تەندروستیی دهۆک: لە یەکەم رۆژی 2026 دا 7 منداڵ لەدایکبوون
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی تەندروستیی دهۆک دەڵێ، لە یەکەم رۆژی ساڵی نوێدا 7 منداڵ لەو پارێزگایە لەدایکبوون. تەندروستیی سلێمانیش دەڵێ، پار نزیکەی 10 هەزار منداڵ لە پارێزگاکە لەدایکبوون.
رۆژی پێنجشەممە، 1ی کانوونی دووەمی 2026، مەتین جەمیل، گوتەبێژی تەندروستیی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە دوای کاژێر 12:00ی شەوی رابردووەوە 7 منداڵ لەدایکبوون؛ یەکێکیان کچە و 6ـەکەی دیکەیان کوڕن."
هاوکات سامان شێخ لەتیف، گوتەبێژی تەندروستیی سلێمانی بە رووداوی گوت: "بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی، پار 9 هەزار و 848 منداڵ لە نەخۆشخانەی منداڵبوونی فێرکاریی فریاکەوتن لەدایکبوون. لەو ژمارەیە 5 هەزار و 96 منداڵیان کوڕ بوون و 4 هەزار و 752 منداڵیشیان کچ بوون."
بە گوتەی سامان شێخ لەتیف، 5 هەزار و 528 منداڵ بە شێوەی سرووشتی لەدایکبوون و 4 هەزار و 320 منداڵی دیکەش لە رێگەی نەشتەرگەرییەوە لەدایکبوون.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی، ساڵی رابردوو 42 هەزار و 723 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی منداڵبوونی فێرکاریی فریاکەوتنیان کردووە. لەو ژمارەیە 13 هەزار و 101 نەخۆش داخڵ کراون و چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە و 179 لەدایکبوونی دووانە و 9 لەدایکبوونی سیانەش تۆمارکراوە.