بەفر ئاستەنگی لە بەشێکی دەروازە و رێگەکانی هەرێمی کوردستان دروستکردووە؛ "دەیان خێزان رزگارکران"
رووداو دیجیتاڵ
شەپۆلێکی بەفر و باران هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و بەو هۆیەوە چەند رۆژێکە ئاستەنگی هاتووچۆ لە بەشێکی دەروازە سنوورییەکان و رێگە سەرەکییەکان دروستبووە. لە سنووری ئیدارەی سۆران لە پارێزگای هەولYر زیاتر لە 100 خێزان رزگارکران.
رزگارکردنی هاونیشتمانییان لە سنووری سۆران
رۆژی پێنجشەممە، 01ـی کانوونی دووەمی 2026، موقەدەم کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "شەوی رابردوو و ئەم بەیانییە لە رێگەی سپیلک - بارزان زیاتر لە 100 خێزانمان رزگارکرد؛ 12 هاووڵاتیش لە میرۆس نزیک لە سنووری تورکیا رزگارکران."
بە گوتەی موقەدەم کاروان میراودەلی، رێگەی بێخاڵ بۆ هەولێر داخراوە، لە سنووری مێرگەسۆر چەندین رێگە داخراون، هاتووچۆکردن لە رێگەی حاجی ئۆمەرانەوە زەحمەت بووە، رێگەی سەری بەردی سۆران بۆ سیدەکان مەترسیدارە، زینی وەرتێش داخراوە و رێگەی چیای پیرس و بلێ بۆ دینارتە داخراون.
موقەدەم کاروان میراودەلی داوا لە هاونیشتمانییان دەکات "ئەم چەند رۆژە لە ماڵەوە بمێننەوە، چونکە رێگاکانی سنووری ئیدارەکەمان پڕ ئاستەنگ و مەترسین."
حاجی ئۆمەران و ئیبراهیم خەلیل؛ هاتووچۆ ئاسایی بووەتەوە
بەشێک لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا و ئێران، بەهۆی بارینی بەفرەوە دوێنێ بۆ ماوەیەکی کاتی داخران.
سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران لە پارێزگای هەولێر، بە رووداوی گوت: "دوێنێ نزیک کاژێر 05:00ـی ئێوارە بۆ ماوەیەکی کاتی هاتووچۆ وەستا، بەڵام زوو ئاسایی بووەوە. ئێستا هاتووچۆ هەیە، بەڵام زەحمەتە و داوا لە شۆفێران دەکەین بەبێ زنجیری تایەی ئۆتۆمبێلەکانیان هاتووچۆ نەکەن، چونکە رێگەکان بەستوویەتی."
هاوکات لە سنووری پارێزگای دهۆک، دەروازەی ئیبراهیم خەلیل کە تاکە دەروازەی فەرمیی نێودەوڵەتیی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیایە، جموجووڵ بەردەوامە.
کامی کەمال، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوێنێ بۆ ماوەیەکی کاتی کێشەی هاتووچۆ لە دیوی تورکیا هەبوو؛ لەوێ بەفرێکی زۆر باریبوو کە ئاستەنگی بۆ هاتووچۆ دروستکردبوو. ئێستا هاتووچۆ ئاساییە."
بریندار حەیدەر، قایمقامی دهۆک، بە رووداوی گوت: "بەفربارینەکە بە چڕی پارێزگای دهۆکی گرتووەتەوە. تیمەکانمان فریای هەموو شوێنێک ناکەون. لەنێو دهۆک ئاستەنگی هاتووچۆ نییە، بەڵام دەوروبەری ئاسان نییە. هاووڵاتییان زۆر هاوکارمانن و هاتووچۆیان کەمکردووەتەوە."
دەروازەی کێلێ؛ لە دیوی ئێران هاتووچۆ نییە
لە سنووری قەزای پشدەر لە پارێزگای سلێمانی، دەروازەی کێلێ بەهۆی بەفرەوە لەدیوی ئێران هێشتا نەکراوەتەوە.
بەکر بایز، قایمقامی قەزای پشدەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دۆخەکە لە دیوی هەرێمی کوردستان لە دوێنێ ئێوارەوە ئاسایی بووەتەوە، بەڵام لە دیوی ئێران بەفرێکی زۆر باریوە و تاوەکو ئێستا رانەماڵدراوە، چاوەڕێین ئەوان بیکەنەوە. شەش ئۆتۆمبێلیش لە سەرەتاکانی شەپۆلەکەوە کەوتبوونە ژێر بەفر و دوێنێ هەموویان دەرهێندران."
رێگەکانی هەولێر و سلێمانی؛ ئامادەیی تیمەکان
لە پارێزگای هەولێر و سلێمانیش، تیمەکانی رێگەوبان و هاتووچۆ لە دۆخی ئامادەییدان بۆ رێگریکردن لە هەر رووداوێکی نەخوازراو.
عیماد محەممەد، بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەموو رێگەکانی سنووری پارێزگای هەولێر هاتووچۆ تێیاندا ئاساییە، تەنیا رێگەی چیای سەفین نەبێ. داوا لە هاونیشتمانییان دەکەین پابەندی رێنماییەکان بن و بە ئۆتۆمبێلی نزم سەردانی شوێنە بەرزەکان نەکەن و زنجیر بۆ تایەکانیان بەکاربهێنن و دوور بکەونەوە لە شوێنە بەرزەکان؛ تیمەکانمان لە ئامادەیی 24 کاژێریدان."
موقەدەم بەهمەن عەبدوڵڵا، گوتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هیچ رێگەیەک لە پارێزگەکەمان دانەخراوە و تاوەکو ئێستا هاتووچۆ ئاساییە، بەڵام داوا لە هاونیشتمانییان دەکەین پابەندی رێنماییەکان بن."
شەپۆلی بەفر و باران کە لە رۆژی شەممەوە دەستی پێکردووە و بەردەوامە. کەشناسی ئاماژە بەوە دەکات، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ نمەباران و بارانی مامناوەند لە زۆربەی ناوچەکان دەبارێ. لە ناوچە شاخاوییەکان و ئەو ناوچانەی نزیکن لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر دەبارێ