ساڵح موتڵەگ: فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان وەک فەرمانبەرانی عێراق مافیان هەیە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی بەرەی نیشتمانی بۆ گفتوگۆی عێراق دەڵێت: "پێویستە ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغدا لە بنەڕەتەوە چارەسەر بکرێن"؛ ئاماژە بەوەش دەکات، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش وەکو فەرمانبەرانی دیکەی عێراق مافیان هەیە و پیویستە شایستەکانیان وەربگرن.
ساڵح موتڵەگ، سەرۆکی بەرەی نیشتمانی بۆ گفتوگۆی عێراق لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)دا باس لە دۆخی سیاسیی عێراق و نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردن و ئەو ئاڵنگارییە سیاسییانە کرد کە لەبەردەمی پرۆسەکەدان.
ساڵح موتڵەگ بە پێویستی زانی رەوتی سەدر لە پرۆسەی سیاسی دوور نەکەوێتەوە و لەبارەی ئەگەری مانەوەی محەممەد شیاع سوودانیش وەک سەرۆکوەزیرانی عێراق لە قۆناخی داهاتوودا گوتی: "پێم وایە ئەو پیاوە لەلایەن جەماوەرەوە پەسندە، زۆر زیاتر لە سەرکردەکانی پێش خۆی، بەڵام لەسەر ئاستی سیاسی و پەسندکردنی لەلایەن حیزبە سیاسییەکان کە ئێستا هەن، پێم وایە هەندێک لایەن دژی دەوەستنەوە و دژی مانەوەی دەبن لە پۆستی سەرۆکوەزیران لە قۆناخی داهاتوودا".
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ ساڵح موتڵەگ، سەرۆکی بەرەی نیشتمانی بۆ گفتوگۆ:
رووداو: عێراق بەرەو هەڵبژاردن دەڕوات. پێم وایە ئامادەکاری دەستیپێکردووە. ئامادەکارییەکانی ئێوە چین؟
ساڵح موتڵەگ: لە راستیدا تاوەکو ئێستا بە جیدی نەچووینەتە نێو بابەتەکەوە، چاودێریی دۆخەکە دەکەین و چاودێری ئەو هاوپەیمانێتییانە دەکەین کە پێک دەهێندرێن. کێشەکە ئەوەیە هێشتا زۆر کەس وا لە هەڵبژاردنەکان دەڕوانن کە چۆن لە رێگەی درووشمەوە دەنگ کۆبکەنەوە، تەنانەت ئەگەر زیانیشی هەبێت. ئێمە نامانەوێت تەنیا لە هەڵبژاردن براوە بین، بەڵکو مەبەستمانە ئەم هەڵبژاردنە شتێک پێشکێشی عێراق بکات زۆر باشتر لەو دۆخەی ئێستا تێیدایە، پەیوەندیمان لەگەڵ چەند لایەنێکی دیاریکراو هەیە، هاوئاهەنگی بەردەواممان هەیە و رەنگە هاوپەیمانێتییەک بەم نزیکانە پێکبهێنین؛ هیواخوازم کە هاوپەیمانێتییەکی نیشتمانی بێت و دووربێت لە شێوازی مەزهەبی کە باڵی کێشاوە بەسەر زۆرینەی حیزب و کیانە سیاسییەکاندا.
رووداو: پێت وایە عێراق ئامادەیە بۆ ئەوجۆرە هاوپەیمانێتییەی باسی دەکەیت، چونکە تاوەکو ئێستا هاوپەیمانێتییەکان مەزهەبی بوون؟
ساڵح موتڵەگ: نەخێر، لە راستیدا لە واقیعدا هیچ کەسێک ناچێت بۆ هاوپەیمانێتییەکی لەم شێوەیە، بەڵام بەرژەوەندی پێمان دەڵێت رۆیشتن بەم ئاراستەیەی ئێستا لە ئایندەدا زیانی گەورە بە عێراق دەگەیەنێت. دۆسیەی نیشتمانی یان پرۆژەی نیشتمانی دەرفەتێکی زۆری لەبەردەم بوو لە 2010 وەک دەزانن زۆرینەی کورسییەکانی بەدەستهێنا کە 90 کورسی بوو.
هاوپەیمانێتی عێراقییە کاتێک ئەو مافەی لێدزرا بەهۆی پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی لەسەر عێراق لەلایەن ئەمریکا و ئێرانەوە، ئەو مافە لە عێراقییەکان دزرا، ئیدی دیموکراسی هیچ بەهایەکی نەما لای زۆرێک لە عێراقییەکان و ئێستا دەڵێن چووین بۆ هەڵبژاردن، بردمانەوە و هیچمان دەستنەکەوت لە رێگەی دیموکراسیەتەوە، کەواتە دیموکراسی لە عێراق، بەتایبەت دوای ئەوەی روویدا لە 2010 متمانەی هاوڵاتییان پێی زۆر لاواز بووە.
