بەرپرسێکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بۆ رووداو: لە سووریا تەنیا یەک سوپا دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی شاندی دانوستاندنکاری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە دێرەزوور دەڵێت، دانوستاندنەکانیان لەگەڵ دیمەشق تەنیا تیۆری نین و هەنگاوی کردەییان بۆ واژۆکردنی رێککەوتنی کۆتایی ناوە. ئاماژە بەوەش دەکات، لە سووریادا تەنیا یەک سوپا دەبێت و دەروازە سنوورییەکانیش بە هاوبەشی بەڕێوەدەبردرێن.
یاسر سلێمان، گوتەبێژی شاندی دانوستاندنکاری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە دێرەزوور، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی هەواڵەکانی کاژێر 19:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە نالین حەسەن پێشکێشی کرد، وردەکاریی نوێی لەبارەی دانوستاندنەکانی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و حکومەتی سووریا ئاشکرا کرد.
یەک سوپا بە پێکهاتەی جۆراوجۆرەوە
سەبارەت بە چارەنووسی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و تێکەڵکردنەوەی بە سوپای سووریا، یاسر سلێمان رایگەیاند: "بابەتی سوپا پەیوەندی بە یەکپارچەیی سووریاوە هەیە و دوو سوپا لە سووریادا نابێت، بەڵکو یەک سوپا دەبێ بە پێکهاتەی جۆراوجۆرەوە."
بەرپرسەکە ئاماژەی بەوەش کرد، وردەکاریی تێکەڵبوونەکە و سرووشتی پێکهاتە سەربازییەکان بۆ لیژنە تایبەتمەندە سەربازییەکانی هەردوولا جێهێڵدراوە و گوتی: "هەموو ئەوەی روودەدات لە چوارچێوەی یەک سوپا و یەک دامەزراوەی سەربازیدایە."
نەوت و دەروازە سنوورییەکان
لەبارەی سامانە سرووشتییەکانەوە، گوتەبێژەکەی شاندی دانوستاندنکار گوتی، لێکتێگەیشتن هەیە بۆ ئەوەی سامانەکانی ژێرزەوی و بەرهەمە نەوتییەکان لە رێگەی دامەزراوە فەرمییەکانەوە بکەوێتە بخرێتە خزمەتی هەموو سووریاییەکان.
لەبارەی دەروازە سنوورییەکانیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریش لەگەڵ لەگەڵ تورکیا و عێراق، یاسر سلێمان گوتی: "وا بڕیارە بەڕێوەبردنی ئەم دەروازانە بە شێوەی هاوبەش بێت؛" ئاماژەی بەوەش کرد گۆڕانکاری لە شێوازی بەڕێوەبردن و ژێرخاندا دەکەن، بەجۆرێک لەگەڵ سیستمی دەوڵەت بگونجێ و مافی کارمەندانی ئێستاش پارێزراو بێت.
سیستمی ناناوەندی
یاسر سلێمان باسی لەوە کرد، لێکنزیکبوونەوە لەسەر پەیڕەوکردنی سیستمی ناناوەندی و پەرەپێدانی حوکمڕانیی خۆجێیی هەیە.
ئەو بەرپرسە گوتی: "بمانەوێ یان نا بەرەو جۆرێک لە ناناوەندیبوون دەڕۆین. ئێمە دەمانەوێ خەڵکی پارێزگاکان خۆیان پارێزگار و سەرۆک شارەوانییەکانیان هەڵبژێرن؛" هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە دەکرێت کار بە یاسای 107 بکرێ، بەڵام پێویستی بە هەموارکردن و پەرەپێدان هەیە بۆ ئەوەی گونجاو بێت بۆ دۆخی ئێستا.
بەگوێرەی قسەکانی یاسر سلێمان، بەشێک لە رێککەوتنەکە بریتی دەبێت لە دەستبەکاربوونەوەی دامەزراوە سەروەرییەکانی دەوڵەتی سووریا لە ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، وەک فەرمانگەکانی تۆماری خانوبەرە (تاپۆ) و تۆماری شارستانی (ناسنامە).
سەبارەت بە گەرەنتیی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە، یاسر سلێمان ئاشکرای کرد کە ئەحمەد شەرع، داوای لە سوپای ئەمریکا کردووە سەرپەرشتی پرۆسەی تێکەڵکردنەکە بکات.
گوتەبێژەکە گوتیشی: "گەشبینییەک هەیە بەوەی لایەنە هەرێمییەکان و وڵاتانی عەرەبی پێداگر بوون لەسەر سەرخستنی رێککەوتنەکە و بە ئەرێنی دەستوەردانیان کردووە."
