ترەیسی فوئاد: ویستم کوردستان لە دەرەوەی گێڕانەوەی ستەم و قوربانیدان نیشان بدەم
رووداو دیجیتاڵ
ترەیسی فوئاد، شاعیر و نووسەری کورد و لەدایکبووی ئەمریکا، یەکێک لە میوانە دیارەکانی کۆنفرانسی کوردناسی لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی بوو. لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ رووداو، باس لە رۆمانە نوێیەکەی دەکات کە تێیدا دەیەوێت وێنەیەکی جیاوازی کوردستان پێشکێش بکات، دوور لە گێڕانەوە باوەکانی ستەم و قوربانیدان. فواد هەروەها تیشک دەخاتە سەر کاریگەرییەکانی کۆڵۆنیالیزم، پەیوەندیی ئاڵۆزی خۆی لەگەڵ کوردستان وەک کەسێکی گەورەبووی ئەمریکا و ئەو کۆمەڵگە شیعرییەی لەگەڵ شاعیرانی دیکەی کوردی تاراوگە دروستیان کردووە. هاوکات، باس لە "تەقینەوەی" ئەدەب و هونەری کوردی لەسەر ئاستی جیهاندا دەکات.
رووداو: زۆر سوپاس. خاتوو ترەیسی، بەخێر بێیت بۆ بەرنامەکەمان. خۆشحاڵم بە بینینەوەت. دەمانەوێت لە نووسینی رۆمانەکەتەوە دەست پێ بکەین. تکایە باسی رۆمانەکەت بکە.
ترەیسی فوئاد: من تازە لە نووسینی رۆمانەکەم بوومەتەوە. پێشتر شیعرم بڵاو کردووەتەوە، بەڵام ویستم رۆمانێک بنووسم، چونکە پێم وایە دەتوانێت بگاتە ژمارەیەکی زیاتری خوێنەران. بۆ من گرنگ بوو کە لایەنێکی جیاوازی کوردستان و گەلی کورد نیشان بدەم. من لە ئەمریکا لەدایک بووم و بە زمانی کوردی گەورە نەبووم، بەڵام پەیوەندییەکم لەگەڵ کوردستاندا هەیە. بەشێکی ئەم پەیوەندییە دەگەڕێتەوە بۆ کۆڵۆنیالیزمی ئەمریکی؛ کاتێک جەنگی عێراق روویدا، من تەمەنم ١٣ ساڵ بوو، بینیم وڵاتەکەم بۆردومانی بەغدا دەکات، ئەو شارەی باوکم تێیدا گەورە بووبوو. بۆیە من پەیوەندییەکم لەگەڵ کوردستاندا هەیە، بەڵام پەیوەندییەکی ئاسایی نییە.
ویستم هەندێک لە ئەزموونی ژیانی خۆم لە کوردستان بگێڕمەوە، بەتایبەتی کاریگەرییە درێژخایەنەکانی کۆڵۆنیالیزم و ئیمپریالیزم لە ناوچەکەدا و ئەوەی کە چۆن تا ئێستاش کاریگەرییان لەسەر وڵاتەکە ماوە. هەروەها ویستم دیمەنی ژیانی بیانییەکان لە کوردستان و شێوازی ژیانیان لەم سەردەمەدا نیشان بدەم.
رووداو: کەواتە پەیامی تۆ لە رۆمانەکەتدا بۆ خوێنەران، بەتایبەتی خوێنەرانی کورد، چییە؟
ترەیسی فوئاد: پەیامەکە زیاتر ئەوەیە کە رابردوو هێشتا کاریگەریی لەسەر ئێستا هەیە. بەڵام لە هەمان کاتدا پەیامێکە بۆ هەموو جۆرە خوێنەرێک، بۆ ئەوەی کوردستان و گەلی کورد لە دەرەوەی ئەو گێڕانەوە باو و ناسراوەی ستەم و قوربانی دەستنیشانکردنەوە ببینن. واتە، نیشاندانی کوردستان بە رووناکییەکی جیاواز و بە فۆڕمێکی هاوچەرخ و تاقیکارییانە.
