کارەبای کەرکووک: ساڵی 2021 پرۆژەی زۆر و گەورەمان جێبەجێ کردوون

 
رووداو دیجیتاڵ

بەشێکی دانیشتووانی چەند گەڕەکێکی کەرکووک گلەیی لە کەمیی کارەبا و خراپیی رەوشی ئەو کەرتە دەکەن. گوتەبیژی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای کەرکووکیش رایدەگەیێنێت، ساڵی 2021 پرۆژەی "زۆر و گەورەیان" جێبەجێ کردووە بۆئەوەی کێشەی کارەبا کەم بکەنەوە.
 
بەشێک لە دانیشتووانی گەڕەکەکانی شۆراو و نەسری کەرکووک گلەیی لە کەمیی کاژێرەکانی کارەبا دەکەن و دەڵێن، رۆژانە 2 - 3 کاژێر کارەبای نیشتمانییان هەیە.
 
دانیال هەمەوەندی، گوتەبیژی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای کەرکووک بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "ئێمە ساڵی 2021 پرۆژەی زۆر و گەورەمان جێبەجێ کردوون و پرۆژەی دیکەیش لە پلانماندان، بۆ نموونە وێستگەی پەنجاعەلی و گەڕەکی پیشەسازیی (حەی سەناعە)مان داناوە. لە حەویجە، شوان، گورگەچاڵ (شۆراو) و شۆڕیجە وێستگەمان داناوە. دەیان فیدەری تازە و گۆڕەر (محاویلە)یشمان بۆ گەڕەکە جیاجیاکان داناون".
 
گوتەبیژی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای کەرکووک ئاماژەی بەوەش دا، گەڕەکی نەسریش کێشەکەیان گەورەترە و پێویستیان بە وێستگەیەکی تازەیە، ئەو وێستگەیە شوێنیان بۆ دیاری کردووە و داویانەتە بەڵێندەر و ئەمساڵ جێبەجێی دەکەن.
 
باس لەوە دەکرێت لە گەڕەکی شۆراو کە نزیکەی 500 ماڵن، کەچی یەک گۆڕەری کارەبایان هەیە و زووزوو کارەبایان دەبڕێت. دانیال هەمەوەندی گوتی، "باوەڕ ناکەم گۆڕەرمان هەبێت 500 ماڵی لەسەر بێت، بەڵام ئەگەری هەیە بگاتە 60 - 70 ماڵ. باوەڕ ناکەم لە کەرکووکدا شوێنی وامان هەبێت کە گۆڕەرەکەیان لە 100 ماڵ زیاتری لەسەر بێت، شتی وا زۆر دەگمەنە. ئەگەر خەڵکی ئەو گەڕەکە پەیوەندیمان پێوە بکەن بۆیان چارەسەر دەکەین".
 
بەکارهێنانی کارەبا لە وەرزی زستاندا لە بەرزترین ئاستی بەکارهێنانیدایە و گوشارێکی زۆر لەسەر فیدەرەکانی کارەبایە کە ئەمەش وایکردووە رەوشی کارەبا خراپ بێت.
 
دانیال هەمەوەندی ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێمە خشتەی پێدانی کارەبامان پشتی بەو بڕە کارەبایە بەستووە کە رۆژانە لە بەغداوە بۆمان دابین دەکرێت. ئێمە بۆئەوەی بتوانین دوو کاژێر کارەبا بدەین و چوار کاژێر کارەبا ببڕین پێویستمان بە 750 مێگاواتە، بەڵام لەم چەند رۆژەی رابردوودا ئەو بڕە بۆ 500 مێگاوات دابەزی. بەو بڕەش دەتوانین کاژێر و نیوێک کارەبا بدەین و شەش کاژێر بیبڕین".