دەقی پرسیار و وەڵامی نالین حەسەن، پێشكێشکاری رووداو و یاسر سلێمان:
رووداو: حکومەتی سووریا دەڵێت دانوستاندنەکان تەنیا تیۆرین و هیچ شتێکی کردەیی لە ئارادا نییە. ئایا هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەنراوە؟ دانوستاندنەکان بە کوێ گەیشتن؟
یاسر سلێمان: قۆناخی یەکەم بریتی بوو لە پێکهێنانی تیمێکی دانوستاندنی فەرمی لە لایەن ئێمەوە بە مەبەستی ئەنجامدانی ئەم رێککەوتنە، بە جیدی کار لەسەری دەکەین و کار بۆ سەرخستنی دەکەین، هەنگاوی کردەییشمان ناوە بە ئاراستەی واژۆکردنی رێککەوتنی کۆتایی بۆ دەستپێکردنی جێبەجێکردن. ئەمەش ئەوەیە کە دوێنێ جەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی لە "کۆربەندی تەبقە" ئاماژەی پێدا بۆ پشتیوانی لە لیژنەی دانوستاندنکار و پرۆسەی دانوستاندنەکە کە تێیدا ئاماژەی بەوە کرد، بەرەوپێشچوون لە دۆسیەی سەربازی و ئەمنیدا هەیە؛ هەروەها ئاماژەی بە پرسێک کرد کە ئەوەیە لێکتێگەیشتن لەگەڵ لایەنی تورکی هەیە، کەواتە کەناڵەکان کراوەن و بە تەواوی دانەخراون.
هەروەها بەڕێزیان ئاماژەی بە پرسێکی گرنگ کرد کە پەیوەستە بە هەموو سووریاییەکانەوە، ئەویش سامانی سرووشتییە –کە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت- سامانەکانی ژێرزەوی و بەرهەمە نەوتییەکان، بۆ ئەوەی لە رێگەی دامەزراوە فەرمییەکانەوە بکەوێتە بەردەستی هەموو سووریاییەکان؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە دەبێت دامەزراوە سەروەرییەکانی دەوڵەتی سووریا لە ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەستبەکاربن، بۆ نموونە تۆماری خانوبەرە (تاپۆ)، تۆماری شارستانی؛ هەروەها باسی لە پێویستیی کردنەوەی دەروازەکان لەگەڵ لایەنی تورکی و لایەنی عێراقی کرد لە ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا.
بەڕێزیان جەختیشی لەوە کردەوە کە بابەتی سوپا بابەتێکە پەیوەندی بە یەکپارچەیی سووریاوە هەیە و دوو سوپا لە سووریادا نابێ، بەڵکو یەک سوپا دەبێ بە پێکهاتەی جۆراوجۆرەوە. ئەگەر دەتەوێ پرسیارم لێ بکەی دەربارەی سرووشتی پێکهاتە سەربازییەکان، ئەوا ئەمە بۆ لیژنە تایبەتمەندەکان جێدەهێڵین، لیژنە تایبەتمەندەکانی هەردوولا. ئێمە هەوڵی لێکنزیکبوونەوە دەدەین و پشتیوانی لە رەوتی دانوستاندنەکان دەکەین، دەمانەوێ دانوستاندنەکان سەرکەوتوو بن بۆ ئەوەی سووریاییەکان بتوانن دەست بە بونیاتنانەوەی وڵاتەکەیان بکەن کە بەهۆی شەڕی ناوخۆ و جەنگەوە وێران بووە.
رووداو: ئایا دیمەشق و هەسەدە تا چ رادەیەک لەسەر تێکەڵکردنی هەسەدە بە سوپای سووریا لێل نزیکبوونەتەوە؟ ئایا ئەم پێکهاتەیەی ئێستا هەسەدە هەیەتی وەک خۆی دەمێنێتەوە؟
یاسر سلێمان: وەک کەمێک پێش ئێستا ئاماژەم پێدا، ئەم بابەتە بۆ لیژنە سەربازییەکان جێدەهێڵین. جەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی ئاماژەی بەوە داوە کە دیدارەکان نەپچڕاون و لە رۆژانی داهاتوودا بۆ تەواوکردنی رێککەوتنەکە بەردەوام دەبن. هەموو ئەوەی روودەدات لە چوارچێوەی یەک سوپا و یەک دامەزراوەی سەربازیدایە بە پێکهاتەی جۆراوجۆر کە سەربازییەکان دەیزانن و سەربازییەکان سەرپەرشتی دەکەن. ئێمەی سڤیل سەرپشک نین لەوەی قسە لەسەر ئەم بابەتە بکەین؛ ئێمە لە چوارچێوە گشتییەکەدا قسە دەکەین. پێت گوتم تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی نزیک لە حکومەتی سووریا دەنگۆیان بڵاوکردووەتەوە، من [دەڵێم] ئێمە رێککەوتنمان کردووە و واژۆمان کردووە لەگەڵ بەڕێز ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و ئەو گەرەنتییە بۆ سەرخستنی رێککەوتنەکە لەلایەن حکومەتی دیمەشقەوە. بەڵێ، میدیا هەیە گوشار دروست دەکات، لایەنی ناوخۆیی و دەرەکی هەن هەوڵ دەدەن رێککەوتنەکە سەنەگرێ، بەڵام ئێمە لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بە هەموو راستگۆییەکەوە سوورین لەسەر سەرخستنی ئەم رێککەوتنە، بەڵێ.
