سەرۆکی پارتی SGPی هۆڵەندی: حکومەتی دیمەشق جێی متمانەی نییە
رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی چوارشەممە 28-01-2026، لە پەرلەمانی هۆڵەندا پڕۆژە بڕیارێک لە بەرژەوەندیی رۆژئاوای کوردستان پەسند کرا. کریس ستۆفەر، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی SGPی هۆڵەندی لەگەڵ پەرلەمانتارێکی دیکە پڕۆژە بڕیارەکەیان پێشکێشی پەرلەمانی وڵاتەکەیان کردبوو.
لەم هەڤپەیڤینێکدا لە بەرنامەی دیاسپۆرا، کریس ستۆفەر، ئەندامی کۆمیسیۆنی کاروباری دەرەوە لە پەرلەمانی هۆڵەندا گوتی، لە رۆژانی رابردوودا سەرچاوەی بڕواپێکراوی ئەو و پەرلەمانی هۆڵەندا بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر سووریا و رۆژئاوای کوردستان، دیاسپۆرای کوردی بووە. هەروەها دەشڵێت، بڕوا ناکات حکومەتی ئێستای دیمەشق بتوانێت سووریایەکی ئازاد بونیاد بنێت.
دەقی هەڤپەیڤینی کریس ستۆفەر لە بەرنامەی دیاسپۆرا:
رووداو: بەڕێز ستۆفەر، ئێوە لەگەڵ بەڕێز دۆن سێدەر لە پەرلەمانی هۆڵەندا زەنگی مەترسیتان لێدا سەبارەت بە رۆژئاوای کوردستان و سووریا. دوای ئەوە دیبەیتێکتان هەبوو لەگەڵ وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا. ئەوەی لەو وەزیرەت گوێ لێبوو، ئارامی کردیتەوە؟
کریس ستۆفەر: راستییەکەی…نا. کاتێک بیرملێکردەوە، هەستم نەکرد ئارامی کردبمەوە. جیاوازییەکەمان ئەوە بوو کە وەزیری دەرەوە دەڵێت: راستە رژێمی ئەلشەرع ئیشی خراپی کردووە، بەڵام رەنگە بیەوێ بە رێگەی راستدا بڕوا. کەچی ئەوەی دەیبینین و لە پێش ئێستاش روویداوە، ئەوەیە کە ئەم رژێمە دەیەوێ هەموو وڵاتەکە یەکڕەنگ لێبکات. بۆیە من دۆخەکە بە نەرێنیتر دەبینم لەوەی وەزیرەکەمان دەیبینێ. هەڵبەت لەوە تێدەگەم کە دەیگوت: ئەگەر پارە بۆ دیمەشق نەنێرین، هەنگاوی دوای ئەوەمان چی بێ؟ بەڵام راستیت پێبڵێم من قەت بڕوام بەوە نییە کە لە سایەی ئەو رژێمەی ئێستادا دۆخی سووریا باش ببێ… ئەوەی لە رابردوودا کردیان و ئەوەی ئێستاش دەیبینین دەیکەن، هەم بەرامبەر کریستیانەکان و عەلەوییەکان و هەم ئەوەی لەگەڵ کوردیش دەیکەن، دەریدەخات کە ئەوانە ناهێڵن کەمینەکان بەو شێوەیە لە سووریا بژین کە هەن. دەبینین هێرش دەکەنە سەریان و وایانێکردوون خەریکە ناتوانن چیدیکە بژین. بۆیە بڕوام پێیان نییە.
