مەلا بەختیار: سێ ساڵ لەمەوبەر پێشبینی ئەو رووداوەی سلێمانیم کردبوو
رووداو دیجیتاڵ
مەلا بەختیار دەڵێت، ئەو رووداوەی لە هوتێل لالەزاری سلێمانی، "هاوردەکراو" بوو لەلایەن ئەو کەسانەی لە سلێمانی دەژین و سلێمانی ناناسن، دەشڵێت: "بەهیچ شێوەیەک بەشێک نەبوومە لەم رووداوانە و زۆریش دووربوومە."
مەلا بەختیار، کەسایەتی سیاسیی دیار و ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، لەم هەڤپەیڤینەدا کە رۆژنامەڤان مەعد فەیاز لەگەڵی کردووە، باس لە رووداوەکانی سلێمانی و هۆکار و دەرەنجامەکانی دەکات و دەڵێت: "پێشتر پێشبینی سەرهەڵدانی ئەو رووداوەی سلێمانیم کردبوو."
بە بۆچوونی مەلا بەختیار هۆکاری رووداوەکەی سلێمانی"سیاسییە، ئابوورییە، کۆمەڵایەتییە، سەربازییە، دەروونییە، ئەمنی و هەرێمییە."
بەرەبەیانیی رۆژی 22-08-2025 هێزەکانی دژەتیرۆر، کۆماندۆ و ئاسایشی سلێمانی، بۆ دەستگیرکردنی ''چەند داواکراوێک'' هەڵیانکوتایە سەر هۆتێل لالەزار لە شاری سلێمانی و دوای سێ کاژێر رووبەڕووبوونەوە، لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و ژمارەیەک لە ئەندامانی هێزی دووپشک دەستگیر کران.
بەشێک لە دەقی هەڤپەیڤینەکەی رووداو لەگەڵ مەلا بەختیار:
رووداو: پێشبینی سەرهەڵدانی ئەم رووداوەت دەکرد؟
مەلا بەختیار: بەڵێ
رووداو: چ رێکارێکت گرتەبەر؟
مەلا بەختیار: بەڵێ پێشبینیم دەکرد، بەڵام نامەوێ بچمە نێو بنج و بنەوانی. سێ ساڵ بەر لە ئێستا لە کۆڕبەندێکدا پێشبینی ئەم رووداوەم کردبوو، کە روویدا.
رووداو: هۆشداریت پێنەدان؟
مەلا بەختیار: لە کۆڕبەندێکی ئاشکرادا هۆشداری ئەمەم دابوو.
رووداو: باشە چۆن رێوشوێنیان نەگرتەبەر؟
مەلا بەختیار: عەقلییەتی تۆڵەسەندن زاڵە. مام جەلال گەورەترین کێشەکانی لایەنە سیاسییەکانی چارەسەر دەکرد. بەشێوەیەکی زۆر سەیر هەمووی چارەسەر دەکرد. مام جەلال مێژووی تێدەپەڕاند، ئەمەش جیاوازییەکە بوو.
رووداو: عەقڵییەتی تۆڵەسەندنەوە لەناو حیزب و هۆزیشدا هەیە؟
مەلا بەختیار: ناو خێزان نەک هۆز
رووداو: وایە ناو خێزان
مەلا بەختیار: نامەوێ بچمە نێو ناوەڕۆکی رووداوەکان. ئەم پرسە بۆ کۆڕبەندێکی دیکەی دوا دەخەم. با وردەکاری زیاتری رووداوەکان ئاشکرا بن و ورد و درشتی رووداوەکان بخرێنەڕوو ئەو کات، بەڵام بەهیچ شێوەیەک بەشێک نەبوومە لەم رووداوانە. زۆریش دووربوومە و بەردەوام ئامۆژگاریم کردوون بۆ ئەوەی لەم جۆرە رەفتارانە دووربکەونەوە. بەداخەوە سەرباری ئەمەش دیسان نامەوێ بچمە نێو بنج و بنەوانای رووداوەکە.
رووداو: ئەمە لە کاتێکدایە تۆ لە رووی خێزانی و سیاسیشەوە نزیکیت؟
مەلا بەختیار: دووربم یان نزیک، کێشەم نییە. راستە نزیکم، بەڵام هەڵوێست و بۆچوون و بڕیارەکانیشم نەشاردووەتەوە، هەمیشە راشکاو بووم لە خستنەڕووی بیروبۆچوونەکان و قەناعەتە ئایدیۆلۆژی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانم. زۆر راشکاوانەم، بۆیە تکایە با ئەم بابەتە دوابخەین.
رووداو: بەڵام لە سەرەتای رووداوەکەدا ناوی مەلا بەختیار هات
مەلا بەختیار: هیچ رووداوێک لە سلێمانی و لە کوردستان نەبووە کە پەیوەندی بە مێژوو و یەکێتی نیشتمانییەوە هەبووبێت و ناوی منیان نەهێنابێت.
رووداو: باشە بۆچی؟ ئەمە لە خۆشەویستییانە یان بابەتەکە پەیوەندی بە متمانە و تۆڵەسەندنەوە هەیە؟
مەلا بەختیار: هەموویانە هەموویانە. ئەمە چەپکێکە، چەپکێکی تێکەڵاوە لە خۆشەویستی و هەموو ئەمانەی باست کرد.
رووداو: تۆ پێشتر هەوڵی کوشتنت دراوە لە نزیکترین کەسەکان؟
مەلا بەختیار: زۆر جار هەوڵی کوشتنم دراوە
رووداو: دوایین جار لە نزیکترین کەسەوە بووە
مەلا بەختیار: دوایین جار بەڵێ بەڵێ وایە.
