یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان: ئەم مانگە خانەنشینان 5 مووچە وەردەگرن
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، زیاتر لە پێنج هەزار و 200 خانەنشینی نوێ داخڵی لیستی مووچەی مانگی ئایار کراون تاوەکو لەم مانگەوە مووچەیان بۆ ببەسترێت. یەکێتیی خانەنشینانی کوردستانیش دەڵێت: بەپێی یاسا پێویستە ئەم مانگە 5 مووچە بەو خانەنشینانە بدرێت کە ناویان لەنێو لیستی مووچەی مانگی ئایارە و بەهۆی نەبوونی نەختینەشەوە بەغدا ئامادە نییە 12 مووچەی "ئیکرامی" بۆ خانەنشینانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات.
رۆژی دووشەممە 26-5-2025، تۆڕی میدیایی رووداو راگەیێندراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە و لە بەشێکیدا نووسرابوو، "لە ئەنجامی ئەو رێکارانەی لە دوو مانگی رابردوو گیرانەبەر، توانراوە بۆ لیستی مووچەی مانگی ئایار پێنج هەزار و 261 خانەنشینی نوێ داخڵی لیستی مووچە بکرێنەوە و ناوەکانیان رەوانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کراوە، تاوەکو لەگەڵ مووچەی مانگی ئایار مووچەی مانگەکانی رابردووشیان بۆ خەرج بکرێتەوە بەپێی ئەو تەرخانەی لە ساڵی 2025 بۆیان جێگیرکراوە.
د. سەردار رواندزی، سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: پرۆسەی مامەڵەی خانەنشینان بە خاوی بەڕێوەدەچێت، چەند جارێک لەگەڵ وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان کۆبوونەتەوە و پێشتر بڕیاردراوە هەفتانە مامەڵەی دوو هەزار خانەنشین رایی بکرێن، بەڵام لەماوەی زیاتر لە 10 رۆژی رابردوو تەنیا مامەڵەی 600 خانەنشین تەواوکراوە.
سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان گوتی: ئەم ساڵ خانەنشینان هیچ مووچەیەکیان پێنەدراوە، چونکە لەلایەک ناویان وەکو فەرمانبەر لە لیستی مووچە لابراوە و لەلایەکی دیکەش ناویان وەکو خانەنشین نەخراوەتە لیستی مووچە و مامەڵەکانیان تەواو نەکراوە، هەربۆیە ئەو خانەنشینانەی ئەم مانگە ناویان لە لیستی مووچە زیادکراوە، پێویستە پێنج مووچەی ساڵی 2025 پێکەوە وەربگرن و هەرکاتیش هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی 12ـی ساڵی 2024ـی دابەشکرد، پێویستە مووچەی ئەو مانگەی خانەنشینانیش خەرج بکرێت.
بەگوێرەی یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی عێراق، ئەم ساڵ لەدایکبووانی ساڵەکانی 1962، 1963 و 1964 لە هەرێمی کوردستان خانەنشین بوون. بەپێی ئاماری یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان، ژمارەی ئەوانەی خانەنشین بوون دەگاتە 30 هەزار کەس.
بە گوتەی سەردار، خانەنشینکردنی لەدایکبووانی سێ ساڵ پێکەوە گرفتی گەورەی بۆ هەرێمی کوردستان دروستکردووە و حکومەتی عێراقیش رێگە نادات شوێنی ئەو خانەنشینانە بە فەرمانبەری نوێ پڕبکرێتەوە و دەڵێت: مامۆستایان رێژەیەکی زۆری ئەو 30 هەزار کەسە پێکدەهێنن کە ئەم ساڵ خانەنشین کراون، پێش خانەنشینکردنیشیان فەرمان بۆ بەهەمیشەییکردنی مامۆستایانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان دەرکرا و ئامانجی ئەو بڕیارەش لە بنەمادا پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە بوو کە بەهۆی خانەنشینبوونی بەلێشاوی مامۆستایان لە قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندن دروست دەبێت، بەڵام حکومەتی عێراق رێگەی نەدا مامۆستایانی گرێبەست وەک مامۆستای هەمیشەیی ناویان بۆ لیستی مووچە زیاد بکرێت، ئەوەش گرفتی گەورەی لێکەوتووەتەوە.
سەردار رواندزی ئاماژەی بەوەدا: بەغدا دۆسیەی خانەنشینان و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی بە سیاسی کردووە، لەکاتێکدا بەپێی یاسا پێویستە 12 مووچە وەکو (ئیکرامی خانەنشینی) بە خانەنشینان بدرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ خانەنشینێکی هەرێمی کوردستان مووچەی ئیکرامی لە بەغدا وەرنەگرتووە و بەرپرسانی وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێن، بەهۆی نەبوونی پارەی نەختینە لە بانکەکان ناتوانن ئەو مووچانەیان بۆ خەرج بکەن" د. سەردار رواندزی، سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان وای گوت.
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رۆژی 22-11-2022، حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق، ژمارە 9ـی ساڵی 2014 پابەند کرد.
"گرفتە گەورەکە"
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان، باسی لە نەبوونی بیمەی تەندروستی وەکو گەورەترین گرفتی خانەنشینان کرد و گوتی: پێشتر چەند جارێک داوامان لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان کردووە تاوەکو بیمەی تەندروستی بۆ خانەنشینان دابین بکرێت، یان لانی کەم دوو بنکەی تەندروستی تایبەت بە خانەنشینان بە دەرمان و پێداویستییە تەندروستییەکان دابین بکرێت، وەزیری تەندروستی رەزامەندیی نیشانداوە و نووسراومان هەیە لەوبارەیەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر بڕیارەکە جێبەجێ ناکات.
بەپێی داتاکان، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 312 هەزار خانەنشین هەن، 164 هەزار خانەنشینی شارستانی و 148 هەزاریشیان خانەنشینی سەربازین.