بەرپرسێکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر: 250 ئەندامی ئاسایشی سووریا دەچنە پارێزگای حەسەکە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاند، بەگوێرەی رێککەوتنەکەی نێوان هەسەدە و دیمەشق، نزیکەی 250 ئەندامی ئاسایشی ناوخۆی سووریا دەربازی پارێزگای حەسەکە دەبن. ئاماژە بەوەش دەکات، بەڕێوەبردنی دەروازەی سنووریی سێمالکا و فڕۆکەخانەی قامشلۆ بە هاوبەشی دەبێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 01-02-2026، سیهانوک دیبۆ، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە وڵاتانی کەنداو، سەبارەت بە رێککەوتنەکەی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و دیمەشق قسەی بۆ پەیام سەربەست، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ قامشلۆ کرد.
سیهانوک دیبۆ رایگەیاند، ''ئەم رێککەوتنە لە ژێر مەرج و رێسای تایبەتدا واژۆ کراوە کە تەنیا بە ئامادەبوون و دەستەبەری کوردانی رۆژئاوای کوردستان و هەسەدە نەبووە، بەڵکو دەکرێ بڵێین ئەمریکا، فەرەنسا و تەنانەت برایانی ئێمەی کورد لە باشوور و باکووری کوردستانیش تێیدا بەشدارن.''
بە گوتەی نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە وڵاتانی کەنداو، رێککەوتنەکە لە کاتێکی هەستیاردا کراوە، ''بۆیە ناونیشانەکەی بووەتە 'ئاگربەستی هەمیشەیی نێوان حکومەتی کاتی و هەسەدە و، تێکەڵکردنی دامودەزگاکان'. واتە ئەمە وردەکاریی زۆری تێدایە.''
سیهانوک دیبۆ پێیوایە، ئەگەر سەرجەم وردەکارییەکانی رێککەوتنەکە لەبەرچاو بگیرێن، هەنگاوێکی باش نراوە، ''بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە بەگوێرەی خەون و هیوای کوردانی رۆژئاوای کوردستان بێت.''
رۆژی هەینی 30ی کانوونی دووەم، دوای چەند هەفتە لە شەڕی سەخت لە رۆژئاوای کوردستان و باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، رێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و دیمەشق واژۆ کرا کە تەواوکەری ئەو ئاگربەستەیە لە 22ـی کانوونی دووەم لەنێوانیان راگەیێندرابوو. ئەو نوێنەرەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، رێککەوتنەکە بە هەنگاوێکی یاسایی بۆ شێوەیەکی ''ناناوەندیی ئاسایش، ئابووری و کارگێڕیی بەرفراوان'' دەزانێت.
''250 هێزی ئاسایش دەربازی حەسەکە دەبن''
بەگوێرەی ئەو رێککەوتنەی کە کراوە، ژمارەیەک لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە حکومەتی کاتیی سووریا دەچنە نێو حەسەکە. سیهانوک دیبۆ ئاماژەی بەوە کرد، ''ژمارەی هێزەکان دیاریکراوە. 200 تاوەکو 250 کەس بە چەکی سووکەوە دەربازی پارێزگای حەسەکە یان کانتۆنی جزیرە دەبن، بۆ ئەوەی سەرپەرشتیی تێکەڵکردنەوەی دامودەزگاکان بکەن.''
ئەو نوێنەرەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر سەبارەت بەو ناوانەی کە پێشنیار کراون بە دیمەشق بۆ وەرگرتنی ژمارەیەک پۆستی حکومی گوتی، ''هەندێک پۆست لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە وەردەگیرێن، وەک پارێزگاری حەسەکە و جێگر یان یاریدەدەری وەزیری بەرگری (پاراستن)، واتا وردەکاریی زۆر ماون و هێشتا پڕۆسەکە تەواو نەبووە.''
سیهانوک دیبۆ پشتڕاستی کردەوە کە نوورەدین ئەحمەد بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری حەسەکە پیشنیاز کراوە و دەڵێت، ناوەکانی دیکەش بۆ وەرگرتنی پۆستەکان، بە شێوەیەکی فەرمی رادەگەیێنرێن.
''بەڕێوەبردنی سێمالکا و فڕۆکەخانی قامشلۆ هاوبەش دەبێ''
سەبارەت بە بەڕێوەبردنی دەروازەی سنووریی سێمالکا (پێشابوور) و فڕۆکەخانەی قامشلۆیە، ئەو نوێنەرەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر گوتی، ''بە شێوەیەکی هاوبەش بەڕێوەدەبرێن، واتا هیچ کەسێک لە دەرەوەوە ناهێنرێ و خەڵکی ئێرە لەو دوو شوێنەدا دەمێننەوە، بەڵام وەک بەرپرسیارێتی، بە شێوەیەکی هاوبەش دەبێ و هەندێک نوێنەری حکومت تێیاندا ئامادە دەبن.''
ژمارەیەکی زۆر ستافی رۆژنامەڤانیی میدیاکان، رێکخراوەکانی خێرخوازی و هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان بۆ گەیاندنی هاوکاری و رووماڵی رووداوەکان لە رێگەی دەروازەی سنووریی پێشابوور - سێمالکاوە چوونەتە رۆژئاوای کوردستان، بەڵام ئەوکات هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حکومەتی کاتیی سووریا لە نزیکی دەروازە سنوورییەکە نەبوون.
سیهانوک دیبۆ سەبارەت بە گەڕانەوەی ئەو هاونیشتمانی و رۆژنامەڤانانە بۆ هەرێمی کوردستان دەڵێت، ''لەم دۆخەدا، کەس ناتوانێت رێگری بکات لەبەردەم بابەتە ئەخلاقی و مرۆییەکاندا، رێگرییان لێ ناکرێت. وردەکاریی زۆر هەن، دەتوانین بڵێین لە داهاتوودا هەموو ئەمانە دەکەونە سەر مێزی گفتوگۆ (لەگەڵ دیمەشق) و چارەسەرییان بۆ دەدۆزرێتەوە.''
''شاندی کوردی سەردانی دیمەشق دەکات''
26ـی نیسانی پار، لە قامیشلۆ کۆنفرانسی یەکڕیزیی کوردی بەسترا و لەو کۆنفرانسەدا شاندێک پێکهێنرا، بۆ ئەوەی بچێتە دیمەشق و داوای چارەسەرکردنی پرسی گەلی کورد بکات.
نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە وڵاتانی کەنداو لەبارەی کاتی سەردانیکردنی ئەو شاندە کوردییە بۆ دیمەشق گوتی، ''بە زووترین کات شاندی کوردی دەچێتە شام و پرسی کورد دەخرێتە سەر مێزی گفتوگۆ. ئێمە هەنگاوێک پاشەکشە ناکەین.''