رووداو: شاندەکەتان کەی دەچێتە دیمەشق؟
یاسر سلێمان: بەڕێز مەزڵووم عەبدی ئاماژەی بەوە داوە کە لە رۆژانی نزیکدا دیدار دەبن. هەندێک جار رەنگە لیژنەی تایبەتمەند بچن، بۆ نموونە لە لایەنی سەربازی، کارگێڕی، ئەمنی دەچن. هەندێک جاریش ئەگەر پێویست بکات تەواوی شاندی دانوستاندنکار دەچێت. کاتێکی دیاریکراو نییە، واتە ناتوانم ئەمڕۆ بۆت دیاری بکەم، بەڵکو ئەمە بە هاوئاهەنگی نێوان هەردوولا و بە سەرپەرشتیی ئەمریکا دەکرێ، هەروەها گەشبینییەک هەیە بەوەی لایەنە هەرێمییەکان و وڵاتانی عەرەبی پێداگر بن لەسەر سەرخستنی رێککەوتنەکە و بە ئەرێنی دەستوەردانیان کردووە بۆ ئەنجامدانی ئەم رێککەوتنە واژۆکراوە.
رووداو: لە بواری دەروازە سنوورییەکان و سەرچاوە سرووشتییەکان، چ بەرەوپێشچوونێک لە گفتوگۆی نێوان ئێوە و دیمەشق بەدەستهاتووە؟
یاسر سلێمان: وەک ئاماژەم پێکرد، پێشکەوتن لەمەدا هەیە و گفتوگۆکان پێشکەوتنی ئەرێنییان بەدەستهێناوە و لە رۆژانی داهاتوو و لە ماوەیەکی نزیکدا بە پشتیوانیی خودا ئەنجامەکانی دەبینین، ئەنجامەکان دەردەکەون، ئەنجامەکان بە نهێنی نامێننەوە. هەندێک جار رەوتی دانوستاندن پێویستی بە کەمێک نهێنییە بۆ ئەنجامدانی کارەکان، بۆ تەواوکردنی بابەتە تەکنیکییەکان، پاشان دەخرێنەڕوو یان ئاشکرا دەکرێن و بۆ هەموو سووریاییەکان و جیهانیش رادەگەیێندرێن.
رووداو: ئایا دەروازە سنوورییەکان لە نێوان ئێوە و حکومەتی سووریا بە هاوبەشی بەڕێوەدەبردرێن؟
یاسر سلێمان: وا بڕیارە بەڕێوەبردنی ئەم دەروازانە بە شێوەی هاوبەش بێت؛ هەروەها ئێمە کار لەسەر ئامادەکردنی ژێرخان و گۆڕینی دەکەین، واتە هەندێک گۆڕانکاری لە شێوازی بەڕێوەبردندا دەکەین بە جۆرێک کە لەگەڵ دەوڵەتی سووریا بگونجێ و سەروەرییەکەی مسۆگەر بکات، لەگەڵ پارێزگاریکردن لە تایبەتمەندیی کارگێڕی دامەزراوەکان لە ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا و بۆ مسۆگەرکردنی مافی کارمەندان و فەرمانبەران و سەرپەرشتیارانی ئەم دامەزراوانە، بەڵام لە چوارچێوەی پێکهاتە و هەیکەلی دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریادا.
