کەریم پەڕەنگ، نووسەر و وەرگێڕ: زۆر بە ئەدەبی کەتەلۆنی سەرسامم
ئامادەکردنی: ئەدەب و کولتووری رووداو
ماڵپەڕی گاردیەنی بەریتانی، سەرەڕای بایەخدانە گەورە و چڕوپڕەکەی بە بواری کولتوور و ئەدەبیات، بەردەوام بە دوای ڕێگەی نوێ و پرسیاری نوێشەوەیە بۆ دواندنی نووسەران، ئەمجارە هەندێ پرسیاری زۆر ورد و سەرنجڕاکێشی بۆ هەندێ نووسەر ئامادە کردووە کە خوێندنەوەیان و مەبەستی پشتی پرسیارەکان و وەڵامی نووسەرەکان شتگەلێکن بەردەوام خوێنەران لای نووسەران بە دوایدا دەگەڕێن، لە نموونەی باشترین کتێب، باشترین نووسین، باشترین و خۆشەویستترین کارەکتەر و زۆر شتی تری ورد کە خوێندنەوەی وەڵامەکانیان لە زاری نووسەرانەوە هەم چێژبەخشن، هەم روئیایەک بۆ خوێنەر سەبارەت بە هەندێ کتێب و چیرۆک دەکەنەوە.
ئەم هەوڵەی ئێمەش لێرەدا، وەرگرتنی ئەو پرسیارانەیە و ئاراستەکردنیەتی بۆ بەشێک لە نووسەران و ئەدیبانی کورد، بەتایبەت قسەکردن لەو مەجالە کورت و لەو پرسیارانە لە ناوەندی ڕووناکبیریی ئێمەدا کەمە و بێشک خوێنەرانمان بە دوای وەڵامی ئەم پرسیارانەوەن.
لە بیستەمین گفتوگۆماندا، کەریم پەڕەنگ، نووسەر و وەرگێڕ وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە.
رووداو: لەم کاتەدا چ کتێبێک دەخوێنیتەوە؟
کەریم پەڕەنگ: من هیچ کاتێک یەک کتێب ناخوێنمەوە، بەڵکوو هاوکات چەند کتێبێک دەخوێنمەوە. ئێستا ڕۆمانی (ئەو پیاوەی بەختەوەری دەهێنێت) دەخوێنمەوە. ئەم ڕۆمانە (کاتالین دۆریان فلۆرێسکو) نووسیویەتی. فلۆریسکو خەڵکی ڕۆمانیایە، بەڵام لە سویسرا نیشتەجێیە، من زۆر حەزم بە شێوازی نووسین و گوزارشتی ئەم ڕۆماننووسەیە، پێشتر ڕۆمانی (کاتی پەرجوو) و (ڕێگای کورت بەرەو ماڵەوە) و (یاکۆب بڕیار دەدات عاشق بێت)ی نووسیوە.
ڕۆمانەکە 325 لاپەڕەیە و من 284 لاپەڕەم لێی خوێندووەتەوە. پیاوێک (ڕەی)، هونەرمەندێکی شکستخواردووە و دەیەوێت بەناوبانگ بێت، بۆ ئەو مەبەستە بەڕێوەیە بەرەو نیویۆرک، لەبەر ئەوەی لەو بڕوایەدایە دەتوانێت لەوێ جێپێی خۆی خۆش بکات و بەناوبانگ بێت. ژنێکیش (ئێلینا) بەڕێوەیە بەرەو نیویۆرک بۆ ئەوەی خۆڵەمێشی تەرمەکەی دایکی بهێنێتەوە، ئەم ژن و پیاوە لە ڕێگە یەکتر دەناسن و هەرکەسە و دەکەوێتە گێڕانەوەی چیرۆکی خۆی.. چیرۆکی ماڵباتەکانیان مرۆڤ دەبەنە ناو دونیای نیویۆرکەوە- هەر لە ساڵی 1899ـەوە هەتا ڕۆژی ئەمڕۆمان، جگە لەوەش هەمیشە بە گێڕانەوە دەگەڕێنەوە بۆ کەنارەکانی دانوب.هەردوو کەسایەتییەکە هەریەکە و لە ڕوانگە و گۆشەنیگای خۆیەوە ئەم بەسەرهاتانە دەگێڕنەوە.
