خۆپیشاندانەکانی لوڕستان گرژیی تێکەوت؛ ئەندامێکی بەسیج کوژرا و 13 پۆلیس بریندارن
رووداو دیجیتاڵ
جێگری پارێزگاری لوڕستان دەڵێت، ناڕەزاییەکانی شاری کۆیەشت گرژییان لێکەوتەوە و لە ئەنجامدا ئەندامێکی هێزەکانی بەسیج کوژرا و 13 کەس لە هێزە ئەمنییەکانیش بریندار بوون.
رۆژی پێنجشەممە، 01-01-2026، سەعید پوورعەلی، جێگری پارێزگاری لوڕستان بۆ کاروباری سیاسی، ئەمنی و کۆمەڵایەتی رایگەیاند، شەوی رابردوو دژی گرانییەکان و سەختیی دۆخی بژێویی ژیان، ناڕەزایەتی و گردبوونەوە لە بەشێک لە شارەکانی پارێزگاکە بەڕێوەچوو.
بە گوتەی جێگری پارێزگاری لوڕستان، دروستبوونی گرژی لە خۆپێشاندان و ناڕەزاییەکانی شاری کۆیەشت، کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.
سەعید پوورعەلی گوتی: "شەوی چوارشەممە لە شاری کۆیەشت خۆپێشاندانی ناڕەزایی بەڕێوەچوو و بەداخەوە ئەم ناڕەزایەتییانە لە لایەن ژمارەیەک لە ئاژاوەگێڕانەوە بە ئاراستەیەکی دیکە بەلاڕێدا برا" و لە ئەنجامدا ئەندامێکی بەسیج کوژرا.
پوورعەلی گوتیشی، بەهۆی دروستبوونی گرژی لە ناڕەزایەتییەکاندا 13 ئەندامی هێزە ئەمنییەکانیش، لە نێویاندا هێزەکانی پۆلیس و بەسیج، بریندار بوون.
جێگری پارێزگاری لوڕستان هۆشداری دەدات و دەڵێت: "پاراستنی ئاسایش و ئارامی لە پارێزگاکەدا هێڵی سووری ئێمەیە و بە تووندی لە بەرامبەر ئەو کەسانە دەوەستینەوە کە ئاسایش و ئارامی پارێزگاکە دەخەنە مەترسییەوە."
بە گوێرەی یەکێک لە گرتە ڤیدیۆکانی تایبەت بە خۆپێشاندان و گرژییەکە، ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان تەقەی راستەوخۆ لە خۆپێشاندەران دەکات و بەهۆیەوە باس لەوە دەکرێ کە ژمارەیەک هاونیشتمانی برینداربوون.
وەک لە دیمەنەکاندا دیارە دوو هاونیشتمانی بە گولـلە دەپێکرێن، بەڵام هیچ زانیارییەک لەبارەی تەندروستییان بەردەست نییە.