رووداو: باشە با بە تێروتەسەلی نەچینە نێو رووداوەکان، بەڵام خەڵکی نیگەرانن هەر لە سلێمانییەوە بگرە تاوەکو دەگاتە هەولێر و تەنانەت بەغدادیش. لە بەسڕە، هاوڕێکانم پرسیار دەکەن چی روویداوە؟ لە دەرەوەی عێراق پرسیار دەکەن لە سلێمانی چی روویداوە؟ ئەم شارەی کە بە پایتەختی رۆشنبیری هەرێمی کوردستان ناسراوە. ئەو شارەی کە زۆر هێمن و خۆش و جوانە و خەڵکەکەی زۆر چاکن. بەڵام رووداوێکی گەورە تێیدا روویدا.
مەلا بەختیار: ئەم رووداوە، هاوردەکراوە، هاوردەکراوە بۆ سلێمانی
رووداو: لە دەرەوە یان لە ناوەوە هاوردەکراوە؟
مەلا بەختیار: لەلایەن ئەو کەسانەوە هاوردەکراوە کە لە سلێمانی دەژین و سلێمانی ناناسن. هەروەها ئەو کێشانەیە کە دەیانتوانی زۆر بە ئاسانی چارەسەری بکەن. دەرەنجام رووداوەکە بەمشێوەیە کەڵەکە بوو.
رووداو: هۆکاری سیاسی بوو یان کۆمەڵایەتی؟
مەلا بەختیار: هەموویانە، سیاسییە، ئابوورییە، کۆمەڵایەتییە، سەربازییە، دەروونییە، ئەمنییە، هەرێمییە و هەموویانە.
رووداو: ئایا بۆ گرتنی دەسەڵات بوو؟
مەلا بەختیار: بێگومان. لە مێژوو شتێک هەیە، گرووپێک هێزی چەکداری هەبێت، چاوی لە دەسەڵات نابێت؟ لە جیهان هیچ نموونەیەکی وەها هەبووە؟
رووداو: هێزی چەکداری بۆ پاراستنی گەل و سیستەم بەکاردێت
مەلا بەختیار: ئەگەر سیستەم و دەستوور هەبێت، ئەگەر سوپایەکی یەکگرتوو هەبێت، ئەگەر هۆشیاری دیموکراسیی نیشتمانیی و نەتەوەیی مەزن هەبێت، بەڵێ. بە رێژەیەکی زۆر هەست و هۆشیاری نیشتمانیی و نەتەوەیی نەماوە و لە دەستچووە.
رووداو: داواکاری جیابوونەوەی سلێمانی هەبوو
مەلا بەختیار: داواکاری؟
رووداو: جیابوونەوەی سلێمانی لە هەرێمی کوردستان لە رووی سیاسی و ئابوورییەوە، باشە چۆن هەرێمی کوردستان بەهێز و یەکگرتوو دەمێنێتەوە و 100 ساڵ خوێنتان رژا و شەڕتان کرد بۆ سەربەخۆیی و هەبوونی قەوارەیەک. ئەو خەونە ئێستا بەردەستە و هاتەکایەوە، کەچی خەڵک نیگەرانە بە عەرەب و کوردیش بە پلەی یەک.
مەلا بەختیار: کاک فەیاز، بە فەرمی گوێم لە بڕیارێک نەبووە لەناو یەکێتیی بڕیارێکی وەها درابێت، کە لە هەرێمی کوردستان جیاببنەوە و راستەوخۆ بچنە سەر بەغدا. بەفەرمی شتی وەهام گوێ لێنەبووە، بەڵام ئەمجۆرە پروپاگەندانە هەن.
رووداو: لەلایەن سەرکردەکان یان خەڵک؟
مەلا بەختیار: نەخێر، لەلایەن خەڵک و میدیا و سۆشیاڵ میدیا.
رووداو: میدیا لە سلێمانی دۆخی باشە؟
مەلا بەختیار: نەخێر
رووداو: ئازادی رادەربڕین؟
مەلا بەختیار: ئەگەر مەبەستت ئەو ئازادییەی لە ئەورووپا هەیە، لە هیچ شوێنیکی کوردستان نییە.
رووداو: نامەوێ بەراورد لەنێوان ئەورووپا و عێراق بکەم بەڵام....
مەلا بەختیار: نەخێر نییە لە تەواوی کوردستان نییە و تەنانەت لە عێراق و ناوچەکەش نییە.
رووداو: کاتێک لە سلێمانی دەرچوویت، دۆخی شارەکە چۆن بوو؟
مەلا بەختیار: دیمەنی ئازاربەخش هەیە.
رووداو: کاریگەری بەسەر خەڵکدا هەبووە؟
مەلا بەختیار: زۆر، زۆر
رووداو: هۆکاری سەردانەکەت بۆ هەولێر سەردانێکی سیاسییە یان بۆ پشوودانە چییە؟
مەلا بەختیار: کۆڕبەندێک هەیە لەبارەی کوردستانی تورکیا و دۆخی تورکیا و دەستپێشخەرییەکەی بەڕێز ئۆجەلان. منیش تێیدا بەشدار دەبم.
رووداو: هەوڵی چاککردنەوەی دۆخەکە لەوێ دەدەیت؟
مەلا بەختیار: کەمتەرخەمی ناکەم، پێموایە دەرفەتێکی باش هەیە بۆ باشکردنی دۆخەکە.