زمانی ئەم نووسەرە زمانێکی زۆر سیحرییە و حیکایەتخوانێکی زۆر نایابە. کە مرۆڤ دەست بە خوێندنەوەی ڕۆمانێکی بکات، ئیتر لێی نابێتەوە هەتا تەواوی نەکات، کە تەواویشی دەکات، حەز دەکات ڕۆمانەکە چەند لاپەڕەیەکی دیکەی بەدوادا بهاتایە.
کتێبی دووەم (فەلسەفەی هونەر)ـە، کە محەممەد کەمال نووسیویەتی. محەممەد کەمال یەکێکە لە دەنگە جددییەکانی دونیای نووسین و بیرکردنەوەی ئێمە، ئەو یەکێکە لەو نووسەرە کەمانەی بواری فەلسەفە کە دەزانێت باسی چی دەکات و مرۆڤ دەتوانێت لێی تێبگات.
لەم کتێبەدا محەممەد کەمال هەوڵ دەدا لەبەر تیشکی بیرکردنەوەی فەلسەفی، هەر لە ڕۆژی پەیدابوونی فەلسەفەوە، واتە لە یۆنانییەکانەوە (ئەفڵاتون، ئەریستۆ) هەتا فەلسەفەی کلاسیک و هاوچەرخ (هێگڵ، کانت، نیتشە، هایدێگەر) هونەر و ئێستاتێکای هونەر بخوێنێتەوە.
کتێبی سێیەمیش، (مێژووی ستاتیکایە لە ڕۆشنگەرییەوە هەتا پۆستمۆدێرنە)، ئەم کتێبە نۆربێرت شنایدەر نووسیویەتی و تیشک دەخاتە سەر ستاتیکا هەر لە ڕۆژی سەرهەڵدانییەوە، واتە لە ساڵی 1750 کاتێک ئەلێکساندەر باومگارتن یەکەمجار وشەی ستاتیکای بەکار هێنا و کتێبێکیشی بە هەمان ناوەوە نووسی، دواتر کانت کتێبێکی بە ناوی (ڕەخنە لە وزەی داوەری) نووسی و هێگڵ لە موحازەرەکانیدا تێیدا قووڵتر بووەوە. ئەم مێژووی ستاتیکایە هەتا درێدا درێژەی هەیە.
رووداو: کتێبێک کە ژیانتی گۆڕی؟
کەریم پەڕەنگ: بێگومان لێرەدا ناتوانم ناوی کتێبێک بهێنم کە ژیانمی گۆڕیبێت. خوێندنەوە پڕۆسەیە، پڕۆسەش بە کتێب و دوو کتێب نایەتە ئاراوە، بەڵام ڕەنگە بتوانم ئاماژە بۆ (بێنەواکان)ی ڤیکتۆر هوگۆ بکەم کە لە تەمەنێکی زۆر نەوجەوانی بە عەرەبی خوێندمەوە. (دواییتر سەدساڵ تەنیایی) و (کەس نامە بۆ ژەنەراڵ نانێرێت)ی نووسەری کۆڵۆمبی گابرییەل گارسیا مارکیز، ئەمە جگە لە دەیان کتێبی دیکە کە لەم گفتوگۆ کورتەدا جێگای ئەوە نابێتەوە باسی هەمووی بکرێت.
رووداو: کتێبێک کە بۆچوونتی گۆڕی؟
کەریم پەڕەنگ: بێگومان کتێبێک ناتوانێت بۆچوونی مرۆڤێک بگۆڕێت، گۆڕینی بۆچوونیش پرۆسەیەکی درێژخایەنە، کتێب وا لە مرۆڤ دەکات قووڵتر بیر بکاتەوە، شتەکان زیاتر شەنوکەو بکات، ڕەنگە یەکێک لە سوودە هەر باشەکانی کتێب ئەوە بێت مرۆڤ لە حوکمی پێشوەخت دووربخاتەوە.