رووداو: ئێوە داوای ناناوەندیبوون دەکەن و حکومەتی سووریاش باس لە سیستمی ناوەندی دەکات. لەم بوارەوە تێڕوانینتان لە یەک نزیک نەبووەتەوە؟
یاسر سلێمان: بەڵێ، لێکنزیکبوونەوە لەنێوان ئێمە و ئەوان لەم بوارەدا هەیە، دەکرێ سیستمی ناناوەندی هەبێت، پەرەپێدانی بەڕێوەبردنی خۆجێیی، وەک بەڕێز مەزڵووم عەبدی ئاماژەی پێکرد کە رۆڵەکانی ناوچەکە خۆیان ناوچەکانی خۆیان لە هەموو پارێزگاکان بەڕێوەببەن. ئەمە واتە ئێمە بمانەوێ یان نا بەرەو جۆرێک لە ناناوەندیبوون دەڕۆین. ئێستا کاتێک بەرپرسانی پارێزگاری دێرەزوور لە رۆڵەکانی دێرەزوور بێت، ئەمە جۆرێکە لە جۆرەکانی ناناوەندیبوون وەک ئەوەی ئێستا هەیە، بەڵام هەندێکجار ناکۆکی لەسەر ئەوە دەبێت کە ئایا لە دیمەشقەوە دیاری بکرێ یان لەلایەن خەڵکی پارێزگاکەوە هەڵبژێردرێت؟ هەندێکجار هەوڵی لێکنزیکبوونەوە دەدەین بۆ ئەوەی بگەینە بۆچوونی لێکچوو، واتە ئێستا پارێزگاری دێرەزوور خەڵکی دێرەزوورە. ئەوەی ئێستا کارەکە دەکات خەڵکی دێرەزوورە، کەواتە ئەمە جۆرێکە لە جۆرەکانی ناناوەندیبوون، بمانەوێ یان نا. بەڵام وشەی ناناوەندیبوون هەستیاری لای هەندێک لایەن لە سووریا دروست دەکات، بۆیە زاراوەی حوکمڕانیی خۆجێیی، ناناوەندیبوونی کارگێڕی، فراوانکردنی شێوازی بەڕێوەبردنی خۆجێیی بەکاردەهێنین، ئەوان یاسای 107ـیان هەیە کە خستوویانەتەڕوو و دەکرێ کاری لەسەر بکرێ، دەکرێت کارکردن پێی پەرە پێبدرێت، دەکرێ ئەو شتانەی بۆ زیاد بکرێت کە دەیکاتە یاسایەکی نەرم و گونجاو بۆ سووریاییەکان. هەندێک کێشە هەن دەکرێ چارەسەر بکرێن و ئەم بەربەستانە تێبپەڕێندرێن بە دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆ، واتە بە هاوبەشی لە بڕیاردا. ئەم کارانە لە سایەی بوونی خواستی راستگۆیانە بۆ کۆتاییهێنان بە دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان و تێپەڕاندنی بەربەستەکان لەنێوان سووریاییەکاندا چارەسەر دەکرێن.
رووداو: ئەو ناکۆکیانە چین کە لەم دۆسیەدا هەن؟
یاسر سلێمان: ئەوەی کۆمان دەکاتەوە زۆر گەورەتر و زیاترە لەوەی لێکمان دەکاتەوە. بە دڵنیاییەوە جیاوازی هەیە لە شێوازی ئیدارەدان، لە پێکهێنان، واتە حکومەتە نوێیەکە شێوازێکی ناوەندیی رەقی بەمیرات بۆ ماوەتەوە، واتە نەرم نییە. هەوڵ دەدەین حوکمڕانی نەرمتر بێت، بازنەی حوکمڕانیی خۆجێیی فراوان بکەین، ئیدارەدانی ناوچەکان لەلایەن خەڵکی پارێزگاکان خۆیانەوە بێت، نابێت بابەتەکە بەسەردا سەپێنراو بێت، نابێت دەستنیشانکراو بێت. خەڵکی پارێزگاکان خۆیان دەبێت پارێزگارەکانیان هەڵبژێرن، خۆیان سەرۆک شارەوانییەکان هەڵبژێرن. بەم شێوەیە. داهاتەکان بۆ هەموو سووریاییەکانە و دەبێت رێژەیەک لە داهاتەکان تەرخان بکرێ، بۆ نموونە، بۆ ئەو پارێزگایانەی سەرچاوەی ئەو داهاتانەن بۆ پەرەپێدانیان، بۆ چارەسەرکردنی مەترسییەکانی پیسبوون، وەک بەرهەمە نەوتییەکان و بەو شێوەیە. واتە بە هەموو هێزمانەوە هەوڵ دەدەین بۆ دۆزینەوەی خاڵی لێکتێگەیشتن و تێپەڕاندنی بەربەستەکان. ناتوانم، بۆ نموونە، ناکۆکییەکان یان شتی وات بۆ بژمێرم، ئەمانە پسپۆڕان شیکاری بۆ دەکەن و خاڵبەندی دەکەن و چارەسەری گونجاوی بۆ دادەنێن. ئەگەر ئەم بابەتە تووشی ئاستەنگ بوو، رەوانەی دوو لیژنە دانوستاندنکارە سەرەکییەکە دەکرێ، ئەگەریش هەندێک بابەتی هەڵپەسێردراو هەبێت رەوانەی بەڕێز ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و بەڕێز مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکرێت بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان و سەرخستنی رێککەوتنەکە.