رووداو: کەواتە رۆمانێکی سیاسی دەبێت؟
ترەیسی فوئاد: بە دڵنیاییەوە رۆمانێکی سیاسییە.
رووداو: چۆن توانیت شیعر و رۆمانی سیاسی پێکەوە گرێ بدەیت؟ ئەم دووانە زۆر جیاوازن، وایە؟
ترەیسی فوئاد: بەڵێ، بۆ من زۆر جیاواز بوو و چەندین ساڵی خایاند. ساڵی ٢٠١٩ دەستم بە نووسینی رۆمانەکە کرد و هەفتەی رابردوو تەواوم کرد و بۆ دەزگاکەمم نارد. بۆیە هێشتا نازانم کەی بڵاو دەبێتەوە، بەڵام هیوادارم لە ساڵانی داهاتوودا بڵاوبکرێتەوە.
رووداو: ئەی شیعرەکانت چی؟ هەندێک لە شیعرەکانت وەرگێڕدراون بۆ سەر زمانی کوردی.
ترەیسی فوئاد: ئەو شیعرەی من کە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی ناوی "هەڵکۆڵین لە گردی سیتەک"ـە. لەم شیعرەدا هەندێک زانیاریی راپۆرتێکی شوێنەواریم بەکارهێناوە کە باس لە هەڵکۆڵینێک دەکات لە سیتەک، ئەو ناوچەیەی کە دەکەوێتە پشتی چیاکەی سلێمانییەوە و باپیرم بۆ ماوەیەکی زۆر لەوێ ژیاوە. شیعرەکە باس لە مێژوویەکی زۆر کۆنی شارستانیەتی ئاشووری دەکات کە هێشتا پاشماوەکانی ئەو شارستانییەتە دێرینە ماون، دواتر ئەم مێژووە کۆنە بە سیتەکی سەردەم و پەیوەندیی خۆم لەگەڵ باپیرمدا گرێ دەدات. پێم وایە ئەم بابەتە لە هەموو کارەکانمدا دووبارە دەبێتەوە کە چۆن رابردوو هێشتا لەگەڵماندا لە ئێستادا ئامادەیە.
رووداو: ئایا هەرگیز چوویتەتە سیتەک؟
ترەیسی فوئاد: بەڵێ.
رووداو: یان هەر باسیت بیستووە؟
ترەیسی فوئاد: نا، نا، پێرێ شتێکی زۆر تایبەت روویدا. من سەردانی پوورێکمم دەکرد کە کارگەیەکی شەرابی لە مێرگەپان هەیە. لەوێ کەسێک خۆی پێ ناساندم و گوتی یەکێک بووە لە خوێندکارە کۆنەکانم. لە ساڵی ٢٠٠٩، هاوینەکەم لە سیتەک بەسەر برد و وانەی ئینگلیزیم دەگوتەوە. گەنج بووم و یەکەم جارم بوو وانە بڵێمەوە، دوای ئەوە هەرگیز پەیوەندیم لەگەڵ خوێندکارەکاندا نەمابوو. بەڵام دوای ١٥ ساڵ، ئەم خوێندکارە کۆنەم بینییەوە کە وانەکانی لەبیر مابوو و ئێستا خۆی مامۆستای زمانی ئینگلیزییە. ئەمە بۆ من زۆر تایبەت بوو.
