قایمقامی پشدەر: لە ساڵی 2025 دا زیاتر لە 1500 کەس لە راپەڕینەوە چوونەتە دەرەوە
رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای پشدەر دەڵێ، لە ساڵی 2025ـدا زیاتر لە 1500 کەس چوونەتە دەرەوە. رێکخراوێکی کۆچبەرانیش دەڵێ، هیچ ناوچەیەک هێندەی سنووری راپەڕین خەڵکی هەوڵی چوونە دەرەوە نادات.
رۆژی پێنجشەممە، 01ـی کانوونی دووەمی 2026، بەکر بایز، قایمقامی قەزای پشدەر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ساڵی رابردوو زیاتر لە 1500 کەس لە سنووری راپەڕینەوە هەوڵی چوونە دەرەوەیان دا. لە مانگی حوزەیرانەوە، بەتایبەتی مانگی تەممووزی پار، لێشاوێکی کۆچی گەنجان لە ئیدارەی راپەڕین و قەزای پشدەر سەری هەڵدا، بەڵام لە کۆتاییەکانی ساڵدا کەمی کرد."
قایمقامی قەزای پشدەر گوتی: "لە وەرزی سەرمادا کۆچکردن کەم دەبێتەوە، بەهۆی ئەوەی مانەوە لەنێو دارستان و جەنگەڵەکان قورس دەبێت و رێگەکان سەختتر دەبن؛ هەروەها وڵاتان رێکارە یاساییەکانی وەرگرتنی پەنابەریان تووندتر کردووە. ئەمانە هۆکارن بۆ کەمبوونەوەی کۆچ."
بە گوتەی بەکر بایز، خەڵکی هیچ ناوچەیەک هێندەی سنووری راپەڕین هەوڵی چوونە دەرەوە نادات و رایگەیاند، کەم ماڵ هەیە کوڕێک یان دوو کوڕی نەچووبنە دەرەوە؛ گوتیشی: "ئێستا ویستی چوونە دەرەوە گەیشتوەتە ئەو ئاستەش کە کەسانی گەنجی وەک 15 ساڵیش هەوڵی گەیشتن بە دەرەوە بدەن".
لە بارەی هەمان بابەت، ئەبوبەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەورووپا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:"کۆچ رەهەندێکی مرۆییە و لە هەموو جیهان بوونی هەیە. لە ساڵی 2025ـدا 6500 کەس لە هەرێمی کوردستانەوە کۆچیان کردووە و 11 کەس بوونەتە قوربانی ئەو رێگەیە."
سەبارەت بە چارەنووسی ئەو کۆچبەرانەی لە رێگەکەدا دەستبەسەرکراون، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان گوتی: "سەدان کەس زیندانی کران، بەشێکیان ئازادکراون و بەشێکیشیان ماون و لە لیبیا، تونس و تورکیا دەستبەسەرن."
سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەورووپا گوتی: "لە دەڤەری راپەڕین 1500 کەس کۆچیان کردووە. لەو 11 کەسەش بوونەتە قوربانی 6 کەسیان خەڵکی ئەوێ بوون، دوای ئەویش گەرمیان و زاخۆ دێن."