبوو. وەكو "یارانی ئەشكەوت" وابووین. كەسمان نەدەدیت، تەنانەت ئەو پۆلیسەی ئەشكەنجەی دەداین بۆمان نەبوو تەماشای دەموچاوی بكەین، دەیانكوشتین. دوو ساڵ و نیو لە ماوەی 24 سەعاتدا یەك نانیان دەداینێ‌، ئەویش بۆ چوار كەس بوو. دەتوانم بڵێم 1500 كەس هەر لە برسان مردن. وەزیری كاری سووریا كە لەگەڵ ئێمە بوو، تووشی نەخۆشیی شەكرە بوو، لە زیندان لە برسان مرد.

رووداو: وەزیر بە چ تۆمەتێك گیرابوو؟

ئیبراهیم گاباری: ساڵی 1971 پیاوێك لە عێراق نامەیەكی بۆ ناردبوو، گوتبووی ئینشائەڵڵا ئێمەی بەعسی سووری و عێراق دەبین بە یەك. 

رووداو: لە زیندانی تەدمور، بێجگە لە تۆ كوردی دیكەی لێبوو؟

ئیبراهیم گاباری: نەخێر بە تەنیا بووم. پاشان پێنج شەش كوردیان هێنان كە بە تۆمەتی ئیخوان موسلمین گیرابوون.

رووداو: ئەوان بەر كۆمەڵكوژییەكە كەوتن؟

ئیبراهیم گاباری: نەخێر ئەوان دوای كۆمەڵكوژییەكە گیرابوون. دوای مردنی حافز ئەسەد ئازادكران.

رووداو: ئەی قەڵەم و كاغە و جگەرەتان نەبوو؟

ئیبراهیم گاباری: ژوورەكەی من 24 كەسی تێدابوو كە هەر هەموویان دكتۆر بوون و بۆردی ئەمریكیان هەبوو. من لەوێ‌ 18 ساڵ وانەی پزیشكیم لەلای ئەوان خوێند و بووم بە دكتۆر. هەروەها فەلسەفە و ئەندازیاری فڕۆكەوانیش لە زیندانییەكانی دیكە فێر بووم. نزیكەی 90%ی زیندانیان بەهۆی گیراوەكانی ئیخوان موسلمین فێری قورئان خوێندن بوون، نەحو و سەرفیشمان دەخوێند.

رووداو: تۆ لە ماوەی ئەو 24 ساڵە هیچ بە كوردی قسەت نەدەكرد؟

ئیبراهیم گاباری: با. زۆر كەس هەبوون لە زیندان داوایان دەكرد فێری كوردی ببن، زۆر كەسم فێری زمانی كوردی كرد. باسی شۆڕشم بۆ دەكردن، باسی مەلا مستەفا و قازی محەممەد و شێخ سەعید و شێخ مەحموودم بۆ كردن. بیرۆكەیەكی باشم دانێ‌ لەسەر دۆزی كورد. تەنانەت هەندێك لەوان دەیانگوت ئێمە بووین بە پارتی (بەپێكەنینەوە).

رووداو: ئەو ماوەیەی تۆ لە زیندان بووی، زۆر شت روویدا، شای ئێران رووخا، شەڕی ئێران و عێراق روویدا، لە سووریا چەند شەڕێك روویاندا، ئێوە ئاگاداری هیچ لەمانە نەبوون؟

ئیبراهیم گاباری: وەكو پێشتریش باسم كرد، ئێمە وەكو یارانی ئەشكەوت وابووین، ئاگامان لە دونیا نەبوو. تەنانەت رۆژنامەكانی حیزبی بەعسیش قەدەغە بوون. 