رووداو: وەک شاعیرێکی ژن، چۆن وەسفی سرووشتی کوردستان، بەتایبەتی سلێمانی، سیتەک و مێرگەپان، دەکەیت؟
ترەیسی فوئاد: پێموایە بۆ من کە لە ئەمریکا گەورە بووم، چاند و کۆمەڵگەی ئێرە زۆر جیاوازە. کاتێک لە تەمەنێکیمنداڵیدا هاتمە ئێرە، کاریگەرییەکی زۆری لەسەرم هەبوو. لێرە نۆرمی کۆمەڵایەتی و بەهای کولتووریی جیاواز هەن کە بۆ من نامۆ بوون. من سەر بەم چاند و کۆمەڵگەیە نیم. بۆیە پێم وایە هەموو کەسێک دەتوانێت شتی زۆر لە چاند و کۆمەڵگەی دیکەوە فێر بێت. شتە هەرە گرنگەکە ئەوەیە کە رێگەی زۆر جیاواز بۆ ژیان هەن. لە ماوەی هەموو ئەو ساڵانەی لە کوردستان بەسەرم بردوون، شتانێکم بینیوە کە بەدڵم بوون و شتانێکیش کە بەدڵم نەبوون و ئەمە یارمەتیم دەدات بۆ ئەوەی لەوەش تێبگەم کە چ شتێکم لە چاندی ئەمریکی یان رۆژئاواییدا بەدڵە و چیم بەدڵ نییە.
رووداو: دەزانم زمانی کوردی نازانیت و لەبەر ئەوە پەیوەندییەکی ئەوتۆت لەگەڵ نووسەران و شاعیرانی ئێمەدا نییە، بەڵام دەزانم پەیوەندییەکی باشت لەگەڵ نووسەران و شاعیرانی ئەمریکی و بیانیدا هەیە. ئێوە و نووسەرانی بیانی چۆن باس لە کورد دەکەن، جا لە رووی سیاسی، کۆمەڵایەتی یان هەر بوارێکی دیکەوە بێت؟
ترەیسی فوئاد: لە ئەمریکا کۆمەڵگەیەکی زۆر تایبەتمان هەیە کە لە شاعیرانی کوردی هەندەران پێکدێت. ئێمە چوار کەسین و هەریەکەمان پەیوەندییەکی جیاوازی لەگەڵ کوردستاندا هەیە. هیچ کامێکمان بە زمانی کوردی گەورە نەبووین، بەڵام هەموومان ئەم پەیوەندییەمان هەیە. پێموایە کاتێک زمانی باوباپیرانت نازانیت، هەست بە دوورییەک دەکەیت، بەڵام لە هەمان کاتدا ئارەزوویەکی زۆرت هەیە بۆ گەڕانەوە. بۆ ئێمە دۆزینەوەی یەکدی شتێکی زۆر تایبەت بوو، چونکە هەموومان لە ئەمریکا بەبێ زانینی زمانی کوردی گەورە بووبووین، بەڵام ئەم پەیوەندییەمان هەبوو. پێکەوەبوون و تێگەیشتن لەم پەیوەندییە ئاڵۆزە زۆر یارمەتیدەر بوو، چونکە ئێمە بە هەمان شێوەی ئەو کەسەی لێرە گەورە بووە، کورد نیین.
رووداو: نووسەرانی بیانی چۆن کورد دەبینن؟
ترەیسی فوئاد: بێگومان ئەمە بابەتێکی زۆر ئاڵۆزە و یەک شت نییە. چوار هەرێمی جیاوازی کوردستان، چەندین شێوەزاری جیاواز و ئەزموونی زۆر جیاواز هەن. یەکێک لەو شتانەی کە بۆ هەموومان قورس بوو لە کاتی گەورەبووندا سنوورداریی ئەو سەرچاوانە بوو کە چاندی کوردستانیان پێ دەناساندین. ئێستا ئێمە زۆر بەختەورین، چونکە رۆژ بە رۆژ ژمارەی نووسەرانی کورد کە بە کوردی دەنووسن و کارەکانیان وەردەگێڕدرێن، زیاتر دەبێت. تازە رۆمانێکی سەرسووڕهێنی نووسەرێکی کوردی خەڵکی سلێمانیم خوێندەوە.
