لە بەشێکی هەرێمی کوردستان تاقیکردنەوەی وەرزی یەکەم دەستپێدەکات و لە بەشەکەی دیکەی هێشتا دەوام نییە
رووداو دیجیتاڵ
چوارشەممەی داهاتوو تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەمی قۆناخی بنەڕەتی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچن، بەڕێوەبەری قوتابخانەیەک لە هەولێر دەڵێت، هەموو ئامادەکارییەک تەواوکراوە بۆ تاقیکردنەوەکان. نوێنەرێکی وانەبێژانیش لە پارێزگای سلێمانی دەڵێت، "تاوەکو ئەمڕۆ، دیار نییە کەی دەوام لە سنوورەکەیان دەستپێدەکاتەوە."
بڕیارە رۆژی (چوارشەممە 03-01-2024) تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەمی قۆناخی بنەڕەتی لە پۆلەکانی چوار بۆ 11 لە بەشێکی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت، لە بەشەکەی دیکەشی بەهۆی بایکۆتەوە تاوەکو ئەمڕۆ دەوام نەکراوە.
ئەمڕۆ (دووشەممە 01-01-2024) رێباز مەسعود، بەڕێوەبەری قوتابخانەی رەهەندی بنەڕەتی لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رۆژی چوارشەممە تاقیکردنەوەی وەرزی یەکەمی پۆلەکانی 4 بۆ 11ـی بنەڕەتی بەڕێوەدەچن و هەموو ئامادەکارییەکان کراون و بەهیچ شێوەیەک دواناخرێن."
رێباز مەسعود گوتی، تاقیکردنەوەکانی بازنەی یەکەم کە پۆلەکانی یەک، دوو و سێی بنەڕەتی بوون، پێشخرابوون و لە 19، 20 و 21ـی 12-2023 کران.
بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانی دامەزراو و وانەبێژەوە تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەم لە قوتابخانەکانی 13 پەروەردەی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە ئەنجام نادرێن؛ کارۆخ عەبدوڵڵا، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تاوەکو ئەمڕۆ لەو 13 پەردە نەکراوە تاوەکو تاقیکردنەوە بکرێت. گوتیشی، "تاوەکو ئێستا دیارنییە کەی دەوام لە سنوورەکە دەستپێدەکاتەوە.".
داواکاریی مامۆستایانی دامەزراو و وانەبێژ کە بایکۆتیان راگەیاندووە بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن چەند خاڵێکن؛ خاڵە سەرەکییەکان پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران، دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، پێدانی مووچەی 30 رۆژ جارێک و دیاریکردنی چارەنووسی مووچە پاشەکەوتکراوەکانە.
لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛ بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان، راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، نزیکەی 700 هەزار قوتابی کە دەکاتە نزیکەی ٪40ـی کۆی قوتابییان دەوامیان نەکردووە.