رووداو: ئێوە ئاگاداری مردنی حافز ئەسەدیش نەبوون؟

ئیبراهیم گاباری: زیندانەكەی ئێمە لە نێو شاری تەدمور بوو. حەوت رۆژ بوو لە مزگەوتەكان دەنگی قورئان دەهات. ئێمە دەمانگوت ئینشائەڵڵا حافز ئەسەد مردووە. یەكێك لە گیراوەكان لە پاسەوانێكی پرسی ئەوە چەند رۆژە گوێمان لە دەنگی قورئان دەبێ‌، پێدەچێ‌ كەسێكی گەورە مردبێ‌. گوتی تەسەور دەكەی كێ‌ مردووە؟ ئەگەر نەزانی چاوت دەردێنم. ئەویش گوتی: "رەنگە وەزیری ئەوقاف بێ‌". پاسەوانەكە گوتی: "نەخێر گەورەترە". زیندانییەكە گوتی:"مانای وایە سەرۆكوەزیرانە". پاسەوانەكە گوتی "نەخێر لەویش گەورەترە". زیندانییەكە گوتی: "ئێ‌ مادام وایە جێگری سەرۆك كۆمار مردووە" پاسەوانەكە گوتی: "نەخێر لەویش گەورەترە". زیندانییەكە گوتی:"خوا نەكات خوا نەكات خوا نەكات، سەرۆك كۆمار مردووە؟". پاسەوانەكە گوتی: "نەخێر خوارتر". زیندانییەكە گوتی: "ئێ‌ قوربان بچووكتر لە سەرۆك كۆمار، جێگرەكەیەتی". ئێمە شرۆڤەمان دەكرد باشە كێیە مردووە. ئێمە كە لە زیندان ئازادكراین، چەند ئەفسەرێك پێیانگوتین دەبێ سوپاسی سەرۆك بەشار ئەسەد بكەن كە لێبوردنی بۆ دەركردن. ئێمە تەماشای یەكدیمان كرد، نەمانزانی بەشار ئەسەد كێیە، نەماندەزانی حافز ئەسەد كوڕێكی هەیە ناوی بەشار ئەسەدە. دەمانزانی كوڕێكی هەیە ناوی باسلە. پاشان زانیمان حافز ئەسەد مردووە، باسل مردووە و بەشار ئەسەد بووەتە سەرۆك كۆمار.

رووداو: دەگوترێ‌ زۆربەی ئەوانەی لە زیندان بوون خوێندەوار بوون؟

ئیبراهیم گاباری: قاوشەكەی ئێمە 200 كەسی تێدابوو، 95%یان دەرچووی زانكۆ بوون یان ماستەر و دكتۆرایان هەبوو. زۆربەیان ئیخوان بوون، تەنیا 34 كەسیان ئیخوان نەبوون. خەڵك هەبوو تەنیا لەسەر خەون گیرابوو، لە خەونەكە گوتبووی خەڵك خۆپیشاندانی كردووە، لەژێر ئەشكەنجەدا ناوی ئەو كەسانەیان پێ ئاشكرا كردبوو كە بەشداری خۆپیشاندانەكەیان كردبوو، چووبوون ئەوانیشیان گرتبوو.

رووداو: لە زیندانەكە كەس هەبوو لەسەر سیخوڕی بۆ ئیسرائیل گیرابێ‌؟ 

ئیبراهیم گاباری: نەخێر نەبوو، خۆزگە من جاسووسی ئیسرائیل بوومایە، بە 10 رۆژ ئازاد دەكرام.

رووداو: ئێوە چەند كەس بە یەكەوە ئازادكران؟

ئیبراهیم گاباری: ئێمە 620 كەس بووین، پاش ئەوەی حافز ئەسەد مرد و بەشار ئەسەد هاتە سەر حوكم، ئازادكراین.

رووداو: چۆن ئازاد كران، بەڵێننامەیان پێ پڕكردنەوە؟

ئیبراهیم گاباری: نەخێر، وتارێكیان پێشكەش كرد و گوتیان ئێوە هاووڵاتی پلە یەكی سووریان. رەنگە هەندێكتان زوڵمتان لێ كرابێ‌، چونكە وڵات بە باردودۆخێكی نائاساییدا تێپەڕی. شتێكی دیكەش هەبوو، ئەوكاتەی كەوتمە زیندان، خەڵك لە حەسەكە دەچوونە شام بە 15 لیرە، ئێمە كە لە ساڵی 2001 ئازادكراین، هەر یەكە 300 لیرەیان داینێ‌ پێی بچینەوە ماڵی خۆمان. ئێمە پێمان زۆر بوو. پۆلیسێك بە ئەفسەرەكەی گوت بەڕێزم 300 لیرە تەنیا كرێی پاسە. ئەی ئەوانە لە رێگا شتێك ناخۆن؟ ئینجا بۆیان كردین بە 500 لیرە. بەڵام ئێمە سەرمان سوڕمابوو، واماندەزانی ئەو پارەیە زۆر زۆرە. 