رووداو: بەڵام ئێستا کە لە سووریا تەنیا ئەمریکا قسەی دەڕوات، پێتوایە هۆڵەندا و ئەوروپییەکان بتوانن شتێکی زۆرتر بکەن لەوەی ئێستا دەیکەن؟
کریس ستۆفەر: یەکەم شت، ئەوە راستە کە ئەمریکا هەموو شتێک لە سووریا یەکلایی دەکاتەوە. ئەوەمان لە دیبەیتی ئەم هەفتەیەشماندا باسکرد. بەڵام ئێمەی ئەوروپاییش پەیوەندیمان لەگەڵ دیمەشق هەن. لەگەڵ هاوڕێی پەرلەمانتارم دۆن سێیدەر، لەنێو پەرلەماندا پێداگیریمان لەسەر ئەوە کردووە کە نابێ ئەوروپا رێگە بدات ئەوەی بەرامبەر کوردەکان دەکرێ ببێتە شتێکی ئاسایی بۆ دیمەشق و وەک هیچ رووینەدابێ پەیوەندییەکانمان لەگەڵیان بەردەوام بێ. دووەمیش ئێمەی ئەوروپی پارەیەکی زۆریان بۆ دەنێرین. دەبێ ئەوەش وابکات کە بتوانین گوشاریان لەسەر دروست بکەین. من لە وەزیری دەرەوەشم پرسی: هێڵی سووری ئێمە چییە کە نابێ دیمەشق بیبەزێنێ؟ پێموایە دەبێ ئەو هێڵە سوورەیان بۆ دابنێین و کاتێک بەزاندیان هەموو یارمەتییە داراییەکانمان رابگرین. کەواتە نابێ پەیوەندییەکان تەنیا بەوە لەگەڵ دیمەشق ئاسایی بکەینەوە کە هەموو شتێکمان پێ ئاسایی بێ. واتە کاتێک ئاوا بکەن بەرامبەر کریستیان و عەلەوی و درووز و کوردەکان و ئێمەش هەروا بەردەوام بین لە ناردنی یارمەتییە داراییەکان، ئەوکات شەرعییەت دەدەیتە کردەوەکانیان. ئەوەی خراپتریشە ئەوەیە کە دەیزانینەوە ئەو یارمەتییە داراییانەی ئێمە هەم بۆ خۆبەهێزکردنی رژێمی ئێستا و هەمیش لەو هێز و گرووپانە خەرجدەکرێ کە ئیش بۆ ئەو رژێمە دەکەن. بەمەش بەهۆی یارمەتییە داراییەکانی ئێمەوە لایەک بەرامبەر لایەکی دیکە بەهێز دەکەین. بۆیە ئەمریکا هەرچییەک دەکات لە سووریا، نابێ کاریگەریی هەبێ لەسەر ئەوەی کە دەبێ ئێمە خۆمان ئەوە بکەین کە پێویستە لەوێ بیکەین.
رووداو: کەواتە پێتوایە ئەوروپا کارتی گوشاری پێویستی هەن بۆئەوەی لەسەر ئەوەی ئێستا روودەدات گوشار بخاتە سەر دیمەشق؟
کریس ستۆفەر: من پێموایە ئەمریکا کارتە یەکلاکەرەوەکانی هەیە، بەڵام یارمەتییە داراییەکانی ئێمەش زۆر گرنگن. بۆیە، بەڵێ ئێمە کارتی گوشاری بەهێزمان هەیە و دەبێ بەکاریبهێنین. بەمەش بەرپرسیارێتیی سەرشانمان جێبەجێ دەکەین. بەڕاستی من گوتوومە، ئەگەر یەکێتیی ئەوروپاش ئەمە نەکات، دەبێ هۆڵەندا بیکات. دەبێ ئێمە لەمەدا رۆڵی پێشەنگایەتی ببینین.
رووداو: ئێوە زۆر بەپەرۆشن سەبارەت بەوەی ئاگربەست نەشکێندرێ. خۆ ئێستا رێککەوتنێک هەیە. چی واتانلێدەکات بۆ ئەمە هێندە بەپەرۆش بن؟
کریس ستۆفەر: راستدەکەی. بەڵام یەکەمین شت، پرسیار ئەوەیە تا کەی ئەمە بەردەوام دەبێ؟ دووەمیش لە دیبەیتەکەش باسمانکرد کە ئەم رژێمە ناتوانێ یەکە سەربازییە جیاوازەکانی کۆنترۆڵ بکات. بەمدواییانەش زۆر شت روویاندا و بەڕاستی لەخۆمان پرسی: تۆبڵێی رژێمی ئێستا کۆنترۆڵی بەسەر ئەوانەوە هەبێ؟
رووداو: راپۆرت و هەواڵتان بۆ هاتوون کە بیسەلمێنن دیمەشق ئاگربەست پێشێلدەکات؟
کریس ستۆفەر: بەڵێ، لە کوردە هۆڵەندییەکان زۆر زانیاریمان بۆ دێت..
رووداو: دیاسپۆرای کوردی لە هۆڵەندا؟
کریس ستۆفەر: زۆر راستە. لەڕێگەی ئەوانەوە زانیاریی راستەوخۆمان پێدەگات. ئەو زانیارییانەش تەواو نیگەرانکەرن. دەزانی بۆ ئێمەی پەرلەمانتارانی هۆڵەندی لێرەوە زەحمەتە بەتەواوی بزانین ئەوەی لەوێ روودەدات چەندە خراپە. بۆیە ئەوەی کوردەکانی هۆڵەندا بۆمان دەهێنن و دەبینین کۆنتاکتەکانیان لەوێوە زانیارییان دەدەنێ، وادەکەن بڕوایان پێبکەین و زانیارییەکانیشیان زۆر گرنگن.