رووداو: کێیە؟
ترەیسی فوئاد: ئاگری ئیسماعیل، کە کتێبی "هایپەر"ـی بە زمانی سوێدی نووسیوە و بۆ ئینگلیزی وەرگێڕدراوە و پێموایە بۆ کوردییش وەردەگێڕدرێت. ئێمە لە سەردەمێکدا دەژیین کە من بە تەقینەوەی ئەدەب و هونەر و میوزیکی کوردی لە ئاستی جیهانیدا ناوی دەبەم. ئەمە لە سەردەمی پێگەیشتنی مندا لە ئارادا نەبوو.
رووداو: ئەمە یەکەم جاری نییە دێیتە سلێمانی، وایە؟
ترەیسی فوئاد: نەخێر.
رووداو: چەند جار سەردانت کردووە؟
ترەیسی فوئاد: یەکەم جار لە ساڵی ٢٠٠٩ لەگەڵ خێزانەکەمدا، لەگەڵ دایک و باوکم و براکەمدا هاتم.
رووداو: نزیکەی 16 ساڵ پێش ئێستا.
ترەیسی فوئاد: 17 ساڵ لەمەوپێش.
رووداو: وابزانم 16.
ترەیسی فوئاد: ئا، 16 ساڵ لەمەوپێش.
رووداو: باشە.
ترەیسی فوئاد: پاشان لە ساڵی ٢٠١٨ هاتمەوە رانیە و بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک لە زانکۆ وانەی ئینگلیزیم گوتەوە. لەوێ ژیام، کەمێک فێری کوردی بووم و، ئەزموونێکی زۆر تایبەت بوو بۆم کە پەیوەندیی تایبەتی خۆم لەگەڵ کوردستاندا دروست بکەم، نەک تەنیا لە رێگەی خێزانەکەمەوە، بەڵکو لە رێگەی ئەو کۆمەڵگەیەشەوە کە لە رانیە دۆزیمەوە.
رووداو: هیچ گۆڕانکارییەک لەنێوان ئێستا و ساڵی ٢٠٠٩دا دەبینیت؟
ترەیسی فوئاد: گۆڕانکاریی زۆر. پێم وایە بەجیهانیبوون بە باش و خراپیەوە گەیشتووەتە کوردستان. یەکێک لەو شتانەی سەرنجم رادەکێشێت، ئەو قەیرانە ژینگەییە گەورەیەیە کە رووبەڕووی هەموو جیهان بووەتەوە، بەڵام من بەڕاستی لە کوردستاندا هەستی پێ دەکەم. لە هەمان کاتدا، شتی زۆر ورووژێنەر لێرە روودەدەن لە رووی چاند، چالاکی و پەیوەندییەکانەوە. سلێمانی شارێکی زۆر فرەڕەنگە و پڕە لە خەڵکی جۆراوجۆر و، زانکۆکان گەشە دەکەن.
رووداو: پرسیاری کۆتاییم لەسەر دیداری کوردناسییە لێرە لە زانکۆی ئەمریکی لە عێراق - سلێمانی. ئایا ئەمە بۆ کوردستانی ئەمڕۆ گرنگە، یان تەنیا کۆنفرانسێکی رۆتینییە؟
ترەیسی فوئاد: پێم وایە گرنگترین شت لەم جۆرە دیدارانەدا کۆکردنەوەی ژمارەیەکی زۆر خەڵکە لە یەک ژووردا. هەر لەم رۆژی یەکەمەدا، من پەیوەندیم لەگەڵ زۆر کەسدا نوێ کردووەتەوە کە پێشتر ناسیومن. ئەمە کۆمەڵگەیەکی بچووک و نزیک لە یەکە، بۆیە پەیوەندیی خێزانی، هاوڕێیەتی و پیشەیی زۆرن. پێموایە ئەم جۆرە گفتوگۆیانە بەنرخن و سوپاسگوزارم کە منیش بەشدارم.
رووداو: منیش زۆر سوپاسگوزارم کە لەگەڵتدام.
ترەیسی فوئاد: زۆر سوپاس.
رووداو: سوپاس، ترەیسی فوئاد.