بەڵام من هەر زوو (بوون و نەبوون)ی سارتەرم خوێندەوە، لەگەڵ ئەوەیشدا ئەو کاتە زۆر لێی نەدەگەیشتم، بەڵام دەتوانم بڵێم کاریگەریی سارتەر و ئەو کتێبانەی بوونگەراکان کە بە زمانی عەرەبی خوێندمنەوە، خاڵی وەرچەرخانی بیرکردنەوەی من بوو. جگە لەوە هەر لە نەوجەوانییەوە تێکەڵی بیر و فەلسەفەی چەپگەرایی بووم و کتێبەکانی مارکس و لینین و ماوتسی تۆنگ کاریگەرییان بەسەرمەوە زۆر بوو.
رووداو: کتێبێک کە خۆزگە دەخوازی تۆ نووسیبات؟
کەریم پەڕەنگ: نەک تەنیا کتێبێک، چەندان کتێب هەن کە حەزم دەکرد من بمنووسیبان، وەکو (سەدساڵ تەنیایی) مارکیز، (ناوی گوڵەباخ) و (باودۆلینۆ)ی ئیمبێرتۆ ئێکۆ، (دەروێش و مردن)ی مێشا سەلیمۆڤیچی بۆزنی.
رووداو: کتێبێک کە کاری لە ستایلی نووسینت کردووە؟
کەریم پەڕەنگ: لێرەشدا ناتوانم ناوی تەنیا کتێبێک بهێنم، دەتوانم ناوی کتێبگەلی وەکو (سووکیی لە تاقەتبەدەری بوون)ی کوندێرا، (ناوی گوڵەباخ)ی ئیمبێرتۆ ئێکۆ، (من ناوم سوورە)ی ئۆرهان پاموک، (ساڵانی سەگ)ی گوینتەر گراس، (ساڵانی سەگ) بە مانای ژیانی سەگانە، واتە ژیانێکی کڵۆڵ و ناهەموار. هەموو ئەو دەقانەی مرۆڤ دەیانخوێنێتەوە بە ئاگایی یان نائاگایی هێلانەی خۆیان لە ئەزموونی نووسەردا دەکەن و دەتوانێت سوودیان لێ ببینێت. ئەمەش بە مانای کۆپیکردنی ستایل نایەت، بەڵکوو بە مانای سوودوەرگرتن لە ستایلی نووسەرانی دیکە و پەرەپێدان و متووربەکردنی لەگەڵ ستایلی خودی نووسەردا.
رووداو: کتێبێک کە تۆی گریاندووە؟
کەریم پەڕەنگ: (ماڵئاوایی لە چەک)ی ئەرنست هێمەنگوەی، چ وەکو ڕۆمان و چ وەکو فیلم گریاندوومی، جگە لەوە لە تەمەنێکی زۆر گەنجیدا ڕۆمانی (دایک)ی گۆرکیم خوێندەوە، ئەوەندەی لە بیرم مابێت ئەوە یەکەم کتێب بوو بمگریەنێت.
رووداو: کتێبێک کە بە دیاری دەیبەخشیت؟
کەریم پەڕەنگ: (عەتر)ی پاتریک زوسکیند، (سەمەرقەند)ی ئەمین مەعلوف، (گەمەی فریشتە)ی کارلۆس ڕویس زافۆن. بە ئەڵمانیش ڕۆمانی (دواهەمین هەناری دونیا)ی بەختیار عەلیم بۆ چەند هاوڕێیەکی نەمساویم کردووەتە دیاری.