رووداو: وەک لە بەڕێزت تێگەیشتم ئێوە ناڵێن لەبەرئەوەی کورد میللەتێکی گوناهن دەبێ یارمەتییان بدەین. بەڵکو ئێوە چاوتان لەسەر ئەو چەکدارانەی داعشیشە کە لەوێن و دەتوانن مەترسی دروست بکەن لەسەر هۆڵەندا و ئەوروپا. مەترسی و پەرۆشیتان لەسەر ئەو دۆسێیە چەندە جیدییە؟
کریس ستۆفەر: پێش هەموو شتێک ئەوە راستییەکە کە ئێمە قەرزێکی گەورەی کوردەکانمان لەسەرە و هەمووشمان لێرە وادەڵێین. چونکە کاتێک ئێمە پێویستمان بەوان بووە، هەمیشە لەگەڵمان بوون. ئێستاش ئەوە قەرزە و لەسەرمانە و دەبێ لەگەڵیان بین. واتە کورد گوناه نین، بەڵکو ساڵانێکە هاوپەیمانمانن. بۆیە دەبێ لەنێوانماندا متمانە هەبێ. دوای ئەوەش راستە بۆ ئێرەش مەترسی هەیە. چونکە وەک بینیمان ئەو کوردانەی زیندانەکانی تایبەت بە چەکدارانی داعشیان دەپاراست هێرشیان کرایەسەر. ئەمەش وادەکات ئەوانە بتوانن بێنەوە ئەوروپا و لێرە کردەوەی تیرۆریستی بکەن. ئەوەش دەکرێ زۆر مەترسیدار بێ. جگە لەوەش من زۆر ترسم هەیە کە داعشییەکان لە سووریاوە بێنە ئێرە و شانەی تیرۆریستی دروست بکەن. بەمەش کۆمەڵگەکەمان تێکبدەن. بۆیە ترسم هەیە لەمە.
رووداو: بۆچی هێندە بێ متمانەن بەو حکومەتەی لە دیمەشق هەیە؟ لەبەر چەند رووداوێکی دیاریکراوە کە روویانداوە یان زۆرترە لەوە؟
کریس ستۆفەر: نا.. پەیوەندیی بە رابردووشەوە هەیە. کاتێک سەیردەکەی ئەوانە لەکوێوە هاتوون، دەبینیت کە تیرۆریست بوونە. ئەو جۆرەی ئیسلامییەکان کە مەترسیدارن پێیانوایە نابێ جیاواز بیت لەوان، نابێ جیاواز بیربکەیتەوە یان قبوڵی ئەوە ناکەن خەڵکی جیاواز بتوانن پێکەوە بژین. بۆیە بڕوام بەوە نییە کە لەسایەی ئەم رژێمە سووریایەکی ئازاد دروست ببێ. بۆیە هەم بەهۆی رابردووەوە و هەم ئەوەی ئێستاش دەیبینین ئەمە رای ئێمەیە لەسەر ئەم رژێمە. جگە لەوەش ئەو رێگەیەی گرتوویانەتەبەر ئەنجامەکەی ئاشتی و بونیادنانەوەی سووریا نابێ. بۆ پێکهاتە جیاوازەکانی سووریاش ژیانێکی ئاسوودە ناهێنێ و ناتوانن بە ئاشتی پێکەوە بژین.
رووداو: ئەگەر گریمان حکومەتی دیمەشق یان سوپای عەرەبیی سووریا رۆژئاوای کوردستانی داگیرکرد، ئێوە چیدەکەن؟ پێتانوایە بکرێ ئەمە رووبدات؟
کریس ستۆفەر: با هیوا بخوازین کە ئەمە روونەدات. چونکە ئەوێ تەنیا ناوچەیەکی سووریایە کە پێکهاتەکان بەباشی پێکەوە دەژین و دەبووایە هەموو سووریا وەک ئەوێ بێ. بۆیە نیگەرانین لەوەی شتێکی وا رووبدات و ئەگەر رووبدات دەبێ هەموو یارمەتییە داراییەکانمان رابگرین. هەروەها هەموو پەیوەندییەکانمان لەگەڵ سووریا رابگرین. بەڵام دیسانیش گوشارە گەورەکە دەبێ ئەمریکا بیکات. بۆیە دەبێ لەڕووی دیپلۆماسیشەوە پاڵ بە ئەمریکاوە بنێین کە نەهێڵێ شتی وا رووبدات. ئێمە لە هۆڵەندا دەتوانیت وەدەنگ بێین، بەڵام دەنگی یەکلاییەکەرەوە نین. یەکێتیی ئەوروپاش ناتوانێ. بەڵام هەژموونێکی گەورەمان هەیە و دەبێ بە هەموو هێزمانەوە ئەو هەژموونە بەکاربهێنین.