جووتیاران لە بەردەم باڵەخانەی یەکێتیی ئەوروپا لە برووکسل گردبوونەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە لە چەندین شارو شارۆچکەی ئەوروپی خۆپێشاندانی جووتیاران بەڕێوەدەچێت. لە برووکسل خۆپێشاندەران رێگە سەرەکییەکانی پایتەختیان گرتووە و داوای باشترکردنی گوزەرانیان دەکەن، ئەمە لەکاتێکدا ئەمڕۆ لووتکەی یەکێتیی ئەوروپا بەڕێوەدەچێت، چارەسەرکردنی کێشەی جووتیارانیش لە بەرنامەی کاری لووتکەکەدا نییە.
خۆپێشاندەران لە بەردەم بارەگای یەکێتیی ئەوروپا ئاگریان کردەوە و گرژی دروستبوو، ئاگرکوژێنەوەکانی نێو باڵەخانەکە بەکارهێنران.
هاوکات لەگەڵ بەلجیکا، لە فەرەنساش خۆپێشاندانی جووتیاران بەردەوامبوو، جووتیاران بە سەتان تراکتۆرەوە رێگە سەرەکییەکانی پاریسی پایتەختیان گرت و لەبەردەم کۆگاکانی خۆراک کۆبوونەوە.
جووتیاران لە ئیسپانیا و ئیتاڵیا و ئەڵمانیا پەیوەندیان بە خۆپێشاندانەکانەوە کرد و چاوەڕوان دەکرێت قەیرانەکە فراوانتر بێت.
جووتیاران داوادەکەن هاوردەی دەرەکی کەمبکرێتەوە و پشت بە بەرهەمی ناوخۆی ببەسترێت، تاوەکو رەنج و ماندووبوونیان بەفیڕۆ نەچێت.
کۆمیسیۆنی جێبەجێکاری یەکێتیی ئەوروپا هەندێ پێشنیازی خستووەتەڕوو بۆ ئەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی لە ئۆکراینا کەمتر هاوردە بکات و یاساکانیش لە بەرژەوەندیی جووتیاران دەستکاری بکات.
جووتیاران دەڵێن، وەکو پێویست مافی خۆیان پێنادرێت، باجی زۆریان لەسەرە و یاساکانی کشتوکاڵیش تووندوتۆڵن و لە بەرژەوەندیی ئەواندا نین، هاوردەکردنی بەرهەمی کشتوکاڵیش بەرهەمی نێوخۆیی بێ بەها کردووە.