گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر: چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەسەر بەربژێرێک رێکنەکەوێ، بە دەنگدان یەکلایی دەکرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر دەڵێ، هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە دیاریکردنی بەربژێری سەرۆکوەزیران نەگەیشتووەتە رێککەوتن و ئەگەر سازانی لەسەر نەکرێ، بەربژێر لە لایەن 13 ئەندامەکەی ئەو هاوپەیمانییەتییە بە دەنگدان یەکلایی دەکرێتەوە.
 
سەلام زوبەیدی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەبارەی دیاریکردنی بەربژێری پۆستی سەرۆکوەزیران یەکلایی نەبووەتەوە.
 
نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا؛ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر، ئەو سێ بەربژێرەن کە ئێستا هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی تاوتوێی دیاریکردنی یەکێکیان بۆ بوونە بەربژێری سەرۆکوەزیران دەکات. 
 
سەلام زوبەیدی رایگەیاند، ئەگەر تاوەکو هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە پەرلەمان، چوارچێوەی هاوئاهەنگی نەیتوانی لەسەر یەکێکیان بگاتە سازان، 13 ئەندامەکەی ئەو هاوپەیمانییەتییە بە دەنگدان بەربژێرەکە یەکلایی دەکەنەوە لەنێو ئەو 9 بەربژێرەی لە سەرەتاوە داوای بەربژێربوونیان پێشکێش کرد.
 
لە 31ـی کانوونی یەکەمی 2025ـەوە دەرگای خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کراوەتەوە. پێویستە لە 15 رۆژدا دوای هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، بەربژێری گەورەترین فراکسیۆن رابسپێردرێ بۆ پێکهێنانی حکومەت.
 
لیستە شیعەکان لە هەڵبژاردنی 11ی تشرینی دووەمی پەرلەمانی عێراق زیاتر لە 180 کورسییان بەدەستهێنا و گەورەترین فراکسیۆنیان بۆ پێکهێنانی حکومەت پێکهێناوە، بۆ دابەشکردنی بەرکەوتەیان لە پۆستەکان پشت بە ژمارەی کورسیی لیستەکانیان دەبەستن.