رووداو: ئێوە لە کێوە نزیکن؟ کام هێزی سیاسی، کوردی و عێراقی؟
ساڵح موتڵەگ: ئێمە لە برایانی کورد، لە برامان بەڕێز مەسعود بارزانی (نزیکین). من بەڕێزیان بە سەرکردە دادەنێم، سەرکردەیەکی راستەقینەیە، دەکرێ کارکردن لەگەڵی ببێتەهۆی دڵنیایی، چونکە شتێک ناڵێت جێبەجێی نەکات؛ ئێمە کەسایەتی لەو جۆرەمان دەوێت. هەروەها پێم وایە حیزب و لایەنی عەرەبیش هەن کە رەنگە بتوانین مامەڵەیان لەگەڵ بکەین و هەوڵ دەدەین پەیوەندی لەگەڵ حیزبە چالاکەکان بکەین. پێش ماوەیەک 10 – 15 حیزب دەستپێشخەرییان بۆ کردین. بابەتەکە لە ماوەی هەفتەیەک یان چەند رۆژێکی دیکەدا یەکلایی دەبێتەوە، بە نەرێنی یان ئەرێنی.
رووداو: ئێستا هەمووان هەوڵ دەدەن بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتی، بەڵام ئایا ئێمە باسی هاوپەیمانێتی پێش هەڵبژاردن دەکەین یان هاوپەیمانێتی دوای هەڵبژاردن لە نێوخۆی پەرلەمان؟
ساڵح موتڵەگ: هەردووکیان، ئێستا هاوپەیمانێتی پێش هەڵبژاردن بۆ بەدەستهێنانی کورسی پەرلەمانییە؛ هاوپەیمانێتی دوای هەڵبژاردنیش بۆ بەشداریی حکومەتە.
رووداو: بەڕێز سوودانی رایگەیاند،بەشداریی هەڵبژاردنەکان دەکات. پێت وایە بەرێز سوودانی دەرفەتی لەبەردەمە تاوەکو ببێتەوە سەرۆکوەزیران، بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونت لە پرۆسەی سیاسی عێراق؟
ساڵح موتڵەگ: من لەسەر ئاستی پەسندکردنی جەماوەری، پێم وایە ئەو پیاوە لەلایەن جەماوەرەوە پەسندە، زۆر زیاتر لە سەرکردەکانی پێش خۆی، بەڵام لەسەر ئاستی سیاسی و پەسندکردنی لەلایەن حیزبە سیاسییەکان کە ئێستا هەن، پێم وایە هەندێک لایەن دژی دەوەستنەوە و دژی مانەوەی دەبن لە پۆستی سەرۆکوەزیران لە قۆناخی داهاتوو. ئەو بابەتەش دەکەوێتە سەر قەبارەی ئەو حیزبانەی دژی خواستی سوودانی دەوەستنەوە بۆ مانەوەی لە پۆستی سەرۆکوەزیران و قەبارەی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا چەند دەبێت ئەوە یەکلایی دەکاتەوە.
رووداو: بەشدارینەکردنی رەوتی سەدر یان ئەو هەڵوێستەی تاوەکو ئێستا رایانگەیاندووە و نازانین سبەی یان دوای چەند رۆژێک بڕیاریان چی دەبێت، چۆن کاریگەری لەسەر دۆخی سیاسی دەبێت؟
ساڵح موتڵەگ: ئەو پێکهاتەیەکی سەرەکی پرۆسەی سیاسییە، کشانەوەی لە بنەڕەتدا دروست نییە. وای دەبینم کە دروست نییە، چونکە هیچ شتێک چاک نەبووە بەهۆی کشانەوەی، بە پێچەوانەوە گەندەڵی بەرفراوانتر بووە، کاری دەوڵەت لە ئاستی پێویست نەبووە، رەنگە پرۆسەی سیاسی بەبێ ئامادەبوونی ئەوان بەڕێوەبچێت، بەڵام ئامادەییان تایبەتمەندییەکی باشی هەیە کە هەمووان بەشداربن تێیدا.
رووداو: لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا. بۆچوونت چییە؟ پێتانوایە چارەسەرێکی ریشەیی بۆ کێشەکان هەیە؟
ساڵح موتڵەگ: ئەوەی وای لە سووریا کرد بە چەند مانگێکی کەم رێکبکەون و پرسی کورد چارەسەر بکەن و کوردەکان لەگەڵ حکومەت رێکبکەون لەسەر بابەتێکی دیاریکراو، ئێمە ماوەیەکی زۆر دوور و درێژە ئەم کێشانەمان چارەسەر نەکردووە. پێم وایە پێویستمان بە گفتوگۆیەکی جیدی راستەقینەیە لەنێوان هەرێم و ناوەند، لەنێوان هێزە نیشتمانییەکان لە ناوەند و هێزە نیشتمانییەکان لە هەرێم بۆ چارەسەری هەموو کێشەکان و کۆتایی پێهێنانیان بەشێوەیەکی ریشەیی، چونکە ئەم بابەتە رێگرە لە گەشەپێدان لە هەرێمی کوردستان و لە ناوەندیش. ئەگەر ناکۆکییەکان بەردەوام بن، کاریگەرییان لەسەر هەردوولا دەبێت، کاریگەری لەسەر وڵات دەبێت بەشێوەیەکی گشتی. پێم وایە لە سایەی بوونی حکومەتەکەی بەڕێز سوودانی، دۆخەکە ئارام بووەتەوە، ئەو پیاوە هەوڵ دەدات ئەوە ببەخشێت کە دەتوانێت بینەخشێت بە لایەنی کوردی لەگەڵ ناڕازیبوونی زۆر لایەنی دیکە لە دەوروبەری، ئەمەش هەندێکجار بووەتە هۆی زیان بۆی لە چواردەورەکەیەوە، هەروەها هیواخوازم برایان لە هەرێمی کوردستان واقیعی و بابەتی بن، هەروەها پێویستە برایان لە ناوەند ئامادەبن بۆ پێدانی ماف بە خاوەنەکانیان، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کێیە؛ کوردە، عەرەبە، سوننەیە، شیعەیە، ئێزدییە...