***
ساڵی 1886 ئانتوانت فۆر، کچی سەرۆککۆماری ئاییندەی فەڕەنسا- فلیکس فۆر، داوای لە مارسێل پروست کردووە وەڵامی چەند پرسیارێک لە دەفتەرە تایبەتەکەیدا بداتەوە، (دەفتەری دانپێدانانەکان، ئالبوومی تۆماری فیکر، هەستەکان و هیتر) ئەم داوایە دوو جار لە مارسێل پروست کراوە، جارێکیان لە چواردە ساڵیدا، جارێکی تر لە بیست ساڵیدا، بە هەمان شێوە من ئەو پرسیارانە ئاراستەی بەڕێزت دەکەم.
رووداو: چاکە لای تۆ کامەیە؟
کەریم پەڕەنگ: فریاکەوتنی مرۆڤێکە لە کاتی تەنگانە و دڵخۆشکردنی مرۆڤە. چاکە کاتێک چاکەیە، ئەو مرۆڤەی چاکەی لەگەڵدا دەکرێت خۆی بە قەرزارباری چاکەکەرەکە نەزانێت و چاکەکەرەکە چاوەڕوانی چاوخواریی چاکە لەگەڵ کراوەکەدا نەکات و بە چاویدا نەدات.
رووداو: تایبەتمەندییە باشەکانی پیاوان کامانەن؟
کەریم پەڕەنگ: بێگومان ناتوانین بڵێین تایبەتمەندیی گشتیی هەن و لە هەموو پیاوێکدا ئامادەییان هەیە، قسەخۆشی و نوکتەبازیی هەندێ پیاو، تێگەیشتن لەوی دیکە، خۆپێگەیاندن، بڕوابەخۆبوون.
رووداو: تایبەتمەندییە باشەکانی ژنان کامانەن؟
کەریم پەڕەنگ: شیعرییەت، ئامادەیی بەخشین (لێبووردن)، گوێگرتن، سەبر و تەحەمول، نەرم و نیانی.
رووداو: بەنرخترین تایبەتمەندیی هاوڕێکانت کامانەن؟
کەریم پەڕەنگ: دڵسۆزی، من هاوڕێم زۆر کەمە، بەڵام دەتوانم پشتیان پێ ببەستم، ئەمە بە مانای ئەوە نایەت هەر کاتێک دڵم تەنگ بوو ڕوویان لێ بنێم، دڵم بدەنەوە و کە دڵم خۆش بوو پشتیان تێبکەم، بەڵکوو هەندێ جار بیری قسە خۆشەکانیشیان دەکەم و هەندێ جار بە قسەی خۆش دەمەوێت دڵیان خۆش بکەم.
رووداو: حەزت لە چییە؟
کەریم پەڕەنگ: حەزم لە بێدەنگییە. کەشێکی هێمن و بێدەنگ بە تەنیا، یان لەگەڵ هاوڕێیەک لە شوێنێکی بێدەنگ گفتوگۆ بکەم، هەندێ جاریش دەچمە سەر رووباری دانووب لە ڤییەنا و لە ئاو دەڕوانم. ئاوی رووبار و دەریا سیحرێکی زۆر تایبەتیان لە خۆیاندا حەشار داوە.
نووسەری کەتەلۆنی (خاومە کابرێ) ڕۆمانێکی هەیە بە ناوی (دەنگەکانی ڕووبار)، کاتێک لە گوێڕووبارێک دادەنیشم و گوێ لە دەنگی ڕووبار دەگرم، دەیان دەنگی جیاواز دەبیستم و بیر لەوە دەکەمەوە، دەبێت ڕووبار چەند هەزار دەنگی دیکەی هەبێت و لە توانای مرۆڤدا نەبێت بیانبیستێ.
