ژووری بازرگانیی زاخۆ: زۆربەی کۆمپانیاکان چوونەتە نێو سیستمی ئەسیکۆداوە

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی ژووری بازرگانیی زاخۆ دەڵێ، بەهۆی رێکارەکانی بەغداوە، ژمارەیەک لە کۆمپانیاکان ناچار بوون کۆگەکانیان ببەنە بەغدا و موسڵ؛ ئاماژە بەوەش دەکات، پێویستە گرفتی ئەسیکۆدا چارەسەر بکرێ، ''چونکە بابەتەکە سیاسییە و لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکرێ.''
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 01-01-2026، لەتیف عوسمان، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی زاخۆ لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 15:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە هیڤیدار زانا پێشکێشیکرد، لەبارەی سیستمی ئەسیکۆداوە رایگەیاند، ''بەپێی سیستمەکە، دەبێ سەرجەم کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا تۆمار بکرێن، ئەوانە هەمووی هۆکاربوون بۆ ئەوەی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە ساڵی 2025دا کەم ببێتەوە.''
 
بەگوتەی لەتیف عوسمان، ''بابەتەکە گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە کۆمپانیاکانی ئێمە ناچار کراون بچنە بەغدا و ناوی خۆیان لە سیستمی ئەسیکۆدادا تۆمار بکەن. ئێستا زۆربەی کۆمپانیاکان بە رێگەیەکی زۆر زەحمەتدا تۆمار کراون.''
 
لە هەرێمی کوردستان 41,562 کۆمپانیا دامەزراون، حکومەتی عێراق دەیەوێت لە رێگەی سیستمی ئەسیکۆداوە ناچاریان بکات، هەموو کۆمپانیاکان پێش هەموو هاوردەکردنێک زانیاری و گومرگیان پێ بدەن. سەرۆکی ژووری بازرگانیی زاخۆ گوتی، بەغدا بەبێ هاوئاهەنگیی هەولێر سیستمی ئەسیکۆدای هێناوەتە کایەوە، ''ئێستا دەڵێن دەبێ هەر بارێک کە دێتە گومرگەکانی کوردستان، لە سیستمەکەدا تۆمار بکرێ. حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئامادە نییە ئەسیکۆدا بەکاربهێنێت.''
 
لەتیف عوسمان ئاماژەی بەوەش کرد، چارەنووسی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان روون نییە و ئەگەر کێشەکە لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا چارەسەر نەکرێت، ''نرخی دۆلار بە رێژەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە و بازرگانی لە هەرێمی کوردستان لاواز دەبێت.''
 
پێشتر دەبووایە ئەو کاڵایانەی کە لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە هاوردە دەکرێن، لە 72 کاژێردا بگەنە نێوەڕاست و خوارووی عێراق. سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی زاخۆ دەڵێت، ''بۆ ئەم گرفتە حکومەت لەگەڵ بەغدا رێگەچارەیەکیان دۆزیوەتەوە. لەسەر رێگەی موسڵ شوێنێک دەستنیشان کراوە و بارەکانمان دەتوانین کۆگە بکەین، بەڵام هەر کاتێک کڕیارمان هەبێ، باری دەکەین و لەو شوێنە پشکنینیان بۆ دەکرێ. بۆیە ئێستا گرفتی 72 کاژێرەکە نەماوە، بەڵام ئاستەنگ هەر هەبووە.''
 
ژمارەیەک لە کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان بەهۆی رێکارەکانی بەغداوە، ناچار بوون کۆگەکانیان بگوێزنەوە بۆ شارەکانی عێراق. لەتیف عوسمان ئاماژەی بەوە کرد، ''ژمارەیەکی زۆر کۆمپانیا هەن کە ئامادەکارییان کردووە و تەنانەت ژمارەیەکیان رۆیشتوون، چونکە ناچار بوون یان لە موسڵ یان لە بەغدا کۆگەکانیان بکەنەوە. بەهۆی ئەو بڕیارەی دەرچووبوو بۆ 72 کاتژێرەکە، نەیاندەتوانی کاڵاکانیان لێرە کۆگە بکەن و یەکسەر دەیانبرد بۆ عێراق.''
 
وەک سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی زاخۆ دەڵێت، زیاتر لە 75٪ـی ئەو کاڵایانەی کە لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە هاوردە دەکرێن، دەنێردرێنە شارەکانی عێراق، ''بێگومان ئەگەر کۆمپانیاکان بڕۆن و کۆگەکانیان لەوێ بکەنەوە، لێرە بێکاری زیاد دەبێت و کرێکارەکانمان بێکار دەبن.''
 
پێدانی زانیاری و گومرگی پێشوەختە بۆ کاڵا هاوردەکان، بەشێکی سەرەکیی سیستمی ئەسیکۆدایە، کە تاوەکو ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر نێوەڕۆکەکەی رێکنەکەوتوون و بەوهۆیەوە چەندین جار بە شێوەی کاتی هەناردەی کاڵا بۆ خواروو و نێوەڕاستی عێراق راگیراوە.
 
لەتیف عوسمان ئەوەشی خستەڕوو، ئەو کاتەی کە هەناردەی کەلوپەل بۆ ماوەی  25 رۆژ بۆ خواروو و نێوەڕاستی عێراق راگیرا، ''تەنیا لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ نزیکەی پێنج هەزار کرێکار بێکار بوون. ئەمە ئاستەنگی گەورە بۆ ئابووریی ئێمە دروست دەکات.''
 
بەگوێرەی ئامارەکانی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان بۆ رووداو، بەهۆی ئەو رێکارانەی حکومەتی عێراق دایناون، هاوردەی هەرێمی کوردستان بە رێژەی 33% کەمیکردووە. سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی زاخۆ ئاماژەی بەوە کرد، ''ئێمە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر هێڵین، ئاگادارمان کردوونەتەوە، بەڵام ئەم بابەتە سیاسییە و لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکرێ، بۆیە دەبێت حکومەت لەگەڵ بەغدا رێگەچارەیەکی بۆ بدۆزنەوە.''
 
سیستمی ئەسیکۆدا کۆدێکی 14 ژمارەیی بێ هاوتایە، کۆمپانیاکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەخاتە نێو سیستمێکی ئەلیکترۆنی بۆ مامەڵەی بازرگانی کە بە ئەسیکۆدا ناسراوە.
 
ئەسیکۆدا شێوازێکی نێودەوڵەتیی بەڕێوەبردنی گومرگە بازرگانیی دەرەکی تێدا رێکخراوە و زانیاری لەسەر جۆرى کاڵا بازرگانییەکان دەستەبەر دەکات، ئەوە جگە لە ئاسانکاریی رێوشوێنەکانی گواستنەوەی کاڵا. هەر وڵاتێکى بەشدار سیستمی تایبەت بە خۆی دەبێت.
 
ئەو کۆمپانیایانەی ئەو کۆدەیان هەیە، دەتوانن لە دەروازە سنوورییەکانی عێراقەوە کاڵا بە نرخی فەرمی دۆلار هاوردە بکەن.