دوای ئاهەنگەکانی سەری ساڵ؛ لە سلێمانی زیاتر لە هەزار تۆن زبڵ کۆکراوەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی لەگەڵ بڵاوکردنەوەی وێنەی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاکێکی زۆر لە شەقامی سالم، داوای لە هاووڵاتییان کرد، زبڵ فڕێنەدەنە سەر شەقامەکان. گوتەبێژی شارەوانییەکە دەڵێت، "ئەمڕۆ نزیکەی هەزار و 100 تۆن زبڵ کۆکراوەتەوە."
لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ 01-01-2024 بڵاوی کردووەتەوە، سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی دەڵێت، ئەمڕۆ پاش کۆتایی ئاهەنگەکانی سەری ساڵ، تیمەکانی شارەوانی و کۆمپانیاکانی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک، زبڵ و پاشماوەی شەقامی سالم ناسراو بە سەهۆڵەکە و نێو بازاڕیان کۆکردووەتەوە و شەقامەکانیان شۆردووە.
زەردەشت رەفیق، گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نزیکەی هەزار و 100 تۆن زبڵ لە تەواوی شارەکە کۆکراوەتەوە."
زەردەشت رەفیق گوتی، رۆژانە لە سلێمانی نزیکەی 700 تۆن زبڵ کۆدەکرێتەوە، بەڵام لە جەژن و بۆنەکاندا زۆر زیاتر دەبێت.
شارەوانیی سلێمانی داوا لە هاووڵاتییان دەکات، هاوکاریانبن لە پاکڕاگرتنی شەقام و شوێنە گشتییەکان و زبڵ و پاشماوە فڕێنەدەنە سەر شۆستە و شەقامەکان و سەلەی خۆڵەکان بەکاربهێنن بۆ ئەوەی "میوانانی شارەکەش چاو لە کارە جوانەی ئێوە بکەن."
جگە لە دانیشتووانی شارەکە، ساڵانە هاونیشتمانیی و گەشتیارێکی زۆر بۆ شەوی سەری ساڵ سەردانی شاری سلێمانی دەکەن و زۆرینەیان بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش دەچنە شەقامی سالم.