رووداو: بەختەوەریی ئایدیاڵ چۆن پێناسە دەکەی؟
کەریم پەڕەنگ: ڕەنگە بەختەوەریی ئایدیاڵ بۆ هەر مرۆڤێک مانایەکی جیاوازی هەبێت. ئەوەی باری دارایی خراپ بێت وا دەزانێت بە پارە بەختەوەر دەبێت، ئەوەی نەخۆش بێت وا دەزانێت بە چاکبوونەوە بەختەوەر دەبێت. ڕەنگە بەختەوەرییش نەک لە مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکی دیکە، بەڵکوو لە لای تاقە مرۆڤیش لە ساتێکەوە بۆ ساتێکی دیکە بگۆڕێت. ئەو نەخۆشەی چاک دەبێتەوە، ناڵێت ئیدی من چاک بوومەوە و بە بەختەوەریی خۆم گەیشتم، بەڵکوو داوایەکی دیکە بۆ بەختەوەرییەکی دیکە سەرهەڵدەدات.
بەڵام من کاتێک کارێکم بۆ دەلوێت، کە شتێک دەکەم و تێیدا سەردەکەوم، ئۆخژنێک دامدەگرێت، ئەگەر بتوانین ئەمە بە بەختەوەری ناوزەد بکەین، ئەوا بۆ من بەختەوەریی ئایدیاڵ ئەوە.
رووداو: مەزنترین چارەڕەشی کامەیە؟
کەریم پەڕەنگ: مەزنترین چارەڕەشی ئەوەیە، دەوروبەرەکەت لێت تێنەگەن، هەندێ جار قسەیان بۆ بکەیت و هەست بکەیت قسە بۆ دیوار دەکەیت. هەندێ جار مرۆڤ لەناو خەڵکێکی زۆردایە، لەگەڵ ئەوەشدا هەست بە تەنیایی دەکات، لێرەدا مەبەستم تەنیاییە فەلسەفییەکە نییە، بەڵکوو بەڕاستی لەگەڵ خەڵکێکی زۆر دانیشتبی و وابزانی بە تەنیای.
رووداو: حەز دەکەی لە کوێ بژی؟
کەریم پەڕەنگ: من هەمیشە حەز دەکەم لەو شوێنە بژیم کە لێی نیم، جارێکیان نووسیبووم:
کە لێرە بم بیری ئەوێ دەکەم،
کە لەوێ بم بیری ئێرە دەکەم.
من هەمیشە بیری ئەو شوێنە دەکەم کە لێی نیم.
من ئێستا زۆر حەزم لە سەفەر نەماوە، بەڵام هەمیشە هەست دەکەم بە خەیاڵ لە شوێنی دوورم و رەنگە کۆچەری یان گەشتیارێکم لە ناخمدا حەشار دابێت.
رووداو: ڕەنگ و گوڵی دڵخوازی تۆ کامەیە؟
کەریم پەڕەنگ: من حەز لە ڕەنگی سوور و پەمەیی و کەسک دەکەم. گوڵەخەزێم و گوڵەباخ دڵخوازی منن. گوڵ هەمووی جوانە، من هەتا ئێستا گوڵی ناشیرینم نەبینوە، بەڵام هەندێ جار لە ناو دەیان گوڵی گوڵەجاڕێکدا تەنیا گوڵێک بە دڵی مرۆڤ دەبێت.
رووداو: نووسەرە دڵخوازەکانت کامانەن؟
کەریم پەڕەنگ: پیتەر هاندکە، خاومێ کابرێ، کارلۆس ڕویس زافۆن، میلان کوندێرا، شاندۆر مارای، لە کۆنەکان دۆستۆیڤسکی، بەلزاک، تۆماس مان...
رووداو: شاعیری دڵخوازی تۆ کێیە؟
کەریم پەڕەنگ: هوێلدەرلین، ڕیلکە، لوێرکە، شیرکۆ بێکەس، ماردین ئیبراهیم ...
رووداو: کام پاڵەوانە پیاوەی ئەدەبیات لای تۆ دڵخوازە؟
کەریم پەڕەنگ: (سیدهارتا)ی هێرمان هێسە، (ڕۆبنسن کروزۆ)ی دانیەل دیفۆ، (مێرسۆ)ی ڕۆمانی (نامۆ)ی ئەلبێرت کامو.
