رێکخراوی هەنگاو: ساڵی 2023 لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان 332 کۆڵبەر بوونەتە قوربانی

 
رووداو دیجیتاڵ

ئامارەکان باس لەوە دەکەن، لە ساڵی 2023دا زیاتر لە ساڵانی رابردوو خوێنی کۆڵبەرانی سەر سنوورەکان رژاون، کە لەپێناو بژێویی ژیانیاندا خەریکی کارکردنن.
 
بەگوێرەی دوایین ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کە لە دوا ساتەکانی 2023 بڵاویکردەوە، ئەم ساڵ 332 کۆڵبەر لەسەر سنوورەکانی پارێزگاکانی سنە، ورمێ و کرماشان بوونەتە قوربانی، کە لەو ژمارەیەش زیاتر لە 86% بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی پاراستنی سنوور بوون و لە ئەنجامدا 41 کۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە و 291 کۆڵبەریش بریندار بوون. لەو ژمارەیەش 26 کۆڵبەریان تەمەنیان لە خوار 18 ساڵ بووە.
 
کۆڵبەرەکان مێرمنداڵ و منداڵانیشیان تێدان، کە لەسەر سنوورەکان بارێکی زیاتر لە ئەندازەی خۆیان هەڵگرتووە بۆئەوەی بژێویی خۆیان و خێزانەکانیانی پەیدا بکەن. بەشێک لەو دیمەنانەی بڵاوبوونەتەوە، بە تاڵترین دیمەنەکانی ساڵی 2023ی کۆڵبەران دەستنیشان کراون، کە کاردانەوەیەکی زۆری لەنێو خەڵک لێکەوتووەتەوە.
 
زۆربەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بڕیاری کردنەوەی رێڕەوەکانی کۆڵبەری بە دەستپێکی بەرەنگاربوونەوەی تووندی حکومەت لەگەڵ کۆڵبەران دەزانن لە 2023دا، چونکە رادەستی ئەنجوومەنی دابینکردنی ئاسایشی پارێزگاکان کراوە.
 
حوسێن حوسێنی، بەڕێوەبەری دادی پارێزگای سنە دەڵێت، "کردنەوەی رێڕەوە کۆڵبەرییەکان و رێکخستنی بازاڕچەکانی سەر سنوور، یەک لە پلانە گرنگەکانمانە کە پێویستە لە چەند مانگی داهاتوودا بە جیدی کاری بۆ بکەین، لەگەڵ بەڕێز نوێنەری رێبەری کۆماری ئیسلامی و ئەندامانی ئەنجوومەنی دابینکردنی ئاسایش، بە وردی چاودێریی جێبەجێکردنی ئەو پلانە دەکەین."
 
ساڵی 2023ش بە هەموو ئازارەکانیەوە بۆ ئەو چینە کۆتاییهات؛ چینێک کە پێدەچێت بەهۆی گرانی و بەرزبوونەوەی هەڵاوسانەوە، لە هەموویان زیاتر لەژێر گوشاردا بن.