دەستەی وەبەرهێنان: کارکردن لە پڕۆژەی دەشتی بەهەشت دەستپێدەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان دەڵێت، بە زووترین کات دەست بە کارەکانی پڕۆژەی دەشتی بەهەشت دەکرێتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "سێ وەبەرهێنەرمان دیاریکردووە و پێشنیازیان پێشکێش کردووە و یەکێکیان هەڵدەبژێرین."

رۆژی پێنجشەممە، 01ـی کانوونی دووەمی 2026، بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سێ وەبەرهێنەرمان دیاریکردوون و ئەوانیش پێشنیازیان پێشکێش کردووە. دوای لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندن، یەکێک لە وەبەرهێنەرەکان هەڵدەبژێرین کە بتوانێت بە کواڵیتییەکی باش و لە ماوەیەکی کەمدا پڕۆژەکە تەواو بکات."
 
بە گوتەی بەرگەشت ئاکرەیی، پڕۆژەکە گەورەیە و کاتی پێویستە، بەڵام ئەوانیش هاوکار دەبن تاوەکو ئەو کەسانەی گرێبەستیان هەیە و مافیان هەیە، قەرەبوو بکرێنەوە.
 
ئەو کاتەی کارکردن لە پڕۆژەی دەشتی بەهەشت وەستا، بەشێکی خانوو، شوقە و ڤێلاکانی تەواو ببوون و بەشێکیشیان دروست نەکرابوون. گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان گوتی: "وەبەرهێنەرەکان ئاماژە بەوە دەکەن دەبێت پڕۆژەکە هەمووی بڕۆخێندرێتەوە و سەرلەنوێ دروستبکرێتەوە."
 
گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان گوتی: "دوای دیاریکردنی وەبەرهێنەرێکی گونجاو، بە زووترین کات دەست بەکارەکان دەکرێ".
 
پڕۆژەی دەشتی بەهەشت دەکەوێتە رۆژهەڵاتی هەولێر و لە 427 ڤێلا و 1122 شوقە پێک دێت، گوژمەی پڕۆژەکە 200 ملیۆن دۆلار بوو، لە ساڵی 2010 مۆڵەتی پێدرا و دەبوو لە ساڵی 2013 تەواو بکرایە، بەڵام وەبەرهێنەرەکەی، کە خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی عادل موتەحیدە بوو، کارەکەی تەواو نەکرد و جێیهێشت.
 
وەبەرهێنەری پڕۆژەی دەشتی بەهەشت، چەندین سکاڵای لە کوردستان و عێراق لەسەر تۆمار کرا.