رووداو: کام پاڵەوانە ژنەی ئەدەبیات لای تۆ دڵخوازە؟
کەریم پەڕەنگ: (ئانا کارنینا) ی تۆڵستۆی، (مەدام بۆڤاری) گوستاڤ فلۆبێر، (ئێفی بریست)ی فۆنتانا.
رووداو: میوزیسیانە خۆشەویستەکانت کامانەن؟
کەریم پەڕەنگ: مالەر، بێتهۆڤن، مۆتزارت، کامکارەکان، باخ، چایکۆڤسکی، ڕەهمانینۆڤ.
رووداو: نیگارکێشە خۆشەویستەکانت کامانەن؟
کەریم پەڕەنگ: ڤان کۆخ، ئیگۆن شیلە، ئۆسکار کۆکۆشکا.
رووداو: حەزت لە کام ناوانەیە؟
کەریم پەڕەنگ: تاڤگە، گلارە (ناوی کچەکەمە)، کاوان، ئاڤان، سەرگوڵ، شەوبۆ، ڕەنج.
رووداو: زیاد لە هەر شتێک ڕقت لە چییە؟
کەریم پەڕەنگ: دووڕوویی، لووتبەرزی، خۆبەکۆیلەکردن، چاوەڕوانی. کە کەسێک دڵی لێت ڕەنجابێت و پێت نەڵێت هۆکارەکەی چییە.
رووداو: حەزت لێبوو چ تایبەتمەندییەکت هەبێ؟
کەریم پەڕەنگ: حەزم دەکرد زۆر بە سەبرتر و گەشبینتر بوومایە و زیاتر لە ئێستا حەزم لە نووسین بووایە.
رووداو: حەزت لێیە چۆن بمریت؟
کەریم پەڕەنگ: حەز دەکەم شەوێک بخەوم و هەڵنەستمەوە، تەمەن گرنگ نییە. بێگومان جگە لە خۆکوشتن بڕیار بە دەست مرۆڤ خۆی نییە کەی دەمرێت و چۆن دەمرێت. ئەگەر بە دەست خۆم بێت حەز ناکەم بە دەست نەخۆشییەوە بتلێمەوە و پەککەوتە بم و لە جێدا بکەوم.
رووداو: ئا ئێستا دۆخی ڕۆحیت چۆنە؟
هەموو ئەوانەی دەمناسن دەڵێن تۆ زۆر هێمنی، لە ڕاستیدا ئەمە تەنیا ڕووکەشە، پشێوی و نائارامییەک لە ڕۆحمدایە حەزم دەکرد ئەوانەی دەوروبەریشم هەستیان پێی بکردایە. ورووژانێک لە ڕۆحمدایە وەکو هەمیشە چاوەڕوانی لافاو یان بومەلەرزەیەکی گەورە بکەم.
رووداو: دروشمی تۆ چییە؟
کەریم پەڕەنگ: ئەو ڕێیەی ئەمڕۆ دەیگریتە بەر ڕێگەی ئاییندەیە. بەڵام گرنگە تەنیا دروشم نەبێت و مرۆڤ بتوانێت کاری پێ بکات.
رووداو: ئەگەر بتگەڕێننەوە بۆ سەرەتای سەرەتاکان، دەتەوێت لەم بارودۆخەی ئێستا تێیدایت، هەر ببیتەوە بە نووسەر؟
کەریم پەڕەنگ: لەم کاتەدا کە وەڵامی ئەم پرسیارەت دەدەمەوە، دەڵێم بەڵێ دەمەوێت ببمەوە بە نووسەر، بەڵام دوێنێ بە جۆرێکی دیکە بیرم دەکردەوە و ڕەنگە سبەینێش بە جۆرێکی دیکە بم. لەڕاستیدا من زیاتر خوێنەرم وەک لە نووسەر، زۆرجار بە هۆکاری خوێندنەوەوە خۆم لە نووسین دەدزمەوە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە مرۆڤ ناتوانێت بە خوێندەوە گوزارشت لە ناخ و بیرکردنەوەی بکات، ڕەنگە کتێبێک بخوێنیتەوە و چێژێکی تایبەتت پێ ببەخشێت و پێشنیاری خوێندنەوەی بۆ چەند هاوڕێ و دۆستێک بکەیت، بەڵام وەرگێڕانی هەمان کتێب بۆ خوێنەرێکی زۆرتر و بەرفراوانتر خوێندنەوە تێدەپەڕێنێ و بەشکردنی لەزەتەکە لەگەڵ خەڵكێکی زیاتردا خۆشییەکەی زیاترە.
