شاندی پارتی سەردانی چوار حیزب دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسی پەیوەندییەکانی بەشی رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ شاندی پارتی سەردانی چوار لایەنی سیاسی دەکات. ئەمەش لە کاتێکدایە، شاندەکەی پارتی دوێنێ سەردانی دوو لایەنی سیاسی کردبوو.
 
رۆژی چوارشەممە 1-2-2023، عومەر بەکر، بەرپرسی پەیوەندییەکانی بەشی رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، شاندی پارتی کاژێر 12:00ی نیوەڕۆ سەردانی حیزبی شیوعی کوردستان؛ کاژێر 01:00 سەردانی پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان دەکەن؛ کاژێر 02:00 سەردانی حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان دەکەن؛ لە دوایین سەردانیشی شاندەکەی پارتی لە کاژێر 03:00 سەردانی پارتی رەنجدەرانی کوردستان دەکەن. 
 
بە گوتەی بەرپرسی پەیوەندییەکانی بەشی رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی، ئەو شاندەی ئەمڕۆ سەردانی ئەو لایەنانە دەکەن هەمان شاندی رابردوون کە سەردانی لایەنەکانی دیکەیان کردووە. گفتوگۆ لەبارەی هەمان ئەو پرسانە دەکەن، کە پێشتر لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی دیکە تاوتوێیان کردووە. 
 
رۆژی سێشەممە 31-1-2023، شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و کۆمەڵی دادگەری کوردستانیان کرد. 
 
دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ کۆمەڵی دادگەری، مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، گفتوگۆیان لەبارەی دوو پرسی سەرەکی کردووە، ئەوانەش پرسی هەڵبژاردن کە هەموومان هاوڕابوون ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت و پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان کۆمەڵ و پارتی دیموکراتی کوردستان. 
 
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی، رۆژی شەممە لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆدەبنەوە. 
 
دوای ماوەیەک لە ناکۆکی 28ی ئەم مانگە شاندێکی باڵای یەکێتی و پارتی لە سلێمانی کۆبوونەوە. دوای کۆبوونەوەکە یەکێتی و پارتی راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بەوەکرد، لە کۆبوونەوەکە بارودۆخی گشتی، هاوکێشە ناوخۆیی، ناوچەییەکان، راوسەرنج و تێبینی هەردوولا لەسەر بابەتە جیاجیاکانی پەیوەست بە رێککەوتنی پێشووتری هەردوولا خرانەڕوو، لە کۆتاییدا هەردوولا رێککەوتن لە دەرفەتێکی نزیکدا کۆببنەوە.