رووداو: بەڵام چارەسەرەکانی ئێستا، ئایا وەکو چارەسەری ریشەیی دەیبینیت وەکو ئاماژەت پێکرد یان ئازارشکێنن؟
ساڵح موتڵەگ: هێشتا هەندێک بابەت ماون پێویستە تەواوبکرێن، بابەتی نەوت و گاز پێویستە کۆتاییان پێبهێندرێت؛ بابەتی مووچەی هەرێمی کوردستان من وای دەبینم کە هیچ پاساوێک نییە بۆ مانەوەی بەم شێوەیەی ئێستا. ئەوان فەرمانبەری عێراقین، هەربۆیە مافیان هەیە وەک هەر عێراقییەکی دیکە، بەڵام لە هەمان کات ئەو زێدەڕۆییانەی لە هەرێم دەکرێن لەسەر سامانی گشتی بە هەمان شێوە پێویستە کۆتاییان بێت؛ بابەتی رادەستکردنی داهاتی خاڵە سنوورییەکان، بابەتی ئەو بەقاچاخبردنەی دەیبیستین لەبارەی نەوت. من بەڵگەم نییە بەڵام دەبیستین، ئەم بابەتانە پێویستە کۆتاییان بێت.
رووداو: پاشەکشێی رۆڵی ئیران لە ناوچەکە، چۆن کاریگەری یان رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر دۆخی عێراق؟
ساڵح موتڵەگ: ئێمە لەگەڵ کاریگەریی هیچ وڵاتێک نین لەسەر عێراق، ئەگەر ئەم پاشەکشەیە ئەوە بێت کە کاریگەری لەسەر عێراق کەم دەبێتەوە ئەوە شتێکی باشە و هیوای خێر و خۆشی بۆ گەلی ئێران دەخوازین، هیواخوازین ئێران دەوڵەتێکی سەقامگیر بێت و دەستوەردان لە کاروباری وڵاتانی دیکە نەکات، مامەڵە لەگەڵ دراوسێکانی بە شێوازی دراوسێیەتی و پەیوەندی باش بکات لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هەردوولا، ئینجا بەرژەوەندی ئێران بێت یان ئەو لایەنانەی مەمەڵەی لەگەڵ دەکەن ئەوە ئاواتی ئێمەیە. ئەو ویستە زۆرەی ئێرانییەکان هەیانبوو بۆ بەرفراوانکردنی پێگەیان و هەناردەکردنی شۆڕشەکەیان بۆ دەرەوەی سنوورەکانیان، پێم وایە ئەم بابەتە روونە و بەردەوام نابێت، دەبێتەهۆی زیان بۆیان و رەنگە ئەو ئاگرەی ئازاریان دەدات ئازاری دراوسێکانیشیان بدات.
رووداو: ئەم پاشەکشێیەی رۆڵی ئێران، کاریگەری دەبێت لەسەر هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق، چونکە زۆر کەس بەڵێنی گۆڕانکاریی ریشەیی گەورە لە پرۆسەی سیاسیدا دەدەن؟
ساڵح موتڵەگ: پێم وانییە، بە راشکاوی ئێرانییەکان رۆڵێکی گەورەیان هەبووبێت لە هەڵبژاردنەکان؛ هەندێک حیزب هەن هاوسۆزن بۆ ئێران و کاریگەرییان هەیە لەسەر هەڵبژاردنەکان، بەڵام ئێران وەک دەوڵەت پێم وانییە کاریگەرییەکی گەورەی هەبووبێت لەسەر هەڵبژاردنەکانی عێراق، کاریگەریی هەبووە دوای هەڵبژاردنەکان و هەروەها دوای دەرچوونی ئەنجامەکانیش کاریگەریی هەبووە، بەڵام ئێستا ئەو حیزبانەی هاوسۆزبوون بۆ ئێران پێویستیان بە ئێران نەماوە، پارەیان هەیە و بەو پارەیە کاریگەریی دروستدەکەن لەسەر هەڵبژاردنەکان و لەسەر دەوڵەت.
تێبینی: ئەم هەڤپەیڤینە لە دیداری سلێمانی لە مانگی نیساندا کراوە