من خەڵکی وا دەناسم هێندەی سێ نووسەر و پەنجا ڕۆمان کەرەستەی گێڕانەوەی هەیە، بەڵام نووسەر نییە، نووسەریش هەیە هیچی بۆ گێڕانەوە نییە، شەڕ بە نووسین دەفرۆشێ.
رووداو: زیاتر بە ئەدەبیاتی کام وڵات سەرسامیت؟
کەریم پەڕەنگ: من لەگەڵ ئەوەی لە نەمسا دەژیم و بە ئەڵمانی دەخوێنمەوە، بەڵام زۆر بە ئەدەبی کەتەلۆنی سەرسامم، هەر لە (زافۆن) و (خاومێ)وە هەتا (مێرسێ ڕۆدێرێدا)، (سێرگی پامیەس)، ستایلی گێڕانەوە، گرێچنی، گەیاندنی رووداو بە چڵەپۆپە و خاوکردنەوەی، کەرەستەی گێڕانەوە لە خەسڵەتە هەرە دیارەکانی نووسەرە کەتەلۆنییەکانە، بێگومان نابێت ئەدەبیانی ئیسپانیاش بە شێوەیەکی گشتی فەرامۆش بکەم.
رووداو: ئەگەر ڕۆمانێکی کوردی دیاری بکەیت، وەک یەکێک لە باشترین ڕۆمانەکان، چ ڕۆمانێک دیاری دەکەیت؟
کەریم پەڕەنگ: من حەز ناکەم ناحەقی بەرامبەر بەرهەمی هیچ کەسێک بکەم و ڕۆمانێک وەکو باشترین ڕۆمانی کوردی دیاری بکەم. چونکە من لە وڵاتەوە دوورم و هەموو ڕۆمانێکم بەدەست ناگات و کاتی خوێندنەوەی ئەو هەموو کتێبانەشم نییە کە لە کوردستان بڵاودەبنەوە. سێ لەسەر چواری خوێندنەوەی من بە ئەڵمانییە، ئەگەر کتێبم پێبگات یان لە سەفەرەکانمدا هەندێ کتێب لەگەڵ خۆم بهێنمەوە یان بە پۆست بۆ خۆمی ڕەوانە بکەن، ئەوا دەیانخوێنمەوە، بەڵام ڕێژەی ئەو کتێبە کەمە بەشی ئەوە ناکات لەم دوورەوە حوکم بە سەر ڕۆماندا بدەم و باشترین یان خراپترین ڕۆمان دیاری بکەم. بەڵام دەتوانم وەکو خوێنەرێک باسی چێژی تایبەتی خۆم بۆ ڕۆمانێکی دیاریکراو بکەم. باشترین ڕۆمان بۆ منی خوێنەر ئەو ڕۆمانەیە کە ئەوەندە ئاسەواری دوای خوێندنەوەی لەلام بەجێهێشتبێت بڕیار بدەم جارێکی دیکە بیخوێنمەوە یان ئەوەندە لەلام خۆشەویست بووبێت لەگەڵ خۆمدا بیگێڕم. من زۆر چێژم لە ڕۆمانی (دواهەمین هەناری دونیا)ی بەختیار عەلی و (خەونی پیاوە ئێرانییەکان)ی ماردین ئیبراهیم بینیوە.