گردبوونەوەی دەم پارتی بۆ ئازادیی ئۆجەلان دواخرا
رووداو دیجیتاڵ
گردبوونەوەی "ئازادی بۆ ئۆجەلان" کە بڕیاربوو رۆژی 4ی کانوونی دووەمی 2026 لە ئامەد بەڕێوەبچێت، بەهۆی خراپی کەشوهەواوە دواخرا.
رۆژی پێنجشەممە 1ـی کانوونی دووەمی 2026، لیژنەی ئامادەکاری گردبوونەوە جەماوەرییەکەی دەم پارتی، لە بارەگەی لقی رێکخستنەکانی ئامەدی پارتەکەیان راگەیێندراوێکیان بۆ رای گشتیی بڵاوکردەوە. تێیدا بڕیاری دواخستنی گردبوونەوە جەماوەرییەکەیاندا، بەبێ ئەوەی وادەیەکی نوێی بۆ ئاشکرا بکەن.
لیژنەکە رایانگەیاند: "گردبوونەوەی جەماوەریی 'هیوا و ئازادی' کە بڕیاربوو رۆژی 4ی کانوونی دووەمی 2026 بەڕێوەبچێت، بەهۆی سەخت و خراپی کەشوهەوای زستان و پێشبینییەکانی خراپی کەشوهەوا، بۆ کاتێکی دیکە دواخرا."
لیژنەکە راشیگەیاند، قۆناخی ئامادەکاریی گردبوونەوەکەمان، جارێکی دیکە ئەوەی دەرخستەوە کە داوای ئازادیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەنێو هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەدا دەنگدانەوەیەکی بەهێزی هەیە. لەم رووەوە، گردبوونەوە پلان بۆ داڕێژراوەکە لە لایەنێکەوە بە ئامانجی سەرەکیی خۆی گەیشتووە. سوپاسی گەلەکەمان و پێکهاتەکانمان دەکەین کە شەو و رۆژیان خستە سەر یەک و ماندووبوون."
ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی دەم پارتی، رۆژی 17ـی کانوونی یەکەمی 2025، بڕیاری ئەنجامدانی گردبوونەوەیەکی جەماوەریی فراواندا بۆ ئازادی ئۆجەلان لە ئامەدی باکووری کوردستان.
رۆژی 19ـی کانوونی یەکەمی 2025، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە رایگەیاند: "بە بڕوای من، رێکخستنی ئەم گردبوونەوە جەماوەرییەی دەم پارتی لە 4ی کانوونی دووەمی 2026، هیچ لایەنێکی نەرێنی و رێگریکردنێکی نییە".
رۆژی 28ـی کانوونی یەکەمی 2025، گرووپێک پارێزەر لە ئامەد کە ژمارەیان 11 پارێزەر بوو بە پاساوی گردبوونەوەکە لە رووی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی گشتییەوە "مەترسیی ئاشکرا و نزیک" دروست دەکات، داوای قەدەخەکردنی گردبوونەوەیان کرد. راشیانگەیاند، بە پشتبەستن بە مادەی 34ی دەستوور، یاسای ژمارە 2911ی تایبەت بە گردبوونەوە و خۆپێشاندانەکان و یاسای ژمارە 5442ی تایبەت بە ئیدارەی پارێزگاکان، پێویستە گردبوونەوەکە قەدەخە بکرێت.