رووداو: كە ئازادبووی چووی بۆ حەسەكە؟ كێ پێشوازی لێكردی؟

ئیبراهیم گاباری: ئێمە چووین بۆ گەراج، گوتیان سواری پاس بن و بچنەوە ماڵەكانتان، گوتمان هیچ ناسنامەیەكمان پێ‌ نییە. گوتیان كێشە نییە كەس پەیوەندی بە ئێوەوە نییە. چوومە حەسەكە لە گەراج پیاوێك منی ناسییەوە، گوتی: من دراوسێی ئێوەم. باوكت كۆچی دوایی كردووە، دایك و براكانت ماون. كاك مەسعود بۆی گێڕامەوە باوكم چووبووە لای بۆ ئەوەی سۆراغی منی بۆ بكات. ئەویش دوو جار لەگەڵ ئازاد بەرواری چووبوو بۆ لای حافز ئەسەد، بەڵام ئەسەد پێیگوتبوو ئەو كەسەی تۆ باسی دەكەی نەماوە.

رووداو: دوای ئازادبوونت دووبارە پەیوەندیت بە پارتییەوە كردەوە، چۆن پەیوەندیت پێوەكردنەوە؟

ئیبراهیم گاباری: من كە ئازادبووم، مەحموود گەرگەری نوێنەری ئێمە بوو لە قامشلۆ. پێمگوت من ئازادكراوم. ئەویش گوتی جەنابی سەرۆك ئاگادار دەكەمەوە. من دەبووایە 15 رۆژ جارێك سەردانی ئەمنی سیاسی، ئەمنی جەوی، ئەمنی سەربازی و ئەمنی دەوڵەت بكەم، بۆیان واژۆ بكەم كە من لێرەم. لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق، سنوور نەما، پۆلیس نەما، هاتم بۆ سەر سنوور، چوومە لای هەندێك شێخی شەممەر كە برادەرم بوون، لە رێگەی ئەوانەوە پەڕیمەوە بۆ ئەودیو. چووم بۆ شنگال، لەوێوە چووم بۆ مووسڵ بۆ لای بەرپرسی لقی پارتی. بروسكەیەكی نارد بۆ كاك مەسعود، ئەویش گوتی یەكسەر بێتە لای من. چوومە لای جەنابی سەرۆك.

رووداو: دوای 25 ساڵ بارزانی چی پێگوتی؟

ئیبراهیم گاباری: كاتێك منی بینی، باوەڕی نەكرد و گوتی ئیبراهیم تۆ مردبووی، باوەڕم نەدەكرد ئەوە تۆ بی. پرسیاری چۆنیەتی گرتنەكەم و زیندانی لێكردم. پاشان گوتی: لێرە بمێنەوە. منیش پێمگوت جارێ‌ ناتوانم لەبەر ئەوەی بارودۆخەكە ئاسایی نییە. سەعاتێك لەلای سەرۆك مامەوە و رۆیشتم. سێ‌ رۆژ لێرە مامەوە، پاشان گەڕامەوە سووریا.

رووداو: كە گەڕایەوە سووریا خەریكی چی بووی؟

ئیبراهیم گاباری: دەمەوێ‌ بەسەرهاتێكتان بۆ بگێڕمەوە. خزمێكم لە كارگەیەكی ئالیك ئیشی دەكرد، هاتە لام و گوتی: ئیبراهیم سەددام حوسێن لە كارگەكەی ئێمەیە. گوتم: چۆن؟ گوتی: كلیلی كارگەكە لەلای منە، خاوەنەكەی هەموو كرێكارانی ناردەوە و گوتی ئیش ناكەین، سەددام و چەند كەسێك بە رۆژ دێنە كارگەكە و لەوێ‌ دەخەون، بەشەویش دەردەچن. ئەگەریش باوەڕ ناكەی وەرە خۆت سەیری بكە. كارگەكە لە دەرەوەی شار بوو، چوومە كارگەكە لە كونی دەرگای ئەو ژوورەی سەددامی تێدابوو سەیری ژوورەوەم كرد، یەكسەر سەدامم ناسییەوە، ریشێكی درێژی هەبوو. كراسێكی سپی لەبەردابوو. 

