دیوانى چاودێریى دارایی عێراق وردبینى لە داهات و خەرجیى دوو مانگى هەرێمى کوردستان دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

شاندێکى دیوانى چاودێریى دارایی عێراق سەردانى هەرێمى کوردستان دەکات بۆ ئامادەکردنى راپۆرتى وردبینى لەبارەى داهات و خەرجیى دوو مانگى کۆتایی ساڵى 2023ـی هەرێمى کوردستان. ئەندامێکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق دەڵێت، "پێویست بوو ئەو راپۆرتە بەر لە ساڵى 2024 ئامادە بکرایە."
 
بە گوێرەى ئەو زانیارییانەى تۆڕى میدیایی رووداو لە بەغداوە دەستى کەوتووە، بڕیارە لەم مانگەدا شاندێکى دیوانى چاودێریى دارایی عێراق سەردانى هەرێمى کوردستان بکات بۆ ئامادەکردنى راپۆرتى وردبینى خۆى لەبارەى خەرجى و داهاتى مانگەکانى تشرینى دووەم و کانوونى یەکەمى 2023.
 
ئەو راپۆرتە بە هاوبەشی لەگەڵ دیوانى چاودێریى دارایی هەرێمى کوردستان ئامادە دەکرێت، وەک بەشێک لە مەرجەکانى ناردنى پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى گشتیى عێراق کە لە یاساى بودجەى گشتیدا هاتووە.
 
هاوکات، جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو لیژنەیەى دیوانى چاودێرى دارایی کە سەردانى هەرێمى کوردستان دەکات، دەبێت راپۆرت لەسەر خەرجى و داهات ئامادە بکات، "دەبوو ئەو راپۆرتە بەر لە داخستنى بودجەى 2023 ئامادە بکرایە کە شەش مانگ پێکەوە دەکرێت." 
 
جەمال کۆچەر گوتیشى، "بە گوێرەى یاساى بودجەى گشتیی عێراق، دەبێت دیوانى چاودێری دارایی عێراق راپۆرتەکەى لەسەر خەرجى و داهاتى هەرێمى کوردستان بداتە ئەنجوومەنى وەزیران و پەرلەمانى عێراق."
 
بە گوێرەى مادەى 12ـی یاساى بودجەى گشتیى عێراق، دەبێت وەزارەتى دارایی و ئابوورى هەرێمى کوردستان مانگانە تەرازووى پێداچوونەوە بنێرێت بۆ فەرمانگەى ژمێریاریی وەزارەتى دارایی حکومەتى فیدڕاڵى کە تایبەتە بە وردەکاریی خەرجى و داهاتى نەوتى و نانەوتى هەرێمى کوردستان.
 
لە ساڵى 2023 بە چەند گوژمەیەک بەغدا چوار تریلیۆن و 698 ملیار دینار بۆ هەرێمى کوردستان ناردووە، کە دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینارى بە قەرزە و لەگەڵ پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى 2024 پاکتاو دەکرێت.