نیڵس شمید: بەهێزبوونەوەی داعش لە عێراق و سووریا بۆسەر ئەڵمانیا و ئەورووپا مەترسی دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
نیڵس شمید، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی ئەڵمانیا رایگەیاند، درێژکردنەوەی ئەرکی سوپای وڵاتەکەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەورووپایە. هۆشداریشی دا کە بەهێزبوونەوەی داعش لە ناوچەکە، هاندەر دەبێت بۆ هێرشی تیرۆریستی لە نێوجەرگەی ئەورووپادا.
لە هەڤپەیڤینێک لەگەڵ ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا، شمید ئاماژەی بەوە کرد، هەڕەشەی سەرهەڵدانەوەی داعش هێشتا بەردەوامە، بەتایبەت بەهۆی ئەو گۆڕانکارییانەی لە سووریا روودەدەن. شمید گوتی، "پێویستە سوپای ئەڵمانیا لە ئەرکەکانی بەردەوام بێت، چونکە مەشق و راهێنانی هێزە ئەمنییەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق کارێکی بنەڕەتییە بۆ رێگریکردن لە داعش."
ئەو پەرلەمانتارە ئەڵمانییە گوتی، ئاسایشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەورووپا لێکدانەبڕاون. شمید گوتی، "تیرۆری نێودەوڵەتی هەڕەشە لە ئەڵمانیاش دەکات. ئێمە پێشتر بینەری هێرشە دڕندانەکانی داعش بووین لە ئەورووپا. ئەگەر ئەو رێکخراوە لە سووریا و عێراق بەهێز ببێتەوە، ئەوا راستەوخۆ لە وڵاتانی ئێمەدا هانی تیرۆریستان دەدات بۆ هێرشکردن."
ئەم لێدوانانەی نیڵس شمید دوای ئەوە دێت، پەرلەمانی ئەڵمانیا بە فەرمی بڕیاری دا ماوەی مانەوەی هێزەکانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان درێژ بکاتەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، بە ئامانجی چەسپاندنی سەقامگیری و رێگریکردن لە هەر بۆشاییەکی ئەمنی کە داعش سوودی لێ وەربگرێت.
دەقی پرسیار و وەڵامەکان:
رووداو: بەڕێز شمید، چەندە گرنگە ئێستا لە پەرلەمانی ئێوە مانەوەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان درێژکراوەتەوە، لەم کاتە هەستیارەدا کە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش هەیە؟
نیڵس شمید: بەڵێ، بەهێزبوونەوەی داعش هێشتا ئەگەرێکی کراوەیە. ئێمە بەتایبەت گۆڕانکارییەکانی باکووری رۆژئاوا و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەبینین. ئەمە بەو واتایەیە کە ئێمە هێشتا پێویستمان بەم ئەرکەیە، بەتایبەت مەشق و راهێنانی هێزە ئەمنییەکان لە باکووری عێراق و هەموو عێراق وەک ئەرکێک دەمێنێتەوە کە دەبێت سوپای ئەڵمانیا تێیدا بەردەوام بێت.
رووداو: چەندە گرنگە کە ئێوە مانەوەی هێزەکانی سوپای ئەڵمانیاتان لە عێراق درێژکردەوە؟
نیڵس شمید: ئەمە زۆر گرنگ بوو، چونکە تیرۆری نێودەوڵەتی هەڕەشە لە ئێمەش دەکات لە ئەڵمانیا و ئەورووپا. ئێمە بینەری هێرشی زۆر مەترسیداری داعش بووین لەنێو ئەورووپا. ئەگەر داعش لە سووریا و عێراق بەهێز ببێتەوە، ئەوا لەنێو ئەورووپاش هانی ئەنجامدەرانی هێرش دەدات. هەر بۆیە، بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنەکان دژی داعش زۆر گرنگە.