عەگالێكی لەسەر بوو. یەكسەر بە نهێنی هاتم بۆ كوردستان، داوای بینینی كاك مەسعودم كرد. پێمگوتن شتێكی گرنگ هەیە دەبێ‌ بیبینم. كە چوومە لای گوتم: جەنابی سەرۆك، سەدام لە كارگەیەكی حەسەكەیە. ئەویش گوتی: پەیوەندی بە مەسروورەوە بكە. منیش هاتمە لای كاك مەسروور، كۆمپیوتەریان هێنا و وێنەی حەسەكەیان نیشاندام. گوتیان لە كوێیە؟

 منیش شوێنەكەم نیشاندان. ئەویش گوتی: زۆر باشە ئیبراهیم، تەلەفۆنێكی سورەیای دامێ‌ و گوتی چاودێری بكە. چاودێریم كرد، دوای 11 رۆژ لە چاودێری، پیكابێكی مازدا هات، سەددام سواری پیكابەكە بوو، لە حەسەكە دەرچوو، تەلەفۆنم بۆ سەروەر بێداوی كرد كە حەلەقەی وەسڵی ئێمە بوو. هەتا ناوچەی هۆل و شنگال چاودێریم كرد، پێمگوتن قوربان سەدام داخڵی عێراق بووەوە.    

رووداو: دڵنیابووی لەوەی كە سەددام حوسێن بوو؟

ئیبراهیم گاباری: بە چاوی خۆم بینیم. هەمان ئەو ریشەی هەبوو كە دواتر لە كاتی گرتنەكەی بینیمان.

رووداو: ئەوكات 25 ملیۆن دۆلار بۆ ئاشكراكردنی سەددام دانرابوو...

ئیبراهیم گاباری: من لەو باوەڕەدابووم 25 ملیۆن دۆلارەكە وەربگرم، بەڵام نە ئەمریكا و نە جەنابی كاك مەسروور پارەیان نەدامێ‌. دیارە ئەمریكا نەیدەویست لە سووریا دەستگیری بكەن، دەیویست لە عێراق دەستگیر بكرێ‌. لەو باوەڕەدام سووریاش ئاگادار بوو كە سەدام لەو شوێنەیە.

رووداو: تۆ كەی بە یەكجاری هاتیتە باشووری كوردستان؟

ئیبراهیم گاباری: مانگێك پێش ئەوەی سەدام دەستگیر بكرێ‌، هاتمە ئێرە، هەتا ئێستاش نەگەڕاومەتەوە. 

رووداو: پەیوەندیت لەگەڵ داود باغستانی چۆن بوو، ئەو زۆر قسەی لەسەر هەیە دەگوترێ‌ پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، لەگەڵ توركیا هەیە. چ شایەتییەكی لەسەر دەدەی؟

ئیبراهیم گاباری: داود باغستانی كەسێكی زیرەكە، بەڵام زۆر درۆزنە. مەبدەئی نییە. زۆر بانگەشە دەكات كە پەیوەندی لەگەڵ فڵان و فڵان هەیە. جارێكیان گوتی شێمون پێرێز بانگهێشتنامەی بۆ ناردووم. منیش هەواڵەكەم گەیاندە جەنابی سەرۆك و كاك فازڵ، تەكلیف كرام بزانم بابەتەكە چۆنە. لەگەڵ داود باغستانی پێكەوە چووین بۆ بەغدا و عەممان. دواتر دەركەوت هەمووی درۆ بوو، نە شێمون پێرێزی بینی، نە پەیوەندیشی لەگەڵ هەبوو. رەنگە وەك رۆژنامەنووس یان لە رێگەی پەیوەندی شەخسی سەردانی ئیسرائیلی كردبێ‌. 

رووداو: تۆ پەیوەندیت لەگەڵ ئیسرائیلییەكان نەبووە؟ چوویتە ئیسرائیل؟

ئیبراهیم گاباری: نەخێر. 

رووداو: ئەی پەیوەندیت لەگەڵ پەكەكە چۆن بوو؟ كەست لە سەركردەكانی پەكەكە بینیوە؟

ئیبراهیم گاباری: ئاساییە دەیانبینم، بەڵام زۆر دژی سیاسەتی پەیەدەم لە سووریا، ئەوان دوژمنی گەلی خۆیانن، ئەوان سەربازی ئێرانن بۆ دژایەتی وڵاتی خۆیان. حیزبێكی بێ‌ بەرنامەن. دژی پەكەكە و پەیەدە نیم، دژی بەرنامەكەیانم. ئەوانە مورتەزەقەن.