هاوردە و ناردنکاران: بەشێکی بازرگانان بۆ دەستکەوتنی دۆلاری هەرزان چوونەتە ناوچەکانی عێراق
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان دەڵێ، 2025 ساڵێکی سەخت بوو بۆ بازرگانان؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هاوردەی کاڵا لە ئێرانەوە 50٪ دابەزیوە.
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، لە ساڵی 2025ـدا کۆمەڵێک تەگەرە و کۆسپ هاتنە سەر رێگەی هاوردەکاران کە پێشتر نەبوون. گەورەترین گورزیش بڕیارەکانی حکومەتی عێراق بوون لەبارەی گۆڕینی رێڕۆی بازرگانی.
بەپێی بڕیارێکی بەغدا، هەر کاڵایەک دێتە هەرێمی کوردستان، دەبێ لە 72 کاژێردا بگوازرێتەوە بۆ پارێزگاکانی عێراق. مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان دەڵێ، ئەمە بڕیارێکی قورس بوو، چونکە بازرگان ناتوانێ لە 3 رۆژدا هەموو کاڵاکانی بفرۆشێت.
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان گوتیشی، ئەم رێکارە وایکرد بازرگانانی هەرێمی کوردستان کۆگاکانیان بگوازنەوە و زۆرینەیان روویان لە کەرکووک، موسڵ و بەغدا کرد بۆ ئەوەی کاڵاکانیانی لێ کۆگا بکەن.
سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکاران ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی بڕیارەکانی عێراقەوە رێڕۆی هاوردەکردنیش گۆڕدراوە و گوتیشی، پار هاوردەی کاڵا لە ئێرانەوە لە شەش ملیار دۆلارەوە بۆ سێ ملیار دۆلار دابەزیوە.
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، بازرگانان ئێستا زیاتر روو لە دەروازەکانی خوسرەوی و دەروازەکانی دیکەی عێراق دەکەن. لەوێ ئاسانکاریی زیاتریان بۆ دەکرێ.
لەبارەی سیستمی ئەسیکۆداش، شێخ مستەفا گوتی، حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر ئەم سیستمە رێکنەکەوتوون. ئەمەش بووەتە کێشەیەکی گەورە بۆ دەستکەوتنی دۆلار بە نرخی فەرمی.
حکومەتی عێراق لە ساڵی 2023ـوە سیستمی ئەسیکۆدا بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی داتای گومرگەکان بەکاردەهێنێت، ئەم ساڵیش قۆناخی سێیەم جێبەجێ دەکات، بەڵام هێشتا لەگەڵ هەرێمی کوردستان رێکنەکەوتوون و سیستمەکە لە گومرگ و دەروازەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ ناکرێت.
بازرگانێک ئەگەر لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان کاڵا هاوردە بکات، لە لایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە بە نرخی فەرمی (1320 دینار بەرامبەر یەک دۆلار)ی پێنادرێ. بۆیە ناچارە لە بازاڕی رەشدا دۆلار بە 1430 دینار یان زیاتر دۆلار بکڕێ.
بە گوتەی مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، ئەم جیاوازییەی نرخی دۆلار وایکردووە زۆرینەی بازرگانان روو لە بەسرە بکەن. لەوێ لە رێگەی ئەسیکۆداوە کاڵا دەهێنن بۆ ئەوەی سوود لە دۆلاری هەرزان ببینن.
قسەکانی ئەو بەرپرسە ئەمڕۆ پێنجشەممە لەکاتی بەشداریکردنی بوو لە بووڵتەنی ئابووری لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح.
سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکاران دەڵێ، لە 2025 توانراوە 2955 مۆڵەت بدرێت بۆ هاوردەی کاڵا لە وڵاتانی دەرەوە.
هەروەها 922 مۆڵەت دراوە بۆ هاوردەی ئۆتۆمبێل. 115 مۆڵەتیش دراوە بۆ هەناردەی کاڵا.
بەکۆی گشتی، لە 2025ـدا بایی نزیکەی 12 ملیار دۆلار کاڵا هاوردەکراوە، ئەوەش بەراورد بە 2024 کەمبووەتەوە کە ئەو ساڵە 18 ملیار دۆلار بوو.
هۆکاری ئەو دابەزینە، بڕیاری حکومەتی عێراق بوو بۆ گواستنەوەی کاڵا لە دەروازەکانەوە بۆ عێراق لە 72 کاژێردا، بۆیە زۆرێک لە خاوەن کارگەکان چوونەتە ناوچەکانی خواروو و نێوەڕاستی عێراق.
بە گوتەی شێخ مستەفا، لە 2025ـدا 205 کارگە دامەزراون و 2542 هەلی کاری راستەوخۆیان رەخساندووە؛ هاوکات 2170 کۆمپانیاش لە هەرێمی کوردستان لە 2025 دامەزراون.
لەبارەی هەناردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانەوە، سەرۆکی یەکێتییەکە نیگەرانیی خۆی دەربڕی گوتی، ئەم ساڵ لە هەناردەی هەنار و پەتاتەدا وەک ساڵی 2024 بەهێز نەبووین و پاشەکشەمان کردووە.
گوتیشی، کێشەکە ئەوەیە کە سیستەمێکی رێکوپێکمان نییە بۆ دۆزینەوەی کڕیار لە وڵاتانی دەرەوە.