رووداو: ئەگەر ئێوە بە یاسای 107 یان ناناوەندیبوونی کارگێڕی رازی بن، ئایا بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکووری رۆژهەڵاتی سووریا وەک خۆی دەمێنێتەوە یان ئەویش دەگۆڕێت بۆ چەند بەڕێوەبەرایەتییەکی دیکە؟
یاسر سلێمان: وەک دوێنێ بەڕێز مەزڵووم عەبدی باسی کرد، گۆڕانکاری لە شێوازی بەڕێوەبردندا دەکرێ، بۆ ئەوەی لەگەڵ دامەزراوەکان و سرووشتی دەوڵەتی سووریادا بگونجێت. بێگومان سیستمی ناناوەندی پێشنیازکراوە بە جۆرێک کە بە پێی رێککەوتنی نێوان هەردوولا بێت. ئەم یاسایەی 107ـە، پێویستی بە بەرەوپێشبردنە، پێویستی بە قووڵکردنەوە هەیە، پێویستی بە گۆڕینی هەندێ لە وردەکارییەکانییەتی. ئێمە هەوڵ دەدەین گۆڕانکاری لە شیوازی بەڕێوەبردندا بکرێ بۆ ئەوەی لەگەڵ سرووشتی دەوڵەتی سووریادا بگونجێت، بە شێوەیەک کە مافی پێکهاتەکان بپارێزێت، بێ ئەوەی هیچ لایەنێک پەراوێز بخات.
رووداو: ئێوە رۆڵی ئەمریکا وەک نێوەندگیر لەنێوان ئێوە و دیمەشقدا چۆن دەبینن؟ ئەمریکا چۆن گوشار بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی 10ی ئادار دەکات؟
یاسر سلێمان: بێگومان بەڕێز سەرۆک ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بە راشکاوی داوای کرد و تۆپەکەی خستە گۆڕەپانی ئەمریکییەکانەوە، داوای لە سوپای ئەمریکا کرد کە سەرپەرشتی پرۆسەی تێکەڵکردن بکات، ئەمەش واتە پێشهاتێکی ئەرێنی. ئێمە لە سەرەتاوە داوای بوونی لایەنی گەرەنتیکار)مان کردووە. هێزە گەرەنتیکارەکان دەتوانن گوشار بخەنە سەر هەردوولا بۆ سەرخستنی رێککەوتنەکە. لایەنی عەرەبی و هەرێمیش دەستوەردانیان کردووە، دەستوەردانێکی ئەرێنی بۆ مسۆگەرکردنی سەرخستنی ئەم رێککەوتنە نیشتمانییە لەنێوان هەردوولادا. هیوادارین کە ویلایەتە یەکگرتووەکان رۆڵی خۆی بگێڕێت بۆ سەرخستنی ئەم رێککەوتنە بە هەبوونی گەرەنتی بۆ مافەکانی هەردوو لا.
رووداو: پەیامت بۆ خەڵکی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا چییە؟ ئایا بەڵێن دەدەن کە ئەم دانوستاندنانە ئەنجامی ئەرێنییان دەبێت؟
یاسر سلێمان: هیوادارین لە رۆژانی نزیکی داهاتوودا مزگێنیی سەرکەوتنی ئەم رێککەوتنەمان پێبگات، ئەمە ئەوەیە کە چاوەڕێی دەکەم و ئێمە زۆر گەشبینین و زۆر پەرۆشین بۆ سەرخستنی ئەم رێککەوتنە. داواش لە سووریاییەکان دەکەین کە ئاستی هۆشیارییان هەبێت، بە وریاییەوە مامەڵە بکەن، پشت بە نیشتمانپەروەرییان دەبەستین لەوەی رێگە نەدەن رۆحی ناکۆکی زاڵ بێت بەسەر رۆحی گفتوگۆ و ئاشتیی ناوخۆیی. هەروەها ئەمڕۆ سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو شەهیدانە دەکەین کە لە تەقینەوەکەی مزگەوتی "وادی زەهەب" گیانیان لەدەستدا، سەرەخۆشی لەوان و لە خۆمان و لە هەموو سووریاییەکان دەکەین، هیوادارین سووریا ببێتە سەرچاوەی ئاشتیی ناوخۆیی و لێبوردەیی و بونیاتنان و پەرەپێدان.